سەعەی هاوڕێم
Sunday, 18/11/2012, 12:00
لە ووڵاتی خۆمان و لەم هەرێمە پڕ له مافی مرۆڤایەتیە، ئازادیی و سەربەستی سنوردار نییە (سنورئاسنە)! پیاو بۆی هەیە هەرچی دەوێ بیڵێ، بەڵام تەنها لەگەڵ خۆیدا،پیرۆزیی نییە، تەنها 200.000 مەسئول و منداڵهکانیان نەبێ. جنێو بە کێ ئەدەی بیدە، بەڵام لە دڵی خۆتدا. بەکێ ئەڵێی هەڵەیە بیڵێ، بەس تەنها لە بەردەم ئاوێنە. سەرۆکەکانمان و بەرپرسانمان کە شەو تا بەیانی ناخەون لە بەر دوو بەرژەوەندی گرنگ (بەرۆژ تەعویزی ئەکەنەوە) زوو زوو دێنە سهر میدیاکان و بیر گەمژەکانمان دههێننهوه، کە ئازادیی سنوردار نییە و هاوڵاتی ئازیز بۆی هەیە رەخنە لە هەموو کەس بگرێ.
سەعە کەری هاوڕێم بڕوای بەم وشە ناسکانەی سەر شاشەی تهلهفیزۆنه (HD)ەکەی ماڵی خۆیان نییه، که له تورکیای دۆستی سهرکردهکانهوه کریوێتی، ئهم وەك پیاو لە دائیرە دەستی کرد بە رەخنە و قسه ریزکردن، وای دەزانی نە چاو ماوە سەیری بکات و نە دیواریش وەك جاران گوێی ههیه. بۆیە دوایی چاویان شکاند و گوێچکهیان کەڕ کرد و دەزگای هیینهکهش هاتن بردیان.
سهعهی هاوڕێم لە زیندانەوە نامەیەکی بۆ باوکە بێ کەسەکەی نارد و وتی: بابە گیان خەمی منت نەبێ و ژوورەکەم هیچ مێشولەی لێ نییە، چونکە رۆژ دزه ناکات و نایهته ژووری زیندانهوه. بابه گیان تۆ زۆر حەزت ئەکرد من لاوازبم و وەرزش بکەم، لێرە ئەوەندەیان وهرزش پێکردووم، هەتا تەواو لاواز بووم (خەنی لە خۆت حاجی گیان). بەس توخوا باوە گیان لە بیرت نەچێ کە دیوار نەك تەنها بە گوێیە، بەڵکو بە چاوە، بە لوتە، بە شەقە، بە زلەیە، بە کێبڵە بە.................... ههموو شتێکه. وهرزشێکی باشمان پێ دهکهن.
پاش ماوەیەك باوکی سەعە ئاقڵ که (جاران کەڕڕ بوو بەس ئێستا تێگەیشت) نامەیەکی بۆ سەعە نارد بۆ زیندان و وتی: کوڕی خۆم، به بێ تۆ زۆر زۆر ماندو و بێکەسم، ئەمڕۆ ویستم باخهکهمان هەڵکێڵم و کەمێک پیاز بچێنم، چونکە حەزم چۆتە سهر تەڕەپیاز، بەڵام هەرچەندم کرد خاکەنازەکەم پێ بڵند نەکرا (پیریی و هەزار عەیب) ئەگەر تۆ لێرە بوویتایە، وەك چەن ساڵە بۆمت دەکێڵا و ئهو ئهرکهم له کۆڵ دهبوویهوه، ئای سەعە گیان چیت لە خۆت و لە منیش کرد!!
پاش چەند رۆژێ سەعە لە زیندانەوە نامەیەکی بۆ باوکی نارد و وتی: قوربانی ئەو ریشە سپیەت بم بابه گیان، نەکەی دەست لە باخهکه بدهی، چونکە شتێکی زۆر زۆر گرنگم تیادا شاردۆتەوە، با ئاشکرا نەبێ. مام حاجی هەر ئەوەندەی زانی هێزێکی زەبەلاح لە دەزگای هینەوە هاتن و کەوتنە کێڵانی باخهکه و حاجیش به سەر خۆیدا ئەدا و ئەیوت: ئای سەعە چیت بە خۆت کرد زمان شڕ، چۆن له نامهدا ئاوا دهنووسیت، هێشتا تێنەگەیشتی کە نامەش گوێی ههیه؟! پاش ئەوەی جەماعەت زەویەکەیان ئهم دیو و ئهودیو کرد، هیچیان نە دۆزییهوە بەتوڕەیی و بە رووگرژییهوه رۆیشتن و حاجی سەرسام بوو.
پاش دوو رۆژ سەعە نامەیاکی تری نارد و وتی: بابه گیان خهمت نهبێت، ئەوە زەویەکەم بۆت کێڵا، چی ترت دهوێ، تا بەو برادەرانە بڵێم بۆتی جێ بهجێ بکهن!؟ چیترت ئەوێ حاجی گیان من لە خزمەتدام!
ئای سهعه که سەگە !!
ئەگەر سەرت دانەنوێنی بۆ مەسڵەحهی دونیایی
هیـچ کەس ناتوانێ سواری ملت بێ بە کەڵـەگایی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست