کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


په‌یامێک بۆ هه‌موو خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕییوو خۆڕاگری سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری و کوردستان

Sunday, 20/02/2011, 12:00



خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی خاوه‌ن ئیراده‌و کۆڵنه‌ده‌ری کوردستان ...

حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێگه‌ی ڕادیۆ و که‌ناڵه‌کانیانه‌وه‌ که‌وتونه‌ته‌ پاساوو پڕو پاگه‌نده‌ و ماستاوکردن بۆ دامرکاندنه‌وه‌و کزکردنی خۆپیشاندانه‌کان و ڕاپه‌ڕینه‌ به‌ تین و یه‌ک به‌ دوای یه‌کانی ناوچه‌کانی کوردستان، ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگای کۆمه‌ڵێک مرۆڤی ناڕۆشنبیری گه‌نده‌خۆره‌وه‌ به‌ هێمنی قسه‌ له‌سه‌ر هێورکردنه‌وه‌ و ڕاگرتنی هه‌ست و ئیراده‌ی ئێوه‌و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن به‌وه‌ی که‌ له‌ ڕوی ده‌روونییه‌وه‌ کار بکه‌نه‌ سه‌ر عاتیفه‌و هه‌ست و سۆزتان تا به‌زه‌یتان پێیاندا بێته‌وه‌ و خاوتان بکه‌نه‌وه‌ له‌ ڕاپه‌ڕین؛ به‌ڵام دڵنیا بن ئه‌وانه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ن که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ به‌ ناوی پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کان و دۆزی قه‌ومییه‌وه‌ میلله‌تیان بێده‌نگ کردوه‌وه‌ هه‌وڵی به‌ گه‌وجاندنی ئێوه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ وا تێگه‌یشتون که‌ ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ گێل بن بڕوا به‌ به‌ڵێنه‌ ناڕاست و به‌دینه‌هاتووه‌کانیان ده‌که‌ن، وا تێده‌گه‌ن که‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت کۆمه‌ڵێک چاکسازی له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتدا بکرێت و ڕێگه‌و بان و ده‌وائیره‌کان نۆژه‌ن بکرێنه‌وه‌، نه‌خێر ! هیچ کام له‌و داوایانه‌ تازه‌ نین و ده‌مێکه‌ داوای ئه‌وانه‌مان کردوه‌و و به‌ڵێنی درۆیان پێ داوین، دلنیا بن ئه‌وانه‌ به‌رده‌وام له‌ پێدانی به‌ڵێنی درۆیان و ئه‌مجاره‌ش ده‌یانه‌وێت فریوتان بده‌نه‌وه‌...

تازه‌ خوێن ڕژاوه‌ و کاکه‌ ڕێژوان یه‌که‌مین شه‌هیدی ڕاپه‌ڕینی ئه‌م جاره‌مانه‌و ئه‌و به‌ ته‌نها کوڕی ئه‌و باوکه‌ نیه‌ که‌ ده‌یهێننه‌ سه‌ر ته‌لفزیۆن و ناچاریان کردوه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا قسه‌ بکات، ڕێژوان کوڕی میلله‌ته‌و خۆی کرده‌ قوربانی و ده‌ستپێکی شۆڕش، ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ مێژودا به‌ (شۆڕشی ڕێژوان) تۆمار ده‌کرێت و ده‌بێت بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ناوی ئه‌و وه‌ک سیمبولێک بدرێت له‌و قه‌ڵغانانه‌ی که‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێک و ئان و زه‌مانێکدا دژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌و نایه‌کسان و گه‌نده‌ڵ ڕوو به‌ڕو ده‌بیته‌وه‌! به‌ڵێ ... ڕێژوان ده‌یزانی که‌ ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ش خوێندنی ته‌واو کرد ده‌بێ به‌ هه‌زار واسته‌ و ماستاو ئینجا له‌ زانکۆ وه‌ربگیرێت! ده‌یزانی که‌ پاش ته‌واوکردنی زانکۆ سه‌قه‌ته‌کانیش ده‌بێ دانیشێت و له‌ هیچ دامو ده‌زگایه‌کدا تاعینات بۆ که‌سانی سه‌ربه‌رز و بێ لایه‌ن نیه‌ و ده‌بێت هه‌میشه‌ ده‌رچوانی زانکۆ و په‌یمانگاکان نامه‌ی به‌رپرسان وه‌ک که‌وچکی ناو ماستاو به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بێت تا بنکه‌ به‌ بنکه‌ و ده‌زگا به‌ ده‌زگا بیگێڕیت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شوێنێکدا به‌ کوله‌مه‌رگی دابمه‌زرێیت و مه‌مره‌ومه‌ژی به‌ دوای نانه‌وه‌ بیت ! ئه‌و ده‌یز‌انی که‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵات له‌ ژێر چنگی بنه‌ماڵه‌دا به‌ ته‌زویرات هه‌رگیز ڕێگه‌ نادرێت به‌ ده‌‌نگدان و هه‌ڵبژاردن که‌سانی شاره‌زا و لێهاتو حکومه‌ت به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، به‌ڵێ ئه‌و زۆر شتی ده‌زانی که‌ هه‌زاران هاوڵاتی ئه‌م شاره و ناوچه‌کانی کوردستان ده‌یزانن، بۆیه‌ خۆی کرده‌ یه‌که‌مین قوربانی ڕاپه‌ڕین و سه‌لماندی که‌ که‌م ژیان و که‌ڵ ژیان پیشه‌ی مناڵ و گه‌وره‌و گه‌نج و هه‌موو ڕۆڵه‌کانی ئه‌م شاره‌یه‌، سه‌لماندی که‌ ده‌سه‌ڵات به‌ درۆکانیان ناتوانن منداڵێکی 14 ساڵانیش هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن چجا بگات به‌و هه‌موو گه‌نجه‌ ڕۆشنبیرو پیاوه‌ دنیادیو و تێگه‌شتووه‌ی سلێمانی و کوردستان.. زۆر ژیان و سه‌رشۆڕی ته‌نها ئیشی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یه‌و ئاماده‌ن بۆ مانه‌وه‌ و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقی و مرۆییه‌کانی خۆیان دابنێن.

بۆیه‌ داواکارین لێتان به‌رده‌وام ڕۆژانه‌ به‌ گڕو تینه‌و بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان وله‌ مافی خۆتان خۆش نه‌بن، وه‌ک ماڵ و موڵکتان به‌ تاڵان براون با ئیراده‌ و هزریشتان به‌ تاڵام نه‌برێن و داوای یه‌کسانی و ڕوخاندنی ئه‌م ڕژێمه‌ بکه‌ن... خوداش له‌به‌ره‌ی ئێوه‌دایه‌ و مژده‌ی سه‌رکه‌وتنتان له‌ یادی ڕاپه‌ڕیندا نزیکه‌ و 7 ی سێ زه‌ماوه‌ندی سه‌رکه‌وتن ده‌که‌ن.

هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایشش دڵنیا بن به‌ دڵ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دان و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ پێناو بژێوی ژیاندا له‌ ئێستادا ملکه‌چی کردون و له‌ دواتردا ئه‌گه‌ر ته‌رازوی هێز له‌ سه‌دا 70 بکه‌وێته‌ ده‌ستی ئێوه‌وه‌ ئه‌وانیش له‌ سه‌دا 25 ی ترن و دێنه‌ به‌ره‌ی گه‌له‌وه‌و و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌کان که‌ له‌ سه‌دا پێنجن له‌ کوردستاندا راوده‌نێن و به‌سه‌ر شۆڕی ڕه‌وانه‌ی دادگاو قه‌فه‌زی زیندان ده‌کرێن

به‌به‌رداومبوونی هه‌موو لایه‌کمان ‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ مژده‌ی سه‌رکه‌وتن نزیکه‌ و سه‌رشۆڕی و ڕوخان ته‌نها بۆ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌و چه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌مێنێته‌وه‌ و گوێ له‌ که‌ناڵ و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌کانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات مه‌گرن و ڕێگا مه‌ده‌ن له‌ ڕێگای سۆز و عاتیفه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش فریوتان بده‌ن



بژی شۆڕشی ڕێژوان...

بژی جه‌ماوه‌ری به‌ شه‌ره‌ف و گیانفیداکاری کوردستان...

بژی ئه‌وانه‌ی که‌ دژی ده‌سه‌ڵات راده‌په‌ڕن و سه‌رشۆڕی قبوڵ ناکه‌ن...
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە