بارودۆخى سیاسى حیزبەكان
Wednesday, 06/02/2013, 12:00
پارتى لەدۆخێكى خراپدایە.. یەكێتى و داهاتوویەكى نادیار.. گۆڕان و گرفتى ناوخۆیى.. پەكەكە و ستراتیژى نوێ
راپۆرتى: شیكارى رایەڵ
لەم راپۆرتەدا گۆڤارى رایەڵ زانیارى ورد لەسەر بارودۆخى حیزبە كوردیەكان (پارتى، یەكێتى ، بزووتنەوەى گۆڕان و پەكەكە) بڵاو دەكاتەوە، كە لەنێو راپۆرتەكەدا چەندین زانیارى و پرسى گرنگى پەیوەندیدار بەو هێزانە بۆ خوێنەر روونكراوەتەوە.
"پارتى لەدۆخێكى خراپدایە و ئێران هەڕەشەى لێدەكات"
پێشبینى دەكرێت ئەمساڵ (2013) خراپترین ساڵ بێت بۆ پارتى ، بەو پێیەى ئەم حیزبە كەوتووەتە نێو كۆمەڵێك قەیرانى گەورەى ناوخۆیى و دەرەكیەوە، قەیرانەكان خۆیان لە تێكچوونى پەیوەندیەكانى پارتى لەگەڵ وڵاتاندا دەبیننەوە.
گرفتى یەكەمى پارتى ساردو سڕى پەیوەندیەكانیەتى لەگەڵ ئەمریكا، بەتایبەت ئەو وڵاتە نیگەرانە لەپارتى و پێیوایە بارزانى و مالكى بەمەبەست و لەپێناو خۆدزینەوە لەچاكسازى و دامركاندنەوەى دەنگە ناڕازیەكان ، قەیران لەدواى قەیران دەخوڵقێنن و بەرژەوەندى ئەمریكایان خستووەتە مەترسییەوە.
نیگەرانبوونى ئەمریكا لە ئاڵۆزبوونى دۆخى عێراق بەهۆى ناكۆكى نێوان بارزانى و مالكى لەو روانگەیەوەیە كە ئاڵۆزبوونى دۆخەكە زیان بە بەرژەوەندیەكانى دەگەیەنێت، چونكە ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەى نەوتى عێراقەوە گەمارۆكانى سەر ئێران توندتر بكات و بە نەوتى عێراق قەرەبووى ئەو وڵاتانە بكاتەوە كە نەوت لەئێران ناكڕن.
هەروەها سیاسەتى پارتى بەرانبەر بە كوردستانى رۆژ ئاوا (سوریا) و دەستوەردانى ئەم حیزبە لە كاروبارى حیزبە كوردیەكانى رۆژئاوا بۆ بەرژەوەندى خۆى، هێندەى تر ئەمریكاى نیگەرانكردووە.
هاوكات لەگەڵ نیگەرانبوونى ئەمریكا لەپارتى، ئێران بەفەرمى هۆشدارى داوەتە ئەو حیزبە لەبەرانبەر خراپ مامەڵەكردنى لەگەڵ حكومەتەكەى مالكى و كاركردنى بۆ بەرژەوەندیەكانى توركیا.
ئەوەى ئێرانى بەتەواوەتى لەپارتى توڕە كردووە چەند مەسەلەیەكە، یەكێك لەو مەسەلانە ئەوەیە ئێران پێیوایە شانەى نووستوى ئیسرائیل لەناو خاكى هەرێم دا هەیە، ئەمە تاچەند راستە مەسەلەیەكى ترە، بەڵام ئێران قەناعەتى وایە.
دواى ئاگاداركردنەوەى پارتى لەلایەن ئێرانەوە لەسەر ئەم پرسە، مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم رایگەیاند، ئەگەر باڵیۆزخانەى ئیسرائیل لەبەغدا بكرێتەوە ئەوا كونسوڵگەرى ئەو وڵاتە لەهەولێریش دەكرێتەوە.
جگە لەوە مەسەلەى پەیوەندى پارتى لەگەڵ توركیا و وڵاتانى كەنداو هێندەى تر ئێرانى نیگەران كردووە، چونكە ئێران پێیوایە پارتى كار بۆ بەرژەوەندى ئەو وڵاتانە و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندى وڵاتەكەى دەكات.
هەروەها خراپى پەیوەندیەكانى نێوان بارزانى و مالكى یەكێكى ترە لەو مەسەلانەى ئێرانى نیگەران كردووە، چونكە ئێران وا دەڕوانێتە تەنگەشە یەك لەدواى یەكەكان كە زیان بە پێگەى حوكمرانى شیعە دەگەیەنێت لەعێراق داو پارتیش بووەتە كەوا سورى بەر لەشكرى سونەكان بۆ دژایەتى كردنى دەسەڵاتى شیعى.
لەپاڵ ئاگاداركردنەوەى پارتى لەلایەن ئێرانەوە كە هیچ شتێك بەرانبەر مالكى نەكات و هەوڵى رێككەوتن بدات لەگەڵى، ئەو وڵاتە فشارى خستووەتە سەر مالكیش بۆ ئەوەى هەوڵى رێكەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەكان بدات، چونكە دەسەڵاتى شیعى زەرەرمەندى یەكەم دەبێت لەتێكچوونى دۆخەكە.
هەرچەندە حكومەتى ناوەندى بیەوێت لەگەڵ هەرێم رێكبكەوێت، بەڵام پارتى بەپێچەوانەوە هەوڵى پچڕاندنى پەیوەندیەكانى نێوان هەرێم و ناوەند دەدات ئەمە قەناعەتى یەكێتى و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە.
بەرژەوەندى پارتى لەئاسایى بوونەوەى پەیوەندى نێوان هەرێم و ناوەنددا نییە، ئەگەر نێوان هەردوولا ئاسایى بێتەوە پارتى ناتوانێت بەئارەزووى خۆى نەوت بفرۆشێتە توركیا و داهاتە ناوخۆییەكانى هەرێم بشارێتەوە، بەتایبەت رۆژانە 125 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێتە توركیا بێ ئەوەى بزانرێت پارەى ئەو نەوتە بۆ كوێ دەڕوات و كێ وەریدەگرێت.
ئەوەى دۆخەكەى بۆ پارتى خراپتر كردووە لەمساڵدا ئەوەیە لەپاڵ خراپى پەیوەندیەكانى لەگەڵ ناوەند و وڵاتاندا، ئەو حیزبە نێوانى لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانى هەرێمدا باش نییە و پێدەچێت یەكێتیش لەغیابى تاڵەبانیدا مامەڵەى لەگەڵى بگۆڕدرێت.
بۆیە پارتى دەیەوێت خراپى پەیوەندیەكانى لەگەڵ ناوەند و وڵاتانى دەوروبەردا بە ئاساییكردنەوەى پەیوەندیەكانى لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان قەرەبوو بكاتەوە، واتە ساڵى 2013 ساڵى نەرمى نواندنى پارتى دەبێت بەرانبەر لایەنەكان.
ئەوەى پارتى بەتەواوەتى تۆقاندووە ئەوەیە لەكاتێكدا كەوتووەتە قەیرانەوە لەگەڵ وڵاتان و لایەنەكانى ناوخۆ، ئەمساڵ چەند هەڵبژاردنێكى چارەنوسسازیش لەهەرێم ئەنجام دەدرێن، ئۆپۆزسیۆن و یەكێتیش داوا دەكەن سەرۆكى هەرێم لەرێگەى پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت نەك لەرێگەى خەڵكەوە.
ئینجا یەكێتى یەكلابووەتەوە بۆ ئەوەى لەهەڵبژاردنەكاندا بەلیستى جیا بەشدارى بكات ، لەم حاڵەتەشدا ئایندەى هاوپەیمانێتى نێوان یەكێتى و پارتى نادیارە بەتایبەت یەكێتى لەغیابى تاڵەبانیدا بووەتە دوو ئاراستەوە ، ئاراستە بەهێزەكە كەلەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بەڕێوەدەبرێت بەلاى گۆڕان دا رایدەكێشێت.
لەهەمووشى قورستر بۆ پارتى ئەوەیە هەموو لایەنەكان هەوڵى گێڕانەوەى دەستور و گۆڕینى سیستەمى حوكمڕانى دەدەن لەسیستەمى تێكەڵەى نێوان سەرۆكایەتى و پەرلەمانیەوە بۆ سیستەمى پەرلەمانى رووت، لەمحاڵەتەشدا بۆ پارتى قورس دەبێت پۆستى سەرۆكایەتى هەرێم لەرێگەى پەرلەمانەوە بەدەست بهێنێت، چونكە ئەستەمە پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن دەنگ بەكاندیدەكەى پارتى بدەن ، گەرەنتیش نییە پەرلەمانتارە یەكێتیەكانیش دەنگ بە بارزانى بدەن.
"یەكێتى و داهاتوویەكى نادیار"
یەكێتى كە یەكێكە لە هێزە حوكمڕانەكانى هەرێم بە پێچەوانەى پارتى كە سەر بە جەمسەرى توركیایە، ئەم هێزە زیاتر لە ئێرانەوە نزیكە و پێیوایە رێكەوتن لەگەڵ شیعە لەبەرژەوەندى كورددایە نەك نزیكبوونەوە لەسونەكان.
نزیكبوونى یەكێتى لەئێران هۆكاربوو بۆ ئەوەى لەكاتى تێكچوونى تەندروستى تاڵەبانیدا ئەو وڵاتە بەجۆرێك لە جۆرەكان توشى شپرزەیى بێت و هەموو هەوڵەكانى بخاتە گەڕ بۆ ئەوەى یەكێتى قۆناغى ئینتیقالى تێپەڕێنێت و لە تەقینەوەى ناوخۆیى دەربازى بێت.
یەكڕیزى یەكێتى و مانەوەى ئەم حیزبە بەیەكپارچەیى لەلایەن ئێرانەوە بە پێویست دەزانرێت و هەمیشە كارى بۆ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران نایەوێت لوتكەى دەسەڵاتى یەكێتى بكەوێتە دەست بەرهەم ساڵەح كە كەسایەتیەكى نزیكە لەئەمریكا.
هەرچەندە ساڵى رابردوو كاتێك بەرهەم ساڵەح سەردانى ئێرانى كرد، تاڵەبانى پێشوەخت بە ئێرانیەكانى راگەیاندبوو كە متمانەپێكراوترین كەسى خۆم دەنێرمە لاتان وەكو ئاماژەیەك بۆ بەرهەم ساڵەح.
ئەوەى لەئێستادا بە دەسەڵاتترین كەسى ناو یەكێتى هەژمار دەكرێت و هەم پارتى و هەم ئۆپۆزسیۆن چاویان لەسەریەتى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، بە دەلیلى ئەوەى كاتێك ناوبراو لەئەڵمانیا گەڕایەوە لەماوەیەكى كەمدا بارزانى و نێچیرەڤان چەند جارێك سەردانیان كرد، ئەمە جگە لەوەى نەوشیروان مستەفاش بەرەسمى سەریلێدا.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد جگە لەوەى دارایى و هێزى یەكێتى لایە، لەهەمانكاتیشدا فاكتەرێكى تر هەیە بۆ ئەوەى بەكارى بهێنێت بۆ باڵادەستبوونى دەسەڵاتەكانى، ئەویش ئەوەیە كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵەح لەدوا كۆنگرەى یەكێتیدا بەتەسكیە دانران، بەڵام ناوبراو زۆرترین دەنگى كۆنگرەى بەدەستهێنا.
لەئێستادا ئەو ئاراستەیەى هێرۆ ئیبراهیم رێبەرایەتى دەكات بەرەو لاى گۆڕان رایدەكێشت لە پاڵ هەوڵدان بۆ مانەوەى رێكەوتن لەگەڵ پارتى، بەڵام ئاراستەكەى تر نزیكبوونەوە لەپارتى بەگونجاوتر دەزانێت.
هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەسەڵاتدارترین سەركردەى یەكێتى یە، بەڵام بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى یەكێتى ناتوانێت ئەو مافە لەكۆسرەت رەسوڵ وەربگرێتەوە كە پەیڕەوى ناوخۆ پێیداوە و تا كۆنگرەى داهاتوو ئیش و كارەكانى سكرتێر رایى دەكات.
واتە لەئێستادا كۆسرەت رەسوڵ رۆڵى "براگەورەیى"دەگێڕێت لەناو یەكێتیدا و پێناچێت تا كۆنگرەى داهاتوو گرفت رووبدات، بەڵام پێدەچێت كۆنگرەى داهاتوو ببێتە دەروازەى تەقینەوەى ناوخۆیى ئەم حیزبە ئەگەر نەرمى بەرانبەر یەكترى نەنوێنن.
پارتى دیموكراتى كوردستان بەرژەوەندى لەگەڵ مانەوەى یەكێتیدایە، چونكە هاوپەیمانێتى ئەم حیزبە نەبێت ناتوانێت ئەو هەموو دەسەڵات و ئیمتیازە بەدەست بهێنێت، بۆیە خودى بارزانى لە بەرنامە نهێنیەكانى نەوشیروان مستەفا تۆقیووە.
مەسعود بارزانى لەوە دەترسێت نەوشیروان مستەفا بەرنامەى نهێنى هەبێت بۆ پەرتكردنى یەكێتى و راكێشانى زۆربەى سەركردەكانى بۆ ناو گۆڕان، هەر بۆیە لەئێستادا هەرچى راگەیاندنى سێبەرى پارتى یە (رووداو، باس، سڤیل) هاتوونەتە سەرخەت بۆ زەقكردنەوەى كێشە ناوخۆییەكانى گۆڕان.
پارتى لەرێگەى راگەیاندنى سێبەرەوە ئەو پەیامە دەدات بەگوێى بەرپرسانى یەكێتیدا كە ئاگاداربن بیر لەرۆیشتن بەرەو لاى بزووتنەوەى گۆڕان نەكەنەوە، چونكە نەوشیروان مستەفا كەسێكى تاكڕەوە و بزووتنەوەكەى پڕە لەكێشەى ناوخۆیى.
لێرەوە دەكرێت بڵێین یەكێتى نیشتیمانى لەم قۆناغەى ئێستادا پێناچێت توشى رووداو و گرفتى ناوخۆیى ببێت، بەڵام داهاتووى ئەم حیزبە ناڕوونە بەو پێ یەى جگە لە بەرهەم ساڵەح كە پێیناڕازین كەسایەتى زۆر بەهێزى ترى تێدا نییە لوتكەى دەسەڵات بەدەست بهێنێت.
دەربارەى سیاسەتى پارتى و یەكێتى بەرانبەر چۆنیەتى مامەڵەكردن لەبەغدا، ئەم دوو حیزبە دوو سیاسەتى جیاواز لەو رووەوە پەیڕەو دەكەن و یەكێتى زۆر نیگەرانە لەسیاسەتى پارتى بەرانبەر بە حكومەتى ناوەندى.
یەكێتى پێیوایە نزیكبوونەوە لە شیعەكان لەبەرژەوەندى كوردایە و نزیكبوونەوەى كورد لەسونەكان یاریەكى زۆر مەترسیدارە، هەروەها واشیدەبینێت مەسعود بارزانى دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت لەگەڵ ناوەند پەیوەندى بپچڕێنێت و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ فرۆشتنى نەوت بەتوركیا و پاراستنى بەرژەوەندییە ئابوریەكانى ترى حیزبەكەى.
لەبەرانبەردا پارتى و بەتایبەت خودى بارزانى جگە لەوەى ناكۆكى شەخسى لەگەڵ مالكیدا هەیە و ناكۆكیەكانى خۆى پێش بەرژەوەندى باڵاى میللەت خستووە، هیچ ستراتیژێكى روونى نییە بۆ داهاتووى پەیوەندیەكانى لەگەڵ بەغدا، واتە دەكرێت بڵێین ئەم یاریكردنەى بارزانى ئینتیحارى سیاسیە.
"بزووتنەوەى گۆڕان و گرفتى ناوخۆیى"
بزووتنەوەى گۆڕان كە ساڵى 2009 رایەگەندرا لەلایەن نەوشیروان مستەفا و سەركردە جیابووەوەكانى یەكێتیەوە، بەڵام دواتر بەشێكى زۆر لە گەنجان و رۆشنبیران چوونە ژێر چەترى ئەم بزووتنەوەیە.
بزووتنەوەى گۆڕان هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە بەشداریكردنى حكومەتى رەتكردەوە و بڕیاریدا وەكو هێزێكى ئۆپۆزسیۆن خەباتى پەرلەمانى هەڵبژێردرێت و ببێتە چاودێریكار بەسەر حكومەتەوە.
سەرەتا گوتارى سیاسى بزووتنەوەى گۆڕان بەرانبەر بەدەسەڵات و بەتایبەتى تر یەكێتى زۆر توند بوو، بۆیە لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا پەیوەندیەكانى نێوان گۆڕان و دەسەڵات بەهەڵكشان و داكشانێكى زۆردا تێپەرى.
بزووتنەوەى گۆڕان بانگەشەى بۆ چاكسازى و دژایەتیكردنى گەندەڵى دەكرد و ئەم بزووتنەوەیە ئومێدێكى زۆرى بە رۆشنبیر و خەڵكە ناڕازیەكە بەخشى، كە نزیكەى بیست ساڵ بەدەست گەندەڵى و خراپەكاریەكانى پارتى و یەكێتیەوە دەیانناڵاند.
بزووتنەوەى گۆڕان هەر لەسەرەتاى دروستبوونیەوە بزووتنەوەیەكى فرە پێكهاتەبوو لەرووى ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕەوە، بەتایبەت ئەوانەى چوونە ژێر چەترى ئەم بزووتنەوەیە ئیسلامى و عەلمانى و تەنانەت چەپیشیان تێدابوو.
دواى نزیكەى چوار ساڵ لەكاركردن ئەم بزووتنەوەیە خەریكە ئومێدى گەنجان و خەڵكە ناڕازیەكە لەبار دەبات، بەو پێیەى توشى گرفتى ناوخۆیى بووە و هۆكارى ئەم گرفتەش تاڕادەیەكى زۆر پەیوەندى بە تاكڕەوانە كاركردن و "بوغرابوون"ى خودى نەوشیروان مستەفاوە هەیە.
تاكڕەوانە كاركردنى نەوشیروان مستەفا وایكردووە بەشێكى زۆر لەسەركردەكانى گۆڕان نیگەران بن و چالاكیەكانیان هەڵپەسێرن، لەنێویاندا (عوسمانى حاجى مەحمود، سالار عەزیز ،قادر حاجى عەلى، عوسمان بانیمارانى).
هەرچەندە ناكۆكیەكان لەسەر درووستكردنى جڤاتى نیشتیمانى دەركەوتن، بەڵام ئەسڵى ناكۆكیەكان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونى ئەو جڤاتە كە عوسمانى حاجى مەحمود دووجار نامەى بۆ نەوشیروان مستەفا ناردووە و لەهەردوو نامەكەدا داوایلێدەكات لەكاركردندا راوێژ ئەنجام بدات.
نەوشیروان مستەفا بێ گوێدانە ناڕەزایەتیەكان بەردەوام بوو لە كاركردن و دواجار چەند كەسایەتیەك نێوانگیریان كرد بۆ هێوركردنەوەى دۆخەكە، بەڵام لەئێستادا پێناچێت سەركردە ناڕازیەكان بگەڕێنەوە بۆ كاركردن.
بەشێكى زۆر لەجەماوەر و كادیران و هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەى گۆڕان نیگەرانن لە نەوشیروان مستەفا كە نەیتوانیوە سەركردە ناڕازیەكان ئاشت بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ستافى مەكۆى سلێمانى لەكۆبوونەوەیەكدا هێرشیانكردبووە سەر سەركەوتى كوبە لەسەر ئەوەى لێدوانى دژى سەركردە ناڕازیەكان دابوو.
پێشتر یەكێك لەئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان ئەوەبوو بەشێك لەسەركردەكانى یەكێتى لەغیابى تاڵەبانیدا بەرەو لاى گۆڕان بڕۆن، بەڵام تەقینەوەى دۆخى ناوخۆیى گۆڕان ئەم شانسەى لەگۆڕان سەندەوە.
لەئێستادا بزووتنەوەى گۆڕانیش وەكو لایەنەكانى تر گیرۆدەى چەق بەستویى و گرفتى ناوخۆییە، كە چاوەڕوان دەكرێت لەداهاتوودا كۆنگرە ببەستێت بۆ یەكلایى كردنەوەى ئەو كێشانە بەئاراستەى چاككردن یان تەقینەوەى زیاتر.
"پەكەكە و ستراتیژى نوێ"
پارتى كرێكارانى كوردستان وەكو هێزێكى سەرەكى كە لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەكەى كوردستان رۆڵ و قورسایى هەیە و دەكرێت بڵێین موئەساسترین و نەتەوەیى ترین حیزبى كوردییە.
لەئێستادا توركیا كە سەرقاڵى گفتووگۆیە لەگەڵ ئۆجەلان ، پەكەكە ستراتیژێكى نوێى گرتووەتە بەر و لەوە دەترسێت لەژێر سێبەرى ئەو گفتووگۆیانەدا توركیا زیان بەسەركردەكانى بگەیەنێت، وەكو چۆن لەگەڵ دەستپێكى گفتووگۆكاندا سێ سەركردەیان لەپاریس لێكوژرا.
ستراتیژى نوێى پەكەكە بەڵاوەپێكردنى هێزەكانیەتى لەقەندیل بۆ ئەوەى توركیا لەرێى بۆمبارانەوە زیانى مرۆییان پێنەگەیەنێت، جگەلەوەش هێزێكى پژاك هاتوونەتە شاخى داڵەهۆ كەگومان دەكرێت هاتنى ئەو هێزە لەچوارچێوەى ئەو ستراتیژەدا بێت.
هەرچەندە گفتووگۆ لە ئارادایە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن گفتووگۆكانى نێوان ئیمرالى و توركیا شكست بهێنن، چونكە پرۆژەكەى توركیا كە چەك دانانى پەكەكەى تێدایە بەواتاى هەڵوەشاندنەوەى پەكەكە دێت و سەركردەكانى پەكەكە بەهیچ شێوەیەك مل بەمە نادەن.
بۆیە كاتێك راگەیاندنەكانى توركیا باسى مەسەلەى چەك دانانى پەكەكە دەكەن وەكو بەشێك لەپرۆژەكە، پەكەكە توڕە دەبێت و خێرا باسلەوەدەكات توركیا نایەوێت بچێتە ژێر بارى خواستەكانى كورد و دەیەوێت لەرێگەى شێواندنى ئاراستەى گفتووگۆكانەوە خۆى لەژێر بارى خواستەكانى كورد بدزێتەوە.
واتە پەكەكە بەهیچ شێوەیەك چەك دانانێت و توركیاش ئەمە ئامانجى سەرەكیەتى، بەڵام پەكەكە دەیەوێت توركیا دان بەمافى كورددا بنێت وەكو پێكهاتەیەكى سەرەكى و ئینكارى لەبوونى كورد نەكات و مافە سیاسى و دەستوریەكانیان بۆ دەستەبەر بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست