مانگا مردوو، دۆ بڕا!
Wednesday, 23/02/2011, 12:00
بیست ساڵی تەواوە، ئەو ئەزمونەی (یەکپارتی) وا دەزانن بەمیراتی بۆیان ماتەوە وئەیدۆشن، کەمێک لە(ساوای)ی دەرچوو بوو و کەوتبوە(گاگۆڵ)کێ، خۆیان پەلوپیان داهێنا و لە گاگۆڵکێان خست! لە کاتێکا ئەو کاتە بەعسیش مابوو، کەچی ئەزمونەکە نە کەوتە بەر مەترسی!
لەو کاتەوە، ڕوناکبیران وڕۆشنیران.، شارەزا و پسپۆری بوارە جیاجیاکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگاو بواری شارستانی و دەیان سەدان ڕێکخراو و کۆمەڵ و ڕێکخراوی مەدەنی، هۆشداریان دایە، سەرانی دەسەڵات و بڕیار بەدەستی یەکپارتی، کە ئەگەر کار وابڕوات و گەندەڵی، ناعەدالەتی و نا یەکسانی بەو جۆرە برەو بسێنێ ئەو کات چارەسەریشی ئەستەم و گران دەکەوێتەوە، گەرکارلەکار نەترازێ!
بە جۆرێک ڕەنگە ئەرشیفی ئەو پرۆژەو پێشنیارو وتارو ڕەخنەو لێکۆڵینەوە و لێدوانانەی لەم بارەیەوە دراوە، کۆکەینەوەو بە تەرازوویەکی بێ لایەن بیکێشین و سەرۆکی هەرێمیش لیژنەیەکی بۆ دانێ! ڕەنگە زۆر قورستر بێت، لە قورسایی هەموو ئەو(دۆلارو دینار)انەی یەکپارتی بە بیانوو و بە هۆی ئەو مانگا ساوایەی ناویان نا (حکومەتی هەرێم)، خڕیان کردەوەو ماشیانەوە!
بەجۆرێک بەروبومی ئەو مانگایە وای لێهات، لە پێگەی خۆیان و بنەماڵەکانیان بترسن و بەشێکی زۆری شیرەکەیان دا بە چەکو تەقەمەنی وپشبڕکێی خۆ چەکدارکردن. تا لەکاتی مەترسی لەدەستدانی شێرەکەدا لە شوانە دڵسۆزو خەمخۆرەکاندا بەکاری بهێنن و دواتر بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی بەکاریشیان هێنا.
تا ١٧/٢ دا بەبێمنەتی و بەکەڵەگایی (شەلم،کوێرم، ناپارێزم) کەوتنە دروێنەی لاوانی تازە هەڵچووی سلێمانی.
کارەساتی ئەو ڕۆژەو ڕۆژانی دواتری سەلماندی یەکپارتی بەئاسانی دەست لەشیرەکە هەڵناگرن.، سەرباری ئەوەش بەبیانووی پاراستنی ئەزمونەکەمان. گەرەکیانە درێژە بە پاوانخوازی بیست ساڵە بدەن.
تا دووو هەفتە لەمەوبەریش بەیانیان کرد. کە کوردستان لە میسرو تونس ناچێ. لەمەیاندا من تەواو لەگەڵیاندام. لەبەر ئەوەی سەرە گەندەڵەکانی ئەو دوو وڵاتە زوو تڕۆکران و وازیان هێنا. دیارە ئەزمونەکەی ئێمە لە لیبیا ئەچێ و ئەمانیش وەک قەزافی تا دوا چۆڕە شیر مانگاکەیان ئەدۆشن و بۆ دواجاریش لە پەلوپۆی دەخەن.
پاشانیش با خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان، بەکۆرس ئەم شیعرە بڵێنەوە. بۆ ڕابردووی کۆنە تێکۆشەرەکان و پارتە بێ وێنەکانیان.
مانگا مردوو دۆ بڕا
دەوڵەمەند بوون لە پڕا
هەندێک بوونە ملوێنێر
گەلێکیش چوو بە قوڕا
تێبینی: (یەکپارتی) کورتکراوەی یەکێتی و پارتیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست