مافیاکانی مهسعوود بارزانی ههڕهشهی کوشتن دهکهن
Friday, 30/11/2012, 12:00
شێخ عەلۆ فەرماندەی فەرماندەیی دهۆک هەڕەشەی کوشتن لە کارمەندانی کۆمپانیایەکی نهوت دەکات ئەگەر 5 ملیۆن دۆلاری پێنەدەن.
شێخ عەلۆ مزووری کە سەردەمانێک پێشمەرگە بووە و پاش ئەنفالەکان ببوو بە جاشی سەرۆک جاش ئیبراهیم عەلی حاجی مەلۆ مزووری و دوای ڕاپەڕینیش پاسەوانی تایبەتی فازل میرانی سکرتێری پارتی بووە و هەر بە واستەی ئەویشەوە پاش ئەوەی کە بابەکر زێباری بوو بە سوپاسالاری ئیراق، شێخ عەلۆ بوو بە فەرماندەی فەرماندەیی دهۆکی لەشکری کوردستان لە جێگای ئەو.
لەو کاتەوەی کەوا ئەم کابرایە بووە بە فەرماندەی ئەم فەماندەیی یە، ئەو لەگەڵ هەر یەکێک لە تەمەر کۆچەری پارێزگاری دهۆک و محەمەد موحسنی براژنی هوشیار زێباری بوونەتە گەورەترین سێکۆچکەی مافیا و گەندەلی لە بادینان.
ئەم سێ کەسە کە لە هەمان کاتدا بوونەتە شەریکی کۆمەڵێک لە بازرگانانی گەندەڵی گەورەی بادینانی وەکو سەباح ملحم و فارس کۆچەر، لە هەمان کاتیشدا گەندەڵی بادینانیان لە بەینی خۆیاندا دابەشکردووە.
تەمەر کۆچەر هەرچی کۆنتراکت و بازرگانی هەیە بەشی ئەوە و محەمەد موحسنیش دەستی گرتووە بەسەر بازرگانی چەکدا کەوا چەکێکی زۆر لە بەغدا بە ڕێگای ئەفسەرە زێباریەکان دێنێتە کوردستان و لەوێشەوە دەیفرۆشێتە پ.ک.ک و جاشەکانی باکووری کوردستان، کە خوشکەزایەکی بە ناوی ئەحمەد عەبدولعەزیزەوە کە لە هەمان کاتدا ئەفسەری سەر بە هوشیار زێباریە کردووە بە بەرپرسی ئەم بازرگانیە.
هەرچی شێخ عەلۆ یە، ئەم کابرایە چەندەها ساڵە بە پارەی دەرماڵە و نەسریەی زیاتر لە ٢٠ هەزار پێشمەرگە بووە بە ملیاردێر و ساڵانە لە ئاهەنگی سەری ساڵ لەگەڵ مرۆڤکوژەکەی بنەماڵەی بارزان کە ناوی (وەحید کۆڤلی) یە لە ستەنبول و قوبرس بە ملیۆنەها دۆلار لە قۆمار دەدۆڕێنن، کەوا دوایین جار هەریەکە و نیو ملیۆن دۆلاری دۆڕاندبوو لە قوبرس.
بێجگە لەمەش پێش ٣ ساڵ ئەم شێخ عەلۆیە لە هۆتێلێکی هەولێر پاش ئەوەی مەشرۆب و بڕێکی زۆری ماددەی بێهۆشکەری بە زۆری دابوو بەکچه گهنجێکی گۆرانیبێژ(.....) و لەگەڵ کۆمەڵێک مافیای هاوڕێی تا بەیانی بە کۆمەڵ تهعدایان لێ کردبوو و کچەکەش تووشێ خوونبەربوون ببوو و لە هۆش خۆی چووبووەوە و لەوێ لە هۆتێلەکەیان بە جێهێشتبوو و تابەیانی لە ناو خوێنی خۆیدا بوو.
بەڵام لەلای خەڵکی بادینان بە چاو گەندەڵیەکانی تری شێخ عەلۆ ئەمانە شتی بچووکن و بەشی تایبەتی ئەو لە گەندەڵی لە بادینان کە لە ڕێکەوتنەکەی بەینی مافیاکانی بادینان پێی بڕاوە، کۆمپانیاکانی نەوتن کە لە بادینان خەریکی گەڕان بەدوای نەوت و دەرهێنانی دان.
بە پێی ئەو دابەشکردنەی بەینی مافیاکانی بادینان هەر کۆمپانیایەکی ئەم کەرتە بێتە بادینان ئەگەر کۆنتراکتی پاسەوانی، کارمەند، ئوتومبێل، خواردن و شۆفێرەکان نەدات بە ئەو، ڕێگەی پێنادرێت لەم هەرێمە کاربکات. پێش سێ ساڵ کۆمپانیایەکی کەنەدی کە دەیویست بارەگاکەی لە نزیک ناحیەی بامەرنێ دابنێت و دەست بە کارەکانی بکات، کە کۆنتراکتی خزمەتگۆزاریەکانی دابوو بە کەسێکی ئامێدی لە بنەماڵەی (حاجی شەعبان ئامێدی)، کە لە دێرزەمانەوە مونافسی بنەماڵەی (موحسن سالح ئامێدی) باوکی محەمەد موحسن و خەزووری هوشیاری زێبارین. بەڵام محەمەد موحسن و شێخ عەلۆ هەڕەشەیان لە کۆمپانیاکەیان کرد بەوەی کە ئەگەر کۆنتراکتەکان بەوان نەدات ئەوا بە هیچ شێوەیەک ڕێگای پێنادەن لەم هەرێمەدا کار بکات و بەم شێوەیە چەند مانگێک کاری کۆمپانیاکەیان ڕاگرت و نەیانهێشت کاربکات و بۆ ماوەی مانگێک دانوستان لە بەینی شێخ عەلۆ و محەمەد موحسن و کۆڕەکەی بنەماڵەی حاجی شەعبان ئامێدی لە هۆتێلی دلشاد پالاس لە دهۆک بەردەوام بوو. هەرچەندە کۆڕەکە ڕازی بوو مانگانە 40 هەزار دۆلار بە هەردووکیان بدات، بەمەرجێک وازی لێبێنن کارەکە بکات، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون و دوایی کۆڕەکە ناچار بوو بەوە ڕازی بێت کەوا 75% پارەکە بۆ شێخ عەلۆ و محەمەد موحسن بێت بە بێ ئەوەی کارێک بکەن، تا کو ڕێگایان دا کۆمپانیاکە دەست بە کاری خۆی بکات.
بەڵام شێخ عەلۆ بەمەش ڕانەوەستا و پاش ئەوەی بە ملیۆنان دۆلاری لە کۆمپانیاکان وەرگرتووە تا ڕێگایان بدات کارەکەیان بکەن، ئیستا دەستی کردووە بە شێوازێکی تری قۆڵبڕینی ئەم کۆمپانیانە.
پێش چەند ساڵێک ئەم شێخ عەلۆیە هەڵساوە بە دروستکردنی خانوویەک لە گوندەکەی خۆی (گەلی ڕمان) کە دەکەوێتە بەینی شاری دهۆک و ناحیەی (باعەدرێ) و چەند ساڵێکە سریەیەکی پێشمەرگەی لە وێ داناوە بۆ پاسەوانی خانووەکەی.
لە هەمان کات دا کۆمپانیایەکی بیانی بیرێکی نەوتیشی لەم ناوەدا لێداوە. ئێستا شێخ عەلۆ بە بەهانەی ئەوەی کەوا بیرەکە نزیکی خانووەکەی ئەوە و کاریگەری لە سەری ئەکات، داوای 5 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیاکە ئەکات، ئەگەر نا کاری کۆمپانیاکە ڕائەوەستێنێت و ناهێڵێت لەوێ کاربکات.
ئەوەی لەمە سەیرتر ئەوەیە کەوا شێخ عەلۆ هەمو ئەم کارانە بە بەرچاوی حکومەتی کوردستان و سەرکردایەتی پارتی یە وە ئەکات، بە بێ ئەوەی کەسێک دەنگیش بکات.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی (حەمید عەلی سپینداری) بەرپرسی گۆمرگ و کۆمەڵگای سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە ئاشکرای کرد کەوا چەند رۆژێک پێش جەژنی قوربان شێخ عەلۆ سەردانی حەمید عەلی سپینداری کردووە لە ئیبراهیم خەلیل و پەیامێکی پێداوە بۆ ئەوەی بیگەیێنێتە هەریەکێک لە (سیداد بارزانی) بەرپرسی نووسینگەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان. پەیامەکەش ڕاست و ڕەوان وا ئەڵێت: (بە سیداد بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بڵێ، تا ماوەی یەک مانگ 5 ملیۆن دۆلارم پێدەدەن باشە، پێم نەدەن، ئەوا بە پێشمەرگە پاسەوانەکانم گۆتووە: هەر کەسێکی سەر بە کۆمپانیاکە بێتە ئەوێ بە نیازی کارکردن لە پرۆژەکەی نەوت، سەرو گوللەیان لەنێوچاوانیان بدەن و نەهێلن یەک مەتریش نزیک پرۆژەکە بکەون).
بە پێی سەرچاوەکە، حەمید عەلی سپینداریش پێی گۆتووە: (تکات لێ ئەکەم تۆزێ تەحەمول بکە، من پێیانم گۆتووە و جارێکی تریش پێیان ئەڵێم و ١٠٠% پارەکەت بۆ وەرئەگرین خەمت نەبێ، تەنها تۆزێ تەحەمول بکە).
منیش دەپرسم : ئایا لە کاتێکدا کە سەرکردایەتی کوردستان چارەنووسی ئێمەی بەم مافیایانە سپاردووە، دەتوانین چاوەڕێی پاشەرۆژێکی گەش و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەین ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست