کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ته‌نها له‌ ماوه‌ی پینج ساڵی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عیراقیدا زیاتر له‌ 12 هه‌زار زیندانی سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رده‌چێت!!

Wednesday, 14/07/2010, 12:00



له‌ رۆژی 8 ته‌موزی 2010، له‌ راگه‌یاندنێکی رۆژنامه‌گه‌ریدا ریکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان تازه‌ترین راپۆرتی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ عیراقدا، که‌ له‌ لایه‌ن نیردراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بۆ یارمه‌تیدانی عیراق(یۆنامی) و کۆمیسیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بۆ مافی مرۆڤ ئاماده‌کرابوو، بڵاوکردوه.
له‌ به‌شێکی راگه‌یاندنه‌ رۆژنامه‌گه‌ریه‌که‌ و راپۆرته‌که‌دا سه‌باره‌ت به‌ سزای له‌ سێداره‌دان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ تا به‌رواری 31/12/2009 له‌ کۆی 37681 زیندانی زیاتر له‌ 12 هه‌زار زیندانی له‌ گرتوخانه‌کانی عیراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ لایه‌ن حکومه‌تی عیراقی و هه‌رێمه‌‌وه‌ سزای له‌ سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌‌. هه‌روه‌ها له‌ به‌شێکی تردا هاتوه‌ که‌ له‌ 1/1/2009 وه‌ تا 30/6/2009 له‌ لایه‌ن حکومه‌تی عیراقییه‌وه‌ 31 زیندانی که‌ یه‌کێکیان ژن بووه‌ و له‌ 1/6/2009 وه‌ تا 31/12/2009 ریژه‌که‌ به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 93 زیندانی که‌ 3 که‌سیان ژن بوون، سزای له‌ سێداره‌دانه‌که‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌. واته‌ له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوودا 124 زیندانی که‌ 4 یان ژن بوون له‌ سێداره‌دراون و به‌مه‌ش ریژه‌ی له‌ سێداره‌دان له‌ مانگیکدا 15 له‌ سێداره‌دراو بووه‌ له‌ عیراقدا.
ئه‌م ریژه‌یه‌ ته‌نها ئه‌و ئامارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگا فه‌رمییه‌ حکومی و ریکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه‌ خراونه‌ته‌ روو، که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ژماره‌ی ته‌واوه‌تی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌. ئه‌م ئاماره‌ خه‌یاڵییه‌ له‌ سه‌پاندنی سزای له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ر زیندانیان و خراپی ره‌وشی زیندانه‌کان، ده‌رخه‌ری نامرۆڤایه‌تی بوونی یاساکانی دادوه‌ری و ره‌وشی مافی مرۆڤه‌‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی کوردستاندا و یه‌کێک له‌ پر مه‌ترسیترین ئه‌و زه‌نگانه‌یه‌ که‌ به‌رووی خه‌ڵکی عیراق و کوردستاندا لێده‌درێ.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانێک له‌ ماوه‌یه‌کی کورتی ده‌سه‌ڵاتیاندا ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ له‌ زیندانی و سزای له‌ سێداره‌دان له‌ ژێر سایه‌یاندا جێبه‌جێبکرێت و هێشتاش تاوان و کوشتن وتیرۆر و ته‌قینه‌وه‌ و نائارامی و گه‌نده‌ڵی له‌ ئه‌وجی خۆیدا بێت، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانه‌یان پوچوڵ ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ مه‌به‌ستی خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵک ده‌ڵێن به‌رێوه‌بردنی سزی له‌ سێداره‌دان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی تاوان و تیرۆره‌. له‌ بنه‌ره‌تدا بوونی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ له‌ سزای له‌ سێداره‌دان، هه‌نگاوێک و سیاسه‌تێکه‌ بۆ تۆقاندنی خه‌ڵک و نه‌یارانی سیاسی و گێرانه‌وه‌و سه‌پاندنه‌وه‌ی هه‌مان ده‌ورانی به‌کۆمه‌ڵ له‌ سێداره‌دان و دیکتاتۆری رژێمی به‌عسه‌.
هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌واوی ئه‌و سیاسه‌ت و بریارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و کوردستان سه‌باره‌ت به‌ بریارو سزای له‌ سێداره‌دانی ئه‌م زیندانیانه‌ ریسوا و سه‌رکۆنه‌ ده‌که‌ین و داواکارین که‌ ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێکردنی حوکمی سزای له‌سێداره‌دانی سه‌رجه‌م ئه‌و زیندانیانه‌ رابگیرێت و هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوی یاساکانی دادوه‌ری و ده‌ستوری عیراقیدا سزای له‌ سێداره‌دان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌بکرێت.
هه‌ر لێره‌وه‌ بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئازادیخواز و ته‌واوی ریکخراوه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگییه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی لایه‌نگر له‌ مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی ده‌که‌ین که‌ ناره‌زایه‌تی خۆیان ده‌رببرن و دژ به‌م هه‌وڵانه‌ بوه‌ستنه‌وه‌، هه‌روه‌ها بانگه‌وازتان ده‌که‌ین که‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک که‌ بۆتان ده‌کرێت کۆمه‌ک و هاوکاری هه‌وڵ وتێکۆشانی سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان بکه‌ن بۆ به‌رگرتن به‌ روودانی ئه‌م تاوانه‌ به‌ کۆمه‌ڵ ودژی مرۆڤایه‌تیه‌ و قه‌ده‌غه‌کرنی سزای له‌ سێداره‌دان له‌ عیراق و هه‌رێمی کوردستاندا.
سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان
11/7/2010
[email protected]
00447783902098
لینکی راگه‌یاندنی رۆژنامه‌گه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان: http://www.ohchr.org/Documents/Countries/IQ/PR-HUMANRightsReport2009.pdf
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە