هۆ کاکی پێشمه‌رگه
Friday, 04/03/2011, 12:00
هۆ کاکی پێشمه‌رگه: ڕووی لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ت له من مه‌که، من خه‌مخۆر و به‌شخوراوی ئه‌م خاکه‌م. من ڕۆڵه‌ی که‌سوکار شه‌هید و ئه‌نفالکراو و سه‌رلێشێواوی ئه‌م نیشتمانه هه‌تیوه‌م. من گه‌نجێکم که که‌س دڵی پێم ناسووتێت و نیمه ڕێنیشانده‌ر. ئه‌وه منم که بازرگانانی دۆلارپه‌رست، ڕیشپانانی خواپه‌رست و سه‌رکرده‌ی خوێنپه‌رست کردوومیان به کاڵای بێبه‌ها و ڕۆژانه ده‌یان جار له نووسینگه‌کان و په‌رستگاکان و باره‌گاکانیانه‌وه فریووم ده‌ده‌ن و که‌سێتیم ئه‌تك ده‌که‌ن و ڕیسووام ده‌که‌ن.
هۆ کاکی پێشمه‌رگه: سینه‌م مه‌که به نیشانه‌ی گولله‌کانت، خۆ منیش وه‌کو تۆ دایكم چاوه‌ڕێمه و جگه‌رسووتاوی مه‌که. لێمگه‌ڕێ با سبه‌ی ببینم و سه‌ردانێکی تری فێیسبوك بکه‌مه‌وه و جارێکی دی بچمه‌وه ژووانی دڵداره‌که‌م. منێکی هه‌رزه‌کاری دونیانه‌دیوو بۆ ده‌بێت له ئه‌م دووڕیانه‌دا مه‌رگی گولله‌ت یان خنکاندنی زێی یۆنان هه‌ڵبژێرم. باوه‌ڕ بکه منیش ئاشق و گیانفیدای ئه‌م خاکه‌م به‌ڵام قێز له چه‌ك و خوێنڕێژیی ده‌که‌مه‌وه.
هۆ کاکی پێشمه‌رگه: کارێك بکه مامه ڕیشه و ئاسۆی ده‌لاكم به بیربهێنیته‌وه، نه‌ك مولازیم موحسین و ئاسۆی قومری. خه‌ڵتانی خوێنم مه‌که بۆ ئه‌وه‌ی منیش له جیاتی به‌ردباران گوڵبارانت بکه‌م. ئه‌ی ناترسیت گولله‌کانت سینه و که‌لله‌ی ئازیزێکت ببپێکێت؟ وه‌ره باپێکه‌وه ئه‌م نیشتمانه پڕ بکه‌ین له گوڵ له خه‌نده له جریوه‌ی ئازادیی. هیواکانم ئاڵوواڵان و ئێجگار زۆرن، ده‌ستم دامێنت مه‌یانتاسێنه. وه‌ره با پێکه‌وه خه‌ونی ڕه‌نگاوڕه‌نگ به ئه‌م نیشتمانه‌وه ببینین و بێدادیی ڕاماڵین.
هۆ کاکی پێشمه‌رگه: وامه‌زانه ئه‌و جلوبه‌رگه به‌ڵه‌ك به‌ڵه‌کانه‌ت ڕه‌مزی کێویی و سه‌رچڵیته، خۆ تۆش وه‌کو من کراویت به کۆیله. له ئه‌م گه‌مه قێزه‌ونه‌دا، سه‌رکرده‌کانت بێڕه‌حمانه چه‌واشه‌ت ده‌که‌ن و به‌کارتده‌هێنن و کوشتاری میلله‌ت به تۆ ده‌که‌ن و، سبه‌ی ئه‌وان ده‌ڕۆنه کۆشکه مه‌ڕمه‌ڕه‌کانیان له هه‌نده‌ران و تۆش له خانووه بلۆکه‌که‌تدا به دڵه‌ڕاوکێ ژیانت به‌سه‌ر ده‌به‌یت. ئیتر خۆت و ویژدانت.
هۆ کاکی پێشمه‌رگه: من نه‌وه‌ی خوولیای فێیسبوكم چونکه ته‌نها ڕێگه‌یه که ده‌نگ و ڕه‌نگم ببیسترێت و ببینرێت. خۆ من داوای ته‌لاری زێڕ و ته‌ڵا ناکه‌م، داوای به‌هه‌شت و ئه‌وپه‌ڕی دونیا ناکه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وێت که کوڕه مه‌سئول مافم نه‌خوات و ده‌رفه‌تێکی یه‌کسانم بۆ بڕه‌خسێنرێت به هه‌وڵ و ماندووبوونم دواڕۆژێکی ئارام و ئاسووده بنیات بنێم. من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وێت که بتوانم به ده‌نگی به‌رز بیر بکه‌مه‌وه و نه‌ترسم ژیانی لاویم له ژووری تاریکی زیندانی حیزب‌دا یان له ژێر شه‌لاقی مێزه‌ربه‌سه‌ردا، به‌سه‌ربه‌رم. من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وێت که وه‌کو مرۆڤێکی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ بکرێت.
هۆ کاکی پێشمه‌رگه: نه‌که‌یت په‌نجه بخه‌یته سه‌ر په‌له‌پیتکه‌ی تفه‌نگه‌که‌ت و بیته‌قێنیت، گولله‌که‌ت من و تۆ و نیشتمانمان وێڵ ده‌کات.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست