بزوتنەوەى گۆڕان و كام جڤاتى نیشتیمانى؟!
Friday, 28/12/2012, 12:00
بەمەبەستی خوێندنەوەیەك بۆ جفاتی نیشتمانی بزوتنەوەى گۆران دەستپێك شیكردنەوە بۆ دەستەواژەى جفاتى نیشتمانی دەكەین، جڤات بە واتاى پێكهاتن یان كۆبوونەوەى گشتى یاخود رێكەوتن دێت، هەروەها بە مانای ئەنجومەنیش بەكار دەهێنرێت ، نیشتمانى لە نیشتمانەوە هاتوە بە واتاى وڵاتێك یان خاكى نەتەوەیەك، نیشتمانیش ئاوەڵناوەكەیەتی.
ئەم جفاتە نیشتمانیە بۆ كۆبوونەوەیەكى گشتی نیشتمانیە لەسەر ئاستى لووتكەى سەركردەكانی هەر میللەتێك یان ووڵاتێك، بۆ نموونە ئەتوانى بە كۆبوونەوەى لوتكەى هەر نەتەوەیەك كە بۆ پرسێكى نیشتیمانى كۆدەبنەوە پێى بوترێ جڤاتى نیشتمانى، نەك كەسانى لایەنێك یان حیزبێك یان گرووپێگ لە كۆمەڵگایەكدا كە بەشێكى بچووك لەو كۆمەڵگایە پێكدەهێنێت ، بۆ نموونە لە كوردستانى خۆشمان لەئەمڕۆدا جڤاتى نیشتیمانى دەبێت لە هەموو لایەنە سیاسیەكانى هەموو پارچەكانى كوردستان بێ جیاوازى پێكبێت، هەروەها نوێنەرى سەرجەم چین و توێژەكان و پێكهاتە جیاوەزەكانى كوردستان بێت كە نوێنەرایەتى سەرجەم كۆمەڵگاى كورد دەكەن لە هەر چوار پارچەى كوردستاندا ، ئەمە دەتوانین پێى بڵێین جڤاتی نیشتیمانی.
مایەى نیگەرانیە گوێت لە دروستكردنى چڤانى نیشتیمانى دەبێت لەناوخۆى حزبێك یان لایەنێكى سیاسى كە كەمتر لە 5% ی ئەو كۆمەڵگایە پێكدەهێنێت. ئەگەر لەسەر ئاستى كوردستانى گەورە سەیرى ئەم مەسەلەیە بكەین چۆن ئەو لاینە سیاسیە ئەو مافە بەخۆى دەدات كە خۆی بكاتە نوێنەرى گەلێكى پتر لە 30 ملیون كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستاندا كە پێكهاتووە لە كۆمەڵێ زاروەو كەلتوورى جیاواز لەناوچە جیاوازەكانى كوردستانداو هەرەها لە چەندەها عەقیدەى دینى و ئاینى گرووپى سیاسى جیاواز پێك هاتووە .
ئەوەى جیگاى سەرنجە لایەنێكى سیاسى وەك بزووتنەى گۆران پێگەى جەماوەرى لە ناوچەیەكى زۆر تەسكى كوردستانى باشوردا هەیە ئەویش تەنها یەك پارێزگایە كە سلێمانیەو تا ئیستاش بە تەواوى دیار نیە زۆرینەیە لەو پارێزگایەدا یاخود نا ، لە ناوچەكانى ترى كوردستانى باشوردا زۆر بەكەمی بوونى هەیە لە هەندێ ناوچەدا هەر هیچ پێگەو ڕۆڵێكى نیە ، ئینجا وەرە لەسەر ئاستى پارچەكانى ترى كوردستان كە رەنگە تەنها ناوەكەى بەرگوێ خەڵك كەوتبێو رەنگە نا ! بەبێ ئەوەى هیچ ڕۆڵێكى ئەوتۆى هەبێت لەسەر دۆزى نەتەوایەتى لەسەر ئاستى پارچەكانى ترى كوردستانی گەورە.
راستیەكی حاشا هەڵنەگرە ئەم بزووتنەوەیە مەسەلەیكى زۆر گرنگى لە كوردستانى عیراقدا وروژاند و هەردوو لایەنى دەسەڵاتى كوردى سەغڵەت كردووە، بەڵام نەیتوانیوە مەسەلە نەتەوایەتیەكان وەك خۆى باس بكاتو هەندێ جار خۆشى لێ دوور خستۆتەوە ، ئەمە جگە لەوەى لە پەیامەكانیدا رەنگدانەوەى دۆزى نەتەوەیى پیوە دیار نیە، ئیتر چۆن دەتوانێت ئەنجومەنێكى حیزبى بچووك ناو بنێت جڤاتى نیشتیمانى، ئەمە لەلایەكەوە، لەلایەكى ترەوە پرسیارى زۆر هەن لە بارەى ئەو ئەنجومەنەو چۆنێتی پێكهاتنی؟ بە چ جۆرێك دامەزراوەو لەسەر چ بنەمایەك؟
هەروەها ئەم جڤاتە لە پڕۆسەیەكى زۆر داخراودا دامەزراوە لەلایەن ریكخەرى بزووتنەوەكەوە ، ئەوانەشى بە پڕۆسەیەكى هەڵبژاردندا ڕۆشتوون لە چوارچیوەیەكى زۆر تەسكدا بووەو لە هەندێ ناوچە كیبركێش نەبووە ئەمە جگە لەوەى هەندێكیشیان بەبێ هەڵبژاردن هاتوون واتە پرۆسەیەك كە پڕ بووە لەدیاردەى تەكەتولو ناشفافیەت، لەلایەكى ترەوە دەپرسین ئایا ئەندامانى ئەم جڤاتە بەڕێزە چەند ئاگادارى دۆزى نەتەوەكەیانن لە پارچەكانى ترى كوردستان یاخود خۆیان ئەزانن ئەم ناونیشانە مانای چیە یان هەر خودى ماناى ناوەكەى ئەزانن؟! وەك بەدى دەكرێت زۆربەیان بێئاگان لەم پرسە، ئایا ئەم جڤاتە بڕیاردەرە لەسەر مەسەلە ستراتجیە نەتەوەییەكان یان لەسەر مەسەلە هەستیارەكانى هەریمى كوردستانى یاخود تەنها خەریكى كیشەى ناوخۆی بزووتنەوەكەیەتىو لەوەش زیاتر ئەركى تری نیە بۆیە لەجیاتى ئەوان ڕێكخەرى بزووتنەوەكە بڕیاریان بۆ دەدات ئەوانیش ئیشیان هەر سەر راِوەشاندنە، لە راستیدا ئەمە هەمان فەرهەنگى پارتەكانی دەسەڵاتە لە هەرێمی كوردستان، بگرە زۆر جاریش خراپتر چوونكە ئەمان كۆپى سێیەمن، بێگوومان كۆپى سێ یەم لە دووەم و یەكەم خراپتر دەرئەچێت، جا وەرە ئەمە جڤاتى ئەم نیشتیمانە گەورەیە بێت !
یەكێك لەو رەخنە زەقو دیارانەى تر لە جفاتی نیشتمانی بزوتنەوەى گۆران دەگیرێت بەدەر لە دورخستنەوەى زۆر كادریى لێهاتوو دیارى ئەو بزوتنەوەیە لە كاتی دامەزراندنیدا، جیاكارى رەگەزیە، ئەم جڤاتە ڕەگەزى مێینەى هەر نەخوێنیوەتەوەو بۆتە مایەى لاسەنگى لە جڤاتەكەدا جا چۆن ئەتوانێت جڤاتى نیشتیمانێك بێت كە نیوەى كۆمەڵگە یاخود بەشێكى سەرەكى كۆمەڵگەى تیا نەبێت.
بۆیە باشتر وایە ناوەكەى بگۆرن لە جڤاتی نیشتمانیەوە بۆ جفاتی بەشێك لە گردەكە، هەمووشی نا !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست