كێ رادیۆى" دەنگ " ى تاڵان كرد؟
Monday, 30/07/2012, 12:00
ئەو بابەتەى كە لە گۆڤارى (گەڕان) دا بڵاوكرایەوە ، دەزگاى ئاسایش لەگەڵ ئەو نووسینەى لەسەر مەحمود سەنگاوى نووسرابوو، كۆیكردەوە و نەیهێشت كەس بیكڕێت
گەڕان وردەكارى تاڵانكردنى رادیۆى دەنگ و بەدادگایى گەیاندنى مەحمود سەنگاوى بڵاودەكاتەوە
گەڕِان : كەلار
ساڵ و نیوێك بەسەر تاڵانكردنى رادیۆى دەنگ دا تێدەپەرێت ، بەڵام تا ئێستا تاڵانكارانى رادیۆكە ئاشكرا نەكراون و حكومەتى هەرێمیش وەكو پێویست بەدواداچوونى بۆ دۆسیەكە نەكردووە.
رادیۆى دەنگ لە نیوەشەوى 6/3/2011 لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە تاڵانكرا، كە بەرپرسانى رادیۆكە دەزگا ئەمنى و سەربازیەكان تۆمەتباردەكەن بە تاڵانكردنى رادیۆكەیان.
تاڵانكردنى رادیۆكە لەكاتێكدا ڕوویدا كە خۆپیشاندانى جەماوەرى زۆربەى شارو شارۆچكەكانى كوردستانى گرتبوویەوە، بەتایبەت بەرپرسانى دەڤەرەكە زۆر لەرادیۆى دەنگ نیگەران بوون چونكە بە بەردەوامى رووماڵى خۆپیشاندانەكانى دەكرد.
رادیۆى دەنگ رادیۆیەكى ئەهلى ئازادە، كە هەریەك لەئازاد عوسمان و جەزا محەمەد خاوەنى رادیۆكەن و كارمەندەكانى خۆبەخشن، هەروەها خەرجى رادیۆكە بەو پارە كەمە بەرێوە دەچێت كە لە ریكلامدا دەستیان دەكەوێت.
چۆنیەتى تاڵانكردنى رادیۆكە
كاتژمێر 2 ى شەوى 6/3/2011 لەپرێكدا تەلەفۆن بۆ بەرێوەبەر و خاوەنى رادیۆى دەنگ دەكرێت، پێیاندەوترێت فریاى رادیۆكەیان بكەون چونكە لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە تاڵانكراوە.
دواتر خێرا بەرێوەبەرى رادیۆى دەنگ و چەند كەسێك خۆیان دەگەیەننە بازاڕ بۆ بیناى حاجى حەمەئەمین كەلارى كە ئۆفیسى رادیۆكەى لێبووە، دەبینن رادیۆكەیان تاڵانكراوە و بەشێك لەكەرەستەكانیشى تێك و پێك دراوەو شكێندراوە.
ئازاد عوسمان بەرێوەبەرى رادیۆى دەنگ، ڕوونیكردەوە كاتێك نیوەشەو ڕۆیشتینە سەر رادیۆكە، بینیمان رادیۆكە تاڵانكرابوو هەروەها هێزێكى ئاسایشیش هاتبوونە ناو بیناى رادیۆكە.
بەوتەى بەرێوەبەرى رادیۆى دەنگ، بینینى دیمەنى تاڵانكردنى رادیۆكە تەواو لەڕووى دەروونیەوە نیگەرانى كردن، چونكە لەرێگەى ئەو رادیۆیەوە خزمەتى شارەكەیان دەكرد.
تاڵانكردنى رادیۆكە لەكاتێكدا ڕوویدا كە كون و كەلەبەرى شار بە هێزى ئەمنى و سەربازى تەنرابوو، بەڵام سەربارى ئەو هەموو هێزە كەچى بەرپرسانى شارەكە بێ ئاگایى خۆیان لایەنى پشت تاڵانكردنى رادیۆكەكە راگەیاند.
ئازاد عوسمان، باسیلەوەشكرد هێزێكى سەربازى رادیۆكەیان تاڵانكردووە كە پاسەوانى بیناكەیان دوور خستووەتەوە تا كارەكەیان ئەنجامداوە و دواتر ڕۆیشتوون.
كێ رادیۆكەى تاڵانكرد؟
بەرێوەبەرى رادیۆى دەنگ، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە تاڵانكردنى رادیۆكەیان بەرنامە بۆ دارێژراو بووە و دەستى هێزە سەربازى و ئەمنیەكانى لەپشتەوە بووە.
بەپێى زانیاریەكانى گەڕان، كاتژمێر دووى هەمان ئەو شەوەى كە رادیۆى دەنگ تاڵانكرا كارەبا تا دوو نیو نەبووە، ئەمەش گومانى ئەوەى دروستكردووە كەدەستى دەزگا حكومیەكان لەپشت تاڵانكردنى رادیۆكەوە بووبێت.
ئازاد عوسمان بەرێوەبەرى رادیۆى دەنگ، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە رادیۆیەكە بەپیلانى پێشوەخت نەخشە بۆ دارێژراو تاڵانكراوە.
ناوبراو وتى"گومان لەسێ لایەن هەیە رادیۆى دەنگى تاڵان كردبێت، هێزە ئەمنیەكان و هێزەكانى پێشمەرگە دوو لەو هێزانەن چونكە ئەو شەوە لەناو كەلاردا بوونیان هەبووە و بڵاوەیان پێكرابووە".
قەرەبووكردنەوەى رادیۆكە گومانى زیاترى دروستكردووە
دواى تاڵانكردنى رادیۆكە و ئاشكرانەكردنى تاڵانكەران لەلایەن حكومەتەوە، دواتر حكومەت بڕیارى دا بەقەرەبووكردنەوەى ئەو زیانانەى كە لەرادیۆكە كەوت.
قەرەبووكردنەوەى حكومەت و ئاشكرانەكردنى تاڵانكەران، هێندەى تر گومانەكانى چڕتر كردەوە كە بەرپرسان لەپشت مەسەلەكەوە بوون، چونكە "گەر ئەوان خۆیان رادیۆكەیان تاڵان نەكرد، بۆچى قەرەبوویان كردەوە؟".
هەروەها پرسیارى ئەوەش دروست بووە گەر خۆیان لەپشت تاڵانكردنى رادیۆكەوە نین، بۆچى تاڵانكەرانى رادیۆكەیان نەدۆزیەوە و بۆ ڕاى گشتى ئاشكرایان نەكرد؟
ئازاد عوسمان ، وتى"چى كەرەستەمان دزرابوو حكومەت كریەوە بۆمان".
ناوبراو وتى"بەڵام بەرنامە و دیكۆمینتەكانمان كە بەهاى هەزاران دۆلار بوو هەروا رۆیشت".
مەحمود سەنگاوى مەسەلەكەى وروژاندەوە
لەكاتێكدا هەموو دانیشتوانى كەلار و دەڤەرەكە گومانیان نیە لەوەى كە دەستى دەزگا ئەمنى و سەربازیەكان لەپشت تاڵانكردنى رادیۆى دەنگەوەیە، كەچى سەنگاوى ویستى "ڕاى گشتى چەواشە بكات".
لەمیانەوەى چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى ئێن ئارتى ، مەحمود سەنگاوى سەرپەرشتیارى مەڵبەندى گەرمیانى یەكێتى كارمەندانى رادیۆكەى تۆمەتباركرد بە تاڵانكردنى رادیۆكە، وتى"چەند كەسێك لەناو خۆیاندا رادیۆكەى تاڵانكردووە".
دواتر رادیۆى دەنگ لەدادگاى كەلار سكاڵاى یاساییان لەسەر مەحمود سەنگاوى تۆماركرد، تا سەنگاوى بیسەلمێنێت و ئەو دەستە ئاشكرابكات كە رادیۆكەى تاڵانكردووە.
بەرێوەبەرى رادیۆى دەنگ، ڕوونیكردەوە مەحمود سەنگاویان داوەتە دادگا تا بیسەلمێنێت خۆمان رادیۆكەمان تاڵانكردووە، بەپێچەوانەوە دەبێت دادگا سزاى یاسایى بدات چونكە ئەو تۆمەتى هەڵبەستووە.
ئازاد عوسمان، تۆمەتەكانى سەنگاوى بەتۆمەتى نابەرپرسیارانە ناودەبات، وتى"دەبێت ئەو پیاوە لەسەر ئەو تۆمەتە سزا بدرێت یان داواى لێبوردن بكات، یاخود بیسەلمێنێت كەكێ رادیۆى تاڵانكردووە".
ناوبراو وتى"كارەساتە رادیۆكەمان تاڵان دەكەن و كەچى تاوانباریشمان دەكەن".
ڕووداوێكى ترى هاوشێوە
تاڵانكردنى رادیۆى دەنگ لەكاتێكدا روویدا، كە كەناڵى ئێن ئارتیش لەلایەن ژمارەیەك چەكدارى نەناسراوەوە سوتێنرا، كەدواتر ئاشكرابوو چەكدارەكان سەربە دەزگاى دژەتیرۆر بوون.
ئەو چەكدارانەى كەناڵى ئێن ئارتیان سوتاند ژمارەیان نزیكەى بیست كەس دەبوو، كە لەكاتى سوتاندنى كەناڵەكەدا حەوت كەسیان لێ سوتابوو، ئەمەش بووە هۆى ئاشكراكردنى نهێنیەكە.
نەریمان عەبدوڵا ئەندامى لیژنەى ناوخۆى پەرلەمان، روونیكردووەتەوە چەكدارە سوتاوەكان برابوونە نەخۆشخانەى سلێمانى ، دواتر مەسەلەكە ئاشكرابوو بە ئیسعافى ژمارە سەوز كە هى پێشمەرگەیە فرێندران بۆ هەولێر.
ناوبراو وتى"دواتر لەهەولێریش جێگەكانیان ئاشكرابوو فرێندران بۆ جێگەى تر, بەڵام دواتر بیستمانەوە كەدووانیان بەهۆى زۆرى رێژەى سوتاویەكانیەوە براونەتە توركیاو لەوێ مردوون".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست