کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بروسکەیەک: لە سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ معمەر قەزافی.

Wednesday, 23/02/2011, 12:00


بروسکەیەک: لە سەرۆک کۆماری عێراقەوە
بۆ معمەر قەزافی.
ئاکۆ قادر ئەحمەد
سەرۆکی فەرماندەی بە ڕوخسار قێزەوەن و ناشیرین، بە ناوەڕۆک میهرەبان و دڵسۆز و تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ! لە ڕێگەی هەواڵەکانەوە بیستم، گەلە سەرلێشواوەکەی ئێوەش لە کونی خۆیان هەڵگەڕاونەتەوە و داوای بەشە نەوت، گوایە ئازادی و یەکسانی چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و خەتی ئەنتەرنێت و کێبڵی کارەبا، بۆ خۆیان و ئاڵف و وێنجە بۆ حوشتر و پەزەکانیان ئەکەن.
ئەو گەلە بێ سیفەتەی ئێوە، ئەوەیان لەبیر چوو چل ساڵ لەمەوبەر، جەنابتان سەرکردایەتی شۆڕشتان کرد دژی ئیمپریالیزمی جیهانی و ئاشتی و ئاوەدانیتان بەرقەرار کرد و وڵاتتان ئاوەدانکردەوەو بوژانەوە!
ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر هەیەو بەپێویستی دەزانم بۆ ڕای گشتی جیهانی ئاشکرا بکەم، کە بەڕێزتان، بەردەوام لە هەموو کۆڕو کۆبونەوە نیودەوڵەتیەکانا، لە پێشەوەی سەرکردەو سەرۆکە ناڕازی و چەتوونەکان بویت و هەرگیز ملت نەداوە بۆ بڕیارێک کە لە خزمەتی میلەتەکەتاندا بووبێ! خۆمان ئاسایی، ئیتر نازانم بۆ ئاوا زوو لێتان هەڵگەڕانەوە و یاخی بوون و نایانەوێ لەدوای خۆشت بنەماڵەکەت میللەت لێخۆڕن!
مایەی خەم و خەفەت و نارەحەتیمانە، (موبارەک و بن عەلی) بەوشێوەیەو لەماوەیەکی کەمدا خۆیان قوتار کرد، دەبوو خۆتان ئاسایی مەردانە هەرچی چەک و تەمەنی هەیە، کە چەندین ساڵە کڕیوتانەو گۆڵمەزێ نەبووە تاقی بکەنەوە. ئەوانیش تفاقەکانیان بەکارهێنایە. تا ڕێگری بکەن لەو باهۆزەی ناحەزان و نەیارانمان لەودیوی سنورەکانە بۆمانی ڕەوانە ئەکەن.

جەنابی سەرۆک، بەپێویستی ئەزانم ئەوەشت پێ ڕاگەیەنم کە دەستی ناحەزوو و بێگانە و ئاژاوەگێڕو پیلان گێڕان، مەملەکەت و قەڵەمڕەوەکەی ئێمەشی گرتۆتەوە و ئەوەی لام سەیرە. سروشتی ناوچەکەی ئێمە گونجاوە، ئەم دەستکێشانە خۆیان هەڵقورتێنن و بە خشکەیی خۆیان کەن بەووڵاتا. بەڵام خۆ ووڵاتەکەی ئێوە بە لم و ئاو گیراوە، ئەبێ ئەو ئاژاوەگێڕو پیلان گێڕانە لەکوێوە گوزەریان کردبێت و کشا بێتن بۆ پایتەخت و پەرلامانەکەتان.
جەنابی سەرۆک، نەکەی ئابڕووی چل ساڵ خەباتی خۆت بەریت و بە فیکەو چەقەنەیەک چۆڵی کەیت و چەرمەسەری زیاتریش بۆ ئێمە جێهێڵیت. خۆ ئەگەر تۆ دوای چل بەرگەی دوو مانگ نەری! ئەوا ئێمە تازەین و لەوەناچی تەحەمولی چوار هەفتە بکەین.
بۆ هاوکاریشتان هەرچی فەرمان دەکەی لە خزمەتتاین! خۆت دەزانی ئێمە کەمێک نوێین و فریا نەکەوتین دەبابەو کۆپتەروتەیارەی زۆر پێشکەوتو کڕین و لە میللەتا تاقی بکەینەوە! بەڵام ماڵی ئەمریکیەکان ئاوابێ سوپایەکی تەواو تۆمەیان بۆ پەروەردە کردین! لە ژێر ناوی (دژە تیرۆرو زیرەڤانی)و ئێستا ئەوانە پشتیوانمانن، خوا هەڵناگرێ هیچ قسوریان نەکردووە. گەر پێویستتان بوو لەمانە چەند فەوجێکتان بۆ دەنێرین، ئەمانەی دەوروبەرم یەکی دوو سێ فەوجیان هەیە وحاڵی حازر فەوجەکانی مەلا و هێرۆ بێ ئیشن، لەبەر ئەوەی خۆیان لە ڕوویان نایە وەک جاران (جڕتو فرتو فاکو فیک) کەن بە شارا و پاسەوانەکانیان بێ ئیشوکار کردووە.
ئێوەش هیمەتێکمان بۆ بکەن و نەختێ چەک و تەقەمەنی و چەند دەبابەو تەیارەو کۆپتەرمان بۆ بنێرن. با خۆتان ئاسایی دەرسێکی میللەت بدەین و هەتا دنیا دنیایە لە بیریان نەچێتەوە و جارێکی تر زاتی ئەوە نەکەن زمان درێژی کەن و توخنی بنەماڵەکانمان کەون.
جەنابی سەرۆک قەزافی، گەر کاریش لەکار ترازا، بیر لە چوونە ئەوروپا نەکەیتەوە و لە دوایین تەلەفۆنمدا لەگەڵ موبارەک دا زۆر ئەحواڵی دەپرسیت و دەیگوت هیچ خەمی نەبێت با بێتە شەرەم شێخ و لە تەنیشت خۆمەوە ڤێللایەکی بۆ دابین دەکەم. ئەم چەند ساڵەی دوایی تەمەنمان پێکەوە دەیگوزەرێنین و وا ئەزانین لەسەیرانین!
موبارەک ئەوەی بەبیر هێنامەوەو دەیگوت. گوایە لەوێ دەواو دورمانی سەروسمێڵ ڕەش کردنەوە گرانەو کە ملی ڕێگەتان گرت بۆ ئەوێ، تەنکەرێ بەرن لەگەڵ خۆتان. بۆ ئەم مەبەستە مەسعودیشـم ئاگادار کردۆتەوە و تا بەسکرتێری پارتەکەی و ئەوانەی لەو ئەچن بڵێ، کە بۆ هەر کوێیە چوون دەرمانی سەروسمێلێان بیر نەچێ.
بەنیسبەت خۆمەوە، من نایەمە ئەوێ و دەمێکە بڕیارم داوە بچم لە ئەنقەرە دانیشم و لەوێ یاداشتاکانم بنوسمەوە. ئەوسا نیگەران مەبن، باسی حاڵ و ئەحواڵ و گەڵ و گیپاڵی خۆم و چەماعەت و ئێوەش ئەهۆنمەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە تەنز ئامێزەو ئاوەژوو نوسراوە، واتە لە زۆر جێگەیدا پێچەوانەی ڕاستە، هیوادارم خوێنەر لە ناوەڕۆکەکەی بگات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە