کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(بەکورتی) خەیاڵ پڵاو! پێشکەشە بە هێرۆی برایم ئەحمەد و لە زمانی ئەویشەوە نوسراوە.

Friday, 25/02/2011, 12:00


ئەم شەو لە خەوما خوابەخێری بگێڕێ. کوڕانی خۆپیشاندەر و ناڕازی شارە حەیاتەکە! خڕ بوونەوەو کۆمەڵ کۆمەڵ ،گەرم و گوڕو گورج و گۆڵ ئەڕۆیشتن و هوتاف و دروشمی ئاگرینیان ئەووتەوە و ئەپرژان، منیش لەپێش ئاپۆرەی خەڵکەکەوە ئەڕۆیشتم و چەند مەلاو مشایەخ و پیاوچاکیش هاوشانم ئەڕۆیشتن. شیعار و دروشمە حەماسیەکانیان ئەوەندە گەرموگوڕ بوو، خۆمم لێ ببوو بە جێگرەوەی گیڤارا.
وابزانم ئەگەر درۆم نەکردبێ، لە جادەی کاک ئەحمەدی شێخەوە، بەرەو سەرا ئەڕۆیشتین، نازانم بۆچی گەنجەکان ناویان نا بوو مەیدانی ئازادی.
هەرکە گەیشتینە ئەوێ، خەڵک و جەماوەرەکە، هاتن بە پیرمانەوەو بوو بە شایی لۆغانێ مەپرسە، ئەووت ڕۆژی حەشرە. منیش ئەوەندەی تر لووتم چووە کەشكەڵانی فەلەک، پاشان زۆریان لێ کردم ووتەیەکیان پێشکەش بکەم.
بەخوا چیتان لێ بشارمەوە، خۆم حازر نەکردبوو، لە خۆشی شوێنە بەرزەکەو بینینی ئەو هەموو لاوە نیشتمان پەروەرو خوێن گەرمە قسەشم لەبیر چووبۆوە.
ئیتر مەلا بە چرپە ووتی: هێرۆ خان، هەرچۆنێک بێ ئەبێ شتێک بڵیت.
وتم چی بڵێم، بە خوا هیچم بیر نەماوە.
وتی: بەرەوڕوناکی باوکت بخوێنەرەوە.
وتم: بە خوا لەبیرم نەماوە!
وتی: شیعرەکەی بێکەس بڵێ
وتم: ئەوەی ئەڵێ(بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم).
وتی: ئا ئا
وتم: ئەوە هی زەمانی ئینگلیزە و باوی نەماوە. پاشانیش جەماعەت تازە بەخێرێ خەریکە بیست ساڵ تەواو ئەکەن!
ووتی: دەکەواتە، داری ئازادیەکەی بڵێ.
ووتم: بە خوا ئەوەشم لە بیر نەماوە.
ووتی: دە کەواتە من لەسەر خۆ ئەیڵێم، و تۆش بەدەنگی بەرز بۆیانی بخوێنەرەوە. ئیتر دەستمان پێکرد.
داری ئازادی بەخوێن ئاونەدرێ قەت بەرناگرێ
سەربەخۆیی، بێ فیداکاریی ئەبەد سەرناگرێ
پیاو ئەبێ بۆ سەندنی هەقی لە مردن سڵ نەکا
هەر بڕوخێ بەس نیە، تا نەسەندرێ نادرێ
شیعرەکەم تەواو نەکردبوو، لەپڕ بەدبەختێکی پاسەوانم، لەو خەووخەیاڵە خۆشەی کردم و بەخەبەری هێنام و وتی.
دادە دادە هەستە لەخەو.
وتم چی بووە؟
وتی: گەنجەکانی سەنتەری گەنجان، ڕژاونەتە سەرشەقام و هاتوون دەوری ئۆفیسی منداڵپارێزیان گرتووە. بەدارو بەرد هەرچی شووشە هەیە شکاندویانە.
وتم: ئەی چار چییە؟
وتی: بەجل ڕەشەکان بڵێین، بە دۆشکە تازەکان، یەک دوو دەستڕێژیان لێ کەن! دەمێکە تەقەشیان نەکردووە و تفەنگەکانیان تاقی نەکردۆتەوە.
وتم: چی ئەڵێن، داوای چی ئەکەن؟
وتی: وەڵڵا یەکێکیان لە پێشەوە تا توانای هەیە ئەقیڕێنێ و ئەڵێ(چۆڵی کە ئەو کورسیە) و ئەوانەی دواشیەوە بەکۆرس و بەهاوار بۆی تەواو ئەکەن و ئەڵێن(میللەت هەموو برسیە).
وتم: دەبڕۆ بڵندگۆی حسێنیەکە لێ کەنەوە و ئێوەش بشیڕێنن و بقیڕێنن، و جوابیان بدەنەوە و بڵێن:
بۆ مەسەلەی برسێتی، من خۆم چوارچڵ و ئێسقانێکم، کولێرە بە قیمەیەک بەشی سێ ڕۆژم ئەکات و هێندەی فەردەیەک برنجی ئەمریکی قورس نیم! بەشەکەی خۆشم، مام جەلال ئەی خوات و ئەم داواکارییە بەرن بۆ ئەو.
بۆ مەسەلەی کورسییەکەش، پێیان بڵێن، جاکەی من لەبەر کاروکاسپی و بازرگانی کەوتومەتە ماڵ، تا لەسەر کورسی دانیشم! بە خوا، یا حەبلی پرۆژەکان ئەبڕمەوە، یا لەسەیارەی جام تاریکام یا لە تەیارا.
منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ! خوا بە خێری بگێڕێ.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە