دەسەڵاتى كوردى ، دەسەڵاتى بێهودەكردن ، دەسەڵاتى مرۆڤ كوشتن .
Sunday, 28/11/2010, 12:00
چەند گریانم بەخۆماندێت ،ئێمە لەكوێ ژیان گوزەردەكەبن ؟ لە چ سەردەمێكدا دەژین ؟ چ دەسەڵاتێك حوكممان دەكات ؟ ئێمە زیندانى دەستى قەدەرین یان ملكەچى دەسەڵاتێكى مرۆڤ كوژ ؟ ئەگەر ژیانمان وابێت ئایا لەدواجاردا داخى ئەم دەسەڵاتە وامان لێناكات هەمومان ببینە عەبەس ؟ پێدەچێت ئێمە لەدونیایەكى دیكەدا بژین ، دنیایەك كە پێشتر لانكەى شەمشەمەكوێرەكان بوبێت ،ئەگەرنا ئەم هەموو تاریكیە بۆچى باڵى بەسەر هەرێمەكەماندا كێشاوە ؟ ئەى خودا ئەمە كەى لەو ڕۆژگارە دەچێت كەبۆت باسكردووین ؟ ئەمە چ مەملەكەتێكە ؟ تاكەى خودایە دڵمان پڕبێت ؟ بڕوامان بەگەورەیى تۆهەیە ، دەى تۆش بڕوا بە درۆو دەلەسەكانى ئەم دەسەڵاتە بۆگەنە مەكە ، ئاخر خۆت دەزانیت ئێمە بەرگەى ئەم هەموونەهامەتیە ناگرین ،هێندەپڕین لە كارەسات قودرەتى هیچ نەهامەتیەكى دیكە ناكەین ، لەم خاكەدا هیچ شتێك شك نابەین كەبتوانین خویەكى پێوەبگرین ،دەڵێن بەهەشت هەیە ، هێندە بێبڕوابوین واهەست دەكەین بەهەشتیش بێجگە لەسەرابێك هیچى دیكە نیە ، خودایە شەقامەكانى ئەم خاكە مەست بوون بەبۆنى خوێن ى بەناهەق ڕژاو ، ئەمانە كەهاتن بەناوى كوردایەتیەوە هەموو جوانیەكیان كوشت ، باخچەكانیان كردنە شوێنى شەڕكردن ، گوڵیان بەخوێن ئاودا ، مرۆڤیان بەگوللە تێركرد،خۆیان بەشێتى مەست كرد، بەناوى ئازادیەوە بێحورمەتیان بەخوشك و دایكەكانمان كرد ، بەناوى دیموكراتى یەوە خەڵكیان بەڕەڵا كردو بازاڕیان كردە قەحپەخانە ، گیرفانە خاڵیەكانى شاخیان لەشار پڕكرد، نەوتى كوردستانیان بەكامبیۆن ئاودیوكرد ، هەتا توانییان بەهەزاران كوڕى گەنجیان بەكوشتدا و بەهەزاران ژنیان كردە بێوەژن ، بەوەوە نەوەستان و خەڵكیان دەربەدەرى وڵاتان كرد، ئەمانە هەمووشتێك دەكەن ، ناوى گەڕەك و باخچەو خوێندنگە نەما نەیكەن بەناوى سەركردە تۆپیوەكانیانەوە ، كەركوكیان فرۆشت ، سۆرانیان شەهید كردو گولەیان بەناودەمى سەردەشتیشەوەنا ، ئەمانە دژى ڕاستین ، دژى جوانین ، دژى وشەن ،رَاستەو ڕاست هاوتەریبى كەلتورێكى بێتامن،ئەمانە لەئێمەنین بەڵكو هاوڕێ ى ستالین و پیاوكوژەكانى بەعسن .
هەموومان لەم دەسەڵاتە پیاوكوژە كوردیەى یەكێتى وپارتى بێهودەبووین ، پێدەچێت (ساموێل بیكێت) دەسەڵاتێكى وەها حوكمى كردبێت بۆیە دەڵێت " لەتاریكى نێو منداڵدانى دایكەوە بۆتاریكى ژیان ، لەتاریكیى ژیانەوە بۆتاریكى نێو گۆڕ " خودایە ئێمە لەسەردەمێكى زۆرتاریكداین ، ئەمانە چیبوون ؟ سەیرى هەریەكێكیان دەكەین دنیایەك ناشیرینى پێوەیە ، خودایە زۆر بێهودەین ، ئەمانە كەهاتن هەموو هیوایەكیان لێسەندین و درۆیان فێركردین ، میزیان بەخوێندنگەكاندا كردو بەپەڕەى كتێبەكان خۆیان پاككردەوە ، ئاخر ئەمانە بۆناڕۆن ؟ هەموشتێك بۆئەوان بەس لێمان دوركەونەوە ، مێژوە پیسەكەیان بپێچنەوەو پەڕەسپیەكانمان بدەنەوە ، باڕازەكان ببەن و شەقامەكانمان بدەنەوە ،كلتور بۆئەوان فەرهەنگ بۆئەوان نەریت بۆئەوان هەموو پێغەمبەرەكان بۆئەوان هەمووشتێك بۆئەوان بەس تەنها ناوى كوردستان بۆئێمە .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست