سه‌رده‌شتیان کوشت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ویستی ببێت به‌ زاوای بارزانی

Thursday, 20/05/2010, 12:00


زاوا؟ زاوای چی! به‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ردی گه‌لی شرۆڤه‌ كردوه‌. ئه‌ی بگوژه‌كانی سه‌رده‌شت هیچ كات تێمه‌گه‌ن كه‌ سه‌رده‌شت ویستویه‌تی ببێ به‌ زاواتان و به‌ خه‌ستی له‌ گه‌ڵتان تێكهڵ ببێت، سه‌رده‌شت زۆر له‌ وه‌ پیرۆزتره‌، به‌ڵام له‌ وه‌یان تاوانبارتان ناكه‌م كه‌ ئاوا له‌ بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌م هاوڵاتییه‌ رۆشه‌نبیره‌ تێگه‌یشتبن، چونكه‌ به‌ بچوك و گه‌وره‌كانتان ئه‌لف له‌ بێ جییا ناكه‌نه‌وه‌، خۆ تێگه‌یشتن به‌ بروانامه‌ی خوێندنی باڵا نییه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئاشكرایه‌ كه‌ بروانامه‌كانتان هه‌ر هه‌مووی به‌ ساخته‌ و زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مامۆستاكان وه‌رگیراوه‌.
گوایه‌ ئێمه‌ی كورد ئابڕومان زۆر به‌ لاوه‌ گرنگه‌، كه‌س بۆی نییه‌ باسی مێینه‌كانمان بكات، ئه‌ی بۆچی سه‌ركرده‌ی كورد ئه‌م هه‌موو ده‌ریفه‌ته‌ زێڕینانه‌ی كه‌ بۆ كوردستانێكی ئازاد و تاكێكێ سه‌ربه‌رز هه‌ڵكه‌وتوه‌ و له‌ جییاتی خه‌مخۆری كێشانی سنوورێك بێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كوردستان تاكو مێینه‌ و منداڵی كورد ڕزگار بكات له‌ ژێر پێ و لیكی بۆگه‌نی دوژمن، زۆر به‌ ئاسانی ده‌ریفه‌ته‌كان به‌ دوژمنه‌كانمان ده‌به‌خشێت و هاوده‌ست ده‌بێت له‌ تاڵان كردنی ئابڕوی هاووڵاتیان؟
ئه‌ی بكوژه‌كانی سه‌رده‌شته‌كان ئابڕوتان له‌ كوێ بوو كه هه‌زاره‌ها كج و لاوی كوردی نازك شاباش كران به‌ پیاوی عه‌ره‌بی دووده‌گ(حیز) و منداڵباز، یان كه‌ خۆتان كامه‌ مێینه‌تان به‌ دڵ بێت، ئیتر چ به‌ فێڵ، چ به‌ زۆره‌مللی له‌ گه‌ڵیان ڕاده‌بوێرن و زكیان پرده‌كه‌ن و پێش كوژتنیان ناویان ده‌نێن سۆزه‌نی، خۆ رێگای كه‌ره‌ج و كوردستانی رۆژئاوا هاتونه‌ته‌ گۆ و ده‌مێكه‌ په‌یڤه‌كانی ئیمه‌ی هاووڵاتییان له‌ ئێوه‌ بێزاری سه‌لماندوه‌...
ئینچا ئابڕوی چی؟ ئا، ببورن، مه‌به‌ستتان له‌و ئابڕویه‌ نییه‌، خۆ ئێوه‌ ئابڕوشتان به‌ تاڵان دابه‌ش كردوه‌ وه‌ك سامان، داد... و زۆر شتیتری خاكه‌كه‌مان، ئه‌وه‌ی له‌ چینی ئێوه‌ نه‌بێت، له‌ خۆینی خۆی ده‌ربچێت بۆی نییه‌ ناوی سوور بێنێت، زۆر هه‌ڵه‌ن، كات گۆراوه‌ به‌ڵام كۆنه‌په‌رستی ئێوه‌ی كوێر كردوه‌.
دڵنییاتان ده‌كه‌ین كه‌ كچ و كوری كوردی پاك، هوشیار و چاو تێر زۆرن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نایانده‌وێت له‌ گه‌ڵ ئێوه‌ تیكهه‌ڵببن، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئاستی بیر، ڕۆشه‌نبیری ... و ڕێبازی جییاواز، نا،له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان سه‌ركه‌وتوو نابن، پیاوه‌كانتان ڕێز له‌ هه‌ست و پیرۆزی هاوسه‌رگیری ناگرن، هه‌ر هه‌موویان خه‌ریكی ڕابواردنن، ژنه‌كانیشتان له‌ ته‌نیایی و بێ نازی قاچێكیان له‌ دوبه‌ی و ته‌هرانه‌ و ئه‌وه‌ی تریان به‌ له‌قی له‌ هه‌رێمه‌.
جارێك په‌رتوكه‌كم خوێند به‌ ناوی(كۆیله‌ی سپی) سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای سعودیه‌، بۆ پێناساندنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، یه‌كێك له‌ نموونه‌كانی نووسه‌ر ئه‌گێرمه‌وه‌:‌ پیاوێكی بسپۆر له‌ ئیشی كه‌هره‌با، بانگده‌كرێت بۆ یه‌كێك له‌ ته‌لاری ئه‌م شێخه‌ سعودییانه‌، كه‌ له‌ خۆل زۆرترن،له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌م كه‌هره‌با بسپۆره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی ئیشی خۆی ده‌بێت، جه‌ند ئافره‌تێك په‌لاماری ده‌ده‌ن و هه‌ره‌شه‌ی لێ ده‌كه‌ن و پێ ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر به‌ زۆره‌مللی له‌ گه‌ڵمان جووت نه‌بیت و ده‌نك بكه‌یت ، وا ده‌ڵێین په‌لاماری داین و وه‌ك تاوانبار له‌ ناو ده‌برێیـت.
سه‌رده‌شت گیان من دلنیام كه‌ چه‌ندین باوكی كچی كوردی شۆخ و شه‌نگ ئاواتیانه‌ ببن به‌ خه‌زووری تۆ، چه‌ندین زین و شرین ململانێیانه‌ له‌سه‌ر تۆ، ها منیش زینێكم و ئه‌م ووشانه‌ی خواره‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌م به‌ تۆ:
وه‌ره‌ مۆری و مه‌رجانان، ته‌ڤ خشلان
ڤه‌ده‌ ژ سه‌ر سینگی من ڕه‌به‌نێ
ته‌ڕ ته‌ڕ ب ڕاموسانان
ژ وان لێڤێن سه‌ره‌دشتی
مۆر و شین كه‌ گه‌رده‌نێ
لێره‌دا ده‌مه‌وێت به‌و چه‌ه‌ند كه‌سه‌ی كه‌ دابه‌زیونه‌ته‌ سه‌ر ده‌ڤه‌ری به‌هدینان و به‌ بێ هه‌ڵوێست ناویان ده‌به‌ن، گوایه‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو كاتێك دا به‌ ئاماده‌یی بۆیان دێته‌ به‌رده‌م، ئه‌ی ئه‌وه ژنانی به‌هدینان نه‌بوون به‌ ته‌وڕ هێرشیان برده‌ سه‌ر ئه‌منی دهوك له‌ كاتی ڕاپه‌ڕین.. هه‌ر ئێوه‌ نه‌بوون له‌ ساڵانی لاوه‌كی مه‌لا مسته‌فا، كه‌ له‌ هیچ ده‌ڤه‌ر‌ێك گرنگی نه ده‌‌درا به‌ بارزانی، ئێوه‌ به‌ پشتیوانی خۆتان زلتان كرد وا ئه‌مرۆ هه‌موومان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ه‌ناڵێنین، هیوادارم ئه‌زموونتان وه‌رگرتبێت که‌س له‌ سه‌ر هه‌مان ئه‌سپ سوار نه‌كه‌ن و بیگه‌ێینه‌ پله‌ی ئه‌مان. هه‌موومان كوردین و شایه‌نی دیموكراسیه‌ت و سه‌ربه‌رزین(مه‌به‌ست له‌ زۆله‌ كوردی خۆفرۆش و ماستاوچی نییه‌)، تكایه‌ كێشه‌كان مه‌یكه‌ن به‌ هی سۆرانی و به‌هدینانی، با سه‌ری ماری ژه‌هراوی به‌ یه‌كتر شكاندن زل نه‌كه‌ین، سه‌رده‌شت له‌ نووسینی وا من رۆیشتم دا، ده‌ڵێت: من بادینیم من سۆرانیم من هه‌ورامیم من موسلمانم من مه‌سیحیم من ئێزیدیم من كاكه‌یم...، منێش دڵنیام كه‌ سه‌رده‌شتی نه‌مره ڕێگه‌م پێ ده‌دات ڕسته‌ی ئه‌و سه‌ربار كه‌م و بڵێم: من فه‌یلیم من شه‌به‌كم من بارزانیم، بارزانیه‌ خه‌بات گێره‌ ڕاسته‌قینه‌كانی به‌حركێ، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ شه‌و و ڕۆژ له‌ش و ده‌رونیان له‌ ژێر ئیشكه‌نجه‌ی ئه‌من و جاش بوو، نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ناوی خه‌بات خۆیان له‌ كه‌ره‌ج حه‌شار دا بوو و ژێراوژێر له‌ قسه‌ی برای گه‌وره‌ی خۆیان سه‌دامی كوڕی سه‌بیحه‌ ده‌رنه‌ئه‌چوون، ئینجا دوای ڕاپه‌ڕین و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو خاكی كوردستان چۆن ئه‌م بێ گه‌ردانه‌یان خه‌ڵات كرد، ته‌قه‌ی فیشه‌كیان گه‌یاندبووه‌ ئاسمان، به‌ڵام نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پاكیزه‌كانه‌یان گرته‌ باوه‌ش و وه‌ك بووك گوێزرانه‌وه‌، نا، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستهه‌ڵات گوتی: ئه‌مانه‌ پیسن، له‌ش فرۆشن. مخابن كێ كردی و كێ بردی . ده‌ با ده‌ستی یه‌كتر بگرین، هه‌ڵچونه‌ سه‌رباره‌كه‌ی سلێمانی بخه‌ینه‌ سه‌ركه‌م خۆری به‌هدینان، خۆمان له‌م گه‌نده‌ڵ و بێ ویژدان و به‌ ڕه‌سه‌ن سوكانه‌،‌ ڕزگار بكه‌ین، ئه‌وسا له‌ ژیانی كۆیلایه‌تی‌ تا نه‌مان قوتال ده‌بین‌.
ــــ خوێندكاری زانكۆی دهوك
٢٠١٠/٠٥/١٦

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە