هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گۆڤاری لڤین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ئازادی بیروڕا... بۆ ڕای گشتی

Wednesday, 11/08/2010, 12:00


پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌وانی خوێندکار (عیرفانی قانعی فه‌رد) له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆکانی ئه‌مریکا له‌سه‌ر نامه‌ی دکتوراکه‌ی له‌ گۆڤاری لڤین ژماره‌ 134 و 135دا که‌ تێیدا په‌رده‌ له‌سه‌ر چه‌ند زانیارییه‌کی نوێی،له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان قازی موحه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فای بارزانی درکاندبوو، به‌ پشت به‌ستن به‌ کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگ ،هه‌ربه‌م هۆیه‌ پارتی توشی هستریاهت و‌ دووباره‌ په‌تی ته‌حه‌مولی پساند که‌وته‌وه‌ هێرشکردن بۆ سه‌ر ئازادی وشه‌.له‌ ده‌زگا ڕاگه‌یه‌ندنه‌کانیانه‌وه‌ که‌وتنه‌وه‌‌ هێرشکردن و چاوسور کردنه‌وه‌ له‌ مێدیای ئازاد به‌گشتی و ستافی گۆڤاری لڤین به‌تا‌یبه‌تی، هه‌ر به‌مه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان له‌رێگای چه‌ند مه‌لایه‌کی سه‌ربه‌ ئه‌م پارته‌وه‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانیان کرده‌‌ سه‌نگه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ و خۆ گیڤکردنه‌وه‌ له‌ دژی ئازادی نوسین و وتنی وشه،‌له‌ کاتێکدا پارتی پێویست بوو له‌به‌رده‌م ڕای جیهانی و خه‌ڵکیدا هه‌وڵی خۆی له‌ تاوانی کوشتنی ڕۆژنامه‌نوسان پاكبکاته‌وه‌، به‌ڵام به‌م هه‌ڵوێسته‌یان‌ دووباره‌ گومانیان لای خه‌ڵکی ئازادی خواز زیاترکرد و که‌سوکار و هاوڕێ و هاو پێشه‌کانی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م (سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و عه‌بدول ستار)یان بێئومێد کرده‌وه‌،دوای ئه‌و هه‌موو گوشاره‌ی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وی وڵات خرایه‌ سه‌ریان ئیمه‌ چاوڕێی ڕاده‌ست کردنی تاوانباران بووین بۆ به‌رده‌م یاسا که‌چی تازه‌ پارتی ڕێگای تیرۆر و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌یان گرتۆ‌ته‌به‌ر له‌ مێدیاکانیانه‌وه‌ جاری بیده‌نگ نابین له‌ قه‌ڵه‌می ئازاد ڕاده‌گه‌یه‌ن،
ئێمه‌ داوا له‌ خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان، ریکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان له‌ ده‌ره‌و و ناوه‌وه‌ی کوردستان ده‌که‌ین که‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م سه‌رکوته‌ ئاشکرایه‌ی پارتی بێده‌نگ نه‌بن. به‌هێز و توانایانه‌وه‌ له‌پیناو فه‌راهه‌مکردنی ئازادی تێبکۆشن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن به‌هێچ هیز و لایه‌نێک به‌ بیانووی به‌زاندنی سنووره‌ پیرۆزه‌ ده‌ستکرده‌کان هێرشبه‌رنه‌ سه‌رئازادی ومافه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.
له‌ کۆتایدا ماوه‌ته‌وه‌ بلێین،ئێمه پارتی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،به‌ به‌رپرس ده‌زانین له‌به‌رابه‌ر ڕوودانی هه‌ربارگژیه‌ک که‌ به‌م هۆیه‌وه‌ ڕووبدات، هه‌روه‌ها سه‌لامه‌تی گیانی ستافی لڤین ده‌خه‌ینه‌‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان.
کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ به‌رگری له‌ ئازادی.
سوید 10/8/2010
[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە