کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داواى سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران بۆ هاوكارى لە نێوان هێز و لایەنەكانى كوردستانى ئێران

Thursday, 05/05/2011, 12:00



دۆستانى خۆشەویست!
حیزب و سازمانە تێكۆشەرە بەرێزەكانى كوردستان !
وەك ئاشكرایە جوڵانەوەى رزگاریخوازى گەلى كورد لە كوردستانى ئێران بە چەند قوناغى سەختدا تێپەریوە و لە ماوەى چەندین ساڵ خەباتى ئازادیخوازى و رزگاریخوازیدا، گەلەكەمان قوربانى زۆرى داوە و فیداكارى كەم وێنەى ئەنجام داوە. دیارە خەبات و كوڵنەدان خەسارەتى زۆرى بە هاونیشتمانانى كوردستان بەدواوە بووە بەڵام لە هەمان كاتدا زیندوویى و راوەستاویى گەلەكەمانى نیشان داوە و كوردستانى كردۆتە مەكۆ و مەڵبەندى خۆراگرى و سەنگەرى ئازادیخوازى.
لەگەل ئەو گشتە فیداكارى، گیان بازى، دڵسۆزى و خۆراگرییەى جەماوەر و هێزولایەنە سیاسیەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانى كوردستان، ئەوەى جێگەى داخە، نەبوونى هاوكارى و یەك دەنگى لەنێوان هێزولایەنە سیاسیەكانى كوردستانە لە چوارچێوەى پلاتفورم وكارى هاوبەشدا. بە تایبەت بە ئەگەرى هەر جۆرە گورانكاریەك لە ئێران و كوردستاندا و ئەگەرى ئاڵوگۆر سیاسیەكان زیاتر لە رابردوو پێویستمان بە كۆدەنگى و هاوكارى هەیە.
جێگەى خۆشیە تێكراى هێزو لایەنە سیاسیەكانى كوردستان، كارى هاوبەش بەرەوا و پێویست دەزانن و هەموو پێ لەسەر ئەوە دادەگرنەوە كە دەبێ كارى جیددى بكرێ بۆ یەك خستنى هێزو تواناكان و هەروەها بەرنامەى هاوبەش هەبێ بۆ گەیشتنى گەلى كورد بەویست و ئامانجەكانى. دیارە لە پێناو كارى هاوبەش هەوڵى زۆر دراوە و چەندین پرۆژە و پێشنهاد خراوەتە بەردەست و زۆربەى هێزولایەنەكانى كوردستان پێشنهادى بەكەڵكیان لەو چوارچێوەدا پێش كەش كردوە.
هەر بەمەبەستى نزیكى و یەك دەنگى و كارى هاوبەش، پلنۆمى دووهەمى كومیتەى ناوەندى سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران چەند خالێكى بۆ نەهێشتنى گرژى و سەرەتاى هاوكارى لەنێوان هێزولایەنەكان و بەرەى كوردستانى هێناوەتە بەر باس ، كە لێرەدا بە باشم زانى ئەو خالانەى كە لە پلنومى كۆمیتەى ناوەندیدا باسیان لەسەر كرا، لەگەل چەند خالى دیكە وەك پێشنهاد بخەمە بەردەستى هێزولایەنە سیاسیەكانى كوردستان ئێران.
هیوادارم سەرنج بدرێتە ئەو داوا و پێشنهادانە و هەموولایەك بە وردى بەراوردى بكەن.
پێشنهادەكان:
1ـ دیارە یەكێك لە مەترسیەكانى خەڵك و تێكراى ئازادیخوازانى كورد، سەرهەڵدان و دووبارە بوونەوەى شەرى براكوژى و شەرى كورد بە كوردە. بۆیە داوا دەكەم هەموو هێزولایەنەكان شەرى براكوژى بە یەكجارى و بۆ هەمیشە قەدەغە بكەین و بەخەتى سوور بزاندرێ. هیچ كات بۆ یەك لایى كردنەوەى ناكۆكییەكان كەڵك لە چەك وەرنەگیرێ و قەدەغەكردنى شەڕ و كەڵك وەرنەگرتن لە چەك بكرێتە بەرنامە و ئیستراتیژ.
2ـ لەسەر بابەتە نەتەوەیی و گشتی و هەستیارەكان وەك چالاكى هەمە لایەنە بۆ رزگاركردنى زیندانیانى سیاسی و هەڵوەشاندنەوەى حوكمى سیدارە لەسەریان هەموو لایێك یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بین.

3ـ حیزب و سازمانە سیاسیەكانى كوردستان بەتێكرا باوەریان بە دیموكراسى و ئازادى هەیە، بۆیە پێویستە بە كردەوە پێ بەندى دیموكراسى و ئازادى و راى جیاواز و راگەیاندنى ئازاد بین.
4ـ هەموولایێك پێ بەندى هەڵبژاردنى ئازاد و دەنگى زۆرینە بین رێز بۆ سەندووقەكانى دەنگ دان و هەڵبژاردنى ئازادو دیموكراتیك دانێن و ئەو ئاكامەى لە سندوقەكانى دەنگدانەوە دەردەكەون بكەینە پێوەر. هەروەها بۆ بەرەوپێش بردنى سەقامگیرى كوردستان بە رێكەوتن و بەشدارى تێكراى هێز و لایەنەكان و كەسانى سەردەرچوو كارەكان بەرێوە بچن.
5ـ بۆ بەرێوەبەرى و ئیدارەكردنى كاتى كوردستان ، دواى رووخانى رژیمى كۆمارى ئاخوندى لە ئێران، هێزو لایەنەكان بە رێكەوتن ئێدارەى كوردستان بەرێوەبەرن و لەو چوارچێوەدا كەسایەتیە نیشتمان پەروەرەكانى ناوخۆ و دەرەوەى كوردستان بەشدار بن. ئێدارە و بەرێوەبەریى كاتى هاوبەش لەماوەى شەش مانگ تا سالێك بێ. لەوماوەدا ئامادەكارى بۆ هەڵبژاردنى پارلمان بكرێ و هەڵبژاردن بچێتە قۆناغى جێ بەجێ كردن، دیارە كاتى هەڵبژاردن بەهاوكارى تێكرایى دیارى بكرێ و ناوەندە سەربەخۆ جیهانیەكان و چاودێرانى بێ لایەن سەرپەرشتى بكەن.
6ـ ئیدارە خزمەتگوزاریەكانى كوردستان و بەرێوەبەرەكانیان وەك خۆیان بمێننەوە.بۆ ئەوەى خەڵكى كوردستان تووشى كەندوكوسپ و كێشە نەبن لەبارى خزمەت گوزارى و ئیدارییەوە.
7ـ باش وایە رێز لەكەسانى نوخبەو سەردەرچووى كورد لە دەرەوە و ناخۆى كوردستان بگێرى و رێنوینەكانیان بەهێند وەرگیرێ و لە بەرێوەبەریی و ئێدارەى كوردستان پرسیان پێ بكرێ و جێگەى دیار و شیاویان پێ بدرێ.
8ـ بنكە و بارەگاكانى هێزى پێشمەرگەى كوردستان لە دەرەوەى شارەكان جێگیر بكرێ و دیاردەى چەكدارى لە شار و جێگەى ژیانى خەڵك رێگەى لێ بگیرێ.
9ـ لەپێوەند بە مافى كورد و داخوازییەكانى، بەلەبەرچاوگرتنى دروشمى تێكراى لایەنەكان ، دەكرێ دروشمى تێكرایى ، تێكۆشان بۆ گەیشتنى كورد بە مافە رەواكانى بێ.
10ـ لەپێوەند بەووتووێژ لەگەڵ حكوومەتى ناوەندى و سازمانە سەرانسەرییەكان، هەیئەتى نوێنەرایەتى كورد لە نوێنەرانى تێكراى حیزب و سازمانەكان و چین و توێژەكانى جەماوەرى بێ پێك بهێندرێ.
ئەو خالانەى كە لەم پرۆژەدا باسیان كراوە گەڵاڵەیێكى سەرەتاییە و دەكرێ گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێ و ئەگەر پێویست بوو خاڵى دیكەیان پێ زیادبكرێ و ئەگەر زیادیان هەبێ لێ یان كەم بكرێتەوە.
دیارە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاكامێك كۆبوونەوەى هاوبەش لە نێوان تێكراى حیزب و لایەنەكان رێك بخرێ. بەسەرنج دان بە هەل ومەرجى خراپ و ناكۆكى لە نێوان ژمارەیەك حیزب و لایەنەكان ئێمە ئامادەى پێشوازى و رێكخستى كوبوونەوەى هاوبەش و چەند قۆڵین. بۆیە داواكارین هەر لایەنێك ئەو پێشنهادانەى پێ باشە بە شێوەى رەسمى و بە نوسراوە وەلاممان بداتەوە. دیارە بەشێك لەو خاڵانە گشتین و تەنانەت ئەگەر دانیشتن و كۆبوونەوەیان لەسەر نەكرێ، دەكرێ لایەنە سیاسیە تێكۆشەرەكانى كوردستان بەنوسراوە و بە رەسمى رەزامەندى لەسەر راگەێنن.
لە كۆتاییدا دووپاتى دەكەمەوە هەل ومەرجەكە حەستەمەو پێویستە هەنگاوى بەپەلە و جیدى هەڵگرین. بۆیە داوا لە رێبەران و سەركردایەتى حیزب و لایەنە مەسئول و نیشتمان پەروەرە بەرێزكانى كوردستان دەكەم وەلامى ئەو داوا و خاڵە پێویستانە بدەنەوە.
گەلى كورد و تێكراى ئازادیخوازانى ئێرانى چاوەروانى یەك كەوتن و یەك هەڵوێستى هێزولایەنە سیاسیە تێكۆشەرەكانن. بێگومان یەك هەڵوێستى و یەك دەنگى لەنێوان هێزو لایەنەكانى كوردستان دەبێتە جێگەى بایەخ و گرینگى پێ دانى كۆمەلگەى جیهانى و لەهەمان كاتدا گەلەكەمان بەرەو ئاسودەیى و رزگارى و ئازادى رێنوێنى دەكا.
سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران
سكرتێرى گشتى
بابەشێخ حسینى
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە