سەرنجێك لە سەر ووتەكانى نەوشیروان مستەفا لە كۆبونەوەى جڤاتدا
Monday, 04/02/2013, 12:00
پاش ئەوەى نیگەرانیەكى زۆر لەسەر شێوەى دروست بونى جڤاتى نیشتیمانی گۆڕان دروست بوو، كۆمەڵێ هەڵسوراوى سەرەكى گۆران نارەزاییان دەربرى لەبەر ئەوەى ریكخەرى بزوتنەوەى گۆڕان بە تاكڕەویو بەبێ گەرانەوە بۆ هەڵسوڕاوان ئەم جڤاتەى پێكهێناو هەرچى لاى خۆی پەسند بوو لەم جڤاتەدا جێگاى كردەوەو ئەوانەشی بەدڵى ئەو نەبوون بەخشكەیى پاڵى پێوەنانو دوورى خستنەوە، وك خۆی ووتی" من لە حیزبێكدا ئیش ناكەم هەموو شتێ بە دڵى خۆم نەبێت" ، ئەم قسەیە ئەگەر جەلال تاڵەبانی یان مسعود بارزانى بیانكردایە ئیستا خودی كاك نەوشیروان پێیدەوتن ئەمە بۆچونێكى تاكڕەوىو شمولیە، بەڵام بۆخۆی مۆدێلێكى نوێو تازەگەرییە لە ژیانى حزبایەتیدا !
ڕۆژى 18/1/2013 بۆ چارەسەرى كێشەی جڤاتى نیشتمانی كۆبوونەوەیەك ساز كرا، بەڵام سەیر لەوەدایە جگە لە 45 ئەندامى جڤاتەكە تەنها 3 كەس بەناوى نارازییەكانەوە ئامادەبوون كە لە راِستیدا دووانیان لە نارازییەكان نەبوون كاك ئاواتى شیخ جەناب و كاك سەفینى مەلا قەرە هەردووكیان بۆچوونیان لەگەڵ هەڤاڵانى جڤاتدایە تەنها شەمال عبدولوفا بە ناڕازى ئەژمار ئەكرێت وەكو تر سەدان كادرى سەرەكى كە لەگەڵ دروست بوونى ئەو جڤاتەدا نین بەم شێوە تاكڕەویە و ڕۆڵى سەرەكیان هەبووە لە دامەزراندنى بزووتنەوەى گوڕاندا هەروەها كاریگەرییان هەبووە لەسەر كۆكردنەوەى دەنگى هاوڵاتیانى كوردستان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەكانى پیشوودا، بۆیە ناكرێت تەنها ئەو سێ كەسە بكرێنە دەم ڕاستى ئەو هەموو هەڵسوڕاوە سەرەكییە، لە لایەكى ترەوە كێشەكە تەنها كێشەى هەڤاڵانى مەكتەبى سیاسەسیە كۆنەكان نیە وەك (قادرى حاجى على و سالار عەزیز و عوسمانى حاجى محمود) كە ئیستا واباسى لێوە دەكەن و بچوكى دەكەنەوە لەو چوارچێوەیدا بۆ ئەوەى كێشكە بێ ئەهەمیەت بكەن و شتەكان وابخەنەڕوو كە ئەوانە دەیانەوێت هەتا هەتایە بە لێپرسراو بمێننەوە ئەوە دوورە لە ڕاستیەوە چونكە مەسەلەكە هێندەى پەیوەندى بە تاكڕەوى رێكخەرى بزوتنەوەكە و گویێ نەگرتنە لەو هەموو هەڵسوڕاوە سەرەكیە ئەوەندە پەیوەندى بەو سێ زاتەوە نیە.
هەر لە سەرەتای كۆبوونەوەكەوە كاك نەوشیروان موستەفا بە تووڕەبون و پەشیمانیەوە وتویەتی:
"من لە هەمووتان زیاتر زەرەرمەندبووم ئیستا ئەگەر لە ناو یەكێتى بمامایەتەوە ئەبوومە سكرتێرى گشتى یەكێتى!".
ئێمهش دهڵێین بهڵێ ئەمه ڕاسته، ئێستاش رهنگه بهڕێزتان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو یهکێتیی، ههروهها ئێوه چ زیانێكتان لێكەوتوە؟ ئایا ئێوهش لە لیستی نان بڕاوەكاندا بوون؟ یاخود ماڵو مناڵتان برسى بوون، منداڵهکانت دووچارى لێدان و سوكایەتیكردن بوونەوە؟ جگه لهوهی که له یهکێتیی هاتوونهته دهرێ 10 ملیون دولارتان لەگەڵ خۆتاندا هیناوە و ئێستا بوونهته یەكێك لە سەركردە ناودارەكانى ئەمڕۆی كوردستان و له فهرمان و بڕیاری تالهبانی زۆتان رزگارکردووه! واته وهکو کهسێکی ئازاد خۆتان بوونهته خاوهن بڕیاری خۆتان و لە ناكۆكى و بەربەرەكانیەكانى ناو یەكێتى دوور کهوتوونهتەوە كە چەندەها شەریكت بۆ دروست دهبوو، ئیستا ركابەرت نەماوە و بویت بە خاوەنى هێزێكى گەورە وەك موڵكى خۆت مامەڵە لەگەڵ ئهو بزووتنهوهیهدا دەكەیت، كەس شەریكت نیە، كەس لە گۆرانخوازان یان ئەوانەى كارت لەگەڵدا دەكەن ئاگادارى بڕیارەكانتان نیین، كە جەنابت دەریان دەكەیت، هەروەها كێ ئاگادارى جمجۆڵە بازرگانیەكانتانه؟ لەملاو ئەولا ههموو ئاسانكارییهکتان بۆ ئەكرێ لە لایەن لایەنەكانى دەسەڵاتەوە. من لەو باورەدام ئیستا هەموو شتێك بەدەستى خۆتە ئەگەر خۆت نەبیت هەموو شتێك تێك دەدەیت وەك ئەوەى كردت لە یەكێتیدا، بە درێژایى ژیانت هەوڵت دەدا ئەو ئاواتەت بێتە دی كە لە حیزبێكدا بیت كەس لە تۆ گەورە تر نەبێت ئەوە ئەمڕۆ بۆت مەیسەر بوو بە ماندووبونى سەدان لە وانەى ئەمڕۆ جێگەیان ناكرێتەوە لاى جەنابت.
جگه لهوه ئەوانى تریش كە لە یەكێتیەوە هاتوون لە شوێنى خۆیان خاوەنى پلەو پایە بوون ئەگەر بمانایەتەوە لە یەكێتیدا ئیستا زۆربەیان دوور نەبوو لە ڕیزى سەركردایەتى بوونایە یان پلەو پایەیان بەرزتر ئەبوو دەبوونە خاوەنى قەسر و قەمەرەو ژیانى باش، بەڵام ئەوانە وازیان لە هەموو شتێكى خۆیان هینا تەنانەت وازیان لە قوتى منداڵەكانیشیان هینا، بۆ دابین كردنى عەدالەتى كۆمەلایەتى كە باوڕیان پێ بوو وایان ئەزانى بە تۆ ئەو ئاواتە دێتە دى بۆ خەڵكى كوردستان بۆیە بە دواى بەنگەوازەكەى جەنابت كەوتن، نەیان ئەزانى ڕۆژێك دێت ئاوا پاداشت ئەدرێنەوە وا بەئاسانى كشیان لێ دەكرێتو دوور دەخرێنەوە لە بزوتنەوەكەو خەڵكانێكى هەل پەرستو كرچو كاڵ دەستى بەسەردا دەگرن ، من دەپرسم: گەر وەفاتان بۆ ئەوانە نەبێت كە پشتوپەناتان بوون چۆن ئەتوانن داكۆكى لە مافەكانى خەڵكى فەقیرو هەژار بكەن؟ ئێوە بەهەوڵى ئەو كادرانەو هاوكارى خەڵكى هەژار توانیتان ئەو سەركەوتنانە بەدەست بهێنن، وا پێ ئەچێت ئیتر پێوستتان بە خەڵكو دەوروپشتەكەتان نەمابێت بۆیە وا بێ منەتانە پشتیان لێ ئەكەن ولەخۆتیان دوور ئەخیتەوە ، بەڵام لەو باوەڕدا بن ڕۆژگار ئەوەتان بۆ دەردەخات كە ئەو سەركەوتنەى بەدەستتان هێناوە تا سەر نابێت ئەگەر ئا بەم شێوەیەى ئیستا مامەڵە لەگەڵ هاوڕێكانتان بكەن متمانەى خەڵك و دەنگدەرەكانتا ئەدۆڕێنێن، هەڵبژاردنەكانى داهاتوو ئەو ڕاستیەت بۆ دەسەلمێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست