کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆنگرەى یەكێتیى نوێ بوونەوە، یان هەڵوەرین؟

Thursday, 22/04/2010, 12:00


لە كۆنگرەى 3 جێى باڵەكەى نەوشیروان مستەفا پڕ دەكرێتەوە؟!
وابڕیارە یەكێتیى لەم ماوەیەدا كۆنگرە ببەستێت، ئەنجامدانى ئەم كۆنگرەیە بۆ یەكێتى لەم دۆخەدا كارێكى ئەستەم دەبێت، لەبەر ئەوەى یەكێتیى رۆژ لە دواى رۆژ رێكخستنەكانى شپرزە دەبن لە لایەك، لە لایەكى دیكەش یەكێتیى هێندە كەسى شیاوى تێدا نەماوە تا بتوانن بەوئاسانیە جێگەى باڵەكەى (نەوشیروان مستەفا) بگرنەوە، هەروەها ئێستا گەورەترین كێشەى یەكێتیى ئەوەیە كە متمانەى بە هیچ ئەندامێكى نەماوە، بە هەر شێوەیەك یەكێتیى خۆى بشەكێنێتەوە ئەوا جۆرە ئەندامێكى ریفۆرمخوارى لێدەكەوێتەوە، كە حەز بە دیمەنى قیادەكانیان ناكات، بەڵام لە لایەكى دیكەوە ئەم كۆنگرەیە لە رووى ململانێوە زۆر ئاسان دەبێت، چونكە لە دواى چوونە دەرەوەى (نەوشیروان مستەفا) لەو حیزبە، هیچ كارەكتەرێكى تێدا نەماوە كە تواناى ململانێى لەگەڵ بنەماڵەى تاڵە بانیدا هەبێت.
یەكێتیى كۆنگرە دەبەستێت، یان شەرعیەت دەبەخشێتەوە؟
زۆرێك لە حیزبە كوردیەكان كۆنگرە دەبەستن، بەڵام دەبینین پێش كۆنگرە حیزب چۆن بووە و لە دواى كۆنگرەش هەر بەو شێوەیە دەردەكەوێت و هیچ گۆڕانێك تێیدا رووى نەداوە، ئەم جۆرە كۆنگرانە تەنها بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێن كە سكرتێر و ئەندامانى مەكتەبى سیاسیى و سەركردایەتى شەرعیەت وەربگرنەوە، ئەوەى لە كۆنگرەى داهاتووى یەكێتیى چاوەڕوان دەكرێت، ئەوەیە كە حیزب وەكو 2 كۆنگرەكەى پێشوو شەرعیەت نەبەخشێتەوە، چونكە ئەم برینەى كە (نەوشیروان مستەفا) لەسەر جەستەى یەكێتى بەجێى هێشتووە، بەو كەسە سیاسیانەى كە ئێستا لە یەكێتیدان تیمار ناكرێت، ئەو كەسانەشى كە ئێستا لە ناو یەكێتیدا دەردەكەون زۆربەیان لە لاى جەماوەرەكەیان كەسانى بێزراون، بۆیە پێدەچێت یەكێتیى لەم كۆنگرەیەدا بە شێوەیەكى كۆنكرێتیانە كارنامەى خۆى نوێ بكاتەوە و چەند كەسێك بهێنێتە ناو مەكتەبى سیاسیى و سەركردایەتیەوە، كە زیاتر شكڵێكى سیاسیانەیان پێوە دیاربێت، نەك عەسكەریانە. بەڵام ئایا ئەو عەسكەریانە شوێن بۆ سیاسییە نوێیەكان چۆڵدەكەن تا جێگەیان بگرنەوە؟ دەبێت ئەوەش بڵێین یەكێتیى هەرچەند كارنامەى خۆى بگۆڕێت هیچ نوێبونەوەیەك رووى تێناكات، ئەویش هەتا ئەو مەكتەبى سیاسیى و سەركردایەتیە نەگۆڕێت كە ئێستا یەكێتیى بەڕێوەدەبەن.
یەكێتى كەى گۆنگرە دەگرێت؟
بە پێى بڕیارێكى پلنیۆمى چوار كە یەكێتیى نیشتمانى كوردستان لە دواى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى ساڵى رابردووى هەرێمى كوردستان ئەنجامى دا، بڕیار وایە كە لە كۆتایى مانگى (5)ى ئەمساڵدا یەكێتیى كۆنگرەى سێ ببەستێت، لە كاتێكدا 9 ساڵ لەمەوبەر كۆنگرەى دووەمى خۆى بەستووە، ئەگەر بە پێى پەیڕەوى ناوخۆى یەكێتیى كار بكرایە، ئەوا دەبوو ئێستا یەكێتیى 2 كۆنگرەى ببەستایە لە ماوەى ئەم نۆ ساڵەدا، بە پێى ئەو بڕیارەى پلنیۆم ئەگەر بێت و یەكێتیى ئەوكاتەى دیارى كردووە بۆ بەستنى كۆنگرە لەو ماوەیەدا كۆنگرە نەبەستێت، ئەوا مەكتەبى سیاسیى ئەو حیزبە هیچ شەرعیەتێكى نامێنێت، ئێستا تەنها چەند ماوەیەكى كەم ماوە بۆ ئەو كاتەى كە بڕیارە یەكێتى كۆنگرەى تێدا ببەستێت، كەچى تا ئێستا هیچ ئامادەكاریەكى بۆ نەكراوە، بگرە ناوى كۆنگرەشیان لەبیر چووەتەوە كە جێگەى سەرنج و تێڕامانە، كەچى یەكێتیى خۆى لێ بێدەنگ كردووە، لە كاتێكدا وەك حیزبێكى سۆشیال دیموكرات خۆیان ناوزەند كردووە.
یەكێتى و پلنیۆم .
لە راستیدا هەموو حیزبێك بە پێى ئەو ماوەیەى كە دیارى دەكات بۆ بەستنى كۆنگرە، دەبێت لەو ماوەیەدا كۆنگرە بگرێت، یەكێتیى لە ساڵى 1989 دا یەكەم پلنیۆمى خۆى بەست بە مەبەستى ئەوەى كە كۆتایى بە كۆمەڵەى رەنجدەران بهێنێت، كۆمەڵەى رەنجدەران كە (نەوشیروان مستەفا) سەرپەرشتى دەكردن واى لێبكات كە بە فەرمى خۆیان وەكو یەكێتیى بناسێنن، لە ساڵى 1992 كۆنگرەى دووەمى خۆى بەست ئەمەش لە دواى ئەوەى یەكێتیى لە شاخەوە هاتبووە ناو شارەكان و هەوڵیدا لە رێگەى بەستنى كۆنگرەی یەك كۆتایى بهێنێت بە فرە رێكخستنى و رێكخستنێكى تۆكمە و بە هێزى هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەى تواناى لەخۆگرتنى ئەو لێشاوە زۆرەى جەماوەرەى هەبێت، كە لە كوردستان و دواى راپەڕین روویان لە یەكێتیى دەكرد، پلنیۆمى 3 لە ساڵى 2007دا ئەنجام درا، هۆكارى ئەو پلنیۆمەش بریتى بوو لەوەى كە هەردوو باڵى ریفورم و خەتى گشتى یەك بخرێنەوە، كە ریفۆرمەكان (نەوشیروان مستەفا) سەرۆكایەتى دەكردن و خەتى گشتیش (جەلال تاڵەبانى)، پلنیۆمى 4 لە كۆتایى ساڵى 2009دا بوو، ئەویش بۆ یەكلاكردنەوەى بزوتنەوەى (گۆڕان) لە (یەكێتیى)، هەروەها ئیمزاكردنى بەڵێننامەى ئاكار لە لایەن بەرپرسە باڵادەستەكانى یەكێتیەوە، كە بەڵیننامەكەش باسى لەوە دەكرد كە دەبێت هەموو بەرپرسەكانى حیزب لە ژێر ناوێكدا كاربكەن، كە ئەویش (یەكێتیى نیشتمانى كوردستان)ە و شتێك بە ناوى (باڵ)ەوە لە ناو حیزبدا نەمێنێت، ئەگەر بڕوانینە ناوەڕۆكى ئەو پلنیۆمانەى كە یەكێتیى سازى داون، ئەوا بە روونى دەبینین كە بەستنى ئەو پلنیۆمانە هێندەى بۆیەكلاكردنەوەى كێشەكانى نێو یەكێتیى سازدراون، نیو هێندە بۆ فراوان كردن و نوێكردنەوەى یەكێتیى ئەنجام نەدراون، هەروەها بە پێى پەیڕەوى ناوخۆى یەكێتیى دەبێت لە ماوەى 2 كۆنگرەدا پلنیۆمێك ببەسترێت، بەڵام دەبینین ئەو پلنیۆمانەى كە لە تەمەنى ئەم حیزبەدا سازكراون، زیاترن لە ژمارەى كۆنگرەكان، یەكێتى بڕیار بوو ساڵێك پێش ئێستا كۆنگرەى بگرتایە، بەڵام بە هۆى ئەو تەنگەژەیەى كە ئەو حیزبەى تێكەوت نەتوانرا كۆنگرە ببەسترێت، لە دواجاردا بە ئەنجامدانى پلنیۆمێك یەكێتیى خۆى لە هەندێك كێشەى ناوخۆیى رزگاركرد، كە دیارترینیان خۆ یەكلاكردنەوەى یەكێتیى بوو لە بزوتنەوەى گۆڕان. هەروەها شەرعیەتى بە مەكتەب سیاسیى بەخشیەوە كە كاربكات.
یەكێتى و كۆنگرە
لە ماوەى تەمەنى یەكێتییدا كە 34 ساڵ دەكات تەنها 2 كۆنگرە بەستراوە، كە ئەویش گۆنگرەى یەك لە ساڵى 1992 و كۆنگرەى دوو لە ساڵى 2000 دا , بە پێى پەیڕەوى ناوخۆى یەكێتیى دەبێت حیزب لە 4 ساڵ جارێكدا كۆنگرە ببەستێت، كە دەبوو ئێستا یەكێتیى 8 كۆنگرەى بگرتایە و خۆى بۆ كۆنگرەى 9 ئامادە بكردایە، بەڵام بە هۆى ململانێكانى ناوخۆى یەكێتیى تا ئێستا تەنها 2 كۆنگرە بەستراوە، هەرچەندە هەمیشە كۆنگرە بۆ مەبەستى نوێبونەوە و گۆڕانكارى ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە هەندێك كاتدا كۆنگرە لە برى نوێبونەوەى حیزب و گۆڕانكارى، هەڵوەرین و پارچە پارچە بوونى ئەو حیزبەى لێدەكەوێتەوە، ئەم كۆنگرەیەى یەكێتیى كە وابڕیارە لە 31/5 ى ئەمساڵدا بگیرێت، زیاتر لە كۆنگرەیەك دەچێت كە نە ئەو حیزبە نوێ بكاتەوە نە هەڵوەرینى ئەو حیزبە دیارى بكات! چونكە ئێستا یەكێتیى لە دۆخێكى چەق بەستوودایە، هێشتا یەكێتیى چارەسەرى ئەو تیرە دەكات كە (نەوشیروان مستەفا) و هاوڕێكانى لێیاندا، هەرچەندە پلنیۆم بۆ چارەسەرى ئەم تیرە سازكرا، بەڵام نەیتوانى چارەسەرى بكات، سەرەنجام دەركەوت كە پلنیۆمیش تەنها بڕیارى وابووە كە یەكێتیى چۆن بتوانێت شكست بە بزوتنەوەى گۆڕان بهێنێت.
گۆنگرەى حیزب و ململانێى سەركردەكان
ئەگەر یەكێتى لەم ماوەیەدا كۆنگرە بگرێت ئەوا لەوپەڕى تواناى خۆیدا بێجگە لەوەى كە بتوانێت ئەو برینە ساڕێژ بكات هیچى دیكەى پێناكرێت، ئەگەر لە كۆنگرەكانى پێشووى یەكێتیدا ململانێیەك لە نێوان (نەوشیروان مستەفا) و (مام جەلال) و (كۆسرەت رەسوڵ)دا بینرابێت، ئەوا ئەمجارە هیچ ململانێیەك نابینرێت، لەبەر ئەوەى وەك هەموومان دەزانین (نەوشیروان مستەفا) ئێستاكە لە دەرەوەى یەكێتییە، بۆیە (د.بەرهەم) لە شوێنەكەى (نەوشیروان) دانراوە، هەرچى باڵى (كۆسرەت رەسوڵ)یشە بە تەواوى خەریكە بەرەو نەمان بچن، هەروەك چۆن بینیمان لەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراقدا، كە (كۆسرەت رەسوڵ) سەرپەرشتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكانى لە هەولێر دەكرد، بەڵام یەكێتیى لەسەر دەستى (كۆسرەت) هیچ دەنگێكى ئەوتۆى لەو شارە نەهێنا، خاڵێكى دیكە كە (كۆسرەت)ى بە تەواوى لەناو یەكێتیدا لاواز كرد، ئەو نووسینانەى (نەوشیروان مستەفا) بوو لە لایەك كە بڵاوى كردنەوە و تێیدا رەخنەى زۆر توندى ئاڕاستەى خودى (كۆسرەت رەسوڵ) كرد، ئەمەش كارتێك بوو كە (نەوشیروان مستەفا) بەرامبەر بە (كۆسرەت) بەكارى هێنا بۆ ئەوەى لە نێو یەكێتیدا بێكەسى بكات، لە لایەكى ترەوە پەیماننامەى ئاكاریش هۆكارێكى تر بوو كە (تاڵەبانى) و خەتەكەى بۆ لاوازكردنى (كۆسرەت رەسوڵ) لە پلنیۆمدا دایاننا و ئیمزایان پێكرد، ئەگەر جاران (كۆسرەت رەسوڵ) توڕەببوایە، ئەوا گردەكەى گۆڕانى شك دەبرد كە رووى تێبكات، ئەمەش ترسى لاى (جەلال تاڵەبانى) دروست كردبوو، بەڵام لە دواى بارگرژیەكەى (نەوشیروان مستەفا) و (كۆسرەت رەسوڵ) ئێستا هیچ شوێنێك نەماوە تا (كۆسرەت) رووى تێبكات، بۆیە ناچارە بە هەر شێوەیەك بێت لە ناو حیزبەكەى خۆیدا دانیشێت و لە كۆنگرەشدا نەتوانێت توڕەیى خۆى وەدەربخات، چونكە ئێستا ئەو بێكەسە، بۆیە دەبینین براوەى یەكەم لە كۆنگرەى داهاتووى یەكێتیدا تەنها مام (جەلال)ە كە بە بێ ركابەر لەسەر كورسیەكەى خۆى دادەنیشێتەوە، چونكە (تاڵەبانى) زۆر زیرەكانە سیاسەتى خۆى كرد لەگەڵ جێگرەكانیدا كە (كۆسرەت رەسوڵ) و (د.بەرهەم ساڵح)ن، یەكەم سیاسەتى (مام جەلال) ئەوەبوو (كۆسرەت)ى دا بەگژ (نەوشیروان مستەفا) و (د.بەرهەم)ى سەرقاڵ كرد بەكار و بارى حكومەتەوە و دوورى خستەوە لە ململانێى حیزبى.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە