خەڵکی بە شەرەفی باڵەکایەتی شۆڕشگێڕ، گەنجانی بوێر و مافخواز

Saturday, 29/01/2011, 12:00


ناوچەکەی ئێمە بە درێژایی مێژووی شۆڕشگێڕی و بزافە ئازادیخوازەکانی گەلەکەمان لانکەی پەنادانی شۆڕشگێڕان و لەباوەشگرتنی سەرکردایەتی شۆڕشەکان بووە، بەمهۆیەشەوە شانازی ئەوەمان بەرکەوتووە کە ئێمەی گەنجان نەوەی پێشینانێکین کە بە هەستێکی نەتەوەیی خاکپەرستییەوە ماڵ و گیانیان کردۆتە فیدای سەربەستی و ئازادی گەلەکەمان، بەبێ ئەوەی سڵ لە گیانفیدایی و بوونە قوربانی خاکی نەتەوە بکەنەوە، هاوکات لەپاڵ ئەم ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەشدا خواستی رۆشنبیرکردنی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە خەمی لەپێشینەی کەسایەتییە ناودارەکانی ئەم ناوچەیە بووە و بە شکۆە نەخشی هەوڵەکانیان لە مێژووی پێگەیاندنی گەنجان و لاوانی هۆشیار و زانستخواز دەدرەوشێتەوە، لەوێرۆژێوە کە قوتابخانە لە گوند و دێهاتەکانی باڵەکایەتی کراوەتەوە بە هۆبە و بە کۆ باڵەکایەتی گەنجانی زانستپەروەر و بە ئاگا ئامادە دەکات بۆ کۆمەڵگاکەی و دەیانخاتە خزمەتی پێگەیاندنی خوێندەوارانی ناوچەکانی تر، باڵەکایەتی سەردەست و پێشەنگ بووە لە کردنەوەی کتێبخانە لە دێهاتەکان و پەرەدان بە ژیانێکی مەدەنی و سەردەمیانە ئەمە لە ڕەوشێکدا کە باڵەکایەتی بەبەردەوام و بێسرەوت لەژێر رەحمەتی فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمنان و شەڕە بێبڕانەوەکاندا بووە، بە سەدان و هەزاران لاوی کردە قوربانی خەونی بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و سەقامگیر کە تێیدا خەڵکەکەی بە یاسوودەییەوە بەری رەنج و قوربانیدانییەکانی بخوات..... بەڵام
.... بەڵام بەداخێکی زۆر و بە تووڕەییەوە ئەوە دەڵێین کەنەک هەر خەڵکی باڵەکایەتی لەبەری رەنجی خەباتگێڕی خۆیان نەخوارد، بەڵکو کەوتنە ژێر باری ستەمی زۆری بیری تەسکی حزبە سیاسییەکانی سەردەست و بە دیاریکراویش پێکهاتەی یەکەی ئیداری ناوچەکە کە رەشبگیرانە کەوتنە درزخستنە ناو خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی و چاندنی تۆوی کینە و دووبەرەکی لە ناویاندا، ململانێی کوێرانەی حزبی وایکرد هەرچی داهات و بوودجەی تەرخانکراوە بۆ دەڤەرەکە تاڵان و بڕۆ بکرێت و کەمترین خزمەت بە خەڵکەکەی بکرێ، لەم نێوەشدا قایمقامی قەزای چۆمان ''عەبدولواحید گوانی'' نەخوێندەوار سەرسەختانە یاری بە هەست و چارەنووسی هەزاران خێزان و هەزاران تاکی ئەم ناوچەیە دەکات و سەرسەختانە دەستی گرتووە بەسەر لێپرسراویەتی یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە و خۆویستانە تاڵانمان دەکات، ئەو لە جیاتی ئەوەی وەک قایمقام و پیاوی حکومەت رۆڵبگێڕێت و بە سوپاسەوە لە خەڵكی باڵەکایەتی خزمەتیان بکات، لە ژێر پەردەی دەسەڵاتێکی سڕف حزبی و تەسکبیرانە کەوتۆتە گیانی خەڵک و سەروەتی حەڵاڵی ئەوان بۆخۆی گل دەداتەوە و لەلایەن هیچ کەس و لایەنێکیش لێپێچینەوەی لەگەڵ ناکرێ!
خەڵکی ئەمەکداری باڵەکایەتی...
ئیتر بەسە... کۆدەنگی ئێمە لەسەر رەتکردنەوەی دەسەڵاتی تەسکبیر و خۆسەپێنی بەزۆری "عەبدولواحید گوانی" پێویستییەکی هەنوکەییە و دەبێ هەرچی زووە تەمی ئەم ساختەکاری و دزیکردنە لە داهاتی خەڵک و ناوچەکە بوەستێنین و بەرەنگاری نادادی خواستە شەخسییەکانی ببینەوە. ئێستا هەوڵەکانی قایمقامی قەزای چۆمان بۆ مانەوەی هەمیشەیی بە قایمقامی ناوچەکە بە شوێنێک گەیشتووە کە ترسی لە هیچ کەسێک و باکی بە هیچ لایەنێک نییە و تا دەشهێ گرفتاری خەڵک و کەمخزمەتی ناوچەکەمان روو لە زیادبوونە. لە دواین هەڵوێستی ئەو بەرانبەر خەڵکی باڵەکایەتی ئەوەبووە کە ...
ئەمڕۆ ٢٥-٠١-٢٠١١ لە کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەرچوار قایمقامەکانی حەوزی سۆران، کاتێک نۆری قسەکردنی "عەبدولواحید گوانی" دێت دەستدەکاتەوە بە ستایشکردنی کارەکانی خۆی و باسکردنی پڕۆژە وەهمییەکانی کە لە خزمەتی خەڵک ئەنجامی داون لە ناو قسەکانیشیدا دەڵێت: " ئێمە خەڵکی باڵەکایەتیمان لە قەرەجەوە گۆڕی بە خەڵکێکی مەدەنی!!" تا ئەوەی ئەندام پەرلەمانی بەڕێز و نوێنەری بەڵەکایەتی لە پارلەمان "ئیسماعیل مەحموود'' لێی دێتە وڵام و پێی دەڵێ:" باڵەکایەتی سوێنی رۆشنبیرانە و بۆت نییە وا باسیان بکەی"
ئێمە پێمانوایە ئەم قسەیەی "عەبدولواحید گوانی" سوکایەتییە بە خەبات و بەرخودانی خەڵکی ناوچەکە و بێڕێزییە بە خوێنی شەهیدانی بەڵەکایەتی و پێویستە رێگرێ لە هاتنەوەی بۆ باڵەکایەتی وەکو قایمقامی قەزای چۆمان لێ بکرێت. ئێمەی گەنجانی باڵەکایەتی خاوەن بیر و هۆشیارین و رۆڵەی زانست و جیهانی تازەین، کەسێکی نەخوێدەواری وەک "عەبدولواحید گوانی" کە تا ئەم ساتەش خاوەنی بڕوانامە نییە و خەریکە بە پارووی دەمی خەڵکی هەژاری باڵەکایەتی زانکۆی ئەهلی دەخوێنێت، بۆی نییە بە سووکایەتی بە هاوڵاتیانی باڵەکایەتی بکات و بەمجۆرە ناویان بنێت، لەسەریەتی هەرچی زووە بە رەسمی و بە ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن داوای لێبووردن لە خەڵکی ناوچەکەمان بکات، چونکە ئەو دەمەی ئەو بە خواردنی بودجەی تەرخانکراو بۆ باڵەکایەتی وڵاتانی ئەورووپا بەدوای هەوەس و حەزەکانی خۆی دا دەگەڕا گەنجانی ئێمە لە هەوڵدابوون بە خوێندنەوەی کتێب و خۆ رۆشنبیرکردن مێژووی سەدان ساڵی فەلسەفە و زنستیی دونیایان دەخوێندەوە، بە چ مافێک و بە چ جورئەتێکەوە بتوانێت بە"خەڵکی قەرەج'' ناومان بهێنێت؟! ئایا ئێوە ئەم ریسواکردنەی خۆتان لەلایەن "عەبدولواحید گوانی"یەوە قەبووڵە؟!! ئایا دەکرێ رازیبوون و بێدەنگی بەردەوامی ئێمە چیتر ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی "عەبدولواحید گوانی" بە چاوێکی کەم و ریسواکەرانە تێمان بڕوانێت؟

دەستەی کەمپەینی گەنجانی باڵەکایەتی دژی قایمقامی چۆمان

25-01-2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە