کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نیگه‌رانی ڕه‌فتاری ڕه‌گه‌ز په‌رستانه‌ له‌یاریه‌کانی جامی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌وروپا بۆ تۆپی پێ..

Saturday, 09/06/2012, 12:00



وه‌رزش به‌ هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ پێش بڕکێ له‌ نێوان تاکه‌ که‌س یا گروپ بۆ سه‌لماندنی که‌ کامیان خێراتر یا به‌هێزتر یا به‌رزتره‌ به‌ پێی یاسا و جۆری هه‌ر یاریه‌ک. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی پێویستی مرۆڤ بۆ له‌ش ساغی و ڕاگرتنی ته‌ندروستی باشتر له‌چوارچێوه‌ی که‌سایه‌تی ده‌کرێ و ناچێته‌ خانه‌ی پێش بڕکێوه‌. هه‌روه‌ها ته‌ماشاچی هانده‌رانی هه‌ر یاریه‌ک بۆ لایه‌نێک له‌و ساتانه‌دا چێژ و خۆشی لێ وه‌رده‌گرن.
ئه‌م سیما و بنه‌مایه‌ی وه‌رزش ساڵانێکه‌ تا دێت له‌گیان و ڕۆحی ئاره‌زووی وه‌رزش دوور ده‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ 2 هۆکاری سه‌ره‌کی که‌ ئامانج لێیان به‌ژه‌وه‌ندیه‌ ئابووری و سیاسیه‌کانه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌. که‌ تێکه‌ڵ به‌ هه‌لومه‌رج وکه‌ش وهه‌وای به‌رامبه‌رکێ سیاسیه‌کانی ووڵاتان ونه‌ته‌وه‌ و گروپه‌ به‌شدار بوه‌کانن. له‌کاتی یاریه‌کاندا هانده‌ران ڕق و قینه‌ سیاسیه‌کانیان که‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌کانیانه‌وه‌ تۆو کراوه‌ و تێکه‌ڵ به‌کێ بڕکێیه‌که‌ ده‌که‌ن و ره‌فتاری ڕاسیستی و قینه‌ی سیاسی ده‌رده‌بڕن و زۆر جاریش کاره‌سات وتوند و تیژی و قوربانی گه‌وره‌ی لێ که‌وتۆته‌وه‌.
یاریه‌کانی جامی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌وروپا 2012 بۆ تۆپی پێ, که‌ له‌ 8 حوزه‌یران له‌ هه‌ردوو ووڵاتی پۆله‌ند و ئۆکرانیا بۆ یه‌که‌م جار له‌م ووڵاتانه‌ پێش بڕکێی ئاوا گه‌وره‌ بۆ ماوه‌ی 4هه‌فته‌ به‌رده‌وام ده‌بێ له‌خۆ ده‌گرن.
به‌ پێی ئاماژه‌کانی ڕاپۆرتێکی دۆکیۆمێنته‌ری که‌ ده‌زگای بی بی سی بڵاوی کرده‌وه‌و ڕه‌فتاره‌ ڕه‌گه‌ز په‌رستیه‌کانی هانده‌رانی ئۆکرانیای له‌ به‌رامبه‌ر هانده‌رانی ووڵاتانی ئاسیایی نیشان دا و کاری توندو تیژیان به‌رامبه‌ریان کرد بوو، هه‌روه‌ها له‌ کاتی یاریه‌کانی پێش جامی ئه‌وروپا هانده‌ران سڵاوی (نازیان) کردوه‌ دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ی جوله‌که‌. له‌چوارشه‌ممه‌ی ڕابردووشدا هانده‌رانی پۆله‌ندی به‌ یاریزانه‌ ڕه‌ش پێسته‌کانی تیمی هۆله‌نده‌یان گوتوه‌ (مه‌یمون) و بۆته‌ جێی نیگه‌رانی زۆری ئه‌و تیمه‌ و تیمی ئینگلیزی و ئه‌و تیمانه‌ی که‌ یاریزانی ڕه‌ش پێست له‌خۆیان ده‌گرن. هه‌روه‌ها یه‌کێتی تۆپی پێی ئه‌وروپا و به‌رپرسان له‌ هه‌ردوو ووڵاتی ئۆکرانیا و پۆله‌ندا توشی نیگه‌رانی کردوه‌ له‌ ڕوودانی کێشه‌و کاری توندو تیژی که‌ ببێته‌ هۆی تیکدان وڕاگرتنی هه‌ندێک له‌ یاریه‌کان. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوولا به‌رپرسانی ئۆکرانیا وپۆله‌ندا و یه‌کێتی تۆپی پێی ئه‌وروپا هه‌ندێک ڕێگه‌و شوێنی یان گرتۆته‌ به‌ر بۆ به‌رگرتن به‌ ڕوونه‌دانی ئه‌و ره‌فتارانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نیگه‌رانیه‌کانی بنه‌بڕ نه‌کردوه‌.
ئینگلیزه‌کان ده‌ستپێشکه‌ری یه‌که‌م بوون له‌ده‌رکردنی بڕیار دژ به‌ره‌گه‌ز په‌رستی. به‌جۆریک خێزانی هه‌رسێ یاریزانی ڕه‌ش پێستی ئینگلیزی (ئه‌لواعد ئه‌لێکس و ئۆکسلاید و تشامبر لاین و هاورێکانیان له‌ یانه‌ی ئه‌رسناڵ تیۆ ئه‌لکوت) بریاریان داوه‌ که‌ له‌گه‌ڵیان سه‌فه‌ر نه‌که‌ن، له‌ترسی هه‌ره‌شه‌ ڕه‌گه‌ز په‌رست ئامێزه‌کانی هانده‌رانی ئۆکرانیا و پۆله‌ندا هه‌ر له‌به‌ریتانیا بمێننه‌وه‌ بۆ ته‌ماشاکردنی یاریه‌کان.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ش که‌بوه‌ته‌ هۆی بایکۆت کردنی چوونی وه‌زیری وه‌رزشی فه‌ره‌نسی و وه‌زیره‌کانی دیکه‌ و مسته‌شاری ئه‌ڵمانی ئه‌نجلا میرکل و سه‌رۆکی یه‌کێتی ئه‌وروپا هیرمان ڤان ڕومبوی و سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئه‌وروپا جۆزیه‌ مانویل پارسۆ و وه‌زیره‌کانی به‌ریتانیا بۆ ته‌ماشاکردنی یاریه‌کان له‌ ئۆکرانیا، به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی زیندانی کردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی ئۆکرانیا تیمۆشینکۆ که‌ پێشڕه‌وی بزووتنه‌وه‌ی پرته‌قاڵی کرد له‌ ئۆکرانیا، به‌ تۆمه‌تی سوود وه‌رگرتن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و به‌کارهێنانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی. که‌ ئه‌مه‌ش کێشه‌ی زۆری بۆ به‌شداری ئۆکرانیا له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا دروست کردوه‌ و به‌ په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش داده‌نرێت بۆ مه‌سه‌له‌ی ئازادیه‌کان له‌ ئه‌وروپا.
ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ لێره‌دا دێته‌ پێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ئه‌و پایانه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ری گه‌شه‌ده‌کا (نه‌ته‌وه‌، نیشتیمان، ئایین و جێنده‌ر و ڕه‌نگی پێست ...) به‌ ته‌واوی ژیان وچاره‌نووسی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایان نه‌خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌؟ به‌جۆرێک ده‌خاله‌ت و کاریگه‌ریان بۆ سه‌ر هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی ئینسانه‌کان کردووه‌ وله‌هه‌وڵی تێکدانی ته‌واوی ژیانی به‌شه‌ریه‌تن، هه‌ر ئه‌مانه‌شه‌ که‌له‌کارو سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیاو رۆژانه‌ له‌میدیاکانی ده‌وڵه‌ته‌ قه‌ومی و حزبه‌ قه‌ومیه‌کانه‌وه‌ ده‌درێ به‌گوێ و ده‌رخواردی کۆمه‌ڵگا ده‌درێت له‌یاریه‌کانی جیهاندا به‌زه‌قی ره‌نگده‌داته‌وه‌ له‌دابه‌شکردن و جیاکردنه‌وه‌ی ئینسانه‌کان له‌یه‌کتری، که‌ئه‌مه‌ په‌ڵه‌ی شه‌رمه‌ به‌نێوچه‌وانی سه‌رمایه‌داری سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م که‌ئیدعاو بانگه‌وازی مافی مرۆڤ ده‌کات.
بۆیه‌ تاکه‌ ڕێگا بۆ به‌رگرتن به‌ هه‌موو ئه‌و موسیبه‌ت و کاولکاریانه‌ی ئه‌م نیزامه‌، کۆبوونه‌وه‌ ویه‌کگرتنه‌ له ده‌وری یه‌ک و یه‌ک هه‌ویه‌تی ئینسانیه‌ که‌بناسرێ به‌جیا له‌دین و قه‌ومیه‌ت و ره‌گه‌زو نه‌ژاد بۆ بنبڕ کردنی هه‌موو کێشه‌و نا ئارامیه‌کانی هه‌موو سووچێکی ئه‌م دنیایه‌ که‌ ئه‌م نیزامه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان که‌ ته‌نیا خۆی له‌ (سوود) دا ده‌بینێته‌وه‌ و ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئینسانه‌کان ده‌بنه‌ قوربانی و به‌ گژ یه‌کتریان دا ده‌که‌ن.
بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌ها و ژیانی سروشتی ئینسانی و خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و دنیایه‌کی باشتر، ژێره‌و ژوور کردنی ئه‌م سیسته‌مه‌یه‌ که‌ئه‌و جیاوازیانه‌ دروستده‌کات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە