کوا نەوتەکەمان!
Friday, 04/03/2011, 12:00
کاتێک:
* هاوڵاتیانی نیشتمانێک هیچ نرخێکی نامێنێ لەلای دەسەڵات.
* نوسەرو ڕۆشبیرو ڕوناکبیرو بەشێکیان پەرتەوازەو دوور دەخرێنەوە و بەشێکییان دەبنە شەریکە دزی پارتە دەسەڵاتدارەکان.
* پرۆژە و پێشنیارو دەستپێشخەری لایەنەکان دەخرێنە خانەی گۆمانەوە و بەبیانوی ڕەنگاو ڕەنگ دەهاوێژرێنە زبڵدانەوەو هەڕەشەی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ کە دەستی بێگانەی لە پشتە.
* گەنج و نەوەی نوێ پەرتەوازەو سەرگەردان و بێئومێد دەکرێ.
* ڕۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ،دەست دەخرێتە بینی و دەخنکێندرێ.
* سەروەت و سامانی گشتی دەستی بەسەردادەگیرێ و دەخرێتە خزمەتی دوو حزب و دوو بنەماڵەوە.
* ئینتمای نەتەوەو نیشتمانی بوون، لە جەکمەجەی ئەندام مەکتەب سیایەکانی حزبدا، پۆلێن ئەکرێ.
* بەها بەنرخەکانی گەل(پێشمەرگە، شەهید، زیندانی سیاسی، قوربانی)ەکان، دەکرێنە مەزەی دەسەڵات، لە بۆنەو ئاهەنگەکانیاندا.
* دایک و باوکی شەهید و قوربانیەکان، سەرەی بێ بڕاوەنەوە دەبەستن، تا بەمنەتی دەسەڵاتەوە، پارووی ڕۆژانەیان وەرگرن.
* ئەو کاتانەو زۆری تریش، کە لەژیانی ڕۆژانەی بیست ساڵی ڕابردووی ئێمەدا، دەیان و سەدان جار دووبارە بوونەوە، دەبێ یەکێتی و پارتی و حکومەتەکەیان وەڵامیان چی بێت.، بۆ ئەو ئەو کاتەی لەبەر دەستیاندا بوو تا هەڵوێستی خواروخێچیان ڕاست کەنەوە.
کە نیازو دیدە باشەکانیش گوێی لێ نەگیرا، ئەوە هاوڵاتیان دێنە سەر شەقام و پرۆژە و پێشنیاری تەواو نەبووی بێ کارو کرداری کۆڕو کۆبونەوەکانیان و ووتاری دوورو درێژی ڕوپەڕی ڕۆژنامەکان و چەنەحانێی تەلەفزیۆنەکان و زۆری تریش پولێکی قەڵب ناکات.
بەندەش نایەم، پێشنیارێکی تر بخەمە بەردەست دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنیش. بەڵکو، یەکەم بۆ مێژوو، دووەم بۆ هەموو لایەک، هەموو ئەو دروشمانەیان بیر دەخەمەوە کە لەیەم ڕۆژی دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە. بەدەستی ماندووی گەلێک لەو خۆپیشاندەرانەوە بوون. لەناوەو دەرەوەی کوردستان. جێبەجێکردنی ئەو دورشمانە زۆرینەی پرۆژەکان بەتاڵ ئەکاتەوە. داهاتووش پێمان دەڵێ کامیان سەرکەوتوو بوو. پرۆژەکانی دەسەڵات، یا دروشمی سادەی پڕ مانای دەستی هاوڵاتی. تاکە ڕێگەی چارەسەریش ئەوەیە وەڵامی ڕاست و ڕەوان و مەردانەی دیوی ناوەوەی دروشمەکان بدەنەوە، نەک دیزە بە دەرخۆنەی کەن. ئەوەش درووشمەکان.
- کوا بکوژانی ڕێژوان، ئێوە ئەی تاڵان چییان.
- ئازادی و یەکسانی، بۆ گۆێ ناگری بەرزانی.
- بیست ساڵ دزینی داهات، ئاوو کارەبا چی لێهات.
- حزبی چەکدار بۆ دەرەوە.
- هوشیاری گەل پۆڵایە، بە فیشەک لە بن نایە.
- حزبی چەکدارمان ناوێت.
- بێ دەنگ نابین.
- خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ مەدەن.
- دەسەڵات گۆێ بگرە لێمان، بە گوللە مەدە وەڵاممان.
- خۆشی و شادی بۆ کوردستان.
- (مێژووی ژیان) بەڵێنی بێ کردار... درۆ سیناریۆ... بۆ سیاسەت... بۆ پارە... بۆ دەنگ کڕین... بۆ کورسی دەسەڵات... بۆ حکومی ویراسی... بۆ حکومەتی پینەوپەڕۆ... بیست ساڵ کردینی دەسخەڕۆ. ئێستا.
- کار لە کار ترازەوە، جامی جەماوەر لێی ڕژاوە.
- بێ دەنگ نابین، تۆڵەی ڕۆژوانمان دەوێت.
- ئێمە خەڵکی هەولێرین، دژی ئاژاوە گێڕین.
- ئاشتی، ئازادی.
- ئێرە کوردستانە، مەرگی گەندەڵ کارانە.
- جامی جەماوەر لێی ئەڕژێ!
- نا بۆ گەندوڵی.
- نا بۆ گەندەڵی قۆرغ کردن.
- چاکسازی، چاکسازی.
- نا بۆ نا دادپەروەری.
- نا نا بۆ توندوتیژی.
- بەڵێ بۆ گوێگرتن، لە داواکارییەکانی خەڵك.
- بەڵێ بۆ ئاشتی.
- بەڵێ بۆ کوردستانی بوونی کەرکوک.
- بەڵێ بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.
- لە سلێمانی تەعزێیە! لە هەولێر هەڵپەڕکێیە.
- هیچ هێزێک ناتوانێ بە تەنیا بڕیاری چارەنووسی گەلێک بدات.
- سلێمانی شاری ڕۆشنبیرییە، میلیشیای قەبوڵ نیە.
- زانکۆ، گەل، ئازادی.
- دوێنێ ڕێژوان، ئەمڕۆ سورکێو، سبەی ئێمە!
- ئێمە گێرەشێوێن نین، گەندەڵ شێوێنین.
- سەرۆک چوو بۆ ئیتالیا، ئێمەی دا بە مەدالیا!
- ئەو دەسەڵاتە گێلە، هەر بە خۆێن ڕشتن فێرە.
- ئەو سەدامانە ڕووخان، ئێوە پوشن لە چاویان!
- نامانەوێ گوللەباران، کوا سلێمانیەکەی جاران.
- خوێنی هاوڵاتی هێڵی سوورە.
- مەمکوژن! ئێوارە دایکم چاوەڕێمە.
- وەڵامی بەرد بە تەقە نادرێتەوە.
- بەسە بیست ساڵ گەندەڵی.
- وەڵامی گەل بەو جۆرە، ڕەوشتی دیکتاتۆرە.
- وەڵامی قەڵەم و دەنگ، نادرێتەوە بە تفەنگ.
- ببورە سەرۆک درەنگە، چیدی پەیوەندیەکەت وەرناگیرێت.
- ئێمەی منداڵان، قوربانی دەستی گەندەڵی و گەندەڵکاران.
- لە تاوانباران خۆش نابین.
- دەبێت بکوژانی ڕێژوان، سورکێو، شێرزاد بدرێنە دادگای ئاشکراو جەماوەری.
- نا بۆ کوشتنی گەنجانی شارەکەم.
- نا بۆ چەک و گوللە نا بۆ توندوتیژی.
- دادگایی کردنی باندە بکوژەکانی دەسەڵات.
- نا بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران.
- بەڵێ بۆ ڕوخانی بنەماڵەکان.
- نان، کەرامەت، عەدالەتی کۆمەڵایەتی.
- دەبێت حکومەتی هەرێم هەڵوەشێتەوە.
- دەبێت بەرزانی و بەرهەم دەست لەکار بکێشنەوە.
- بڕوخێ دەسەڵاتی بنەماڵەکان.
- پێتان ئەڵێم بەزمانێکی سادە: ئەوەی کوردبێ و کورد بکوژێ، زۆڵەو تەرەسەو گەوادە.
- ژیان بەسەربەرزی.
- ئازادی بۆ هەموان.
- ژیانێکی بێ جیاوازی.
- داواکانمان ڕەوایە، حکومەت، پەرلەمان لە خەودایە.
- تا کار لە کار نەترازاوە، دەسەڵات کاتت ماوە.
ئەوە بەشێک بوو لە دروشم و کورتە وتار و نامەی هاوڵاتیان بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان. لەیەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانەوە. گەر ناوەڕۆکی ئەو دروشمانە بە قوڵی بخوێنینەوە. ئەوا تێدەگەین دەسەڵاتی بیست ساڵەی حوکمی یەکێتی و پارتی چ غەدرو ناعەدالەتی و خەم و خەفەتێکی خستۆتە دڵ و دەروونی تاکە تاکی هەرێمی کوردستانەوە.
نامەوێت لەوە زیاتر درێژەی بدەمێ، لەبەر ئەوەی هەریەک لەو دروشمانە، هەڵدەگرێ بابەتێکی لەسەر بنوسی.
تەنها ئەو پرسیارە ئەکەم لە: حکومەتی هەرێم و وەزیرەکانی، لە یەکەم کابینەوە تا ئێستا. پەرلامان و ئەندامەکانی، لە یەکەم خوولەوە تا ئێستا. دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی.
چەند ڕٶژی داهاتوو یادی ڕاپەڕینەکانی کوردستانە کە تەنها ئەوان بەرهەمەکەیان خستە گیرفانیانەوە. ئەوە لەڕوویان دێ باسی بکەن وەک جاران، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی لەسەر بکەن و خۆیان بکەنەوە بە تەرەزانی گۆڕاپانەکە!
تێبینی: لە یەکەم ڕۆژەوە و لە ڕێگەی وێنە گیراوەکانەوە دروشمەکانم کۆکردەوە، پێم وایە بۆ مێژوو کارێکی باشە. بۆ نمونە دروشمی ڕاپڕین و خۆپیشاندانەکانی چەند دەیەی ڕابردوو ئەرشیف نەکراوە و کەممان دەزاین دروشمەکانیان چی بووە. گەر بکرێ و ئەوانەی خولیایانە ئەو درشمانە بنوسن کە بەندە نەم بینیون کارێکی باشە، بانەوەی داهاتووش بزانن، ئەم دەسەڵاتەی ئێمە بایی چەند بوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست