کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانی، شارە جوانەکەم

Monday, 21/02/2011, 12:00




هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی شێخ ڕەزا بێت کە فەرمویەتی:
لە بیرم دێ سولەیمانی کەداروڵموڵکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرە کێشی عالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا، سەفیان دەبەست شێخ و مەلاو زاهید
مەتافی کە عبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
دەبێ سلێمانی! چ سڕێکی لەناو دڵدا حەشاردابێ بەپەنهانی! دەبێ کاتی خۆی حەزرەتی شێخ ڕەزا، چۆن و لە چ ڕێگەیەوە، پەی بۆ پەرییەکانی سلێمانی بردبێت و لەگەڵ خەیاڵی شاعیرانەی خۆیدا سەما ئەکا بۆ ئەو عەهدەی سلێمانی ئازاد بوەو نە لەبەر کەڵبەی حکومی دڕندانەی عەجەم دانەویوەو، نە کوڕنووش زادە و نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بووە.
ئەو کاتەنە ئەو عەهد و زەمەنە، جەنابی شێخ فریا نەکەوت ، نە کەریمی عەلەکە بناسێ و، نە گوێ بۆ قەتارەکانی ڕەشۆل شلکاو، نە بۆڵی ترێ لە گۆێ حەوز و ئاوەکەی پیرەمێرد بخوات و، نە خەیاڵێ بە فاتمەکەی هەردییەوە لێدات، و نە چریکەی جادە چۆڵ وسێبەرەکەی کابان مەستی کرد. نەخێر ئەمانەی نە بینی، گەر ئەمانەی ببینیایە دەی فەرموو چی!
جەنابی شێخ فریا نەکەوتی، شەڕی بەردەرکی سەرا ببینی و چوار خشتەکیەکیش بۆ سەر کێلەکەی عەولەسیس بهۆنیتەوە، جەنابی شێخ فریانەکەوتی، خۆت بەیتەبەر ئەو گوللانەی نران بە تەرمە پیرۆزکەی شێخی نەمرەوە.
جەنابی شێخ، فریا نەکەوت، ملازم محسن ببینی، چۆن ئاسۆی دەلاکەکان ئەبڕێتەوە! ئەوانەی نەبوونە سووخرەکێشی ئەهلی عوسمان و عەجەم و عەرەب.
جەنابی شێخ فریانەکەوتی، ببینی چۆن پوازەکانی خۆمان دارئەرخەوانەکانی سەیوان ئەبڕنەوە. قوربان ئاسوودە بە کەنەت بینی چۆن ڕێژوان لە خوێنی خۆیدا گەوزاوە و ئەویش فریا نەکەوت دڵداری کات وشیعرەکەی حەمە عومەر لەسەر قەدی دارئەرخەوانەکان بنوسێتەوە و بڵێ:

وێنەی دوو دڵ و تیرێکمان هەڵکەند
لەسەر قەدی ئەو دار ئەرخەوانە
تو خوا تۆ بڵێی ئەو دارە مابێ
یان ئەویش سوتووی سەر گۆڕاکانە
جەنابی شێخ گەر بەتەمای بەم زووانە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.، من ناتوانم دەست بهێنمە ڕێگاتان بەڵام قاسیدێکی ڕەحمەتی خۆت ئاسایی، ناوی سالمە و پێش مردنی وەسێتێکی بۆ تۆو نالی و ئەوانەی لە خۆتان ئەچن جێهێشت و ووتی:
تۆ خوا بڵێ بە حەزرەتی (نالی): دەخیلی بم
بەم نەوعە قەت نەکا بە سولەیمانیا گوزەر
سالم سیفەت لە بێ کەسییا با نەبێ هیلاک
من کردم ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر
ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی
بێ ئەو بە قەسدی ئەم تەرەفە با نەکا سەفەر.

تێبینی: شیعرو سەرچاوەکانیان ئاشکران بۆیە بە پێویستم نەزانی ووردەکارییەکانیان بنوسم.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە