کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌میشه‌ ... تاله‌بانیی ... هه‌میشه‌! (په‌خشان)

Sunday, 22/05/2011, 12:00


ئه‌م په‌خشانه‌ هۆنراوه‌یه‌، ساڵ پار، شێرکۆ بێکه‌س بۆ قاسملۆی وتووه‌، گومانم نییه‌ هه‌ر هه‌مان پیاداهه‌ڵدان له‌لایه‌ن شێرکۆ بێکه‌سه‌وه‌ ئاماده‌کراوه‌ بۆ کۆچیی دوایی تاله‌بانیی، به‌ ئیجازه‌ی کاک شێرکۆی شاعیری یه‌کێتیی و نه‌ته‌وه‌یی کورد، پێش کۆچکردنی تاله‌بانیی من بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌، چونکه‌ ده‌زانم له‌ ئیستاوه‌ ئه‌م شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌مان شتێکی ئاوای بۆ تاڵه‌بانی ئاماده‌کردووه‌.

نه‌ ئاو كۆتایی‌ بۆ هه‌یه‌‌ و نه‌نووسین له‌سه‌ر تۆ!
نه‌ مانگ له‌م ئاسمانه‌ ئه‌بڕێ‌‌ و نه‌ شێعری‌ ئێمه‌یش له‌سه‌ر تۆ.
نه‌ هه‌ڵاڵه‌ سورایی‌ ئه‌چێته‌وه‌‌ و نه‌ مه‌رگی تۆ.
تاله‌بانی به‌فرێكی‌ سه‌وزه‌‌ و... كلوو... كلوو
چوار وه‌رزه‌ به‌سه‌رماندا ئه‌بارێ‌.
جارێك ئه‌مانكا به‌ یاقووت‌ و
جارێكی‌ دی‌ به‌ دارهه‌ناری‌ به‌ر مانگه‌شه‌و.
وه‌كوو نوکته‌ خۆشه‌کانی
پڕمان ئه‌كات له‌ سروودی‌ نه‌رم نه‌رم
وه‌كوو قوڵپه‌ی‌ زنه‌ی‌ برینی‌ له‌ گه‌رووماندا
ئه‌بێته‌ لرفه‌ی‌ سروودی‌ گه‌رم گه‌رم

له‌ ماڵه‌كانماندا... وێنه‌ی مامه‌
جوانترین دره‌ختی‌ حه‌وشه‌یه‌‌ و
نازدارترین گوڵدان‌ و ئینجانه‌یه‌‌ و
پاكترین شووشه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌یه‌‌ و
یه‌كه‌مین ڕه‌فه‌ی‌ كتێبخانه‌یه‌‌ و
قوڵینه‌ی‌ نانه‌‌و
قه‌ڵه‌م دانه‌‌ و په‌رداخه‌‌ و
گڕوگاڵی‌ منداڵه‌كانمانه‌ ... تاله‌بانی!

هه‌موو کاتێک له‌م رۆژه‌دا
ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ژووره‌كانمان
ئه‌بێته‌وه‌ به‌ هه‌تاوی‌ به‌ر هه‌یوان
به‌ په‌پووله‌ پاییزه‌‌ و
دێته‌وه‌ سه‌ر پێخه‌فه‌كانمان
وه‌لێ كه‌ دێته‌وه‌ به‌ ده‌ستی‌ به‌تاڵ‌
نایه‌ته‌وه‌ مام جه‌لال
ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا به‌ باوه‌ش تریفه‌ دێنێته‌وه‌
شێعری‌ سه‌وز به‌ ده‌سته‌وه‌‌ و
سنگی‌ ئه‌بێته‌ پووره‌ هه‌نگ‌ و
هه‌نگوین له‌ تووره‌بوون به‌سه‌ر هه‌ژاراندا
ماڵ‌ به‌ ماڵ‌ ئه‌یبه‌خشێته‌وه‌
ئه‌و هه‌روا خۆی‌ ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه‌
به‌ ئاوه‌ڵی‌ شه‌فه‌ق نه‌بێ‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
له‌گه‌ڵ‌ نه‌وڕه‌سی‌ سپیدا نه‌بێ‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ هۆره‌ی‌ دوا کێشه‌یه‌کاا نه‌بێ‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌و هه‌روا ته‌نیا خۆی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
له‌ به‌غاوه‌ مشتێ‌ له‌ خۆڵی‌ "بیابان" دێنێته‌وه‌
له‌ هه‌ولێره‌وه‌ فرمێسكی‌ بێوه‌ژنێك‌ و
له‌ که‌رکوکه‌وه‌ سروودی‌ ئاواره‌یه‌ک و
له‌ کۆیه‌وه‌ به‌ سواری‌ ئه‌سپێك
له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌
ئه‌و هه‌موو ساڵێ‌
وه‌ک بۆنی سێوی کیمیاباران ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌!
*
تاله‌بانیی له‌ شته‌ هه‌ره‌ بچووكه‌كاندا ده‌رئه‌كه‌وێ‌
ئه‌گه‌ر باش ورد بیته‌وه‌:
له‌ خانه‌كانی‌ سه‌ر باڵی‌ په‌پووله‌دا
یه‌كێكیان ئه‌وه‌!
له‌ كراسی‌ گوڵ‌گوڵی‌ كیژۆڵه‌یه‌کی ئه‌نفالکراودا
هه‌ره‌ سووره‌كه‌یان ئه‌وه‌!
له‌ ئاگردانی کۆبوونه‌وه‌کانی تاران و ئه‌نقه‌ره‌دا
 پشكۆ هه‌ره‌ گه‌شاوه‌كه‌یان ئه‌وه‌.
له‌ پۆله‌ مه‌لی‌ كۆچه‌ری‌ ئێوارانی‌ هاویندا
ئه‌وه‌ی‌ له‌ پێشی‌ پێشه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر باش ورد بیته‌وه‌
له‌ بندینی‌ رووبارێكی‌ رووندا
ئه‌و ماسییه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ پێش كاروانی‌ ماسییه‌وه‌
باریكه‌له‌ سپیه‌كه‌یان
ئه‌وه‌ ئه‌وه‌!
ئه‌گه‌ر باش ورد بیته‌وه‌
له‌ تیرێژی‌ ئه‌و هه‌تاوه‌ی‌
ئه‌چێته‌ ناو زیندانه‌كانه‌وه‌... تاڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌وه‌.
له‌ كه‌وانه‌ی‌ په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌دا
كام ره‌نگیان له‌ هه‌موویان گرژتره‌... ئه‌وه‌، ئه‌وه‌
له‌ شه‌قامه‌ راپه‌ڕیوه‌كاندا كام شه‌قامیان
هاواری‌ بڵندتره‌... ئه‌وه‌ ئه‌وه‌!
تاله‌بانی خۆی‌ یه‌كێكه‌ و
به‌ڵام هه‌موویشیان ... ئه‌وه‌!
*
ئاماده‌یه‌... له‌ ناوماندا... ئاماده‌یه‌
له‌سه‌ر كورسی‌ دڵمان دابنیشێ‌.
له‌ چاوماندا... گلێنه‌یه‌.
له‌ ده‌نگماندا ژێی‌ هاوار‌ و زایه‌ڵه‌یه‌.
په‌نجه‌ی‌ ئه‌بێ‌ به‌ قه‌ڵه‌م‌ و
سنگی‌ ئه‌بێ‌ به‌ ده‌فته‌ر‌ و
سه‌ر‌ و ملی‌ مایكرۆفۆنی‌ به‌رده‌ممانه‌‌ و
خوێنه‌كه‌یشی‌ چرای‌ سووری‌
داگیرساوی‌ نه‌وه‌ له‌ دوای‌ نه‌وه‌ی‌
ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌.

ئاماده‌یه‌... له‌ (سه‌ر)ماندا ئاماده‌یه‌.
وه‌كوو به‌عس بۆ ئازادی‌
وه‌كوو په‌یام بۆ دوارۆژ‌و
وه‌كوو باران ئاماده‌یه‌.
لێره‌ بین‌ و لێره‌ نه‌بین
له‌ جیاتیی ئێمه‌
ئه‌و لێره‌یه‌.
خۆی‌ یه‌كێكه‌ و هه‌زارانه‌‌ و
هه‌زارانه‌‌ و خۆی‌ یه‌كێكه‌‌ و
له‌گه‌ڵماندا وره‌ی‌ شاخه‌‌ و
بۆ چركه‌یه‌ك
ئه‌م مێژووه‌ جێناهێڵێ‌
زیندووێتی‌ وا له‌ په‌یامدا
نه‌ك جه‌سته‌دا.
مانه‌وه‌ وا له‌و زه‌نگه‌دا
كه‌ به‌رده‌وام لێ‌ ئه‌دات‌ و
كه‌ به‌رده‌وام رێ‌ ئه‌كات‌ و
به‌رده‌وامیش ئاڵای‌ عێراق و
ئاڵای‌ بارزانی و ئاڵاكه‌ی‌ خۆی
 هه‌ڵئه‌كا!
*
دوو باڵنده‌ هێلانه‌كه‌یان چێ‌ ئه‌كرد
پووشیان هێنا، پووش له‌ كازیوه‌ی‌ هه‌واری‌
تاله‌بانیی بوو!
دوو منداڵی‌ سه‌ر قۆچكه‌تاشی‌ شوكاكی‌
كۆلاره‌یه‌كیان هه‌ڵئه‌دا، كۆلاره‌كه‌ كاغه‌زه‌كه‌ی‌
له‌ ره‌شنووسی‌ بیره‌وه‌ری‌ تاله‌بانییدا بوو.
دوو دڵداری‌ جێ‌ژوانێ‌ له‌ "هه‌ڵه‌بجه‌"دا
سوێندیان بۆ یه‌كتری‌ ئه‌خوارد، سوێنده‌كه‌یان
به‌ پانتۆڵ و به‌ گۆچانی تاله‌بانی بوو.
دوو زیندانی‌ له‌ ناو ژووری‌ سێداره‌دا
به‌ ده‌نگی‌ به‌رز گاڵته‌یان به‌ مه‌رگ ئه‌كرد
هه‌ره‌ دیاری‌ ئه‌و گاڵتانه‌
نوكته‌یه‌كی‌ به‌جێماوی‌ تاله‌بانیی بوو.
له‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ مه‌شقدا
یه‌كه‌مجار بوو، ده‌ستێك بێت‌ و
جاش و پێشمه‌رگه‌ ئاشت بکاته‌وه‌
ئه‌ویش ده‌ستی‌ تاله‌بانیی بوو!
لێره‌ چه‌ندین مێژووی‌ بچووك بچووك هه‌بوون
چیانكه‌و پێیان نه‌ئه‌گرت
تا ره‌وڕه‌وه‌یه‌ك په‌یدا بوو
به‌وه‌وه‌ فێری‌ رۆیشتن بوون
ئه‌ویش ره‌وڕه‌وه‌ی‌ مێژووه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانیی بوو!
تاڵه‌بانیی له‌ سله‌یمانی‌ ژنی هێنا
هه‌زاران ماڵ و موڵک له‌ دوای خۆی جێ ده‌هێڵێت
هه‌موو ساڵێ‌ له‌ دووی‌ رێبه‌ندانا
ئه‌م ماڵانه‌ له‌سه‌ر گۆیژه‌
شێعرێكی بۆ ئه‌نووسن!
له‌سه‌ر گۆڕی بارزانیی بۆ یادگار
مه‌شخه‌ڵ دانێكی‌ داناوه‌
هه‌موو ساڵێ‌ له‌ یادی‌  خه‌زوریدا
ئه‌م مه‌شخه‌ڵه‌ دائه‌گیرسێ‌!.
تاڵه‌بانیی له‌وبه‌ر "حه‌مریین "یش
به‌ رووكاری‌ به‌غدادا
دره‌ختێكی‌ خۆی‌ رواندووه‌
هه‌موو ساڵێ ئه‌م دره‌خته‌
له‌ یادی‌ پۆلێ‌ ئه‌ستێره‌ی‌ قوربانیدا
گوڵی‌ خوێن‌ و
هێشووی‌ تیشك‌ و ئه‌وین ئه‌گرێ‌!
*
جووتێ‌ شیعری‌ نێره‌‌ و مێیه‌م
كه‌ پیر نابن‌ و هه‌ر گه‌نجن
هه‌موو ساڵێ‌ له‌ دیوانێكی‌ تازه‌دا
كچیان ئه‌بێ‌‌ و كوڕیان ئه‌بێ‌‌ و
شاخیان ئه‌بێ‌‌ و مانگیان ئه‌بێ‌‌ و
رووبار‌ و شه‌قامیان ئه‌بێ‌‌
وه‌کو خۆم، شاعیرێکیان ده‌بێت
هه‌موو ساڵیک سه‌دان شاعیر و رووناکبیرمان ده‌بێت
هه‌موو له‌ قوتابخانه‌که‌ی تاله‌بانی
سه‌دان سرود له‌ دایک ده‌بێ
وه‌لێ‌ له‌ ناو هه‌موویاندا
جوانترینیان سرووده‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانیییه‌!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە