برووسکه‌یه‌ک: له عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه بۆ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د..
Wednesday, 30/06/2010, 12:00
به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌کاربوونتان له پۆستی نوێ و ههڵکشانتان به‌ره‌و مه‌کته‌ب سیاسی، زۆر پیرۆزباییتان لێ ئه‌که‌م، هه‌رچه‌نده به‌نده زۆرم پێ سه‌یر نه‌بوو ئه‌و پۆسته‌تان درایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتی خۆی ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر مندا هات و له عهریفییهوه به بازێکی زه‌به‌لاح، هه‌موو پله‌کانم بڕی و وه‌ک خۆتان ئه‌زانن، بوومه ژه‌نراڵێکی دیار و گه‌شاوه‌و ناسراو، له سه‌رتاسه‌ری ووڵاتدا، و نازناوهکهشم بووه عه‌لی کیمیایی، به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێک له فیزیا‌و کیمیا شاره‌زابم.
له‌ڕاستیدا، به‌نیاز بووم خۆم سه‌ردانتان بکه‌م و ڕاسته‌وخۆ پیرۆزباییتان لێ بکه‌م، به‌ڵام به فه‌رمانی سه‌رۆک سه‌دام حسێنی فه‌رمانده، که خوا له‌به‌ر کرداره‌کانی نه‌یپاراست و ئه‌ویش ئێمه‌ی پێ نه‌پارێزرا! ئه‌م برووسکه بهپهلهیهم بۆ نوسیت.
سه‌رۆکیش زۆر ئهحوالتان ئه‌پرسێ و پیرۆزبایی ئه‌و پۆسته‌و هه‌موو پۆسته‌کانی ترتان لێ ئه‌کات. خۆی زۆر سه‌رقاڵه‌و به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ته، له‌گه‌ڵ عزه‌ت الدوری و له وتووێژومشتومڕێکی چاره‌نووس سازدان، و به‌نیازن به‌هاوکاری عمر بشیر و بشار ئه‌سه‌د و عه‌لی عبدوڵا ساڵه‌ح و به هاوکاری و ڕێنمایی حه‌مه ڕه‌زا شای ئێران، چاکسازی و پاکسازی له حیزب‌دا بکه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕه‌نگه له‌کاتی پێویستدا ده‌ستی هاوکاریتان بۆ پان بکه‌ینه‌وه.
ئاگام لێتانه وبه‌رده‌وام گۆێبیستی ڕادیۆ ناوخۆییه‌کانی (ئهنبارو موسڵ و سه‌لاحه‌دین)م و ئه‌وانیش زۆر باسی هه‌وڵ وهیمهتتان ئه‌که‌ن, له‌باری ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش سه‌رقاڵی چاکسازی و پاکسازین، خۆمان ئاسایی.
سه‌رۆک ئه‌فه‌رموێ.، ئه‌و پۆسته هه‌ر قابیلی خۆیه‌تی، هه‌رچه‌نده ئه‌وی سه‌رسام نه‌کردووه، و پێشتر پێشبینی کردبوو که هه‌ر به‌ناو له سه‌رکردایه‌تیدا نیه! وه‌ڵی به کرده‌وه‌و له‌و دیوی په‌رده‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌سه‌رکردایه‌تی تێ په‌ڕاندووه، وه‌ک ساڵانی حه‌فتاکانی خۆم ،هه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ش، پێشبینی ئه‌کات له کۆنگره‌ی چواره‌مدا یا له‌کاتی ڕوداوێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا، خۆتان سکرتێری گشتی و یه‌کێ له کوره‌کانتان، سه‌رکردایه‌تی و ئه‌وی تریشیان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌نده بێ.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه سه‌رۆک فه‌رمانی پێداوین.، هه‌رچی تاج و نهجمهو ئه‌ستێره و مه‌دالیا، له‌ئێمه‌وه به‌جێماوه و هه‌رچییه‌کیش لای ئه‌و براده‌رانه‌یه, که ئێستا له‌به‌ر بار‌و دۆخ و هه‌لومه‌رجی ناله‌باری ناوچه‌که، تاج وئهستێرهو نهجمهو مه‌دالیاکانیان شاردۆته‌وه‌و خۆیان له ژێر چه‌فته‌و عه‌گال و عه‌بادا مه‌ڵاس داوه، به دیاری بنێرن بۆ ئێوه، که هه‌ر شایسته‌ی ئێوه‌یه! خۆ ئه‌گه‌ر زۆری ئه‌و تاج و نهجمانه بوونه باری گران به‌سه‌ر شانتانه‌وه، ئه‌وا ڕائهسپێرین، دۆسته مێژیینیهکانمان، له نیوه دورگه‌ی عه‌ره‌ب و ده‌وڵه‌تانی که‌نداو، ڕه‌وه‌یه‌ک ئه‌سپی ڕه‌سه‌نی عه‌ره‌بی و قه‌تارێ حوشتر، بکه‌نه دیاری و ئه‌و کات، بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ک چوون، با به‌و دیارییانه‌وه بڕازێنرێنهوهو هاوسهفهرتان ده‌رکه‌ون.
ئه‌وی ڕاستی بێ، لێره‌ش بارودۆخ زۆر ناله‌باره و گاندی کۆمه‌ڵێکی وه‌ک (شاکر فتاح و نازم حیکمه‌ت وچیخۆف و پوشکین وشاملۆ و لۆرکا و دکتۆر عبدولستارو زۆری تری له‌وانه) له‌خۆی کۆکردۆته‌وه وبهرهیهکیان پێکهێناوه‌و لێره‌ش بوونه‌ته مایه‌ی ناره‌حه‌تی وسهریهشهمان و ئارامیان له‌به‌ر بڕیووین. به‌رده‌وام به‌ره‌که‌یان توند‌و پته‌و ئه‌بێت و به‌و هه‌واڵه تازه‌یه‌ش زۆر خۆشحاڵن که ئه‌ڵێن، (ماندێلا‌و مارکیزیش1) به‌ڕێوه‌ن بۆ لامان! تازه‌ترین دووئهندامیشیان دوو لاوی تازه‌پێگه‌یشتوون و ناویان) سۆران و سه‌رده‌شت 2(ه و زۆر بزێوو چالاک، چاپوک و ووریان و هه‌ر زوو بوونه جیگه‌ی متمانه‌ی گاندی و زۆری خۆش ئه‌وێن.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ره‌یه‌دا به‌ناچاری ستالین و هیتله‌رو مۆسۆلۆنی و فرانکۆو ئه‌تاتورک.، به‌ره‌یه‌کیان پێکهێناوه و به هه‌زار تکاو ڕجا، ئێمه‌یان له ئه‌ڵقه‌ی ڕۆشنیریدا وه‌رگرتووه‌و خه‌متان نه‌بێ تا ئێوه‌ش ئه‌گه‌ن! ئیمه ئه‌بینه ئه‌ندامی باوه‌ڕپێکراو، و ئه‌و کات بوونه ئهندامیتان ئاسان و مسۆگه‌ر ئه‌که‌ین.
به‌هه‌مان شێوه کاکه به‌رزان تکرتیش ئیحترامی هه‌یه و ئه‌ڵێ، ئه‌مریکیه‌کان به‌ڵێنه‌کانی خۆیان نه‌برده‌سه‌رو جێگه‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی باشیان بۆ دابین نه‌کردین. شوێنمان زۆر ناڕه‌حه‌ت و گه‌رم وناله‌باره، و داواکاره، سه‌رو سپلێتێکی ده‌بڵ و مووه‌لیده‌یه‌کی چه‌ند هه‌زار کهیڤیمان بۆ دابین بکه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ناشێ و ناکرێ، دڵی برا شیعه‌کان ، بۆ ئێمه له خۆتان بڕه‌نجێنن! ئه‌وا بۆ ڕاگرتنی دۆستایه‌تی دێرینه‌ی نێوانمان، به‌ڵکو هه‌وڵ بده‌ن له (شمالنا الحبیب)، له دوکان یا له پیرمام یا له سۆلاف، شاخێ، گردێ، ته‌پۆڵکه‌یه‌ک، لێرهوارێکمان بۆ دابین بکرێ و بمانگوێزنهوه بۆ ئه‌وێ، وا پڕوکاین وشهقمان برد له گه‌رما! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شیان هه‌ر نه‌کرا، ده‌کرێ وه‌ک تاریق ڕه‌مه‌زان، ڕه‌وانه‌ی ووڵاتێکی فێنکمان بکه‌ن!
هه‌روه‌ها کاکه به‌رزان ئه‌ی ووت، با وه‌ک ئێمه نه‌که‌ن و قاییم کار بن وکه هاتن بڕێک پاره له‌گه‌ڵ خۆیاندا بهێنن بۆ ڕۆژی ڕه‌ش! سه‌رۆک سه‌دام به‌وهه‌موو دۆلاره‌وه له کونه‌که‌دا گیرا! نه‌ی کرد که‌مێکی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێ و ئێمه‌ش ئاوا سووک و ڕسوا نه‌بین و نه که‌وینه سواڵ.
له داهاتوودا ئیمه له‌م ڕێگه‌یه‌وه، هه‌واڵ و ده‌نگوباسه‌کانی لای خۆمانتان به‌رده‌وام بۆ ئه‌نێرین، ئێوه‌ش هه‌وڵ بده‌ن (خاک3) بخه‌نه‌وه کار‌و له گۆشه‌ی (به‌کورتی)ه‌وه، به جفره له دوا دهنگوباسی لای خۆتانمان ئاگادار بکه‌نه‌وه. به دڵنیایه‌وه براده‌ران زۆر ناره‌حه‌تی ڕاوه‌ستانی خاکن. وایان ئه‌زانی کێشه‌ی بێ پارهییتان هه‌یه! پێم ووتن گوێی مه‌ده‌نێ سه‌رقاڵی کۆنگره و کێشه‌ی ئیداری‌یان هه‌یه و دوای ئه‌وه ده‌ست به‌کار ئه‌بنه‌وه.
له کۆتاییدا ئه‌م شیعره ده‌ست وخهتهی مامۆستا هێمنی شاعیرتان بۆ ئه‌نێرم، که پێم وابێ خه‌ڵکی لای خۆتانه‌و کاتی خۆی بۆ بڵاوکردنه‌وه ناردبووی بۆ (هاوکاری4) ئه‌وانیش بڵاویان نهکردبۆوهو پیاوانه‌و ژێربه‌ژێر بۆ ئێمه‌یان ڕه‌وانه کردبوو، به‌ڵام ئێمه نه بۆمان خوێندرایه‌وه‌و نه‌لێی حاڵی بووین! ئه‌وا ئهینێرینهوه بۆ ئێوه به‌ڵکو که‌ڵکی لێ ببینن.
له‌بارو قیت و قۆزه خاوه‌نی زێڕ
ئه‌گه‌ر کووڕهو وه‌گه‌ر گۆجهو شه‌ل و گێڕ
به‌ژن باریک و شووش و شۆڕه لاوه
ئه‌گه‌ر پیرێکی خۆێن تاڵه‌و ورگ تێر
ده‌ڵێن زانا‌و ئه‌دیب و خۆێندهواره
ئه‌گه‌ر نه‌یخوێندبێ شه‌ش پیت و دوو دێڕ
به‌ڵام زێڕت نه‌بێ سووکی، ئه‌گه‌ر تۆ
بده‌ی ده‌رسی هه‌زاری وه‌ک شکسپێر
تێبینی:
1- (ماندێلا و مارکیز) ته‌منیان درێژه، و ته‌مه‌نیان درێژبێ له ژیاندان. وه‌لێ سروشتی ژیان ئه‌وانیش ده‌خاته ژێر خاک.
2- (سۆران و سه‌رده‌شت) مه‌به‌ستم دوو جوانه‌مه‌رگی قه‌ڵه‌می ئازاد(سۆرانی مامه حه‌مه و سه‌رده‌شت عوسمانه).
3- مه‌به‌ستم گۆڤاری (خاک)ی کۆمپانیای خاکه ده‌بوو له 12/6. ژماره 116 بڵاوکرێته‌وه، به‌ڵام ڕاگیراوه. بڕوانه خاک.
4- هاوکاری، مه‌به‌ستم رۆژنامه‌ی هاوکاری زه‌مه‌نی به‌عسه که‌له به‌غدا ده‌رده‌کراو هه‌ندێک جاش قه‌ڵه‌می لێ کۆبووه‌وه.
5- بڕوانه شیعری(خاوه‌نی زێڕی) مامۆستای نه‌مر هێمن له دیوانی(تاریک و ڕوون). لاپه‌ڕه‌ی 92.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست