لە وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوان 7 بەرێوبەرایەتى داخراون و سەدان فەرمانبەریان بێ چارهنووسن
Thursday, 25/08/2011, 12:00
بەدواداچوون ـ دیـــدار نانــەكەلى
وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوان لەماوەى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان رووبەرووى زۆرترین كێشە و گیروگرفت بۆتەوە، بەبوونى كەلێنێكى گەورە لە بەڕێوەبردن و لێپێچینەوە.
هەربۆیە ئێستا ئەو وەزارەتە چەندین دام و دەزگا و بەرێوبەرایەتى بێ ئەرك و ناونیشانى هەیە كە بە سەدان فەرمانبەر موچەى لێ وەردەگرن لەكاتێك نازانن ئەرك و ناونیشانیان چیەو ئەو چاوەڕوانیانەیان بۆ رۆنبونەوەى ئایندەیان لەو وەزارەتە بە كوێ دەگات. لە بەرامبەریشدا گەورە بەرپرسانى وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوان سەرۆكایەتى حكومەت بە كەڵەكەبوونى ئەو قەیران و تەنگژانە تاوانبار دەكەن.
لە بەدوواداچوونى (بــاس) دا بۆ دەرخستنى بەشێك لەو كێشە و قەیرانە كەڵەكەبووانەى نێو وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوان بۆمان دەركەوت كە چەندین دام و دەزگاى ئیفلیج بووى بێ ئەرك و ناوەرۆكیان لە ئامێزگرتووە و ساڵانە چەندین ملیار دینار بۆ موچەو دەرماڵەى ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەكەن.لەنێو ئەو فەرمانبەرانەش چەندین پلە بەرزى وەك بەرێوبەر و شارەزا و راوێژكار و تەنانەت بەرێوبەرى گشتیش هەیە. سەتەلایتى نەورۆز و گۆڤارى كاروان و بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەما و زنجیرە كتێبى منداڵان و گۆڤارى هەنگ و گۆڤارى هەرێمى كوردستان و گۆڤارى ئاسۆى فۆلكلۆرى بەشێكن لەو دام و دەزگا و بەرێوەبەرایەتیانەى كە تەنها لە هەولێر وەك ناونیشان بوونیان هەیەو ناوەرۆكیشیان نیە. ژمارەى فەرمانبەرانیان هەژمار ناكرێت و بەهەزاران دۆلار كەلوپەل و ئامێر و ئۆتۆمبێلیشیان بۆ دابین كراوە. زۆربەى فەرمانبەران و كارمەندانى ئەو دەزگایانەش لەو بێ سەروبەریەى وەزارەت و خەمساردى خودى وەزیر نیگەرانن و بە ئومێدى چارەسەرى ئەو دۆخە پەنگ خواردووەن.
لە بەرامبەریشدا د.كاوە مەحمودى وەزیـرى رۆشنبیرى و لاوان كە تا ئێستا نازانێت ژمارەى دام و دەزگا داخراوەكانى چەندن ، تایبەت بە (بـــاس) دەڵێت " ئێمە لە هەوڵداین لەگەڵ سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ چارەسەركردنى زۆربەى ئەو كێشە و گیروگرفتانەى بوونەتە هۆى وەستانى كارەكانى ئەو دام و دەزگایانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدانین فەرمانبەرەكانمان لە ماڵەوە دابنیشن"
سەبارەت بە ئایندەى سەتەلایتى نەورۆز كە لە بەروارى
1/6/2010 داخــراوە و تا ئێستا روون نەبۆتەوە چارەنووسى نزیكەى 300 كارمەند و ئەو چەند ملیۆن دۆلارەى لە بینا و كەل و پەل و ئامێر خەرجكراوە بە كوێ دەگات ، هەڵگورد جوندیانى بەڕێوبەرى گشتى راگەیــاندن لە وەزارەتى رۆشنبیرى بــۆ (بــــاس) ئاشكرایكرد كە دواى تاوتوێكردنى پرۆژەیەك بۆ ئەنجومەنى وەزیران پێشنیاركراوە كە بەشێك لە كارمەندان و ئامێر و كەلوپەلەكانى سەتەلایتى نەورۆز بخرێنە سەر میلاكى پەرلەمانى كوردستان بۆ بەڕێوەبردنى سەتەلایتى پەرلەمان. هەروەها لە هەمان پرۆژەش پێشنیارى دامەزراندنى تەلەفزیۆنێكى تایبەتمان كردووە بۆ منداڵان بە ناوى (سەتەلایتى زارۆ تیڤى) كە لە چاوەڕوان دەكرێت لەسەرەتاى ساڵى داهاتوو بۆ ماوەى چوار كاژێر لە رۆژێكدا پەخشى بەرنامەكانى بكات.
پەرلەمانى كوردستانیش وەك گەورەترین دەسەڵاتى لێپرسینەوە و رێكخستن و یاسادانان لەرێگەى لیژنەكانیەوە پەیوەندى تەواویان بە چۆنیەتى بەرێوەبردن و رێنمایى و یاساكانى هەر دام و دەزگایەكى حكومى هەیە، سەبارەت بەو مەسەلەیە قسەى خۆیان هەیە و هەر لەو بارەیەوە ئەحمەد ئیبراهیم عەلى (ئەحمەد وەرتى) جێگرى سەرۆكى لیژنەى رۆشنبیرى و راگەیاندن و پەیوەندیەكان لە پەرلەمانى كوردستان بۆ (باس) ئاشكراى دەكات كە " هەڵاوسانێكى زۆر هەیە لە رێژەى فەرمانبەران لە زۆربەى وەزارەتەكان بەشێوەیەكى گشتى هۆكارى سیاسى و بابەتى هەبووە. وەزارەتى رۆشنبیریش بەهەمان شێوە دەزگاى پێوەلكاوە و مامەڵەیەكى تەندروستیان نەبووە بۆ ئەو مەسەلەیە.
وەرتێ درێژە بە قسەكانى دەدات و دەلێت "
ئاگادارى كێشەكانى وەزارەتى رۆشنبیرین و بەشێوەیەكى فەرمیش ئێمە تەنیا سكاڵاى بەشێك لە فەرمانبەرانى سەتەلایتى نەورۆزمان بەدەست گەیشتووە، دواى گواستنەوەى بەشێك لە كارمەندانیان بۆ سەتەلایتى پەرلەمان، ئەوبەشەى كە مابوونەوە داوایان كردبوو ئەوانیش بگوازرێنەوە. ئێمەش سكاڵاكەمان بەرزكردەوە بۆ سەرۆكایەتى پەرلەمان و چاوەڕێى وەڵامى ئەوانین".
سەبارەت بە گۆڤارەكانى هەرێمى كوردستان و كاروان و ئاسۆى فۆلكلۆرى و هەنگ و زنجیرە كتێبى منداڵانیش كە بەهەمان قەیران و كۆسپدا تێدەپەڕن و كارمەند و فەرمانبەرانى تێیدا لەوپەڕى نیگەرانین، هەربۆیە
یاسین تەهاى بەڕێوبەرى پەیوەندى و كارگیڕى گۆڤارى هەرێمى كوردستان دەڵێت " ئێمە كە زیاتر لە 55 فەرمانبەر و كارمەندین پێویستە چارەنووسمان دیاربكرێت و ناكرێ بۆ ماوەیەكى درێژ لە ماڵەوە دابنیشین و نەزانرێت چۆن چارەسەرى ئەو دۆخە دەكرێت "
بۆیە شاكر ئەبوبەكر وەكو بەرێوبەرى گشتى چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتى رۆشنبیری دەڵێت:
" ئێمە كارى زۆرمان كردووە بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشانە، هەربۆیە بڕیارمان داوە گۆڤارى هەنگ و زنجیرە كتێبى منداڵان یەكبخەین و خانەیەك دابمەزرێنین بەناوى (خانەى هەنگ بۆ رۆشنبیریى و بڵاوكردنەوەى منداڵان)"
سەبارەت بە هۆكارى سەرهەڵدانى هەموو ئەو قەیران و گرفتانەش كە وایكردووە وەزارەتى رۆشنبیرى بخرێتە ریزى پێشەوەى ئەو وەزارەتانەى كە كەمترین ئەرك و لێپرسینەوەى تێدایە و بەردەوام رووبەرووى رەخنە دەكرێتەوە ،بەڕێوبەرى گشتى چاپ و بڵاوكردنەوە دەڵێــت
" زۆربەى كێشەكانمان بەهۆى بڕیــارى راگرتنى گۆڤارەكان بوو لە لایەن سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە، كە بەو هۆیەوە ژمارەیەك كارمەند و فەرمانبەرمان لەسەر كەلەكەبووە، كە هیچ كێشەو كەموكورتیەك لەو كارمەندانەدا نابینین.چونكە كارمەندەكان هەموویان ئامادەى دەوام كردنن بەڵام فەرمانبەر چى بكات ئەگەر گۆڤار داخرابێت و ئەركى بۆ دیارى نەكرابێت "
سەبارەت بە دەوامكردنى فەرمانبەرانەوە، كە دەزگاى واهەیە ماوەى چەند ساڵە دەوامى تێدا ناكرێت. وەزیـــرى رۆشنبیرى و لاوان دەڵێت " پێویستە ئەو فەرمانبەرانەى كە دام و دەزگاكەیان لێ داخراوە دەوام بكەن و لەبەرامبەر كەمتەرخەمیشیان بەڕێوبەرەكانیان سزایان بدەن، تا كێشەكان یەكلادەكرێنەوە"
سەرۆك و ئەندامانى لیژنەى خزمەتیش لە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران بێ ئاگایى خۆیان لەو كێشانە دەربڕى و هەموو لێپرسراویەتەكیان خستە ئەستۆى وەزارەت.
ئیسماعیل عەلى بەڕێوبەرى كارگێڕى و دارایى بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەماش كە لەهەمان بارودۆخى پڕلە نیگەرانى و خەمساردى دامەزراوەكانى دیكەى وەزارەتى رۆشنبیریە دەڵێت " ئێمە كە نزیكەى 50 فەرمانبەرمان هەیە پاش لابردنى بەڕێوەبەرایەتیەكەمان لە وەزارەت بە نیازن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیریى و هونەر یەكمان بخەن و تا ئێستاش هیچ دیارنیە".
لە كۆتایشدا عەدنان عوسمان ى ئەندام پەرلەمانى كوردستان لە فراكسیۆنى گۆڕان رایدەگەینێت " هەرچەند ئیستا لیژنەى نەزاهەت لە پەرلەمانى كوردستان لەكاركەوتووە، بەڵام بەڵێن دەدەین هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەى بابەتەكەتان بە جدى كار لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین و هەوڵى چارەسەركردنى دەدەین "
لە كۆتایشدا بۆمان ئاشكرابوو كە وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوانى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە میلاكاتى نوێى دامەزراندنى ساڵى ئایندە داواى دامەزراندنى 550 فەرمانبەرى كردووە بۆ وەزارەتەكەى . وەكو ئەوەى ئەو رێژە فەرمانبەرەى ئێستا هەیەتى بەشى نەكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست