مارى ئەنتوانێت وسەرۆكى هەرێم !!
Sunday, 27/03/2011, 12:00
كاتێك چینى بورژوازى لەفەرەنسا لەساڵى 1789ز شۆڕشێكى مێژووییان بەڕووى تەخت وتاجى پاشایى فەرەنسا(لویسى شازدە) هەڵگیرساند كەژمارەیەكى زۆرى خەڵكى رەش وڕووت وهەژار وكەم دەرامەتى تێدا بەشداربوو ئەمەش ئەو ڕاستیە مێژووییە دوور دەخاتەوە كەزۆریك لەبیر وباوەڕان پێیان وایە كە ئەگەر روشنبیرانێكى وەك فولتیر وروسو ومونتسكیو دیدرو ..هتد نەبووایە ئەوا شورشى فەرنسا هەڵنەدەگیرسا ,بەڵام مێژوونووسێكى وەكو ویل دیورانت لە كتێبى (وانەكانى مێژوو) پێى وایە كە ئەگەربرسێتى وقات وقڕى نەبووایە ئەوا زۆر زەحمەت بوو كەشۆڕشێكى گەورە وەكو ئەوەى شۆڕشى فەرنسى تەوژمێكى گەورە بەوشێویە بەخۆوە ببینێ,بەرپرس وپیاوە خانەدانەكانى پاشا بەهیچ شێوازێك دانیان بەشەرعیەتى شۆڕشەكەدا نەنا وبەكارێكى ملهوڕانە وچەپەڵ ونایاساییان لەقەڵەم دا ,خێزانى پادشا (مارى ئەنتوانێت) كاتێك پرسیارى لەیەكێك لە كاربەدەستەكانى كرد وپێ ووت ئەوە خەڵكى فەرنسا ئەو هەراو هوریەیان لەچییە بۆ واتێرژاون بەسەر یەكدا ئەویش لەوەڵامدا گووتى "شۆرش دەكەن لەپێناو نان" لەوەلامیشدا بەووتەیەكى گاڵتەچارییانە گووتى(گەر خەڵكەكە بۆنان شۆرش دەكەن ونان نیە بیخۆن ئەى بۆچى بسكوێت ناخۆن) !!ئەم قسەیە سەرەڕاى ئەوەى كەگاڵتەكردن وسوكایەتى كردنێكى بێ ماناییە بەشۆرشگێران لەهەمان كاتدا لەدووتۆیى شوێنێكەوە دەردەچێ كەدوور ونزیك هیچ ئاگاو خەبەرێكى لەدەوروبەر ونێوخۆ وڕەوتى گشتى ووڵات نیە كەچ لەمەرگەسات وگەندەڵى وناعەدالەتیەكى گەورەدا دەژن !؟لەچى ستەم كردنێك ونا ئازادى و خراپەكاریەكدا دەژن !؟مارى ئەنتوانێت بەردەوام لەكۆشكەكەى خۆیدا خەریكى خۆڕازاندنەوە وخۆدەوڵەمەندكردن وپڕكردنى كیرفان وسندوقى زەخیرەى كۆشك بووە,لەوباوەڕەدابوو كەخەڵكە داماوەكەش هەروەكو ئەو دەژن بەڵام لەڕاستیدا نەیدەزانى كەئەو لەخەیاڵێكى فراوان وبێ وێنەدا دەژى هەرئەم خەیاڵ وبێ ئاگاییە بوو كەلەئەنجامدا سەرى خستە بەردەم ئامێرى سەربڕین ومەقسەڵەى شۆرشگێڕان كەئەمەش باجى سیاسەت وهەڵوێستە هەڵەكەى بوو كەلەبەرامبەر گەلەكەى ئەنجامى دا,بەڵام گەرتەماشایى واقیعى كۆمەڵایەتى وسیاسى ودام ودەزگاكانى كۆمەڵگەى خۆمان بكەین ئەوا نەك تەنها یەك مارى ئەنتوانێتى تێدا بێت بەڵكو دەزگا ودامەزراوە نەماوە كە ئەنتوانێتێكى تێدانەبێت و ئاكار وهەڵوێست ومامەڵەیان هاوشێوەى مارییەكەى فەرەنسانەنەبێت كەخۆیان لەنێو كۆشك وتەلار وڤیلاى بڵند وكارەبایى بەردەوام وئۆتۆمبیلى دوا مۆدێل وجوانترین جل وبەرگ وخۆشترین خواردندا دەخولێنەوە !!وبا خەڵكە چەوساوەكەش لەدۆزەخ وكۆڵەمەرگیدا بژى لەبێ ئاوى ولەبێ سووتەمەنى ولە بێ خزمەتگوزاریدا بژى بۆیە ئەمانە نەك تەنها لەمارى ئەتوانێت دەچن بەڵكو هەنێك جار لەویش ناهۆشیارو بەدحاڵى ترن پێیان بكرێ دەڵێن لەبرى كارەبا چراش دامەگیرسێنن چونكە نەوت نیە ودەست ناكەوێ ولە تاریكى وشەوەزەنگێكى بێ گڵۆب دابژن !!,یاخودلەبرى نەوت داریش نابێ ببڕن چونكە دار نیشانەى شارستانیەت وگەشت وگوزارییە وئەگەر لەسەرماشدا ڕەق ببنەوە ئەوا كێشەى خۆتانە!!, بەداخەوە لەم ماوەیەشدا بەتایبەتى لەپاش رۆژى 17ى شوباتەوە هەست بەوە دەكەین كە دەسەڵات غەرقى مارى ئەنتوانێتەكانە نەك تەنها ناحاڵیە وئاگاى لەدۆخەكە نەماوە وخۆى تەواو گێل كردووە بەڵكو بەتەواوى خۆى وونكردووە , نموونەش زۆرن ئەگەر بەرپرسێك یاكوڕى بەرپرسێك هەر شتێك لەم ووڵاتەدا ئەنجام بدات یاخود هەر گرفتێك دروست بكات كەس لێی ناپرسێتەوە وەك ئەوەى بینیمان جەلادەكانى ئەمنە زەردەكەى سلێمانى بەبیكەیسى كەوتنە گوللە بارانكردنى گەنجەكانى سلێمانى , كەچى دەسەڵات لەو دیوى بەنجەرەكانى حوكمەوە خەریكى ئاهەنگ گێڕانى مەجدى مۆڵ وگەشتى نەوروز وهەڵپەڕكێى عەزیزى وەیسیە , بەهەزارەها كەس لە مەیدانى سەراى ئازادى دا هاوار دەكەن نابۆ گەندەڵى وستەمكارى وگوللە بارانكردن وبەڵى بۆ ئازادى وعەدالەت وچاكسازى ودیموكراسیەت وئاڵوگۆركردنى دەسەڵات ومەدەنیەت , كەچى برادەرانى بەرپرسە حیزبیەكان وهەردوو سەرۆكى هەرێم وسكرتێرى گشتى یەكێتى نەك تەنها وەڵامیان نادەنەوە بەڵكو ووڵاتیان بەجىًَ هێشت وئامادەن گوێ لە عەرەبێكى نامۆ وشۆڤێنى بگرن یاخود گوێ لە ئیبراهیم تاتلساسێكى بەدمەست بگرن بەس گوێ لە گەنجێكى بوێرى كورد پەروەرى نێو سەراى ئازادى نەگرن كەخەون بەئازادى ودەوڵەمەندییەوە دەبینێ ,بەداخەوە بەرپرسەكان لەترسى داواكارییە ڕەواكانى خەڵكدا خۆیان وون كردووە ونایانەوێ لەحاڵى خەڵك بپرسن ولەهەموو فرمانێكى گەل وهاووڵاتیدا بەهەر فێڵ وتەڵەكەیەك بێت خۆیان دەربازدەكەن بەڵام ئەم خۆدزینەوە ئەوەندەى زەرەر وزیانى هەیە بۆ بەرپرسەكان خۆیان بەقەدەر نیو ئەوەندەش زەرەمەند نیە بۆهاووڵاتیان بۆیە پێویستە بەشێوازیكى قووڵ وهەمەلایەنانە بەخۆیاندا بچنەوە وسوود لەهەڵە چەوتەكانیان وەربگرن ودووبارە وسێ بارە ى نەكەنەوە وسەر بۆ داوا ڕەواكانى هاوڵاتیان كەچ كەن وگوێیان لێ بگرن وبەسنگێكى فراوانەوە ڕەخنە وگلەیى گازندەیى خەڵك قبووڵ بكەن ,وئەو بۆشاییە ترسناكەى كەلەنێوان خۆیان وخەڵكدا درووست بووە بەگفتوگۆ وولێك تێگەیشتن چارەسەر ى بكەن ......
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست