(یەكگرتووى ئیسلامى لەنێوان دروشم و واقیعدا) خوێندنەوەیەكى لۆژیكیانە بۆهەرسێ دروشمى (ئازادى وبرایەتى و داد پەروەرى) لەلاى یەكگرتووى ئیسلامى
Tuesday, 24/08/2010, 12:00
(یەكگرتووى ئیسلامى لەنێوان دروشم و واقیعدا)
خوێندنەوەیەكى لۆژیكیانە بۆهەرسێ دروشمى (ئازادى وبرایەتى و داد پەروەرى) لەلاى یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان .
كەیوان هەورامى /هەڵەبجەى شەهید
یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان كەلە 6_2_1994دا وەكو حزبێكى ئیسلامى میانڕەوى ڕیفۆرمخواز خۆى ڕاگەیاند ، هەروەكو سەرجەم حزبەكانى دیكەى كوردستان بەكۆمەڵێك دروشم و ئامانجى گەورەو گران و بریقەدارەوە خۆى ناساند ، دیارە كەئەم دروشم و ئامانجانەشى لەناخ و كرۆكى ئاینى ئیسلامەوە هەڵگۆزابوو ، بەمانایەكى دیكە هەموو ئەو دروشم و ئامانج و گوفتارانەى كە یەكگرتوو بانگەشەیان بۆ دەكات و دەیانڵێت (تأێیلى شەرعى) یان بۆدەدۆزێتەوەو مۆركێكى شەرعى بوون و ئیسلامى بوونیان پیاهەڵدەواسێت ، بەڵام ئەوەى كەنكۆڵى لێناكرێت ئەوەیە كە یەكگرتوو لەمەدا زیرەكانە هەنگاو دەنێت بۆڕازیكردنى ئەندامان و جەماوەرەكەى ، هەربۆیە لەكاتى جێبەجێنەكردنى دروشمەكان و بوونى جیاوازى لەنێوان گوفتارو كرداردا ، چەندە زیان بە میسداقیەت و كەسایەتى خودى حزب دەگات ، هێندەش زیان بەڕووى گەشى ئیسلام دەگات ، هەربۆیەش لەم نێوەندەدا ئاین دەبێتە گەورەترین قوربانى بێتاوان ، هەر لەبەرئەمەشە كە ئیسلام زۆر جەخت لەسەر ئەم حاڵەتە دەكات و بەجۆرێك لەڕیزى گوناهە گەورەو ناشیرینەكاندا پۆلێنى دەكات .
بۆزیاتر دڵنیابوون و ئاشنابوون بەم حاڵەتە ، بەشێوەیەكى خێرا لاپەڕەكانى چەند ساڵەى تەمەن و ئەزمونى سیاسى یەكگرتوو بەسەر ئەكەینەوە ، بزانین تاچ ئەندازەیەك واقیعى سیاسى و ئیسلامى یەكگرتوو گونجاوە لەگەڵ دروشمەكانیدا ، یان بەشێوەیەكى دیكە ئایا یەكگرتوو تاچەند توانیویەتى كردارو گوفتارى یەكبخات؟
لەیەكەم ساتى ڕاگەیاندنیدا یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان لە ژێر دروشمى ((إن أوریدإلا اێلاح ماستعت وما توفیعى إلا بااللە)) خۆى ناساند ، ئەوەش بانگەشەیەك بوو بۆ سەرجەم حزبەكان بەگشتى و وەئیسلامیەكان بەتایبەتى كە ئەمان تەنها چرا هەڵگرى ئیسلامن و پێش ئەمان سەرجەمیان خەریكى تێكدان و تێكشكانى تاك و كۆمەڵگەى كوردى بوون و ئێستا ئەمان واتە یەكگرتوو هاتوون و موعجیزە ئاسا هەمووى چاك دەكەنەوە .
زۆرجار بەو پەڕى لوتبەرزى و لە خۆبایبوونەوە یەكگرتووە كان دەیان وت " بیهێننە پێش چاوى خۆتان ، ئەگەر ئێستا یەكگرتوو لەگۆڕەپانى كوردستاندا نەبوایە كوردستان جگە لە جەنگەڵستانێك زیاتر چۆن دەبوو ؟ یان دەیانوت ئەگەر یەكگرتوو دروست نەبوایە ئێستە كوردستان چ ڕەنگێكى تاریكى دەبوو ؟ چەندین جاریش لەبۆنە تایبەتى و گشتیەكاندا دەیانوت " ئیسلامیەكان خاوەنى هیچ پڕۆژەیەك نین و دونیا بینیان نى یە بۆ ئایندە " دیارە لەمەش مەبەستیان ئەو حزبە ئیسلامیانە بوو كە لە گۆڕەپانى سیاسى كوردستاندا هەبوون كە هەریەك لە بزوتنەوە ى ئیسلامى و بزوتنەوەى ڕاپەڕینى ئەو كاتبوو .
هەر زیاتر لەسەر ڕاوەستانى یەكگرتوو لەم باسانەو درێژكردنەوەى بۆ دنیاى ڕاگەیاندن و باسكردنى بەردەوامیەكى زۆرى هەبوو، هەربۆیە مەولود باوە موراد كە ئێستە ئەندامى مەكتەبى سیاسى ئەو حزبەیە لە ژمارە (694) ى ڕۆژنامەى یەكگرتوو لە گۆشەى ڕەهەندەكەى بەم شێوەیە باسى ئەو بزافانە دەكات كە بەبێ پڕۆژەن و دەنوسێت "بزاڤ و هێزى ئیسلامگەرى بێپڕۆژە وەك مرۆڤى كەڕوڵاڵە ...كەتەنها لەڕێگەى بینینەوە تەقلیدى وێنەكانى ژیان لەوانى ترى دەوروبەرە كۆمەڵایەتیەكان دەكات " لێرەدا نوسەر وەها سەیرى حزبە ئیسلامیەكانى دیكە دەكات كە بەبێ پڕۆژەن و بەحزبى كەڕوڵاڵ دەیانشوبهێنێت .
یەكگرتوو دروشمى حزبەكەى لەسەر سێ كۆڵەكە داناوە كە ئەوانیش (ئازادى و برایەتى و داد پەروەرى) ن .ئەوەى لێرەدا پرسیار دروست دەكات ئەوەیە كە ئایا یەكگرتوو وەكو حزبێكى ئیسلامى تاچەند خاوەنى میسداقیەتە لەگەڵ دروشمەكانیدا ؟ ئایا بەواقیعى فعلى مامەڵەى لەگەڵ كردوون ؟ لەكاتێكدا كە ئەم حزبە وەها خوێندنەوە بۆ حزبە ئیسلامیەكانى دیكەى كوردستان دەكات كە بێدروشم و بێ پڕۆژەو بێكارن ، ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین بە جیا خوێندنەوەیەكى كورت بۆ ئەودروشمانە بكەین كە یەكگرتوو پیایاندا هەڵدەدات و بزانین تاچەند ئەو حزبە ئیسلامیە كاروكردەوەكانى لەگەڵ دروشمەكانیدا یەكدەگرێتەوە ؟
یەكەم : ئازادى : لەلاى یەكگرتوو وشەو چەمكى ئازادى ئەگەر تەنها نوسینى سەر كاغەز نەبێت ئەوا زیاتر نى یە ، لەو بڕوایەدام ئەم چەمكە لەلاى یەكگرتوو ستەمێكى زۆرى لێكراوە ، یەكگرتوو هێندە بڕواى بە ئازادى هەیە كە خۆى سودى لێوەرگرێت و زیانى بۆخودى حزب نەبێت ، یان بەشێوەیەكى دیكە ئازادى لەلاى یەكگرتوو میكانیزمێكە كە بەكارهێنانى زۆر ئەستەمە ، دیارە یەكگرتوش وەكو هەموو حزبەكانى دیكەى هەرێمى كوردستان كۆمەڵێك هێڵى سورى هەیە و نابێت بەهیچ شێوەیەك ببە زێنرێت ، ئەگەرچى ئەوبەزاندنەش پرسیارێكى جدى یان ڕەخنەیەكى زبر یان پێشنیارێكى چاوەڕواننە كراویش بێت ، كە ئەم حاڵەتەش ئازادى دەگوشێت ، وتەیەك كەلەنێو یەكگرتوودا زۆرباوە كە دەڵێت " وریابە بانیشانەى پرسیارت لەسەر دانەنێن "!!!
ئاخر ئەوە چ جۆرە ئازادى یەكە كە تۆ نەتوانیت ڕەخنەیەك بگریت لەحزب ؟ لەكاتێكدا یەكگرتوو ڕەخنەى ئەندامانى خۆى پێقبوڵ نى یە چۆن بەرگەى ڕەخنەى بەرهەڵستكارانى بەرامبەرى پێ هەزم دەگرێت ؟ ئەى بۆ هەمووجارێك یەكگرتوەكان دەیانوت ئیمامى عومەر دەفەرموێت " ڕەحمەتى خودا لەوكەسەى عەیب و هەڵەكانم بەدیارى بۆ دەهێنێت " ؟؟؟
بۆچى ئێستە خۆیان لەئیمامى عومەر كەڕدەكەن ؟لەوڕۆژەوەى یەكگرتوو دروست بوەو بەهەموو تەلە فزیۆن و ڕادیۆ زۆرو زەبەندانەى كەهەیەتى ، یەك بەرنامەى كراوەو ڕەخنە ئامێزى نى یە كەبواربدات بەئەندامانى حزب كە ڕوو بەڕوو لەگەڵ بەرپرسەكانى خۆیاندا بكەن تا ڕەخنەو پێشنیار ئارَاستەى حزب و ئەندامانى باڵا بكرێت ، لەسەرجەم ژمارەكانى ڕۆژنامەى یەكگرتوشدا ، ئەونوسین و وتارانەى كەتۆزقاڵێك بۆنى ڕەخنەیان لێوە بێت لەحزب هێندە كەمن كەتەنها پەنجەكانى دەستێك بەسە بۆژماردنیان ، دیارە هەر ئەمەش واى كردوە كە لە مێژووى ئەو حزبەدا چەند ڕەوتێك دروست ببن لەدژى ئایدۆلۆژیاى یەكگرتوو وە ڕەخنەكانیان لەدەرەوەى ڕاگەیاندنەكانى خۆیانەوە ئاڕاستەى حزب بكەنەوە ، لەكاتێكدا كە ڕاگەیاندنى یەكگرتوو لێوانلێوە لە وتارو پیا هەڵدان و شیعرو پەخشانە شیعر بۆ حزب ، كە ئەمەیان دوورە لەبەهاكانى ئاینى ئیسلام و نزیكە لە ڕاگەیاندنى حزبە لەخۆبایى و دیكتاتۆرەكان .
كەم نین ئەو ئەندام و كادرە بەتوانایانەى كە یەكگرتوو كەلەسەر ڕەخنەیەكى پێویست و ڕاست كەوتونەتە بەر ڕق و كینەى بەرپرس و مامۆستا خاوەن ئیمتیازو حەكیمەكان .
ئەوانەى كەلە ساڵانى ڕابردوودا لەڕاگەیاندنى یەكگرتوودا وازیان هێناوە تەنها لەسەر ئەوەبوە كە ڕەخنەیان دەگرت و یەكگرتووش گومانى نیفا ق وكارى سیخوڕى لێدەكردن بۆیە ناچاردەبوون واز بهێنن ، ئێستەش ئەگەر ئەندامێك ڕەخنەیەك لە قیادەى حزب بگرێت پێى دەڵێن " كەسێكى سەر لێشێواوە، ئیمانى لاوازە ، سارد بۆتەوە لەكارى حزبایەتى ، خۆى دۆڕاندوە ، ئیخراكراوە ، تەنانەت پێى دەڵێن مورتەت بوەو لەدین هەڵگەڕاوەتەوە .
دووەم : برایەتى : ئەمە ئەو دروشمەیە كە یەكگرتووى ئیسلامى هاوارى بۆدەكات و سرودى بەباڵادا دەڵێت ، تەنانەت مارشى حزبەكەشیان هەربەم وشەیەوە ناوناوە (مارشى برایەتى) و هەردوو دەستە لەناو دەستەكەى لۆگۆى حزبیش گوزارشت لە برایەتى دەكات . لەناو یەكگرتوودا یەكەم ئاوازو میلۆدى كەبەرگوێت دەكەوێت ئەمەیە ((بابرایى كەئاواتى هەمووانە ، بیكەینەوە مەشخەڵى كار چەند جوانە)) ، هیچ هێزێك نى یە نكۆڵى لەوەبكات كە برایەتى و برایى ئاواتى گەورەى مرۆڤ نى یە ، برایەتى ئاواتێكە هەمووان ئەیخوازن و بانگەشەى بۆدەكەن ، بەڵام قسەى گرنگ و تەواو دێڕى دوەمى هۆنراوەى مارشەكەیە كە دەڵێت "((بیكەینەوە مەشخەڵى كار چەند جوانە)) واتاى جوانى و قەشەنگى وشە لەكاتێكدایە كەلە واقیعدا بەرجەستە بكرێت ، لەمەیدان و گۆڕەپانى كاردا ببینرێت و لەسەر ئەرزى واقیعدا كارى پێبكرێت ، ئەگینا جوانیەكەى دەبێت لەكوێدا بێت ؟
حزبێك كە كۆنفرانس و كۆنگرەى پڕلە تەكەتول و موئامەرەو چى یە چى یە و مشت و مڕى پۆستەكان و كەسەكانە ، ئیتر بۆچى لەڕاگەیاندنەكانەوە دەڵێن " سوپاس بۆخودا كۆنگرەو كۆنفرانسەكانمان لەكەش و هەوایەكى برایانەو ئیماندارانەدا كۆتایى بەكارەكانى خۆیان دەهێنن ؟ بۆچى باس لەوەدەكەن كە جەنابى ئەمینداریان خۆى نەپاڵاوتوە تەوە بەڵام ئەندامانى كۆنگرە بەزۆر هەڵیان بژاردەوە و جەنابى مامۆستاش لەوتارێكى پڕچێژو ڕۆحى دا هەموو ئەندامانى كۆنگرەى هێنایە گریان ....گریانەكەشیان عەرشى خوداو ئوتێلەكەى ئەلەرزاند؟
بەڵام لەهەمانكاتدا دەبینین كە سەرۆكى مەكتەب سیاسیەكەیان دوا لەئەمیندار دەكاتەوە كە خۆى بۆ ئەمیندارى هەڵنە بژێردرێتەوە ، ئایا ئە چەندى بەچەند ؟ برایەتى لەكوێدایە كەهەندێ ئەندام هەرچى تواناو وزەى خۆى هەیە سەرفى كرد بۆیەكگرتوو ، بەڵام هێشتا شیاوى ئەوەنى یە كە ببێتە ئەندامى كۆنگرە ؟ لەملاشەوە ئەندامى دیكە هەیە لەتایپێستى گۆڤارێكەوە دەستى بەكاركردوە لەنێو یەكگرتوودا كە چى سەرى لەهەكتەب سیاسیەوە دەردەچێت و ئێستە ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوە!!! ئەو برایەتیەى یەكگرتوو باسى دەكات لەكوێدایە كاتێك كەسێكى جوتیارێك لەدواى پەمووكردنەوە خۆى كرد بە بارەگاى حزبدا كەچى ئێستە بۆتە سكرتێرى وەزیر؟یەكگرتوو هەمیشە ئایەتى ((إنما الموْ منون إخوە)) بە ئیسلامیەكان دەفرۆشێت ، بەڵام ڕۆژێك ئەمەمان بەڕاستگۆیانە نەدى ، ئەزموونى چەندین ساڵەى ڕابردووش پێمان دەڵێت ،جگە لەشەڕە دەنوك و شەڕە مزگەوت و تانەو تەشەردان لەیەكترى و یەكتر سوككردن هیچى دیكەمان نەبینى ،ئەگەر ناو بەناو هەڵوێستێكى ئیجابیش بینرابێت ئەوا بێجگە لە پەیوەندیەكى كۆمەڵایەتى ، یان موجامەلەیەكى سیاسى ، یان بەرژەوەندیەكى كاتى شتێكى دیكە نەبووە . ئێستەشى لەگەڵدا بێت كەلە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى ساڵى ڕابردووە كوردستاندا چۆن دەستیان لەنێو دەستى كۆمەڵى ئیسلامى دا بوو ، لەبەر بەرژەوەندى حزبایەتى بەڵام دواى شكستەكەیان لەهەڵبژاردنەكان چۆن قسەیان لەدژى یەكترى كردو تەنانەت كەوتنە وێزەى ئەوەى كە تۆمەت بخەنە پاڵ قیادە گەورەكانیان . هەرچەندە ئەگەر لەچاوى ئیسلامەوە بڕوانیتە ژیان دەبێت ئەوەى موسڵمان بێت بەبراى خۆتى بزانى ، بەڵام لەلاى یەكگرتوو زاراوەى (براى خۆمان) و (برایەكى خۆمان) بەكاردێت ، كەدیارە مەبەستیان لە براى خۆمان ئەوەیە كە ئەندام و لایەنگرى حزب بێت ، ئەوان وا سەیر دەكەن كە هەركەسێك لەدەرەوەى حزبەكەى ئەوان بوو ئیدى پێى دەڵێن برادەر ، ووشەى برا تەنها بۆیەكگرتوەكان بەكاردێنن ، ئەگینا یەكێكى دێكە ى لایەنى ئیسلامى بابەرماڵەكەشى بەسەرئاودا بگەڕێت ، بانێوچەوانیشى لە سوژدەدا ڕۆشتبێت ناچێتە بازنەى برایەتیەكەى یەكگرتووەوە ، ئێستە حەقى خۆمانە بپرسین كوا برایەتى لەلاى یەكگرتوو ى ئیسلامى كوردستان لەكاتێكدا بێجگە لەخۆیان كەسى دیكە بەبرابەش نازانن ؟؟؟
سێهەم: دادپەروەرى : وتارى ئاینى و بەگشتى حزبە ئیسلامیەكان بەتایبەتى پڕن لە ((وغت)) و ئامۆژگارى و بەردەوامیش گەڕانەوە بۆڕابردووى دوورو شانازى كردن بەمێژووەوە ، مێژوویەك كەچەندە لایەنى زێڕین و شیرینى تێدایە ، كەئەمەش هەرگیز ئیسلام لێ ى بەرپرس نەبوەو لێ ى بەرپرس نى یە ، لەم نێوەندەشدا وتارى ئاینى ئیسلامیش تیشكێكى زۆر دەخاتە سەر دادپەروەرى و كۆمەڵایەتى ، بەجۆرێك باس لە عەدالەتى پێشەوا عومەرى كوڕى خەتاب كراوە هەركە ناوە عومەرێكت گوێ لێبێت دادپەروەرى بەخەیاڵتا دێت .
خۆشبەختانە هەرئەوەبووە مایەى ئەوە ى كاتێك ئەندامان و جەماوەرى یەكگرتوو ئەو هەموو ناداد پەروەریە لەنێو حزبدا دەبینن داد پەروەریەكەى حەزرەتى عومەریان پێدەفرۆشنەوە ، زۆربەى بەرپرسە ئیسلامیەكان بەم باسە قەڵس ئەبن و دەڵێن " سەردەمى عومەر جیابووە ، ئەگەر عومەریش زیندوو ببێتەوەو بێتە ئەم شوێنەى ئێمە ى تێدایە هەروەكو ئێمە دەكات !!!
دەبینین كە لەوڕۆژەوەى یەكگرتوو دروست بوە تا هەنوكە ئەو كەسانە بەڕێوەى دەبەن كە لەوسەردەمەدا بەڕێوەیان بردوەو پۆستى باڵایان هەبوە ، زۆردەگمەنن ئەو كەسانەى كەنەوەى دواى ڕاگەیاندنى دروست بوونى ئەوحزبەبن و ئێستە خاوەنى پۆست بن ، ڕۆژانەش لەڕاگەیاندنەكانەوە دەبینین و دەبیستین كە هەندێك لەئەندامانى مەكتەب سیاسى و سەركردایەتیەكانیان هاوارى ئەوەیان لێبەرز بوەتەوە و داواى گۆڕانكارى سیاسى دەكەن لەنێوحزبدا ، ئەگەر مامۆستا سەلاحەدین بهادین ى ئەمیندارى یەكگرتوو بڕواى بەو دروشمەى حزبەكەى هەبوایەو كارى لەسەر بكردایە دەبوو لە دواى كۆنگرەى یەكەمەوە دەستى لەكارەكەى بكشاندایەتەوە ، نەوەك ئەوەى كە بڵێن پێویستمان پێیەتى و یەكگرتوو بەبێ بوونى ئەو هەتیو دەكەوێت، لەوبڕوایەدام كە لەپێش هەمووكەسێك خودى ئەمیندارى یەكگرتوو دادپەروەرى جێبەجێنەكردوە لەناو حزبدا ، چونكە خودى ئەمیندار ڕێگەى بە وكەسانە نەداوە كە لەدواى ئەوەوەن بێنە شوێنەكەى ئەو ، داد پەروەرى لەوێدا دەردەكەوێت كەڕێگە خۆش بكەیت بۆئەو كەسانەى كە لەدواى خۆتەوە دێن ، نەك كار بۆئەوە بكەیت كە تەمەنى خۆت درێژبكەیتەوە و ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ڕەگ و ڕیشەى خۆت داكوتیت ، جارێكیان ئەندامێكى یەكگرتو باسى لەوە دەكرد كە خودى ئەمیندار ئامادە نەبووە لەكۆنگرەى پێشووى حزبدا خۆى بپاڵێوێتەوە و ئەوەى ڕاگەیاندوە كە واز دێنێت لەئەمیندارى ، بەڵام ئەندامانى كۆنگرە دەستیان بەگریان كردوەو بە جەنابى مامۆستا سەلاحەدین یان وتوە تۆئێمەت هێناوەتە ناوەڕاستى دەریایەك چۆن دەبێت بەجێمان بهێلیت هەموومان دەخنكێین ، بۆیە هەرلەبەر ئەمەش جەنابى ئەمیندار خۆى پاڵاوتەوە . باشە دەبێت ئەمە چ لۆژیكێك بێت كەیەكگرتوو باسى لێوەدەكات ، ئەگەروایە كەواتە یەكگرتوو بێجگە لەئەمیندارى ئێستا هیچ مەلەوانێكى دیكەى تێدا نى یە؟ باشە كەحزب وەها بەمەلەوان كارى دەڕوات بۆچى هەوڵى ئەوەى نەداوە كە چەند كەسێكى دیكە فێرى مەلەكردن بكات ؟ یەكگرتوو بەچ روویەكەوە دێت و باسى دادپەروەرى و (إخلاێ) و قیامەت و زوهدوتەقوا دەكات ؟ لەمارشەكەى یەكگرتوودا باسى دادپەروەرى بەم شێوەیە كراوەو هاتوە كەدەڵێت (ئەم هەڵمەتە پڕتینەى دادپەروەرى ، دەبێتە گەردنى نەیارانى یەكگرتوو) دەبێت لیژنەى ڕەقابەى كۆنگرەو كۆنفڕانسەكانیان چۆن بەم دێرى هۆنراوەیەى مارشەكەیان ڕازیبوون ؟ یەكگرتوویەك كەوەك ئاوى شەو خۆى لە باسى شمشێرو نەیارو گەردن پەڕاندن دەپارێزێت ، تە نانەت ئەگەر سەرنجى مەلاكانیشیان بدەن لەنوێژەكانیشیاندا خۆیان لەقەرەى ئایەتەكانى جیهاد نادەن ، ئەى چۆن جورئەت دەكەن لەسایەى دادپەروەریە مەزنەكەیاندا ، ئەم هەموو گەردنى نەیارە بپەڕێنن ؟ باشە دەبێت نەیارى یەكگرتوو كێبێت ، لەكاتێكدا خۆى نەیارى دروشمەكانیەتى ؟ یەكگرتوو لەلایەك كەبانگەشەى ئازادى دەكات و لەلایەكى دیكە بانگەشەى برایەتى ، ئیتر چ پێویست دەكات لەسایەى داد پەروەریەكەیدا ئەم هەموو سەرە بپەڕێنێت ؟ئەى یۆچى مەڕو گورك پێكەوە لەسەر كانیەك ئاو ناخۆنەوە ؟
[email protected] /هەڵەبجەى شەهید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست