ئێران و دەرفەتە لەدەستچووەكانی لە عێراق

Monday, 08/06/2009, 12:00


جەلال نەقشبەندی لەم دواییانەدا و بۆ یەكەمجار، وەلی فەقیهی رژێمی ئێران سەردانی هەندێك لە شارەكانی كوردستانی ئێرانی كرد و ئەمەش بووە هۆی سەرسووڕمان بۆ هەمووان. لەبەر ئەوەی وەلی فەقیهی پێشووی ئێران كە لە رۆژی 13ی جۆزەردانی ساڵی 1368 (1989) كۆچی دواییكرد، لە ماوەی 11 ساڵ دەسەڵاتیدا نەك تەنیا ئامادە نەبوو سەردانی كوردستان بكات بەڵكو دژ بە گەلی كورد فتوای جیهادی دەكرد. ئەمە یەكەم خشتی سیاسەت و مامەڵەكردنی ئەم رژێمە بوو دەرهەق بە كورد كە هەرگیز راست نەكرایەوە و هەروا بەردەوامە.

هەموو لایەك دەزانن كە ئەم سەردانەی عەلی خامنەیی مەبەستێكی سیاسی لە پشت بوو، هەر بۆیە پێویستە بزانین ئەم مەبەستە چ بوو؟

یەكەم شت كە بە مێشكدا دێت، ئەو هەڵبژاردنەیە كە بڕیارە رۆژی 22ی جۆزەردان بكرێت لە ئێران. لەمڕووەوە، ئەم سەردانە و وتارەكانی عەلی خامنەیی دەبێ بخەینە قاڵبی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ پاڵێوراوی وەلی فەقیهی رژێمی ئێران واتا ئەحمەدی‌نەژاد.

راستییەكی دی، رەوشی ئێرانە كە خامنەیی ناچار كردووە لە هەموو كێشەكانیدا خۆی بێتە گۆڕەپانەكە و مۆرەیەكی بۆ نەماوە بەرەنگاری كێشەكان بێتەوە و مانەوەی حكومەتەكەی دەستەبەر بكات. هەروەك لە پرۆژەی دەركردنی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە عێراق، خۆی بە شەخسی هاتە مەیدان. بە واتایەكی دی، دەبێ رەوشی ئێران لە دواقوناغی هەبوونیدا تاوتوێ بكرێت كە ئێستاكە نوقمی زۆرێك قەیران و مەترسی بۆتەوە. ئەو مەترسی و قەیرانانەی كە ناڕەزایەتی خەڵكی سەرانسەری ئێران لە بەرانبەر ئەم رژێمەدا وەك راپەڕین و سەرهەڵدان لە شوێنە جیاجیاكانی ئێراندا گەیشتۆتە لووتكە و ئێران نەیتوانیوە بە سەركوتكردن و لە سێدارەدان دایانمركێنێت.

عەلی خامنەیی لە وتارەكانیدا لە شارەكانی كوردستان بۆ شاردنەوەی ئەو ترسەی سەرتاپای رژێمی گرتۆتەوە گوتی: بەداخەوە لەو دیو سنوورەكانی رۆژئاوای ئێران، ئەمریكاییەكان سەرقاڵی پیلانگێڕانن، خەریكی تیرۆریست پەروەرین. پارەی بۆ خەرج دەكەن و چەكیان بۆ دابین دەكەن و ئەمریكاییەكان لە پشت سنوورەكانی رۆژئاواماندا ریًَكیان دەخەن و پاشان سوننیەكان و كوردی بە كرێگرتەیی ئەمریكا تاوانبار كرد كە گوایا لە لایەن ئەمرێكاوە رادەهێنرێن و پارەیەیان پێدەدرێت و ....

بەڕاستی كاتێك مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران زاریان دەكەنەوە مرۆڤ بێزی هەڵدەستێت. وەلی فەقیهی پیشوو واتا خومەینیش لە هەمان یەكەم مانگەكانی سەرەتای دەسەڵاتیدا (1979) خەڵكی كوردستانی بە جیابوونەوە لە ئێران و هاوتەریبی ئەمریكا تاوانبار كرد و پاشان فتوای جیهادی لەسەر دەكردن. هەروەك دەربارەی رێكخراوی موجاهیدینی ئێرانیش هەر لە سەرەتاوە بەمجۆرە مامەڵًەی كرد. ئەم قسەیەی عەلی خامنەیی بەر لە هەر شتێك باس لە پێناسەی كۆنەپەرستانە و فراوانخوازییەكانی ئەم رژێمە دەكات و رێگە بۆ دەستدرێژیكردن بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان خۆش دەكات. ناوبراو كە نەیدەتوانی لە لایەك دەسەڵاتخوازییەكانی خۆی بۆ سەر كوردستان بە گشتی و كوردستانی عێراق بە تایبەتی بشارێتەوە و لە لایەكەی دیكەشەوە ئەمەش راستەوخۆی دەرببڕێت كە كوردستانی عێراق بەشێكە لە ئێران لە وتارێكدا لە شاری سەقز گوتی: جەماعەتی كورد، قەومی كورد تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، زۆربەیان خۆیان بە ئێرانی دەزانن و شانازی بە ئێرانیبوونی خۆیانەوە دەكەن. خامنەیی لە هەمانكاتدا بەم قسەیە ویستویەتی وڵامی ئەو كەسانە بداتەوە كە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیبوو لە ئاست بوردومانكردنی كوردستان لە لایەن ئێرانەوە و بڵێت كە هەر كات بمەوێت بوردومان دەكەم. لەبەر ئەوەی دەستبەجێ لە وتارەكەیدا گوتیشی: ئەو كوردانەی لە دەرەوەی ئێران خزمەت بە ئەمریكاییەكان دەكەن دەبێ بزانن رەنگە بە شێوەیەكی كاتی شتێكیان وەدەست بكەوێت بەڵام دواجار نفرین و لەعنەتی قەومی كورد وازیان لێ ناهێنێت و تاقیبیان دەكات.....

بەڵام بەڕاستی چ قەوماوە كە وەلی فەقیهی رژێم دوای 30 ساڵ بەمجۆرە هاتۆتە مەیدان و بەمجۆرە قسە دەكات؟! لە راستیدا ئەم رژێمە دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ، چی دی توانای دەسەڵاتی نەماوە و نیشانەكانی ئەم راستیەش لە هەموو لایەكەوە دەركەوتووە. عەلی خامنەیی پێیوایە كە بە هەمان تاكتیكەكانی پێشوو دەتوانێت بەسەر ئەو قەیرانانەدا تێپەڕێت كە بەرۆكی پێگرتووە. هەر بۆیە دەبێ بەم رژێمە و عەلی خامنەیی بڵێن كە: لەم 30 ساڵەدا ئەوەی لەدەستتان هات دژ بە ئۆپۆزیسیۆن كردتان، لێ بە هۆی بنەما پتەوەكانی ئۆپۆزیسیۆن، كە تەنیا و تەنیا پشتی بەستووە بە وزە و ورە و توانای خۆی و گەلەكەی نەتانتوانی لە گۆڕەپانەكە بەدەریان بكەن.

هەنووكە سەردەمی زێڕینی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵًكی ئێرانە. ئەو هات و هاواركردنانەی عەلی خامنەیی كە لە سەرەتای ساڵی 2009ەوە دەستی پێكردووە تەنیا لەم راستەوەیە دەكرێت بەدرووستی شڕۆڤە بكرێت. ئەگەر رژێمی ئێران لە ساڵی 1991ەوە هەتاكو ئێستا و بە تایبەتی لە ساڵی 2003وە، عێراقی وەك قەڵغان بە كار هێناوە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، هەنووكە ئەم قەڵغانەی لێسەندراوەتەوە و عەلی خامنەیی ئەم دەرفەتانەی لەدەست چووە. ئەمە وەرچەرخانێكی گرینگە كە دەبێ درك بكرێت و ئامادەیی هەبێت بۆ هەنگاونانێكی مێژویی و چارەنووس‌ساز كە هەر دێت و لێی نیزیك دەبینەوە.

لە نیشانەكانی ئەم قۆناغە نوێیەشدا، دەتوانین. مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە عێراق، گۆشەگیركردنی و ریسواكردنی زێدەتری دەست و پێوەندەكانی ئێران لە عێراق، دووكەوتنەوەی زیاتری عێراق و دەوڵەتی عێراق لە رژێمی ئێران و نزیكبوونەوەی عێراق و عێراقیەكان لە ئۆپۆزیسیونی ئێران وەك نموونە باس بكەین كە لە ئایندەیەكی نەك زۆر دوور زیاتر دەردەكەوێت.

لە ئاوها رەوشێكدایە كە دەكرێت بزانین كە لەبەر چی وەلی فەقیهی رژێم بە شەخسی چۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بۆ پاڵێوراوی خۆی و بۆ یەكەم جاری لە كوردستان سەری دەرهێناوە. رژێمێك كە هەتا سەر ئێسك دژ بە نەتەوەكان و دژ بە ئایینەكان و دژ بە كەمایەتیەكانە. كاتێ خامنەیی دەڵێت كورد خۆی بە ئێرانی دەزانێت مەبەستی ئەوەیە كە نەتەوەیەك بە ناو كورد هەبوونی نیە. لەبەر ئەوە كە كورد لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا لە مافە هەرە سەرەتاییەكانی خۆیشی بێ بەش كراوە.

كەوایە جەوهەری هەڵوێست و مامەڵەكردن لە بەرانبەر ئەم رژێمەدا و لەم قۆناغەدا دەبێ توند و بەهێز بێت. لە بەرانبەر پڕوپاگەندە و تۆمەتەكانی ئەم رژێمە ناكرێت بە نەرم و نیانی مامەڵە بكرێت و سەردەمی ئەم سیاسەتە بەسەر چووە. دەبێ نیشان بدرێت كە كۆمەڵی نێودەوڵەتی چی دی پێویستی بەم رژێمە نیە. رژێمێك كە 55 جار لە دام و دەزگاكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە هۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و ئیعدام و ئەشكەنجە و دەستگیركردنی مەحكووم كراوە. رژێمێك كە ئامادە نیە دەست لە چەكی ئەتۆم هەڵبگرێت و هەروا بەردەوامە لە رەوانەكردنی تیرۆر و بونیادگەریی ئیسلامی.

جەلال نەقشبەندی

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە