کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وته‌ی هیدایه‌تی مه‌لا عه‌لی، نوێنه‌ری سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان له‌ کۆڕی ماته‌مینی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ دانیمارک 26/6/2010

Saturday, 10/07/2010, 12:00


به‌ڕێزان : پێشه‌کی به‌ناوی سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان به‌خێرهاتنی هه‌مووتان ده‌که‌م ، وه‌ زۆر سوپاسی که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی له‌ دانیمارک ده‌که‌م بۆ سازدانی ئه‌م کۆڕی ماته‌مینییه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر تیرۆری سه‌ره‌دشت عوسمان بکه‌ین ، به‌ بۆچوونی من وه‌ک نوێنه‌ری سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان له‌ دانمارک ده‌بێ له‌ سێ گۆشه‌وه‌ ئه‌م کاره‌ تیرۆریسته‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین،
گۆشه‌ی یه‌که‌م : تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان، دیارده‌ی تیرۆرکردنی له‌ قۆناغێکه‌وه‌ برده‌ قۆناغێکی تر، ئه‌م جاره‌یان تیرۆر له‌ کۆڵانه‌ باریک و شه‌وه‌ تاریکه‌کاندا ئه‌نجام نه‌درا، ئه‌م جاره‌یان رفاندن و تیرۆر به‌ ڕۆژی ڕوناک و له‌به‌رده‌م ده‌زگایه‌کی په‌روه‌رده‌ی گه‌وره‌ی وه‌ک زانکۆ و له‌به‌رچاوی ده‌زگا ئه‌منیه‌کاندا ئه‌نجامدرا ، ئه‌م رفاندن و تیرۆره‌ زه‌نگیکی ترساناکه‌ بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان، په‌یامی تیرۆریستان له‌م کرده‌وه‌ قیزه‌وه‌ندا، په‌یامێکی تازه‌یه‌و ده‌کرێت حیساباتی جدی له‌سه‌ر بکرێت. ئه‌م تیرۆره‌ په‌یامێکی پڕمه‌ترسییه‌ بۆ هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌کان، بۆ سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و ئینساندۆستان.
گۆشه‌ی دووه‌م : به‌ بۆچونی من ئه‌م تیرۆره‌ جۆرێکه‌ له‌ سێداره‌دان، ئه‌گه‌ر به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسی کوردستان و فه‌زای ئاوه‌ڵای کوردستان، وه‌ به‌هۆی بوونی هێزێکی ڕادیکاڵ و ڕاوه‌ستاو له‌ کۆمه‌ڵگادا، ناتوانرێت له‌ ڕێگای دادگاو یاساوه‌ ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌کان و هه‌ڵسوڕاوه‌ سیاسیه‌کان بڕیاری له‌سێداره‌دان به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێت، ئه‌وا له‌بری له‌ سێداره‌دانی ئاشکرا و یاسایی، به‌م جۆره‌ تیرۆر ده‌کرێن و به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز و به‌هه‌مان ناوڕۆکه‌وه‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێن .
گۆشه‌ی سێیه‌م : پێموایه‌ که‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ له‌ کوردستان به‌م شێوه‌یه‌یه‌ی ئێستا و له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌رانبه‌ر یه‌کتر ڕابوه‌ستن، یه‌که‌م جاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌م شوه‌یه‌ به‌رانبه‌ر نه‌فره‌ت و بێزاری خه‌ڵکی کوردستان خۆیان ببینه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان خه‌ڵکیان واڕاهێناوه‌ که‌ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر یه‌کتر وه‌ستاون یان شه‌ڕ ده‌که‌ن حیزب و تاقم و گورپه‌کانن، شه‌ڕه‌کان شه‌ڕی یه‌کێتی و پارتیه‌، شه‌ڕی قه‌ومی و ئیسلامیه‌کانه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان شه‌ڕه‌که‌ له‌ نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بوو. له‌م ڕووبه‌ربونه‌وه‌ و ململانێیه‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان بوون به‌ دوو به‌شه‌وه‌ یان بوون به‌ دوو به‌ره‌وه‌، به‌ره‌ی ئازادیخوازان و ئینساندۆستان له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی تیرۆریستان و ئینسان کوژان .
ئێمه‌ له‌سه‌نته‌ری دژی له‌ سیداره‌دان ، هه‌موو توانامان به‌گه‌ڕ ده‌خه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگای کوردوستان کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد بێت، هه‌وڵده‌ده‌ین که‌ ئازادی به‌رقه‌رابیت. ئازادی و له‌سێداره‌دان دوو حاڵه‌تن که‌ په‌یوه‌ندیه‌کی لازم و مه‌لزومیان له‌ نێواندایه‌، کۆمه‌ڵگایه‌ک ئازادی تێدا به‌رقه‌رار بێت کار کردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له‌ سێداره‌دان ئاسانتر و به‌رجه‌سته‌تره‌، کۆمه‌ڵگایه‌ک سزای له‌ سێداره‌دانی تێدا نه‌بێت ئازادیه‌کانی خه‌ڵک پارێزراوتره‌، ئێمه‌ خه‌بات ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازادمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی کار بکه‌ین بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له‌ سێداره‌دان .
ئێمه‌ پێمانوایه‌ به‌بێ بوونی ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی ناتوانرێت ماف و ئازادیه‌کانی تاک و خه‌ڵکی کوردستان بپارێزرێت، نابێت ڕێگا بده‌ین که‌ ئازادی به‌ده‌یان هێڵ و سنوری ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و ده‌یان پیرۆزی و موقه‌ده‌سات ته‌لبه‌ند بکرێت، ده‌بێت ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی ببێته‌ یاساو له‌ کۆمه‌ڵگادا بچه‌سپێت .
من‌ پێموایه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌و لیژنه‌یه‌ی که‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ دروست کراوه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ بکات ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، ئه‌م لیژنه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا نیه‌تی کاره‌کانی خۆی پیشانی خه‌ڵکی کوردستاندا، ڕونکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و بانگهێشت کردنی سه‌رنوسه‌ری ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ی که‌ له‌کاتی ڕفاندن و تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌رگریان له‌ ئازادی کرد بۆ به‌رده‌م لێکۆڵینه‌وه‌ هیچ ئومێدێکی بۆ خه‌ڵک نه‌ هێشته‌وه‌، له‌جێگای ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌بێت لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن له‌ ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تی و نیهاد و ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، رێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی کوردستان، پارێزه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌کانی که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان، نوێنه‌ری خێزانی سه‌رده‌شت عوسمان، که‌سایه‌تیه‌ سیاسی و ڕۆشنبیریه‌کان پێکبهێنرێت، ئه‌مه‌ ته‌نها زامنی به‌ سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی ڕووی ڕاستی ئه‌م که‌یسه‌یه‌.
بژی ئازدی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی
نه‌مری بۆ شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە