کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەناو كۆنگرەى زەحمەتكێشانەوە وردەكارىو زانیارى تەواو سەبارەت بە كۆنگرەى حەوتەمى حیزبە ئەڵقە لەگوێكەى پارتى

Thursday, 14/07/2011, 12:00


رۆژى یەك شەممە 10-7-2011 سەعات 10ى سەرلەبەیانى لەهۆڵى ژێرزەمینەكەى ئوتێل مۆدێرن سییتى بە بەشدارى زیاتر لە 300 ئەندام حەوتەمین كۆنگرەى زەحمەتكێشان دەستى بەكارەكانى كردو چوار رۆژ بەردەوام بوو و ئەمڕۆ چوار شەممە كۆتایى بە كارەكانى هێنا.
 من وەكو ئەندامێكى كۆنگرە تەنها لەبەر ئەوەى لەمێژەیە لەگەلأ ئەو حیزبەم كە پێشتر حیزبێكى شۆڕشگێڕبووە و خاوەن سەروەرى خۆى بووە لەگەلأ ئەو حیزبە ماوم، هەر چەند ئێستا وەكو ناوچەیەكى پارتى سەیرى دەكرێتو دواى دەچینە سەر وردەكارییەكان، لەم بابەتەدا دەمەوێ چەند شتێك باس بكەم كە شورەییە بۆ حیزبێك كە دروشمى كۆنگرەكەى "بەدیهێنانى مافى چارەى خۆنووسین بۆ گەلى كوردستان لەرێگاى ریفراندۆمەوە" و كارەكانى كۆنگرەكەى بەو شێوەیە بێت كە من بینیم.
 
 سەرەتاى كۆنگرە:
 كۆنگرە هەر لەسەرەتاوە بێ سەرەو بەرییەكى تەواوى پێوە دیاربوو و تا دوا رۆژیش ئەو بێسەرو بەرییە بەرۆكى كۆنگرەى بەرنەداو ئەو لیژنانەى كە دروستكران بۆ رایكردنى كارەكانى كۆنگرە نەیانتوانى بە ئەركى خۆیان هەستن، بەتایبەتى لیژنەى سەرپەرشتیارى كۆنگرە، چونكە بۆ هەر كەسێك كە بۆچوونى خۆى دەرببڕێ ماوەى سێ خولەكیان دانا، بەڵام بەڵێن عەبدوڵڵاى سكرتێرى زەحمەتكێشان زوو ئەو هاوڕێیانەى دەبڕى كە قسەیەكیان بكردایە بەدڵى ئەو نەبێتو ماوەیەكى درێژیش قسەى دەكرد، ئەمەش لاى زۆربەى ئەندامانى كۆنگرە نارەزایى لێكەوتەوە، بۆیە دواجار بەناچارى داواكرا بەڵێن عەبدوڵڵا بچێتە جێگەى یەكێك لەئەندامانى لیژنەى سەرپەرشتیار كە ئەمە خۆى لەخۆیدا زۆر نادیموكراسییە، چونكە كۆنگرە دەنگیان بەو هاوڕێیانەدا نەك بە بەڵێن عەبدوڵڵا. بە بەردەوامى سكرتێرى حیزبى زەحمەتكێشان زۆرترین قسەى كردو هاوڕێیانى تەریق دەكردەوەو دەیشكاندنو لەخۆوە بڕیارى جێگیردەكرد، هەر لەبەر ئەوەش بوو چەند جارێك لەلایەن چەند ئەندامێكى كۆنگرەوە بەرەقى ئاگاداركرایەوە كە ئەو زیادەڕۆیى دەكاتو بۆى نییە بەو شێوەیە تەسەروف بكات، بەڵام هەر بەردەوامبوو.
 
 خوێندنەوەى بروسكەكانو گرنگیدان بە پارتى:
 لەم كۆنگرەیەدا زەحمەتكێشان هیچ لایەنێكى بانگێشت نەكرد، بەڵكو داواى لێكردن بە بروسكە بەشدارى كۆنگرە بكەن. لەخوێندنەوەى بروسكەكاندا گرنگى زۆردرا بە بروسكەكانى سەرۆكى هەرێمو مەكتەبى سیاسى پارتىو سەرۆكى پەرلەمانو حیزبى شیوعیش كە لەپارتییەوە نزیكە بە حەماسێكیترەوە دەخوێنرانەوەو لەلایەن ئەندامێكى مەكتەب سیاسییەوە خوێندرانەوە، لەهەمان كاتدا بروسكەكانى گۆڕانو سەرۆكى حكومەتو مەكتەب سیاسى یەكێتى زۆر بە سادەیى دەخوێنرایەوەو تەنانەت بروسكەى جەلال تاڵەبانى لەناو كۆنگرەدا هەر نەخوێنرایەوە.
 
 دروشمى كۆنگرەو بۆچوونى ئەندامان لەبارەیەوە:
 دیارە سەرۆكى پارتى جار جار بۆ ختوكەدانى سۆزى خەڵكى كوردستانو راكێشان سەرنجى دەوروبەر بەلاى خۆیدا باس لەدەوڵەتى كوردى دەكات، كەچى لەتوركیاش ناوێرێ ناوى كوردستانیش بەرێ، هەروەها لەكاتى سەردانى ئەردۆگانیش بۆ هەولێر لەمەراسیمى كردنەوەى فرۆكەخانە نوێیەكەدا بەهیچ شێوەیەك قسەیەكى نەكرد ئاماژەبێت بۆ كوردو نەتەوەى كورد، بەڵام لەكۆنگرەى حیزبەكەیدا چەند خولەكێكى ئامادەكرد بۆ ئەو مەوزوعە، هەروەها زۆرجار لەرێى حیزبو تاقمەكانى سەربەخۆیان هەندێ شت بە ئەوان دەسپێرێو بابەتێك قوت دەكاتەوە، لەئێستاشدا بەهۆى نزیكى زەحمەتكێشان لەپارتییەوە هەندێ لەئەندامانى كۆنگرە بۆچوونیان وابوو كە ئەم بابەتە پارتى پێیوتوون بیكەن بەدروشمى خۆتانو دەیەوێ لەرێى زەحمەتكێشانەوە ئەو بابەتە جارێكیتر بوروژێنێ، ئەگینا حیزبێك كە خۆى خاوەنى سەربەخۆیى خۆى نەبێو سەركردایەتییەكانى سەر بەپارتىو یەكێتى بن چۆن دەتوانێ سەربەخۆیى بۆ گەلێكى پارچە پارچەكراو بن دەست رزگاربكاتو سەربەخۆیى بۆ بەدەست بێنێ؟
 
 پارتى بەردەوام تەوجیهى دەدانێ:
 هەر چەندە خۆیان جار بەجار ترسنۆكانە رەتى دەكەنەوە، بەڵام واقیع ئەوەى سەلماندووە كە ئەوان سەرف سەر بە پارتین. ئەوەى باوە لەناو ئەندامانى زەحمەتكێشانداو كاتى خۆشى كە ئەم باڵەى مەكتەب سیاسى جیابوونەوە لە قادر عەزیز زۆر باسدەكرا ئەوەبوو كە سەعد خالیدى مەكتەب سیاسى زەحمەتكێشان پیواى پارستنەو هەندێكیش دەڵێن پیاوى نێچیرە، ئەم كابرایە بەدرێژایى رۆژانى كۆنگرە كەمترین كاتى لەناو هۆڵى كۆنگرەدا بەسەر بردووە زۆربەى كاتەكانى لەبەردەم هۆڵەكەدا بەسەر دەبرد بەردەوام مۆبایلەكەى بەگوێوە بوو و قسەى دەكرد سوور دەزانرا ئەوە تەوجیهات لەسەرەوەى خۆى وەردەگرێ كە برادەرانى پراتین، چونكە هەر لەسەر ئەو بنەمایەش جارێكیتر كرا بە رێكخەرى كارەكانى نێوان  پەرلەمانو حكومەت، كە ئەو پۆستەى خۆى بە پۆستێكى شەخێى دادەنێو لەچاوپێكەوتنێكى لەگەلأ ئاڵاى ئازادیدا خۆى وتى: من وەكو حیزب ئەو پۆستەم وەرنەگرتووە ئەوە بەتواناى خۆم وەرمگرتووە، چونكە لەخولى رابردوودا سەركەوتووبووم.
 
 سكرتێرو مەكتەب سیاسییەكان هەڕەشەى نان بڕینیان لەئەندامانى كۆنگرە دەكرد:
 وەكو هەر حیزبێكیترى كوردى پێش كۆنگرە هەموو شتێك یەكلایى دەكرێتەوەو بڕیار دەدرێ كێ دەربچێو كێ بكەوێ. هەموو بەرپرسى لقەكان بەتەوافوق دانرانو بەبێ مونافیس، بەڵام بۆ ئەوەى بیشەرعێنن دەیانوت هەڵبژاردنى بۆ دەكەین بزانین كێ دەردەچێ، كەچى پێشتریش فشاریان خستبووە سەر ئەوانەى كە بەنیازبوون خۆیان كاندید بكەن پێیان وتبوون دەبێ سەحب بكەى بۆ ئەوەى كە خۆیان دەیانویست. یەكێك لەو لقانەى كە لەقسەى مەكتەب سیاسى دەرچوون لقى سلێمانى بوو كە من لەرێى هاوڕێیانى نزیك لەو لقەوە بیستم كەوا فشارێكى زۆر خراوەتە سەر ئەندامانى ناوچەو لقى سلێمانىو بەتایبەتیش یەكێك لەو كاندیدانەى كە ئەگەرى دەرچوونى زۆر بەهێزبووە بۆ ئەوەى سەحب بكات بۆ ئەوەى كە خۆیان دایاننابوو، بەڵام ئەو كاندیدەو دەنگەكانیشى بەهیچ شێوەیەك نەچوونەتە ژێربارى ئەو فشارانە، مەكتەب سیاسییەكان بە سەریحى پێیان وتبوو كە تۆ نابێ خۆت كاندید بكەى، چونكە ئێمە تۆمان پێقبولأ نییە، تەنانەت سكرتێر خۆى تەلەفونى بۆ ئەندامانى كۆنگرەى سەر بە لقى سلێمانى كردووە كە دەنگ نەدەن بە فڵان كەسو بیدەن بەوەى كە ئێمە پێمان باشە، نەك تۆ، هەروەها ئەوەى بۆیان باسكردم زۆریش دڵنیام كە راستە ئەوەبوو كە هەڕەشەى نابڕینو دەركردنیان لەچەند ئەندامێك كردووە كە دوو دلأ بوون لەوەى دەنگ دەدەن بەو كاندیدەى خۆیان دەیانەوەێ. سەیر ئەوەیە باس لەوەش دەكەن كە هەر كەس بەخراب باس لەكاندیدێك بكات لەبەرژەوەندى خۆى یان كاندیدێكیتر یان تەكەتول بكات ئەوە دەردەكەن كەچى خۆیان سەرچاوەى هەموو كارە ئابڕوبەرەكانى ناو كۆنگرە بوون، بەئاشكرا بەهمەن حوسێن (وەكو خۆى وتى لەوەتەى زەحمەتكێشان هەیە  مەكتەب سیاسییە)و هیوا سەید سەلیم بەرپرسى رێكخستنو گۆران جەلال بەرپرسى مەكتەب رێكخستنو بەڵێن عەبدوڵڵاى سكرتێر بەردەوام خەڵكیان بانگكردوەو پێیان وتوون دەنگ بەم كەسانە بدەنو چاویان لەوانە سوور كردووەتەوە كە رەدیان داونەتەوەو وەڵامەكەیان بەدڵى ئەوان نەبووە.
 
 لەدوا ساتى پێش هەڵبژاردنەكاندا ژمارەى ئەندامان زیادى كرد:
 بەپێى وتەى وتەبێژى فەرمى كۆنگرەى حەوتى زەحمەتكێشان كە چەند رۆژێك پێش كۆنگرە بۆ ئازادى وتبووى "بە بەشدارى 310 ئەندام كۆنگرە دەبەستین" بەڵام چەند ساتێك پێش هەڵبژاردنى كۆمیتەى ناوەندى حاكمەكە وتى لاى من 310 ئەندامە كەچى ئەم لیستە 318 كەسە لە كاتێكدا 6 ئەندامیش ئامادەنەبوون لەكۆنگرە بەهۆى كارى تایبەتییەوە. ئەمەش دەستێك بوو بۆ ئەوەى خۆیان دەنگى زیاتر بێنن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە