كۆڕەك تیلیكۆم ئەو دزەی كە بە ئاشكرا گیرفانی هاوڵاتیان ئەبڕێت
Friday, 24/12/2010, 12:00
لە ئێستادا جیهان بە هۆی ئەو پێشكەوتنە بێشومارەی لە بواری تەكنەلۆژیادا بەخۆیەوە بینیوە وەك گوندێكی بچوكی لێهاتوە و ڕۆژانە گەرماو گەرم هەواڵی گشت وڵاتانی دنیا لەڕێگەی كەناڵەكانی سەتەلایت و ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت و تۆڕەكانی گەیاندنەوە دەگاتەلامان .
ئامێری مۆبایل یەكێكە لە هۆكارەكانی گەیاندن كە ئەتوانین بەهۆی ئەم ئامێرە خنجیلانەیەوە بەردەوام ئاگاداری هەواڵی ئازیزانمان بین و لە تەندروستیان دڵنیابین ،بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئیدی خاوەنی كۆمپانیاكانی مۆبایل ئەو هەلە بقۆزنەوە و زەرورەتی خەڵكی بۆ ئەم ئامێرە قۆرخ بكەن .
بەڵكو لە هەموو ووڵاتانی دنیادا بێجگە لە هەرێمە بێسەر و بەرەكەی خۆمان كۆمەڵێك ڕێساو یاسای تایبەت بەمۆبایل هەیە كەمافی بەكارهێنەرانی ئەپارێزێت .
لەهەرێمی كوردستاندا كۆمپانیاكانی مۆبایل وەك هەموو بوارەكانی دیكە دابەش بووە بەسەر هەردوو حیزبی قۆرخچیدا كە ئەوانیش یەكێتی و پارتین ، كۆمپانیای ئاسیا سێڵ سەر بە یەكێتیە و كۆڕك تیلیكۆمیش سەربەپارتییە.
دیارە ئەگەر باسی گەندەڵی و ڕاوڕوت و كەم و كورتی ئەم دوو كۆمپانیایە بكەین گەلێك زۆرە و پێویست بە ڕاپۆرتێكی دورو درێژی چەند لاپەڕەیی ئەكات ،بەڵام من تەنها باسی تازەترین ڕاوڕوتی كۆمپانیای كۆڕك تیلیكۆمتان بۆ ئەكەم كە بە ئاشكرا و بێ شەرمانە گیرفانی هاوڵاتیانی بەشداربوو ئەبڕێت.
ماوەیەكە لەڕێگەی كۆڕك تیلیكۆمەوە كورتە نامەیەك بە ناونیشانی مەبروك كە بە پیتی لاتینی نوسراوە ئاڕاستەی بەشداربوانی دەكات و تیایدا پێیڕائەگەیەنێت كە گوایە ئەو بەشداربووە ژمارەكەی خراوەتە قورعەوە و ئوتومبێلێكی هەمەری كیلۆمەتر سفری بۆ دەرچووە،
هەروەها لەنامەكەدا ئاماژە بەژمارە تەلەفۆنێك كراوە و داوا لە بەشداربوو ئەكات تاوەكو پەیوەندی بكات بەو ژمارە تەلەفۆنەوە بۆئەوەی ناونیشانی تەواوی لێوەر بگرن و خەڵاتەكەی ڕادەست بكەن .
بەم فێڵە بەشداربوو توشی شۆك ئەبێت و گورج تەلەفون ئەكات بۆ ئەو ژمارەیەو بە هۆی دورو درێژی و زۆری پرسیارەكانەوە زۆرترین بەڵانس لە بەشداربوەكە ئەدزن بە بێ هیچ ئەنجامێك.
دیارە ئەو دزییە ڕاستەوخۆ كۆڕك تیلیكۆم ئەنجامی نادات و بەڵكو كۆڕك دەستی دووە ، دزی سەرەكی باندێكی عەرەبییەو لە ڕێگەی تۆڕی كۆڕك تیلیكۆمی هاوپیشەیەوە كارەكە ئەنجامدەدات و باڵانسی هاوڵاتیانی بەشداربوی كۆڕك بە شە ریكی و برایانە لەگەڵ ئەو باندە عەرەبییەدا بەشئەكەن .
بەڕستی شەرمەزارییە بۆ كۆمپانیایەكی مۆبایلی كوردی كە هاوكاری باندێكی دزی عەرەبی بكات تا بەئاشكرا بەڵانسی هاوڵاتیانی كوردستان بدزێت .
بێگومان ئەو جۆرە كارە لە كۆمپانیای هەر وڵاتێكی دیكەدا بوایە جگە لە داخستنی كۆمپانیاكە گەورەترین سزای ماددیش دەدران و قەرەبوی ئەو هاوڵاتیانەش ئەكرانەوە كە بەڵانسەكانیان دزراوە ،بەڵام لە كەڵ كۆمپانیایەكی وەك كۆڕەك تیلیكۆم كە كۆمپانیایەكی ژێر سایەی پارتییە ئەبێت چاوەڕوانی چی لێبكەیت ، پارتییەك كە هەموو مێژووەكەی پڕە لە بێگانە پەرستی و بەرژەوەندچێتی سازش كردن لەسەر مافی كورد،پارتییەك كە لە حكومەتی نوێی عێراقدا لەپێناو هەندێ پۆستی وزاری و دەسەڵات ڕازی بوو یاسای ڕیشەكێش كردنی بەعس فەرامۆش بكرێت .
هەروەها پارتییە شانبەشانی عەرەبە شۆڤێنییەكان ڕەزامەند بوو بە دواخستنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان كە تەواو دژ بە بەرژەوەندی كوردە لە ناوچە دابڕاوەكاندا .
بەهەرحاڵ ئەم باسە وەك پیسایی وایە وتاچیلكەی تێوەبەیت بۆن ئەداتەوە ،هیوادارم هاوڵاتیانی كورد ژیرانە تر بڕواننە داهاتوی كوردستان و چیتر ئەو ڕاوڕوت و جەردەییەی هەردوو حیزبی دەسەڵات قبوڵنەكەن ڕێگەنەدەن بەقسەی بریق و باق خۆڵبكەنە چاویانەوە.
ئیمەیڵ:
[email protected] بەرواری: 23-12-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست