کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرنجێكى رەخنەگرانە لە بارەى دیدارەكەى نەوشیروان مستەفا لە كەناڵی ك.ن.ن

Tuesday, 09/04/2013, 12:00


لەو كاتەدا كە هەڵسوڕوانى گۆڕان چاوڕێى خاوكردنەوەو كۆتایى هێنان بوون بە كێشە ناوخۆیەكانى بزوتنەوەكەیان، جێگاى سەرسورمانە كە ریكخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپیكەتنێكیدا لە بەرنامەى رووبەرووى رۆژی 1-4-2013 لە كەناڵى (ك.ن.ن) بۆ جارێكى تر كەوتە كولانەوەى ئەو برینە قوڵە و كردنەوەى بەرەیەكى ناوخۆ ، که‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی لە كۆتاییشدا بە زەرەرى سەرجەم پڕۆسەكە كۆتایی پێ بێت، بەداخەوە پێناسەكردنى سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانەى لە كۆمیتە و مەڵبەند و مەكتەب و سەركردایەتى و م.س لە حیزبەكانى ترەوە هاتوون، كە بە بۆچونی رێكخەرى گشتى بەدوای بەدەستهێنانى ئیمتیازاتى شەخسىو پوست پلە و پایەدا دەگەڕێن ، لێردا پێویستە ئەو ڕاستییە بۆ سەرجەم كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانى بە راِشكاوى ڕوونبكرێتەوە كە بەڕێز نەوشیروان موستەفا بەم هەنگاوە جگە لە كەمكردنەوەى روڵ و خەباتى ئەو هەڤاڵانە و بێ منەتى بەرامبەر دەنگدەرانى گۆڕان هیچی تر نییە، لێره‌دا ئەبێت بپرسین ئەم جۆرە هێرش و پەلاماردانە بەرامبەر بەم لێشاوە زۆرەى هەڵسوڕوانى گۆڕان كە زۆرینەى هەرە زۆرى ریزەكانى بزوتنەوەكە پێكدەهێنن له‌م کاته‌دا بۆچی؟ ئەمە لەلایەك، لەلایەكى ترەوە ئاشكرایە لای هەمووان كە گۆڕان جیابوونەوەیەكى هیمنانە بوو لە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان و هەموو ئەو كادرانەى ڕوویان كردە گۆڕان وازیان لە هەموو پۆست و پلەو پایەیەكى مادى و معنوی خۆیان هێنا تەنانەت زۆربەیان دووچارى نانبڕین و گرتن و هەرەشە و تۆقاندن بوونەوە تا ئێستاش هیچ داوایەكى كەسیی و مادیان لە بزوتنەوەى گۆڕان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە باوەڕێكى راستەقینەوە بەردەوام بوون لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو بەدیهێنانى بەهاكانى گۆڕان بۆ بەدەستهێنانى گوڕانكاری بنەرەتى لە سیستەمى بەریوەبردنى ووڵاتو بەگژاچوونەوەى دیاردەى گەندەڵى و هێنانەكایەى عەدالەتى كۆمەڵایەتى بۆ كۆتایهێنان بەو رەوشە سیاسیە چەق بەستووەى كە دەسەڵاتدارانى كوردستان دروستیان كردووە لە ماوەى 23 ساڵى ڕابردودا بە قورخكردنى دەسەڵات و تاكرەوى لە بریارە چارەنوس سازەكانى ئەم هەرێمەدا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا رێكخەرى گشتى بۆ ئەم هەنگاوە دەنێت؟ ئەم جۆرە لیدوانانە لە بەرژوەندى كێییە؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆى كشانەوە و پەشیمان بوونەوەى ئەو كادیرانەى تا ئیستاش لە حیزبەكانى تر ماونەتەوە و بەدڵ لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕندان؟ ئایا ئەمە ترس و دڵەڕاوكێ ناخاتە ناو خەڵكەوە و كەش و هەوایەكى وا دروست ناكات كە خەڵكى باوەڕى كەم ببێت بەم بزوتنەوەیە كە ببێتە هۆی كەمبونەوەى دەنگدەرانى گۆڕان؟
پرسیار ئەوەیە جەنابى رێكخەرى گشتى خۆی لە چ خانەیەكى ئەو كاستە ئورستوكراتیەى باسى لێوە دەكات دەبینێتەوە؟ كەخۆشى لە پۆستی جیگرى سكرتێرى گشتیەوە هاتوە و بووە بە رێكخەرى گشتى بە فەرمانێكى كەسی خۆی بەبێ ئەوەى بە پڕۆسەى بڕیارى دەستە جەمعیدا تێپەڕبووبێت. پرسیار ئەوەیە بۆچى ریكخەرى گشتى ئەم پێناسەیە بۆ زاواكەى خۆى كاك محمەد تۆفیق رەحیم ناكات كە لە مەكتەبى سیاسیەوە هاتووە بووە بە دەسەڵاتى دووەم لە بزووتنەوكەدا و لەبرى پۆستێك چەندەها پۆستى داگیركردوە بەبێ ئەوەى پرس بە هیچ كەسێك كرا بێت، ئێمە له‌ دڵسۆزانى گۆڕان دەپرسن: لەم كات و ساتەدا لەم بارودۆخەدا پێویست ئەكات رێكخەرى گشتى ناخۆى ماڵى خۆی بەدەستى خۆى هەڵوەشەنێت و ئاواتى سەدان هەزار كەس بە گۆڕان لاواز بكات ؟
هەموو ئەو هەڵسوڕاوانە لەبەر خاترى گوراِن و ئەو وەعدەى دابویان بە خەڵكى كوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە دەنا شتى زۆر هەیە لەبارەیەوە بدوێن و دەرگاى رەخنە بكەنەوە و هەرچى لە پشت پەردەیە بخرێتە روو بۆ خەڵكى كوردستان، بۆیە باشتر وایە بەڕێز رێكخەرى گشتى جارێكى تر دەستى تەبایى و یەكڕیزى درێژ بكاتو گوێ بۆ بۆچونە جیاوازەكان بگرێت و خەبات و تیكۆشانى هەموو لایەك لە گۆڕاندا بەرز بنرخێنێت و بێ منەت نەبێت لە دەنگدەرانى گۆران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە