"دادگاى كەلار ناتوانێت لێپرسینەوە لەو داوایانە بكات كە لە سەر بەرپرسان تۆماردەكرێت"
Wednesday, 29/06/2011, 12:00
زۆرێك لە چالاكەوانانى بوارى رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنىو رۆژنامەنووسان گەرمیان، رەخنەى ئەوە لە دادگاى كەلار دەگرن كە"وەك پێویست ناتوانن بەكارەكانیان هەڵسن".
بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانى گەرمیان لەبەیاننامەیەكیاندا كە لەماوەى رابردوودا بڵاویانكردووەتەوە ئەوەیان روونكردووەتەوە لەناو دادگاكانى گەرمیاندا مافی مرۆڤ زەلیلو پێشێلكراوە ئەوان نووسیویانە "چەند شەرمە كە هەندێك لەداوەرەكان خۆیان وەك ئاغاو هاووڵاتییانیش وەك كۆیلە ببینن، سەیرە هاووڵاتى لەترسی تووڕەیی دادوەر، خۆی پیسبكات!.چەند ناعەدالەتییە، رۆژنامەنووسێك بەهۆی سكاڵاى بەرپرسانەوە زوو بە زوو دەستگیردەكرێت، بەڵام كەس ئاوڕ لە هاوارى رۆژنامەنووسێكى سەربەخۆو بێپشتو پەنا ناداتەوە".
لە بەشێكى ترى بەیاننامەكەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە، كە ژمارەیەكى بەرچاو فەرمانگەى دادەری لە سنوورەكەیاندا كراونەتەوە، ئەوەش ئومێدێكى پێیانبەخشییوە، كە دەسەڵاتى داوەری سنورى چالاكییەكانى فروانتربێت، كەچى سەریان لەوەش سوڕماوە ئەو دەسەڵاتە گەورەیە ناتوانێت تۆماتبارێك دەستگیر بكات "ئیتر چاوەڕێی چ هەنگاوێكى لێبكرێت بە ئاراستەى چەسپاندنى یاسا؟".
چالاكەوانى بوارى رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى لە گەرمیان، محەمەد حسێن لەو بارەیەوە دواو وتى "خەمساردى داواكارى گشتىو دەسەڵاتى دادوەریی لە كوردستانو دادگاى كەلار، بەشێكە لەكۆی گشتى ئەو كێشانە كە هەیە، نەك لەبوارى دادوەریدا، لەزۆربەى كایەكانى تریش دەسەڵاتى مەكتەبی سیاسى پارتىو یەكێتى زۆر زیاترە".
ناوبراو، روونیكردەوە كە دەسەڵاتى دادوەرى لە هەرێمى كوردستاندا ناكرێت فرە دڵی پێخۆشبكرێتو چاوەرێی شتى گەورەو گرنگى لێبكەیت، هەروەك وتى "بەداخەوە تا ئەو كاتە عەدالەت جێبەجێدەكەن، كە پارتىو یەكێتى پێیرازیبن!".
هاوكار نەسرەدین،كە گەنجێكى شارەكەیە،ئاماژە بەوە دەدات، دادگاكانى كوردستان بەشێوازێكى گشتى لاوازو سستن، كەلاریش بە دەرنییە لەو حاڵەتانە، ئەو وتى"دادگاكان ناتوانن لێپرسینەوە لەو داوایانە بكەن كە زۆر جار لەسەر بەرپرسەكان تۆمار دەكرێت، كە بەگەندەڵییەوە تێوەگلاون"
ناوبراو باسی لەوەكرد كە ئەو حاڵەتە وایكردووە، شارێك بەبێ دادگایەكى چالاك بژی، ئەو وتیشی "شارێك بەبێ دادگا بێت دەبێتە جەنگەڵستان، دواجار لەو جەنگەڵستانەشدا هیچ دەرفەتێك نامێنێتەوە بۆ سەروەرى یاساو مافەكانى مرۆڤ، بۆیە پێوستە دەزگاكانى دادگا بەقورسی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو داوانە بكات كە دەچێتە بەردەستیان، بەمەش سەنگو قورسایى بۆخۆیان دەگەرێنەوە".
محەمەد حوسێن، ئاماژەى بەوەشدا "بۆ ئەوەى یاسا وەك خۆى جێبەجێبكرێت، پێوستمان بە حكومەتێكە لەچوارچێوەى موئەسەساتدا ئیشەكانى خۆى بكات".
بەپێی زانیارییەكانى لڤین، فەرمانگەى داواكارى گشتى گەرمیان، لەسەر گەندەڵی، چەندین سكاڵاییان، لەسەر بەرپرسانى ناوچەكە تۆماركردووە، بەڵام "تائێستا كەمترینیشیان نەچونەتە بەردەم دادگاو یاسایان بەسەردا جێبەجێنەكراوە".
سەرەڕاى ئەوەى لەماوەى رابردوودا فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان،چەندین سكاڵای لەسەر بەرپرسان تۆماركردووە،بەڵام بەهۆی ئەوەى كە نەیانتوانیوە تاوانباران رابكێشنە بەردەم دادگا بەشێك لە هاووڵاتییان بە نائومێدییەوە لەم فەرمانگەیە دەڕوانن.
ئەو چالاكوانەى كۆمەڵی مەدەنى وتى"داواكارى گشتى بەشێكە لەو رەوشە دادوەرییەى لە هەرێمى كوردستاندا هەیە، لە هەرێمێكدا كە سوڵتەیەكى سیاسیو میلشیایی هەبوو، داواكارى گشتى چی رۆڵێكى هەیە، لەسایەى ئەو رەوشە نایاسایەدا لە كوردستاندا هەیە، نە داواكارى گشتىو نە دادگا هیچ لەمانە ناتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن، عەدالەتى داواكارى گشتىو دەسەڵاتى یاسا تا ئەو شوێنە كاریگەرییان هەیە كە بەرژەوەندى باڵای حیزبەكان نەخەنە مەترسییەوە".
چەند مانگێك لەمەوبەر رادیۆى دەنگ لە كەلار تاڵانكرا، بەڕێوەبەرى ئەو رادیوێە ئازاد عوسمان، لەسەر ئەو رووداوە نزیكەى سێ مانگە، سكاڵایەكى یاسایی لە دادگایی كەلار تۆماركردووە، بەڵام تا ئێستا ئەوەندەى ئەو ئاگاداربێت هیچ بەدواداچونێك بۆ سكاڵاكەى نەكراوە، ئەو تى"پاش تێپەڕینى دوو مانگ بەسەر سكاڵاكەدا، ئەوەندەى ئاگادار بین دادگاى كەلار هیچ بەدواداچونێكى لەوبارەیەوە نەكردووە".
ئازاد عوسمان بە توندى رەخنە لەدادگای كەلار دەگرێت و دەڵێت"ئەمە هیچ شتێكى ترمان پێناڵێت جگە لەخەمساردى دادگاو ئەو دادوەرانەى كە پەیوەندییان بەو باسەوە هەیە"
دەربارەى سستى لە كارەكانى دادگاى كەلار لڤین، سەردانى سەرۆكى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى كەركوك گەرمیان"، (ئەكرم فەرج ئەمین)و دادوەرى دادگاى لێكۆڵینەوەى كەلار (دڵشاد عیسا عەبدولرحمان) كرد، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست