سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و گەمەی کۆنگرە
Sunday, 08/01/2012, 12:00
کارمەند بێلانە
ماوەی ١٤ ساڵە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لەلایەن چەند کەسێکەوە قۆرخ کراوە و دەستەیەکیان پێکھێناوە بە ناوی ئەنجومەنی باڵا و لەو رێگەیەوە ھەرچەندە ساڵانێکی ئیکسپایر بوون و مانەوەیان زیانی زیاتر بووە لە سوود .
ئەم ئەنجومەنە ھەر لە سەرەتاوە بوونە پاشکۆیەکی بەرچاوی دەسەڵات و لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٨ کە سەرەتای دامەزراندنی سەندیکا بوو ھەتا ئەم کاتەش کە ١٤ ساڵ تێپەریوە ھەموو شانازییەکانیان ئەوەیە کە (لە فڵان کۆبوونەوەدا مام جلال رێزی لە کاک جبار گرت ، لە مەکتەبی رێکخراوەکان مەلا بەختیار سەیارەیەکی تاھۆ ی بەخشی بە کاک جبار ، لە کۆبوونەوە نھێنییەکەی لەگەڵ دکتۆر بەرھەم بەرێزیان پشتگیری بۆ کاک جبار دەربڕی ، دکتۆر رێکەوتیش کاک جبار بە قائد ناوزەند دەکات ، و بە کورتی کاک جبار بووەتە بنەماڵکەی ئەولا و جگە لە سەرۆک جبار لە ناو ناوەندی تەندروستی دا پیاوێک نییە و ئێستاش پاش ووتو وێژێکی درێژخایەن لە لایەن مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی رێکخراوەکانیشەوە و خودی کاکە دکتۆر رەھێڵ ئەوەی کە تەنھا پیاوە و بەکەڵکی ئەم خەباتە دیموکراتییە بێت ھەر کاک جەبارە و ھەموو دەستەی باڵاش دەمکوت کراوە بۆ ئەوەی جورئەت نەکەن ببنە منافسی و بەردەوام ھەرکەسێکیش بییەوێت خۆی کاندید بکات بۆ ئەو پۆستە ئەوا بە ھەر نرخێک بێ و بە خۆشی یان بە ھەرەشە و فشار ئەبێ پاشەکشە بکات .
ھەر لەم نێوەندەدا سەرەرای ئەوەی لە کاتی بانگەشەکاندا بریار وا بوو کە ئەوانە جارێکی تر رێگەیان پێ نەدرێت خۆیان کاندید بکەنەوە بۆ پۆستە بالاکان بەلام ئیستا ھەموویان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و بە مەرکەزی پۆستەکان دابەش دەکرێن نەک بە ھەڵبژاردن .
ئیتر ئەبێ کارمەندانی تەندروستی کەی بێنەوە ھۆش خۆیان و تاکەی ئەبنە قادرمە بۆ جەبار و دەستەی بالا ، ئەوانەی کە بوونە مایەی ریسوا بوون و سووک کردنی کارمەندانی تەندروستی و بوونە جاسوس و پیاوی دەسەڵات و جێ بەجێ کردنی مەرامەکانی دەسەلات نەک بەدی ھێنانی مافە رەواکانی کارمەندان .
کارمەندانی تەندروستی تا کەی لەم دەستەمافیایە تێ ناگەن خۆتان رۆژانە دەبینن بەبەرچاوی ئەمانەوە چیتان پێ دەکرێت لە سوکایەتی و چەوساندنەوە ، کام ھەڵوێستەیان ھەبوو ؟؟
دە با ئیتر قبوڵ نەکرێت و کارمەندانی تەندروستی مل بۆ ئەم دەسەلاتە کەچ نەکەن و بە یەک دەنگ دژی بووەستنەوەو نەفرەت لەم دارو دەستە بکەن کە ١٤ ساڵە خوێنی کارمەندان دەمژن و کلکیان لەگەڵ دوژمنەکانتان گرێداوەو لە پاڵ دۆستایەتی دا تیری ژەھراویتان لێ دەوەشێنن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست