هەڵە كوشندەكانى یەكگرتووى لەدواى روداوەكانى بادینانەوە
Wednesday, 04/01/2012, 12:00
سەرەتا
بەگوێرەى پێوەرو لێكدانەوە كۆمەڵایەتیەكان سوتاندنى شوێنەكانى مەساجو دوكانەكانى مەى فرۆشتن تیرۆرى كۆمەڵایەتىو بەپێوەرو شرۆڤە سیاسیەكانیش سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوى ئیسلامی تیرۆرى سیاسی بون. لەم روداوانەدا ئەوەى زیانى مادىو قازانجى سیاسىو مەعنەوى كرد یەكگرتو بو، ئەو هێزەش زیانى سیاسىو مەعنەوى كرد، پارتى دیموكراتى كوردستان بو. بەڵام ئایا یەكگرتوى ئیسلامى توانى وەك گەمەكەرێكى لێهاتو لەم روداوانەدا یارى بكات، بەجۆرێ بتوانێ لەسەر هەردو ئاستى سیاسىو جەماوەرى بەقازانجى خۆى تەوزیفى بكات؟
پەیامى پشتەوەى سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتو
ئەگەر لەروانگەى ئازادىو دیموكراسیەوە سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوى ئیسلامى بریتى بێت لەشكاندنى حورمەتو شكۆى یاساو تێكدانى سەقامگیرى سیاسی لەناوچەكانى بادینان، ئەوا لەروى سیاسیەوە پەیامى پشتەوەى ئەو روداوانە بریتی بو لەلێدانى راستەوخۆى گەشەكردنى یەكگرتو لەو ناوچەیە، هاوكات لەلایەن پارتى دیموكراتەوە گەیاندنى ئەو مەسیجەش بو بەسەركردایەتى ئەو هێزە، كەتا سنورێكى دیاریكراو دەتوانن پەل بهاون، وەكچۆن لەرابردوداو بەتایبەت لەكارەساتى هەكاریدا بەزارەكىو كرداریش ئەم مەسیجە بەیەكێتى گەیەنراو سنورێك بۆپەلهاویشتنى دانراو لەدواى راپەرینیشەوە یەكێتى نەیتوانى لەو ناوچەیە لەسەر پێی خۆى رابوەستێت، دوایین هێزیش بەر لەیەكگرتوى ئیسلامى هەمان پەیامى پێڕاگەیەنرابێت، بزوتنەوەى گۆڕان بو، كەلەروداوەكانى 17ى شوباتو رۆژانى دوایی لەرێگەى سوتاندنى بنكەو بارەگاكانیەوە لەهەولێرو دهۆك پێی گەیشتو تائەم ساتەوەختەش هیچ یەكێك لەو دو هێزە تواناى گەشەكردنیان لەجوغزێكى كێشراو تێناپەڕێت. بۆیە دەبو یەكگرتو پێشوەختو بۆ داهاتوش خەسمە سیاسیەكانى بەگشتىو پارتى باشتر بناسێتو بزانێت لەگەڵ چ جۆرە هێزێكدا ركابەرێ دەكات؟
یەكگرتو...وێناكردنى خود وەك قوربانى
كەبارەگاكانى یەكگرتو گڕیان تێبەردرا، لەگەڵ بەرزبونەوەى ئاگرو دوكەڵى هەر بارەگایەكدا كێرڤى سۆزى خەڵك بۆ ئەو هێزە بەرز دەبویەوە، تاگەیشتە ئەوەى پارتە سیاسیەكان بەهاوپەیمانە ستراتیژیەكەى پارتیشەوە گۆمى مەنگى بێدەنگیان شڵەقاندو هاتنەدەنگو ئیدانەیان كرد. یەكگرتوى ئیسلامیش لەبرى خوێندنەوەى روداوەكە وەكخۆىو گرتنەبەرى رێو شوێنو تەكنیكى سیاسى، كەوتە شینو شەپۆڕ بۆچنینەوەى سۆزى خەڵكو وێناكردنى خود وەك قوربانى، بەڵام لەم دۆخەدا دەبو یەكگرتوى ئیسلامى چى بكردایە؟
كاردانەوەكانى یەكگرتو...لەگەورەكردنى روداوە بۆقەتیسكردنو بچوك كردنەوە
كەبۆجارى دوەم بارەگاكانى یەكگرتو لەبادینان سوتێنرایەوە، هەموان چاوەڕێی گرتنەبەرى هەڵوێستى سیاسى بوین، بەمانا سیاسیەكەى لەو هێزە، بەڵام ئایا یەكگرتوى ئیسلامى چیكرد؟ لەراستیداو لەسەرەتاوە یەكگرتو هەنگاوەكانى باشبونو چاوەڕێی ئەوەیان لێدەكرا كەروداوەكان بەئاقارى بەهێزكردنى پێگەى سیاسىو جەماوەرى خۆیدا تەوزیف بكات، بەڵام تێكچونى تەكنیكو پلانەكانى ئەو هێزە لەدواتردا ریسكەى كردەوە بەخورى، چۆن؟
یەكگرتو نەك هەر نەیتوانى بەباشىو سیاسیانە سود لەم روداوە وەربگرێت، بەڵكو لەقۆناغەكانى دواترى تەكنیكە سیاسیەكانیدا بەرەو دواوە كشایەوە، چونكە هەڵوێستەكانى دوایی ئاوێتەبون بەعاتیفەو بەزەییو تێكەڵبون بەهەڵچونى شەقامو خۆسوركردنەوەى میدیایی هەندێ لەو كەسانەى لەمیدیاكانەوە قسەیان لەسەر روداوەكان دەكرد، لەكاتێكدا سیاسەت دەوەستێتە سەر مەنتیقى هێزو واقیع وەك ئەوەى هەیەو رودەدات، نەك وەك ئەوەى خەیاڵى بۆدەكەیتو دەیخوازیت. هاوكات ئەوەندەى یەكگرتو كارى لەسەر وێناكردنى خۆى وەك قوربانى ئەو روداوانەو دورخستنەوەى تۆمەتى هێرشكردنە سەر شوێنەكانى مەى فرۆشتنو مەساجو نەبونى هیچ كێشەیەك لەگەڵ كەمایەتیە ئانیەكاندا كرد، هێندە نەهات لەرێگەى گرتنەبەرى تەكنیكى سیاسیەوە هەم شتەكان لەخۆى دروبخاتەوە، هەم پارتیش بخات بەردەم ئیحراجبونو بەرپرسیارێتى ئیدارىو سیاسیەوە. هاوكات ئاماژە سیاسیەكانى دواتر ئەوەیان لێخوێنرایەوە كەیەكگرتو لەگەورەكردنى روداوەكانەوە بۆقەتیسكردنو بچوك كردنەوە هەنگاو دەنێت، وەك چۆن پارتیش لاى خۆیەوە لەلایەك بەگرتنەبەرى رێو شوێنى ئەمنىو چاوسوركردنەوە لەیەكگرتو، كەوتە هەوڵى گەمارۆدانى روداوەكە، لەلایەكیتریشەوە بەرجەستەكردنى روداوەكانى بادینان وەك كێشەى ئاینىو تایفى، كەوتە هەوڵى خاڵیكردنەوەى ماناو مەغزاى روداوەكان، بەتایبەت سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتو، لەمەشدا بەپلەى یەكەم پارتى براوە بو، چونكە كەناڵى زاگرۆسى سەر بەپارتى دیموكراتى كوردستان لەگەرمەى ئەو روداوانەدا راپۆرتێكى تەلەفزیۆنى ئامادەكرد بۆپیشاندانى رواوەكانى بادینان وەك كێشەى تایفىو ئاینىو سەیرو سەمەرە لەوەدابو، كەبەڕێز(م.عوزەیر حافز)ى ئەندام پەرلەمانى یەكگرتوى ئیسلامیە لێدوانى بۆدابونو باسى پێكەوەژیانى مسوڵمانو مەسیحى بۆدەكردن، وەك ئەوەى كتومت شەڕى تایفى لەكوردستان هەڵگیرساوە، لەكاتێكدا دەبو ئەو بەڕێزە وەك باقى بەرپرسە سیاسیەكانیترى حزبەكەى موقاتەعەى میدیاكانى سەر بەپارتى كردبا، چونكە تائەو كاتە نەپارتى بەرپرسیارێتى خستبوە سەر شانى خۆىو نەداواى لێبوردنیشى كردبو، هەروەها ژمارەیەكى زۆرى بارەگاى یەكگرتوى ئیسلامى، كەمامۆستاى ناوبراو نوێنەرایەتى سیاسى دەكات لەبەغدا بەبێ پاساو لەناوچەكانى بادینانى ژێر دەسەڵاتى پارتیدا كەخاوەنى تەلەفزیۆنى زاگرۆسە سوتێنرابون، بەڵام عەجەب چ حیكمەتێك لەم لێدوانو بەشداریەى مامۆستا عوزەیر لەو تەوقیتە دیاریكراوەى راپۆرتەكەى زاگرۆسدا هەبو، لەكاتێكدا حزبەكەى بریندارى دەستى پارتیە؟
هەڵە كوشندەكانى یەكگرتو لەسوتاندنى بارەگاكانەوە تادوایی
- نەكشانەوەو رانەگرتنى ئەندامێتى لەئیئتلافى فراكسیۆنە كوردستانیەكان:
لەیەكەم چركەساتى گڕتێبەردانى بارەگاكانى یەكگرتو لەناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى ئەوەى لاى چاودێرانى سیاسى پێشبینی دەكرا، بریتى بو لەكشانەوەى كاتی یان لانیكەم راگرتنو هەڵواسینو سڕكردنى ئەندامێتى یەكگرتو لەئیئتلافى فراكسیۆنە كوردستانیەكان، چونكە هەم چەكێكى كاریگەرە، هەم لەو چركەساتەدا تاكە ئامرازى سیاسى بو، كەمەدەنیانە پەناى بۆبەرێت، تەنانەت لەدواتریشدا كشانەوەى نیوە ناتەواوى ئەندامانى یەكگرتو لەو ئیئتلافەو رەتكردنەوەى كشانەوەى فەرمىو یەكجارەكى لەلایەن سەرۆكى فراكسیۆنەكەو نەبونى هەڵوێستێكى سیاسى فەرمى، لەسەرەتاى ئیدارەكردنى كێشەكەوە ئەو مەسیجەى بەپارتى گەیاند، كە یەكگرتو نەك ناتوانێ سیاسیانە وازى بكات، بەڵكو نێچیرێكى لەباریشە بۆئەوەى دواتر سیاسیانە راوى بكات، بۆیە یەكسەر پارتى بەدەستپێشخەریەكەى عەلى باپیرى ئەمیرى كۆمەڵ رازی بو، لەئاستێكى بەرزیشدا بەبەشدارى مەسرور بارزانى(كەلاى پارتى ماناو مەغزاى سیاسىو كۆمەڵایەتى گەورەو گرانى هەیە)و شاندى مەكتەبى سیاسى ئامادەى دانیشتن بو لەسەر مێزى گفتوگۆ.
-ئەنجامنەدانى خۆپیشاندانى جەماوەرى بەرفراوان لەسلێمانى:
هەڵەیەكى كوشندەى تر، كەیەكگرتو كردى، بریتى بو لەوەى نەیتوانى گەورەترو باشتر لەوەى كەكردى، سوتاندنى بارەگاكانىو ئەو دەستدرێژیە سیاسییانەى كرایە سەرى جەماوەریی بكات، چونكە راستە لەهەولێر رێگە نەدرا كۆبونەوەى جەماوەرى سازبكات، بەڵام لەبرى ئەوەى تەنها لەبەردەم بارەگاكانى خۆى لەسلێمانىو دەوروبەرى گردبونەوەى قەبارە بچوكو لاواز ئەنجام بدات، دەیتوانى لانیكەم تەنها لەپارێزگەى سلێمانىو ناوچەكانیدا گەورەترین گردبونەوەى ناڕەزاییو خۆپیشاندانى مەدەنىو هێمنانە ساز بكات، كەسەرنجى نێوخۆى كوردستانو دەرەوەش بۆخۆى كەمەندكێش بكاتو فشارەكان بۆسەر پارتى چڕتر بكاتەوە، بەتایبەت جگە لەهەمو كوردستانو تایبەتر لەسلێمانى سۆزى گەورە هەبو بۆئەو ستەمە سیاسیەى لەیەكگرتو كرا. بۆیە ئەم تەوزیف نەكردنە بۆخۆپیشاندانى گەورە نەكراو گردبونەوەى بەردەم بارەگاكانیش وەك ئەوەى بەزۆر ئەندامەكانیان راپێچكرابن ئەنجامدرا، ئەمەش دیسان ئەو پەیامەى بەپارتى بەخشیەوە، كە ئەم هێزە یان ناتوانێ موعاناتەكانى خۆى بكاتە موعاناتى هەمو خەڵك، یان ئەوەتا لەبیرى ئەوەدا نیە، كەروداوەكانى خۆى لەڕوى سیاسیەوە بەرامبەر نەیارە سیاسیەكانى بەگەورە رابگرێت. بۆیە پارتى لەبرى ئەوەى داواى لێبوردن بكات، بەپێچەوانەوە جەختى لەوە دەكردەوە، كەدەبێت یەكگرتو داواى لێبوردن بكات.
- دڕدۆنگى لەقبوڵكردنو رەتكردنەوەى دانیشتن لەگەڵ پارتى
رەنگە بەهەڵەدا نەچین گەر بڵێین پارتى تاڕادەیەكى زۆر دەیزانى یەكگرتو ئامادەى دانیشتن نابێـت لەگەڵیان لەسەر مێزى گفتوگۆ لەچوارچێوەى دەستپێشخەریەكەى عەلى باپیردا، چونكە جۆرێك لەشپرزەییو بێسەرو بەرەیی لەهەڵوێستى سیاسى یەكگرتودا هەبو، لەلایەكیتر ناڕاستەوخۆ وەك هەوڵەكانى دواى سەرەتاى روداوەكە وایان دەردەخست، كەدەچنە سەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ پارتى بەتایبەت دوایی هەوڵەكانى ئەمیرى كۆمەڵ، بەڵام لەلایەكیترەوەو لەشەوى بەر لەوادەى دانیشتنەكەدا ئەو مەسیجەشیان بەپارتى دەدا، كەتاوەكو هەمو گیراوەكانیان ئازاد نەكرێن، ئامادەى وتوێژ نابن، بێئاگا لەوەى كە سیاسەتو كارى دیپلۆماسی پابەندى مەنتقى هێزەو ئەتەكێتو تەكنیكو تەكتیكو یارى خۆى هەیەو ناكرێت تێكەڵاو بەعاتیفە بكرێ. بۆیە دەكرێ دڕدۆنگىو دواتریش نەچونە سەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ پارتى بریتى بو بەهەڵەیەكى ترى كوشندەى یەكگرتو دابنێین، چۆن؟
حاڵەتى یەكەم ئەوەیە كەدیپلۆماسیەت ئەتەكێكو تەكنیكو تەكتیكو ئامرازو گەمەى تایبەت بەخۆى هەیەو نەدەبو یەكگرتو بیبەستێتەوە بەحاڵەتى عاتیفى گیرانى ئەندامانیانەوە(چونكە بیانوى سەرەكى بریتى بو لەوەى هێشتا ئەندامەكانیان لەزینداننو تاهەمویان ئازاد نەكرێن وتوێژ ناكەن). حاڵەتى دوەم ئەوەبو، كەراستە یەكگرتو مەرجیان هەبو بۆدانیشتن لەگەڵ پارتى، بەڵام دەتوانراو عورفى سیاسیش وابو كەبچنە دانیشتنەكەوەو لەدەستپێكى وتوێژەكە مەرجو پەیامەكانى خۆیان بەپارتى بگەیەنن، كەپێدەچو پارتى زۆربەیانى قبوڵ بكردیایە، چونكە روداوەكانى بادینان زۆر بەخراپى بەسەریدا شكابویەوەو دەیویست هەرچۆنێك هەیە لەپاڵ چارەسەرە ئەمنیەكاندا گەمەى سیاسیش بكاتو ئەو ئیحراجبونە سیاسیە تێپەڕێنێت، بەڵام یەكگرتو كەنەچوە گفتوگۆوە ئایا بیریان لەبەدیلى باشتر كردبویەوە؟ بێگومان نەخێر، چونكە ئەو بەدیلانەى تائەم ساتەوەختە ئیشیان لەسەر دەكات لەبنەڕەتدا بەدیل نین، بەڵكو برتیین لەپینەكردنى سیاسی.
حاڵەتى سێیەم بریتى بو لەوەى كەپارتى گفتوگۆكەى بەجدى وەرگرتو ئامادەش بو، رۆیشتنى مەسرور بارزانیش بەگوێرەى لێكدانەوەو زانیاریەكانى ئێمە ئاماژەى گەورەى سیاسىو كۆمەڵایەتى بونو یەكگرتو دەیتوانى لەو دانیشتنەدا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوەو بەقازانجى خۆى كۆتایی پێبهێنێ، بەڵام بەپێچەوانەوە بۆیكۆتكردنى دانیشتن لەلایەن یەكگرتوەوە، جگە لەزویركردنى كۆمەڵایەتىو سیاسى، هاوكات پارتیشى خستە بیرى ئەوەى پاشەكشە لەهاتنە پێشەوەكەى بكاتو كار لەسەر پەراوێزخستنو پشتگوێخستنى بكاتو بەكرداریش كردىو سەردانى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم لەو چركەساتەدا جگە لەبەجێهێنانى ئەركى خۆى، لەهەمانكاتدا گەیاندنى پامێكیش بو بەیەكگرتو، چونكە هەموان بەیەكگرتویشەوە چاوەڕێی هەوڵەكانى سەرۆكى هەرێم بون، بەڵام بێئاگا لەوەى مەسعود باروانى بەر لەوەى سەرۆكى هەریم بێت، سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستانەو هەر زویركردنێكى پارتى واتە زویركردنى خودى ئەویش، بەتایبەت كەكوڕە گەورەكەى لەشاندەكەى مەكتەبى سیاسى پارتیدا بو، بەر لەوەى بەشكاندنى شكۆى پارتى لێكدرابێتەوە، بەشكاندنى شكۆى مەسرور بارزانى لێكدانەوەى بۆكرا. هەوڵى دوەمى پارتى بۆبچوك كردنەوەى قەبارەى روداوەكان بریتى بو لەوەى رایگەیاند، ئەگەر ئەمجارە لەگەڵ یەكگرتو دابنیشنەوە، ئەوا لەئاستێكى بچوكى سەركردایەتیدا بەشدارى دەكەنو تائێستاش وەك یەكگرتوى ئیسلامى خۆى رایگەیاندوە پارتى هیچ هەنگاوێكى نەناوە بۆئاسایكردنەوەى بارودۆخى ناوچەى بادینان.
شكاندنى شكۆى سیاسى عەلى باپیر..كاڵبونەوەى هاوسۆزى هەوادارانى ئیسلامى بۆیەكگرتو
بەدەمەوەنەچونى یەكگرتو بۆدانیشتن لەگەڵ پارتى دواى قبوڵكردنى ناوبژیوانىو دەستپێشخەرى عەلى باپیر، چەندە پارتى نیگەران كرد، هێندە زیاتر ئەمیرى كۆمەڵى ئیحراجكرد، تاگەیشتە زویربونىو بڵاوكردنەوەى رونكردنەوە لەلاپەڕەى تایبەتى خۆى لەسەر تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبوك. لەم روداوەدا یەكگرتو هەم هاوسۆزى سیاسى عەلى باپیرو كۆمەڵى ئیسلامى وەك هێزێكى ئیسلامى نزیك لەخۆىو هەم هەوادارو لایەنگرى ئیسلامى كوردستانیشى بۆخۆى كاڵكردەوە، وەك ئەوەى لەسەروبەندى سوتاندنى بارەگاكانى لەئارادابو، ئەمەش لەلایەك پەیوەندى بەو غرورە سیاسیەوە هەیە، كەهێشتا هەندێ بەرپرسى یەكگرتوى بەرنەداوە، لەلایەكیتریشەوە هەوڵەكەیان بەبچوك شروڤە كرد، وەك چۆن ئەندامێكى پایە بەرزى ئەو هێزە لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیدا بۆرادیۆیەك رایگەیاندبو، كەئەوان چاوەڕێی جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمار بو، تاوەكو میانگیرى ئەوانو پارتى بكات(وەكچۆن لەرۆژانى رابردودا ئەمیندارى گشتى یەكگرتو بەخۆىو شاندێكى مەكتەبى سیاسیەوە سەردانى ناوبراویان كردو رایگەیاند، كەهەموان لەژێر سایەو فەرمایشتى ئەودا ئامادەن كار بكەنو داوایشى لێكردبو كەرۆڵى میانگیرى بگێڕێت لەم روداوانەدا، بەمانایەكیتر میانگیر بكات لەنێوان ئەوانو پارتیدا). بۆیە بۆدڵدانەوەى ئەمیرى كۆمەڵ سەلاحەدین بەهادینى ئەمیندار بەخۆىو شاندێكى بەرزى مەكتەبى سیاسیەوە بۆدڵدانەوە سەردانى نوسینگەى عەلى باپیرى كرد.
كۆبونەوە لەگەڵ نوخبەى روناكبیران..یان پەنابردن بۆكارتى سوتاو
یەكگرتوى ئیسلامى، كەهەست بەزەنبى خۆى دەكات، بەرامبەر ئەو هەڵە كوشندانەى لەسوتاندنى بارەگاكانیەوە ئەنجامیداوە، تازە دەكەوێتە پەنابردن بۆكارتى سوتاو، ئەویش لەرێگەى دانیشتن لەگەڵ خەڵكانى روناكبیر، گوایە بیروڕایان بەهەند وەردەگرێت، بێئاگا لەوەى لەكڵپەسەندنى ئاگرى بارەگاكانیەوە لەبرى ئەوەى لەو ساتەوەختە هەستیارەدا پرس بەنوخبەى ئەكادیمىو خوێندەوار بكات، بەپێچەوانەوە لەلایەك لەو سەرەتایەوە پشت بەو نوسەرو رۆژنامەنوسانە دەبەستێت، كە لەبرى رێگەچارە نیشاندان، هێندەى تر شەیپورى جەنگى بۆلێدەدەنو دۆخەكە توندتر دەكەنەوە(ئەگەرچى ئەمەش لەكاتى خۆیدا پێویستە، بەڵام نەك بەپشتگوێخستنى ئەوانیتر). سەرەڕاى ئەوەى كەیەكگرتوى ئیسلامى پرس ئەم نوخبەیەش دەكات، بیروڕاكانیان بەبیانوى درێژى ماوەكەىو گونجانى لەگەڵ كاتى بەرنامەكانى كەناڵەكەیدا كۆلاجو مۆنتاژ دەكاتو قسەى هەر كەسی بەدڵ نەبێت بۆبینەرى كەناڵەكەى پەخش ناكات(وەك ئەوەى لەرونكردنەوەى رێبوار سیوەیلی دا هاتووەو گلەیی ئەوە دەكات لەیەكگرتوى ئیسلامى).
دواجار...یەكگرتوى ئیسلامى دەبێت لەم روداوانەدا چی بكات؟
ئەگەرچى یەكگرتو لەم روداوانەدا دۆڕاو نیە، بەڵام ئەو براوەیەش نیە، تاوەكو دەستى خۆش خەیاڵى بخاتە ژێر سەرىو پاڵى لێباتەوە، چونكە ئەمە تاكە روداو نابێت روبەڕوى ئەم هێزە ببێتەوە لەئێستاو داهاتودا، بەڵكو سیاسەت خۆى بۆخۆى بریتیە لەچەتونىو موغامەرە، بۆیە هەنگاوى بنەڕەتى بریتیە لەدامەزراندنى سەنتەرو ناوەندێكى ئەكادیمى توێژینەوەى سیاسى، بۆئەوەى لەروداوێكى ئالەمەو هاوشێوەكانیدا بەحزبەكەى بڵێ ئاوا بكەو بەم شێوازە بجوڵێرەوە، نەك بەمەزاجى كەسەكانو عاتیفەو ئەزمون، كەدواتر قازانج سەرى مایە بخوات، چونكە ئەوەى لەكوردستان دەگوزەرێت، بەمانا سیاسیەكەى سیاسەتكردن نیە، كەلەرێگەى ناوەندو سەنتەرى دیراساتى زانستىو سیاسیەوە بێت، هێندەى ئەوەى چەند كەسێكن دەستیان بەرزكردۆتەوە، تاوەكو بەرپرسەكەیان لەرێگەى دەستهێنان بەسەر پشتى قۆریەكەیدا عەلى بابایان بۆدەربهێنێو كێشەكانیان چارەسەر بكات.
تێبینى: ئەم بابەتە بریتیە لەراپۆرتێكى شیكارى ئێمە كە لەژمارە(184) گۆڤارى (لڤین)دا بڵاوبۆتەوە.
سەلام عەبدولكەریم
مامۆستاى زانكۆو قوتابى دكتۆرا- زانكۆى سلێمانى.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست