فڕاندن و بێسەروشوینکردنی هەڵسوراوانی جەماوەر راگرن

Saturday, 26/02/2011, 12:00


خەلکی ئازادیخواز
جەماوەری راپەریوی کوردستان

دەزگا نهێنیەکانی دەسەڵاتدارنی یەکیتی و پارتی بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیمان هەموو رێگایەکیان بەکار هێنا، وە بەوپەری درندانە لە شەقامی شارەکاندا خەڵکیان خلتانی خوێنکرد. ئێستاش بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کەوتوونەتە فڕاندن و بێسەروشوینکردنی خەلک و هەلسواراوانی خۆپیشاندانەکان. ئەو کارە نارەوانەی ئەوان دژ بە خەلکی کوردستان دەبێت هەنگاوێکی تر ئێمە لە سەرکەووتنی راپەرین و بەدەستهێنانی مافەکانمان نزیکتربکاتەوە. دەسەڵاتدارنی خێلەکی بەو کارانەیان تەنها خۆیان لە ڕوخاندن و کەنارخستن نزیکتر دەکەنەوە. ئەو ریگا نارەوانەی ئەوان لە دژی خەلکی کوردستان وەلامی ئێستای ئەوانە بۆ داخوازیەکانی خەلک، ئەوان تا ئێستا هیچ رێگایەکی تریان نییە ئەم کارانە نەبێت. وەلامی داخوازی خەلک بە چەک و تۆقاندن، وەلامی داوای ماف و ئازادیەکان بە ئاژاوەگیڕ، وەلامی نان و بێکاری بە سوورکردنی شەقامەکان بە خوینی لاوان. دەسەلاتێک لەسەر ئەم کارانە بنیاتنرابێت و یاسایەک کە پارێزگاری لە بەرژەوەندێکی وابکات سەرەنجامەکای پێچانەوەیە.

خەلکی ئازادیخواز و عەدالەتخواز

جارێکی تر با بەیەکدەنگ و لە شەقامی هەموو شارەکاندا هاوارکەین بۆ ئەوەی دەستبەجێ کەسانی هەلسوراوی خۆپیشاندانەکان ئازادبکرێن و ئەمە ببیتە یەکێکی تر لە داخوازیەکانمان لە دەسپیکردنەوەی رۆژێکی نوی لە خۆپیشاندان و راپەرینەکانمان.

- بنکەی راپەرین

- دەستەی راپەرینی هەلەبجە و شارەزوور

2011/2/25
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە