کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فریامان که‌ون له‌ سلێمانی دزه‌کان چاویان ده‌رهێناین

Tuesday, 20/03/2012, 12:00





 
ساده‌ترین ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ر و سامانی هاولاتیان بپاریزێت به‌ حوکمی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی هه‌یه‌تی که‌ پێکهاتووه‌ له‌ داڕشتنی شێوازی سه‌رف کردنی داهات بۆ به‌شه‌ جیاجیاکانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌خشه‌دانان وجێ به‌جێ کردن و دادوه‌ریی..له‌ به‌رانبه‌ریشدا داواکاریی په‌یڕه‌وکردنی یاسا له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین له‌ کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی وڵاتانه‌وه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی سوود له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌کانی ڕابردوو ببینرێت و ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌نگاوی پێشکه‌وتووتر بنرێت له‌ بوون به‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و دابین کردنی مافه‌کانی هاوڵاتیان وه‌کو مرۆڤ و پاشانیش وه‌کو دانیشتووی ژێر حوکمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌، که‌چی ده‌بینین ده‌سه‌ڵاتێك (که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبایه‌تی بنیات نراوه‌ نه‌ك تایبه‌تمه‌ندێتی!!) ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ئه‌و به‌ڕه‌یه‌ی له‌ژێر پێی میلله‌ت ماوه‌ ده‌ر ده‌کات و شوێن پێی خۆیان قایمتر ده‌که‌ن و تاکه‌ بایه‌خیان بۆ به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی شه‌خسی و حیزبیی خۆیانه‌و ئاماده‌ن له‌و پێناوه‌دا ملیاره‌ها دۆلاری داهاتی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیانی بێ به‌شی بۆ سه‌رف بکه‌ن.

ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت له‌م باسه‌دا ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م ئه‌وه‌یه که‌ دیارده‌یه‌کی زۆر مه‌ترسی دار له‌ شاری سلێمانییدا ه‌ری هه‌ڵداوه‌و سه‌رو سامانی هاوڵاتیانی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ دیارده‌ی (شه‌وکوتیی) که‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند باندێکه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و ترس و دڵه‌ڕاوکه‌یه‌کی زۆریی بۆ هاوڵاتییان دروست کردووه‌، ئه‌م بانده‌ مافیایانه‌ به‌ ده‌مانچه‌ی بێ ده‌نگه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و ماڵانه‌دا که وای بۆ ده‌چن نه‌ختینه‌ یان زێڕیان هه‌یه‌ و یاخود که‌ل و په‌لی به‌نرخیان هه‌یه‌ و زۆر به‌ شاره‌زاییانه ده‌رگاکان ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌شکێنن و ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ده‌یدزن و ته‌نانه‌ت هاوڵاتیانیش له‌ شوێنه‌ دووره‌ ده‌سته‌کاندا ڕووت ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ زه‌بری چه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌که‌ن به‌ کوشتن!!له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا ده‌یان ڕووداوی له‌م جۆره‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌کانی: قوله‌ره‌یسی، سه‌رچنار، ڕاپه‌ڕین، به‌کره‌جۆ، وڵوبه‌و شێخ عه‌باس و چه‌ندانی تر ڕوویان داوه‌و نه‌ك ده‌سه‌ڵات ته‌نیا خه‌م ساردی و بێ ئاگایی خۆی نیشان داوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ هیچ بکات بۆ پاراستنی سه‌رو سامانی هاوڵاتیان، به‌ڵکو گومانیش ده‌کرێت که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌م کاره‌ هه‌ڵده‌ستن له‌ چه‌کداره‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌خۆشه‌ بن و کاتێك ده‌بینن سه‌رکرده‌و لێپرسراوه‌کانییان بێ شه‌رمانه‌ ملیاره‌ها دۆلاری میلله‌تی ڕه‌ش و ڕووت به‌ ڕۆژی ڕووناك ده‌دزن ئه‌وانیش لاسایی ئه‌وان ده‌که‌ن ده‌یانه‌وێت هه‌ر وه‌ك ئاغاکانیان بله‌وه‌ڕن به‌ جه‌رده‌یی و شه‌و‌کوتیی، ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ که‌ ئه‌وی ئازا بێت خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بکات، بێ هیچ حسابکردنێك بۆ ویژدان و ترسان له‌ خوا و داب و نه‌رێتی کورده‌واریی. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ دیارده‌ی بێ ئیشی و هه‌ژاریی ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ‌ له‌ ناو لاواندا ته‌شه‌نه‌ ده‌کات و نادادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌لاقه‌ی نێوان هاوڵاتیان به‌رفراوانتر ده‌کات، له‌ لایه‌کی تریش ده‌سه‌ڵاتی نه‌زۆکی بێ ئیراده‌ نه‌یتوانیوه‌و ڕاستر بڵێین نه‌یویستووه‌ هیچ کارێك بکات بۆ ڕێگرتن له‌م دیارده‌یه به‌ڵکو ڕه‌نگه‌ خۆی بره‌وی پێ بدات بۆ مه‌شغوڵ کردنی هاوڵاتییان، کاتێك جه‌رده‌یه‌کیش ده‌گیرێت هیچ ئیجرائاتێکی وه‌ك پێویستی له‌گه‌ڵدا ناکرێت وه‌ك بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌که‌ی و سزادانێکی قورس به‌رانبه‌ریی تاوه‌کو ببێته‌ وانه‌ بۆ هاوپیشه‌کانی، به‌لکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر ناسیاوێکی هه‌بێت له‌ناو ده‌سه‌لات ته‌نانه‌ت شه‌وێکیش زیندان نابینێت. باسه‌ ده‌پرسین هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ نه‌بوو که‌ هه‌ستی به‌ مه‌ترسی کرد له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه‌ی خۆی له‌ کاتی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی 17ی شوباتد هه‌موو شیوازێکی دڕندانه‌ی به‌کارهێناو ته‌نانه‌ت سه‌ربازی عه‌ره‌بیشیان هێنا بۆ دامرکانه‌وه‌ی ڕقی جه‌ماوه‌ر؟!ئه‌ی بۆچی دوای 22 ساڵ له‌بوونی هێزو ده‌سه‌ڵات ناتوانرێت ئه‌و دیارده‌ پڕ مه‌ترسیه‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندووه‌ نبه‌بڕ بکرێت و ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕوو له‌ زیادبوونه‌؟

له‌ کۆتاییدا و له‌ ڕێی ئه‌م نووسینه‌وه‌ سکالای خۆمان به‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌گه‌یه‌نین و داواتان لێ ده‌که‌ین تا زووه‌ بێنه‌ فریامان خه‌و‌ و ئیسراحه‌تمان نه‌ماوه‌ به‌ده‌ست دزو جه‌رده‌وه‌ ، که‌س له‌ ماڵی خۆیدا هه‌ست به‌ دڵنیایی ناکات و بۆمان هه‌یه‌ بپرسین ئه‌و موچه‌یه‌ی ده‌درێت به‌ پۆلیس و ئاسایش له‌به‌رانبه‌ر چیدایه‌؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە