خۆپیشانده‌رێكى شارى كه‌لار هاوشێوه‌ى زمناكۆ ، 300رۆژ‌ه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌ ، به‌ هۆى ئیفلیجبونیه‌وه‌ 3 جار هه‌وڵى خۆكوشتنى داوه‌

Sunday, 01/01/2012, 12:00




 


وه‌ك هه‌موومان ئاگادارین كه‌ له‌دواى خۆپیشاندانه‌كه‌ى 17 شوباتى شارى سلێمانى خۆپیشاندانێكى گه‌وره‌ له‌ شارى كه‌لار ده‌ستى پێكرد له‌ 25 شوباتدا كه‌ خۆپیشانده‌ران بۆ به‌ گژ‌داچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و ئیدانه‌كردنى كاره‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌ى به‌رده‌م لقى چوارى پارتى ئه‌نجامیاندا ،
خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م لقى 22 ى پارتى له‌ كه‌لار ئه‌نجام درا كه‌ تیایدا پارتى به‌ شێوه‌یه‌كى دڕندانه‌تر له‌وه‌ى لقى چوار هێرشى كرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى سه‌عاتێكدا به‌ یارمه‌تى هێزه‌ میلیشیاكانى مه‌حمود سه‌نگاوى گه‌نجیك و پیره‌ مێردێكیان شه‌هید كردو 33 كه‌سى تریشیان بریندار كرد كه‌ یه‌كێكیان به‌ ناوى (نه‌به‌رد) چاوێكى له‌ده‌ستدا له‌گه‌ڵ چه‌ندین بریندارى تر.

به‌ڵام یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ى تر كه‌ به‌ده‌ست سه‌ربازه‌كانى لقى 22 بریندار كرا ناوى (هاوكار حمه‌ سالح)ه‌ كه‌ هاوشێوه‌ى (زمناكۆ) بوو به‌ قوربانى و تووشى ئیفلیج بوون هاتووه‌و سه‌ختترین بریندارى خۆپیشانده‌ره‌كه‌ى شارى كه‌لاره‌ .كه‌ بەهۆی پێكانی حەوزی بە فیشەكێكی بیەكەیسی لەبەردەم لقی 22ى پارتیدا، ریخۆڵەی تەقیوەو بەشێك لەدەمارەكانی جەستەی لەكار كەوتوون، هه‌روه‌ها نزیكه‌ى 15 نه‌شته‌رگه‌رى بۆ كراوه‌و 18 بوتڵ خۆێن كراوه‌ته‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ وه‌كو خۆى ده‌ڵێت ئه‌و خوێنه‌ى كه‌ له‌ جه‌سته‌مه‌دایه‌ هه‌موو هى خه‌ڵكى تره‌ ،
بۆیە لەوكاتەوە تائێستا كه‌ نزیكه‌ى 300 ڕۆژ‌ه‌ لەسەر جێگە كەوتووە.به‌ هۆى بێزارییه‌وه‌ ناڕواته‌ ده‌ره‌وه‌و تا ئیستا 3 جار هه‌وڵى خۆكوشتنى داوه‌ به‌ڵام ماڵه‌وه‌یان فریایى كه‌وتون و نه‌یانهێشتوه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ هاوكار ده‌ڵێت كه‌ دكتۆره‌كانى تاران پێیان ووتوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ى هه‌بێت نه‌خۆشیه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت به‌ڵام به‌ هۆى هه‌ژ‌ارى و ده‌سكورتی یه‌وه‌ به‌ بێ هیوا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ،
به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا نه‌ لایه‌نى ده‌سه‌ڵات و نه‌ لایه‌نى ئۆپۆزسیۆنیش به‌ده‌م كێشه‌ى ئه‌م گه‌نجه‌وه‌ نه‌ڕۆیشتون و هیچ هاوكارییه‌كى ئه‌وتۆیان نه‌كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ، هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوان له‌وه‌ ناكرێت كه‌ لایه‌نى به‌رپرس و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌م كێشه‌ى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گه‌نجه‌وه‌ بڕۆن چونكه‌ له‌ ماوه‌ى 300 ڕۆژ‌دا نه‌یانتوانیوه‌ ئاوڕێكى لێ بده‌نه‌وه‌ بێ بێگومان ئیتر نایه‌نه‌وى به‌ده‌م كێشه‌كه‌یه‌وه‌ بڕۆن ، به‌ڵام وه‌كو هاوڵاتیه‌ك ڕووى ده‌مم ده‌كه‌م له‌ لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن و په‌رله‌مانتاران كه‌ له‌و پاره‌یه‌ى وه‌رى ده‌گرن هیچ نه‌بێت ده‌توانن یارمه‌تیه‌كى بده‌ن و هه‌ندێك ئه‌ركى سه‌رشانى ئه‌م گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن 21 ساڵیه‌ سوك بكه‌ن بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ژ‌یانى ئاسایی خۆیی.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە