"زیندانە نهێنیەكە"ى گەرمیان
Sunday, 14/07/2013, 12:00
رایەڵ زانیارى لەسەر "زیندانە نهێنیەكە"ى گەرمیان بڵاودەكاتەوە
راپۆرتى : ئازاد عەلی
گومان دەكرێت زیندانێكى نهێنى لە نزیك گوندى قولەبەرزى سەربە ناحیەى باوەنوور هەبێت و رێكخراوە مەدەنیەكانى گەرمیانیش داوا لە پەرلەمان دەكەن ئەو جێگەیە بپشكنێت كە گومانى بوونى زیندانى نهێنى تێدا دەكرێت.
ئەو جێگەیەى كە گومان دەكرێت زیندانى نهێنى بێت دەكەوێتە بەرانبەرى گوندى قولەبەرز و تەنها دووسەد مەترێك لەسەر جادەى كەلار دەربەندیخانەوە دوورە و بە (مقەڕ سریەكە) ناسراوە.
بەپێى زانیاریەكانى گۆڤارى رایەڵ، چەندین جار پەرلەمانى كوردستان ئاگادار كراوەتەوە لەوەى كە گومان دەكرێت مەقەڕ سریەكەى قولەبەرز زیندانى نهێنى بێت و خەڵكى تێدا بێت، بەڵام پەرلەمانى كوردستان بێهەڵوێست بووە.
ئەندامێكى رێكخراوە مەدەنیەكانى گەرمیان، ئاماژەبەوەدەكات هەموو خەڵكى گەرمیان بەگومانن لەوەى (مەقەڕ سریەكە)ى قولەبەرز زیندانى نهێنى بێت، بۆیە ئەو جێگەیە بووەتە باس و خواسى هاوڵاتیان .
عەدنان قوربانى بەپێویستى دەزانێت دەرگاى (مەقەڕ سریەكە) بەڕووى هاوڵاتیاندا واڵابكرێت بۆ ئەوەى خەڵكى بزانن چى تێدایە و گومانەكانیان بڕەوێتەوە.
ئەو ئەندامەى رێكخراوەكانى گەرمیان، باسیلەوەشكرد داوایان لەلیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمان كردووە بەدواداچوون بۆ گومانەكانى خەڵك بكات كە پێیانوایە (مقەڕ سریەكە) زیندانى نهێنى یە، وتى"بەڵام لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمان وەڵامیان نەداوینەتەوە و ئامادەنەبوون بەدواداچوون بۆ بابەتەكە بكەن، ئەمەش گومانەكانى تۆختر كردووەتەوە".
دروستكردنى شورایەكى بەرز لەدەوروبەرى (مەقەڕ سریەكە) و داخراوى بەردەوامى دەرگاكەى و دیارنەبوونى پاسەوان گومانەكانى زیاتر چڕكردووەتەوە لەسەر ئەوەى زیندانى نهێنى بێت.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵى راگەیاند" لەسەر سەربانى مەقەڕ سریەكە تانكى ئاو هەیە ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە كە ئەو بینایە خەڵكى تێدا دەژێت".
سەرچاوە ئاگادارەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، ئاماژەى بەوەدا ئەگەر ئەو (مەقەڕ سریە) بارەگاى پۆلیس یان ئاسایش یان پێشمەرگە بێت شوراى بەرزى بۆچییە، یان بۆچى پاسەوان لەو دەوروبەرە نابینرێت.
زانیاریەكانى رایەڵ ئاماژەبەوەدەكەن چەند ساڵێك لەمەوبەر زانیارى لەسەر (مەقەڕ سریەكە) گەیشتووەتە پەرلەمانى كوردستان و بڕیاربووە پەرلەمان بەتایبەت لیژنەى مافى مرۆڤ بەدواداچوون بكات، بەڵام ئەو لیژنەیە خۆى دزیووەتەوە.
پێشتر رۆژنامەى هاوڵاتیش ناوى ژمارەیەك جێگەى گومانلێكراوى لەسنورى پارتى و یەكێتى بڵاوكردەوە كەگومان كراوە زیندانى نهێنى بێت، یەكێك لەو جێگانە (مەقەڕ سریەكە)ى بەرانبەر قولە بەرز بوو، كە رۆژنامەكە زانیاریەكانى لەپەرلەمانى كوردستانەوە وەرگرتبوو.
سەرۆكى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى كوردستان، ئاماژەى بەوەدا پێشتر بەدواداچوونیان كردووە و وەڵامى فەرمیان لەئاسایشى گشتى وەرگرتووە بەوەى ئەو جێگەیە زیندانى نهێنى نییە.
دەربارەى ئەوەى بۆچى داواكارى رێكخراوەكانیان بەهەند وەرنەگرتووە و خۆیان سەردانى جێگەكەیان نەكردووە، سالار مەحمود سەرۆكى لیژنەى مافى مرۆڤ وتى"وەكو مافى مرۆڤ لەبەرنامەماندایە سەردانى گەرمیان بكەین و ئەو شوێنەش بپشكنین".
بەڵام سەرچاوەیەك لەپەرلەمانى كوردستان بێهیوایە لەلیژنەى مافى مرۆڤ و پێیوایە ئەو لیژنەیە تەنها ئیشى قسەكردن و كات كوشتنە، ئەگینا ناتوانێت جێگە گوماناویەكان بەسەر بكاتەوە.
سەرچاوەكەى پەرلەمانى كوردستان، بەرایەڵى وت" لیژنەى مافى مرۆڤ زیاتر لە ساڵێكە دەڵێن دەچینە شوێنى زیندانیە نهێنیەكان، بەڵام هەرنەچوون".
هەروەها وتیشى"ئەو لیژنەیە ئیشى بووەتە قسەكردن و كات كوشتن، ئەگینا بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت و ناشیەوێت زیندانیە نهێنیەكان بەسەر بكاتەوە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست