ڕیزەکانتان ڕێکخەن، دروشمەکان بگۆڕن!
Tuesday, 22/02/2011, 12:00
گەنجانی خۆڕسک و لاوانی ماندوو نەناسی ئازادی خوازی (مەیدانی ئازادی سەرا)ی سلێمانی، دەستی یەکە یەکەتان دەگوشم و تەمەننا ئەکەم ڕیزەکانتان پتەوترو ورەتان پۆڵایین تر بێت و نەهێڵن درۆ دەلەسەو وتارو لێدوانی قەڵەمە تێکشکاوو نیشتمان فرۆشەکانی دەسەڵات زەفەرتان پێ بەرێ.
ئێوەن نەوەی دواڕۆژی ئەم نیشتمانە خێرلە خۆنەدیوە، ئەو نیشتمان و وڵاتەی بیست ساڵە دەسەڵاتدارەکانی، گوێیان بۆ خواستە هەرە سەرەتاییەکانی ئێوە و دانیشتوانە سەر بەرزو قوربانی دەرەکەی نەگرت، و ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو سەلماندی، بەشێکی زۆری داهاتی نەوت و بودجە و سەرچاوەکانی داهاتی دیکەی وڵاتیان تەنها لەدوو بواردا خەرج کردوە کە ئەوانیش.
خۆدەوڵەمەند کردن و کۆشک وتەلار ڕازاندنەوە و کۆمپانیا پێکەوەنان بۆ خۆیان و پێوەندەکانیان و ئاودیو کردنی داهاتی وڵات بۆ دەرەوەی نیشمان و بازرگانی کردن پێیەوە.، لە لایەک و کڕینی چەک و تەقەمەنی و پەروەردە کردنی ، سەدان لاوی کوردی فریودراو بەهەر بیانوویەک و لەژێر ناوی جۆراو جۆردا تا لەکاتی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکدا، دژی گەلەکەی خۆیان وسەرکوتکردنیان بەکاری بهێنن، وەک ئەوەی لە ڕۆژی شومی ١٧/٢ و دواتردا بە ئاشکرا بینیمان.
بۆیە پێویست نیە داوا لە یەکێتی یا پارتی و حکومەتەکەیان بکەن، بە داوای لێبوردنێک لە خەڵکی سلێمانی بۆیان بچێتەسەر. ئەوان دەبێ داوای لێبوردن لە سەرجەم کورد و بە تایبەت خەڵکی دانیشتووی هەرێمی باشوری کوردستان بکەن.
ئەو کارەساتەی پارتی لە سلێمانی بەپیلانی پێشوەخت و لەسەر دەستی گەلێ نەزانی بە ناو فەرماندەو نا مەسئولاکانیان نەخشەیان بۆ کێشا بوو،و چەندین شەهید و قوربانی لێکەوتەوە، لەهەر شارو شارۆچکەیەکی تری کوردستان بوایە، خۆێناوی ترو کارەساتبار تر دەبوو.
بۆیە ئەمڕۆ فرسەتە و پێویستە هەموو گۆشار بخەینە سەر یەکێتی و پارتی کە دەمامکەکەیان داماڵن و نهێنی و ڕاستی ڕووداوە جەرگبڕو کارەساتاکانی ڕابرووش ئاشکرا بکەن و ئەوانەی دەستیان تیادا سوورە بدرێنە دادگاو لەو مەیدانە گوماناویەی دەمێکە خۆیان ناویان ناوە(چاکسازی و پاکسازی) دوورخرێنەوە.
بیرتانی دەهێنمەوە، ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە ماوەی چوار ساڵ سەدان(سۆران و ڕێژوان و سەدەشت و سورکێو)یان کردە قوربانی داهاتی زیاترودەسەڵاتی بێشومارتر بۆ خۆیان وبنەماڵەکانیان.، پاشانیش کە بەیەکەوە کەوتنە ماشینەوەی ئەوەی ماوە، بینیمان چەند بێ منەت، لووت بەرزو لە خۆڕازی بوون و چەندە داوای لێبوردنیان لە خەڵک و کەسوکاری قوربانیەکان کرد!
سلێمانی لەوە گەورە ترە، بەدوای لێبوردنێک ماڵی بێت! سلێمانی هەمیشە خاوەنی مەشخەڵی سوورو ناردنی بووە بۆ شارو شارۆچکە خۆشەویست و ئازیزەکاتی تری کوردستان،بۆیە پێویستە ئەم بەهاری بکرێتە بەهاری سەرشۆڕی بنەماڵەکان و مەکتەب سیاسیەکانیان و ئەم جارەش لە باتی مەشخەڵی سوور مەشخەڵی سپی، ئاشتی وئاوەدانی و مانگرتن و خۆپیشاندانی هێنمانە بە باڵی پەریا، پەیامی گەنجان و ئازادیخواز و نوسەر و ڕوناکیری هوشیاری ، شار بێت وڕەوانەی شارو شارۆچکەکەنی تر بکرێ. نەک داوای لێبوردنیان لێ بکەن و ئەوانیش وابزانن کەفوکوڵێکەو دەڕەوێتەوە. داواکاری و دروشم و خۆپیشاندانتان، بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و خەڵکە نەک تەنها بۆ سلێمانی.
پارتی و یەکێتی سەردەمێکە، لە تاو دزی و ڕاووت و بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە لەڕاستیدا(دام و دەست و داوێن) پاک نەبوون، لەشکری تەتەریان هێناوەتە سەر ناموسمان و ئەو حکومەت و پەرلەمانەی ئەوان بە ئەزموون و دەستکەوتی خۆیانی دەزانن.
ئەوان بە کۆڵی ئێستر و پشتی تراکتۆر گەڕانەوە! بۆیە هەموو بۆمان هەیە بپرسین؟ ئەم لەشکرە پڕ چەکەو ئەم گیرفانە پڕەتان! مایەی ڕەنج و ئارەق ڕشتنە، یا مایەی گەل ڕووتاندنەوەو پشتکردنە خەڵک و لاواز کردنی حکومەتی خەڵک و پەرلەمانەکەیەتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست