تێڕوانینێکی کورت لەسهر زانکۆکانی هەرێمی کوردستان
Sunday, 23/02/2014, 12:00
لەم سەردەمەدا ڕۆڵی زانکۆکان لە کۆمەڵگادا ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ و چارەنووس سازە لەبەرئەوەی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگاو چاندنی هۆشیاری لە هەموو بوارە جۆربەجۆرەکاندا ، بەڕادەیەک ئاستی زانستی زانکۆکان بووەتە یەکێک لەپێوەرە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگای مەدەنی ، ئێستا زانکۆ بەتەواوەتی لەو پێناسە کلاسیکییەی کە زانکۆ وەک جێگایەک بۆ فێربوونی پیشەیەکی دیاریکراو پێناسە دەکات دەرباز بووە ، بەڵکو پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و خاوەن توانای داهێنان وەک ئەرکی سەرەکی هەر زانکۆیەک تەماشا دەکرێت ، هەر ئەمەشە کە وای کردووە کە زانکۆ وەک جێگایەک بۆ داهێنان تەماشا بکرێت.
لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا زانکۆیەک لە دایک نەبووە کە لەسەر ئەو بنەما بنچیینەییانە کار بکات کە زانکۆی لە پێناودا دامەزراوە ، بەشێوەیەکی گشتی لە دوای ڕاپەڕین تێکڕای زانکۆکانی هەرێم لە قەیرانێکی قووڵدا ئەژین لەسایەی حکوومەتێکی گەندەڵ و کەمتەرخەم کە حیزبایەتی کردووەتە پێوەری هەڵسەنگاندنی توانای کەسی ئەکادیمی ، زانکۆی سلێمانی وەک زانکۆیەکی حکومی زیاتر لە بارەگایەکی حیزبی گەورە دەچێت، لەم زانکۆیە تەنانەت یەک سەرۆک بەش نییە سەر بەیەکێتی نەبێت ، زانکۆی سەڵاحەدینیش بە هەمان شێوە لەبارەگایەکی حیزبی سەر بە پارتی دەچێت ، ئەمە حاڵی زۆربەی زانکۆ حکومییەکانە.
زانکۆ ئەهلییەکانیش خۆی لەخۆیدا بەشێکی گەورەن لەو قەیرانە مەترسیدارەی کە زانکۆکانی هەرێمی گرتووەتەوە ، هەریەکێک لەم زانکۆ ئەهلیانە لە پێناو ئامانجێکی تایبەتیدا درووست کراون کە زۆردوورە لە پێگەیاندنی مرۆڤی زانست خواز و سەرکەوتوو و هەریەکەیان دەستەو تاقمێکی جیاوازیان لە پشتن و وەزارەتی خوێندنی باڵاش هاوکاری تەواویان دەکات لەم ئەرکەیاندا ، بێگوێدانە کاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی خوێندنی باڵا، زۆرینەی ئەم زانکۆ ئەهلیانە لە پێناو دەست کەوتی مادیدا دامەزراون و بێ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی زانستیانە بۆ ئەو نمرەیە بکەن کە خوێندکار لە قۆناغی ئامادەیی بەدەستی هێناوە ئەمەش وای کردووە کە خوێندکار ئەگەر کەمترین نمرەشی لە قۆناغی ئامادەیی بەدەست هێنابێت بتوانێت لەم زانکۆیانە بخوێنێنت ، ئەمە سەڕەڕای تێوەگلانی هەندێ لەم زانکۆیانە لە گەندەڵێ بەهەدەردانی سامانی گشتی ، بۆنموونە زانکۆی ئەمریکی لە عیراق-سلێمانی ((auis،کە لەناو خەڵکیدا بەزانکۆکەی دکتۆر بەرهەم ناسراوە ، ئەوەی کە خودی ئەمریکییەکان خۆیان لەبارەی ئەم زانکۆیەوە ووتوویانە بەسە بۆ پێناسە کردنی.
http://whowhatwhy.com/2011/02/15/the-empire-strikes-again-2/2/#sthash.NCKhpQT6.dpufبەپێی پڕۆسەیەکی هەڵسەنگاندن کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ئەنجام دراوە ، ئەم زانکۆیە وەک باشترین زانکۆی ئەهلی دەستنیشان کراوە ، جێگای خۆیەتی بپرسین کە ئەگەر ئەمە باشەکە بێت ، ئەبێت حاڵی خراپەکەیان چۆن بێت؟
زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەک زانکۆیەکی ئەهلی لەلایەن دەستەیەکی نهێنی سەر بەیەکگرتووی ئیسلامی لە ناو مامۆستا و کارمەندەکانی ئەم زانکۆیە بەڕێوە دەبرێت زۆربەیان سەر بەم حیزبە ئیسلامییەن و، بەئامانجی پەروەردەکردنی خوێندکار لەسەر ئەفکاری ئیخوان موسلیمینی عەرەبی دامەزراوە لەلایەن (د.عەلی قەرەداغی) ، کەناوبراو وەک کەسێکی نزیک لە یەکگرتوو دێتە ئەژمار لەهەمان کاتدا هەمیشە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی جیهانی ، گرنگی ئەم زانکۆیە بۆ حیزبێکی وەک یەکگرتوو لەوەدایە دەبێتە هۆی زۆربوونی ژمارەی لایەنگرانی ئەم حیزبە ، کرێی ساڵانەی خوێندن لەم زانکۆیە لەسەرەتادا ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی بوو ، بەڵام ئێستا کردووییانە بە ٣ملێون دینار ، تێکڕای داهاتی ئەم زانکۆیەش دەچێتە گیرفانی ناوبراو.
کۆلێژی عەشقی دەزگای فەزالەری عەبدووڵڵا گوولەن ، هاوشێوەی قوتابخانە تورکییەکان بەمەبەستی بڵاو کردنەوەی بیری تۆرانیزم و چاندنی ئەم بیرە لە مێشکی گەنجی کورد و لەناو بردنی هەستی نەتەوەیی کاردەکات ، لەم کۆلێژ و قوتابخانە تورکیانەی کە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان وەک نموونەییی دەیان ناسێنێت ، لەڕۆژی پشووی نەورۆزدا خوێندکارەکان دەنێردرێنە ماڵەوە بەڵام لەیادی لەدایک بوونی ئەتا توورکدا ڕێگایان پێ دەدرێت ئاهەنگ بگێڕن و جل و بەرگی ئاڵوواڵا لەبەربکەن.
لە دوای ڕاپەڕینەوە دەبوایە زانکۆو خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان چ ئەهلی بن یان حکومی بکرایە بە ناوەندێک کە بەلایەنی کەمەوە چاندنی هۆشیاری نەتەوەیی بکاتە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بەڵام تێوەگلانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گەندەڵی و حیزبایەتی بووەتە هۆی دامەزراندنی کەسانێکی نەشیاو و بێباک و کەمتەرخەم لە ئاست ئەم پرسە هەستیارەدا.
ئەو ڕۆڵەی کە زانکۆ لەم ووڵاتەدا دەیگێڕێت زیاتر ڕۆڵێکی نێگەتیڤە و کاریگەری زیانە جۆراو جۆرەکانی لە کۆمەڵگادا زۆرترن لە سوودەکانیان، هەر ئەمەشە وای کردووە کە زانکۆکانی هەرێم زۆر دوور بن لەو ئامانجانە ی کە زانکۆی لە پێناودا دادەمزرێن ، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر چارەنووسی ئەم هەرێمەو بێدەنگبوون لە ئاستیدا تاوانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست