ئاســـــۆ داخــــرا و نوخشەش لە رووداو
Saturday, 22/10/2011, 12:00
بریارى داخستنى رۆژنامەى ئاسۆى سەر بە دكتۆر بەرهەم ساڵح بەبێ هیچ ئاماژەیەك بە هۆكارەكەى جۆرێك لە نائومێدبوونى بەرپرسەكانى هەرێمى كوردستان نیشان دەدات بۆ هەڵخەڵەتاندنى خەڵك و لەكەداركردنى ئەو كەسانەى كە دەیانەوێت لە رێگەى رۆژنامەكانیانەوە. چونكە بۆیان دەركەوتووە كە خەڵكى كوردستان ئیستا لەهەموو سەردەمێك بە ئاگاترە لە جموجۆڵە بێ ئینسافیانەى هەندێك لە بەرپرسان كە لەرێگەى چەند رۆژنامەنووسێكى قەلەم فرۆش و بێ هەڵوێست پێى هەڵدەستن. سەڕەراى ئەوەى هەموو خەڵكى كوردستان دەزانێت كە هەر بەرپرسەو خاوەنى كام رۆژنامەیە و لە خوێندنەوەى رۆژنامەكەش نیشانەى پرسیار بۆ هەر هەواڵ و بابەتێك جێ دەهێلێت بە هۆى متمانە نەبوونى بە پرۆفیشنالى كاركردنى كارى رۆژنامەوانى لە رووى دەرخستنى هەقیقەت و بێ لایەنى لەو رۆژنامە روو زەردانەى كە ناتوانن نان و نمەكى خۆیان حەلال بكەن. ئاسۆ لەگەل خۆ گونجاندنى لەنێوان بابەتى بوون و كاركردنى لەسەر بنەما سەرەكیەكانى كارى رۆژنامەنووسى تەنها لەبەر ئەوەى نەیتوانى بۆ خۆبەرێوەبردن پشت بە خۆى ببەستێت متمانەى خەڵكى لەدەستدا.
بەهەمان شێوە رۆژنامەى رووداو بە پالپشتى بەهێزى مادى نێچیرڤان بارزانى بە ناوى رۆژنامەى سەربەخۆ و ئەهلیەوە خۆى خزاندە سەرشەقام. خۆ ئەگەر بهاتبایەو ئەو رۆژنامەیە بە هەقیقەت رۆژنامەیەكى بێ لایەن بوایە و چاوشۆرى دەست حیزبێك نەبووایە لە مێژووى رۆژنامەگەرى كوردى شوێنێكى بۆخۆى دەكردەوە بەڵام لەبەر ئەوەى شێوەى كاركردنیان بەردەوام لە ئاستێكى جێگیر دانیە و لە هەندێك كاتدا ئەوەندە بە زەقى پاڵپشتى خاوەن ماڵەكەى خۆى دەكات كە زۆر بە زەحمەت بۆت جیا دەكرێتەوە لەگەڵ رۆژنامەیەكى وەكو رۆژنامەى خەبات كە زمانحاڵى پارتى دیموكراتى كوردستانە و تەنانەت بۆ سەرنج راكێشانى خوێنەرانى بە سەدان جار بە مانشێتى زۆر گەورە خوڵقێنەرى هەواڵى زۆر نا راست و دوور لە واقیع بڵاوكراوەتەوە كە بۆتە هۆى ساردبوونەوەى خەڵك لە چاودێریكردنى ئەو رۆژنامەیەى كە متمانەیان پێى هەبوو. ئەوە سەرەراى ململانێى سەرنووسەر و كادیرە دامەزرێنەرەكانى ئەو رۆژنامەیە لەسەر ئیمتیاز و داهاتە مادیەكان كە بۆتە هۆى كاڵبوونەوەى هێزى رۆژنامەكە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاى دروستبوونى. بەو بەڵگەیەى كە ناكۆكى نێوان نورەددین سەعید وەیسى دامەزرێنەرى رۆژنامەكە و ئاكۆ محەمەدى سەرنووسەرى رووداو چەندین هەقیقەتى دەرخست لەوانە گڵ دانەوەى زۆربەى ئەو میزانیەیەى كە بە 100 ملیۆن دینار مەزەندە دەكرێت لە مانگێكدا لەلایەن ئاكۆ محەمەدەوە بە سیفەتى سەرنووسەرى رۆژنامەكە كە راستەو خۆ لە مەكتەبى نێچیرڤان بارزانیەوە بۆیان رەوانە دەكرێت لە كاتێكدا كە زۆربەى هەرە زۆرى كارەكانى ئەو رۆژنامەیە لەلایەن بەرێوبەرى نووسین و چەند پەیامنێرێكى لێهاتوو بەرێوەدەچێت و هێزى رۆژنامەكە دەردەخەن.
دوواى ئاشكرابوونى ئەو هەقیقەتانە بۆ خوێنەر و رۆشنبیران، رووداو بەوە پاكانەى بۆخۆى دەكات كە هاوشێوەى (بى بى سى)بەریتانى بێ لایەن كاردەكات و پارەش لە حكومەت وەردەگرێت. بەلام بەچەندین پێوەرى ئەخلاقى ئەو رۆژنامەیە سوكایەتى بە خوێنەرانى خۆى كردووەلەبەر ئەوەى لە سەرەتاى كاركردنیەوە درۆى لەگەڵ خەڵك كردووە كە خۆى بە بێ لایەن ناساندووە و رۆژنامەیەكى روو زەردى بێ دەسەڵاتى ژێر فەرمانى تاكە كەسێكیش بووە كە ئەویش نێچیرڤان بارزانیە و بە فەرمانى ئەوان كاریان كردووە و بابەتیان بڵاوكردۆتەوە و رەخنەیان لە كەسایەتیەكان گرتووە.. بەڵام پاش چەندین ساڵ ئیستا ئاشكراى دەكات كە نمەك حەرام بووە و رۆژنامەى خەلك نەبووە بەڵكو رۆژنامەى حیزب بووە بۆ لێدانى هەر دەستێكى بەهێز و باڵا لە كوردستان كە زەقترینیان لێدانى بەرێز دكتۆر بەرهەم ساڵح بووە لەو كاتەى كە پۆستى سەرۆك وەزیرانى وەرگرتووە. ئەمە سەڕەراى ئەوەى كە ئەو رۆژنامەیە هەموو ئەو هەواڵ و بابەتە رەخنەییانەى تایبەت بە دزى و گەندەڵى لە كوردستان كە بڵاویكردۆتەوە بە ناوزراندن و تەشهیر و بوختان دەژمێردرێت و پێویستە هەموو ئەو كەسانەى لەو رۆژنامەیە تەشهیریان پێكراوە داواى مافى یاسایى خۆیان بكەن و رووبەرووى دادگایان بكەنەوە.
لەبەر ئەوەى ئەو رۆژنامەیە لە پێشەوەى گەندەڵیەكانى هەرێمى كوردستانە بە بەفیرۆدانى 100 ملیۆن دینار لە مانگێكدا لە كاتێكدا ئەو رۆژنامەیە خۆى بە بێ لایەن هەژماردەكات و زۆربەى پارەكەش بۆ سەرنووسەرەكەی دەروات كە پشكى شێرى دزیەكانى ئەو رۆژنامەیە. بۆیە زۆر لەجێى خۆیدایە هاوشێوەى دكتۆر بەرهەم بەرێز نێچیروان بارزانیش هەڵوێستى جوامێرانەى خۆى نیشان بدات و واز لە تیرۆركردنى رۆژنامەى ئازاد بێنێت و رووى زەردى رووداو رەشكاتەوە و رۆژنامەكە دابخات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست