كەلار هەراج دەكرێت
Tuesday, 11/09/2012, 12:00
كامیان گرەوەكە دەبەنەوە، سەڵاحى كوێخا یان خاوەن كۆمپانیاكە؟
لەبەدواداچوونێكى وردى گۆڤارى رایەڵدا، دەردەكەوێت كە كەلار هەراج كراوە و دانیشتوانەكەى زەرەرمەندى یەكەم بوون لەو هەراج كردنەوە و بەڵێندەران و بەرپرسانیش لەو ڕووەوە سودمەند بوون.
كۆمپانیاى ڕووناكى
كۆمپانیاى رووناكى پرۆژەى هێلان سیتى ناسراو بە گوندى ئەڵمانى لەكەلار ئەنجامداوە كە پرۆژەكە لە نۆسەد خانوو پێكهاتووە و پرۆژەكە لە سەروبەندى تەواو بووندایە.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ ، لەم پرۆژەیەدا پارەیەكى خەیاڵى قازانج كراوە ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەو خانووانەى پێشەوە بەشێكیان دراون بە خەڵكى بەرپرس و پلەدار، ئەمە جگە لەوەى ژمارەیەك خانوو لەپێشەوە بەتەجاوز دروستكراون ، بەڵام لێپێچینەوەى یاسایى بەرانبەر كۆمپانیاى ناوبراو ئەنجام نەدراوە.
ئەوە خانووانەى پێشەوە كە خانووى دوو نهۆمن و لەسەر زەوى تەجاوز دروستكراون زۆربەیان دراون بە خەڵكى بەرپرس و دۆستى خاوەن كۆمپانیاكە كەناوەكانیان لاى رایەڵ پارێزراوە.
لەكاتێكدا خانووەكان بە شێوازى تیروپشك دابەشكران، بەڵام بەشێك لەخانووەكانى پێشەوە بێ تیروپشك (قورعە) و خاوەن كۆمپانیاكە داویەتى بەدۆست و ناسیاوى خۆى هەندێك لەبەرپرسانیشى تێدایە.
جگە لەوەش ئەو خوێندگایەى لە گوندى ئەڵمانى دروستكراوە دەبووایە لەگەرەكێكى ترى كەلار دروستبكرایە، كەچى شوێنەكەى گوازراوەتەوە بۆ گوندى ئەڵمانى ئەمەش جێگەى گومانە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لە پرۆژەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"ژمارەیەك بەرپرس لەو كۆمپانیایە خانوویان لەجێگەى زۆرباش و لەپێشەوە پێدراوە و هەندێكیان بەقازانج فرۆشتوویانە".
بەوتەى سەرچاوەكە، جگە لەو بەرپرسانە چەند پارێزەرێكیش هەبووە لەو پرۆژەیە ئیشیان قۆڵ برینى خەڵك بووە و بە نایاسایى پارەیان لەخەڵك وەرگرتووە و قۆڵى چەندین كەسیان بریووە، كەناوى پارێزەرەكان لاى رایەڵ پارێزراوە.
سەرچاوەكە، وتى"ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێى ئامارەكان سێ هەزار كرێچى لەكەلاردا هەیە و بەدەست نەبوونى خانووەوە دەناڵێنن".
كۆمپانیاى هادى و مەهدى
كۆمپانیاى هادى و مەهدى كە ژمارەیەك ڤێلایان لە پشت مزگەوتى شێخ ئیبراهیم و لەسەر گۆرەپانى وەرزشى شەهید نەجم دروستكردووە، بەڵام سەرجەم خانووەكان دراون بەخەڵكى دەوڵەمەند و بەرپرس.
ئەو ڤێلایانە كە سەرەتا هەر ڤێلایەك بە هەژدە دەفتەر دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا نرخى ڤێلاكان بۆ سى دەفتەر دۆلار بەرز بوونەتەوە، بەراى چاودێران زوڵمكرددنە لە خەڵكى هەژار.
خەڵكى هەژارى كەلار لە پێدانى زەوى و هەموو شتێك بێبەشكراون، كەچى زەویەكانیان دەدرێتە كۆمپانیا و دەكرێتە خانوو بۆ ئەو بە رپرسانەى كە لەهیچ شتێك "تێرناخۆن".
ئەو بەرپرسانەى ڤێلایان لەكۆمپانیاى هادى و مەهدى كریووە پێشتر سودمەند بوون لەوەرگرتنى زەوى، بۆیە نەدەبوو ئەو رووبەرە زەوى یە بدرێتە كۆمپانیایەك و ڤێلاى لەسەر دروستبكات و جارێكى تر خزمەتى بەرپرسان بكات، بەڵكو دەبوو زەویەكان بەسەر خەڵكى هەژاردا دابەشبكرایەن.
سەرچاوەیەكى ئاگادار بە رایەڵ ى راگەیاند"زۆربەى ڤێلاكانى پشت مزگەوتى شێخ ئیبراهیم فرۆشراونەتە خەڵكى بەرپرس و دەوڵەمەند".
بەبرواى سەرچاوەكە، دەسەڵاتى كوردى بەبیانووى پرۆژەى وەبەرهێنانەوە دەستیكردووەتە دزینى زەوى هاوڵاتیان و لەو رێگەیەوە خزمەتى بەرپرسە تێرنەخۆرەكانى دەكات.
سەرچاوەكە وتى"ئەوەى من دەیزانم لەو خانووانە نزیكەى بیست خانوویان فرۆشراون بە بەرپرسانى كەلار و گەرمیان".
هەروەها وتیشى"ئەو بەرپرسانە تێیاندایە لەكۆمپانیاى رووناكى خانووى وەرگرتووە و جارێكى تریش لاى هادى و مەهدى ڤێلاى پێدراوە ئەمە جگە لەدزى ناو دەنرێت چى؟".
پرۆژەى كەلارى نوێ
سێیەم پرۆژە كە بریارە لەكەلار ئەنجام بدرێت پرۆژەى كەلارى نوێ یە، ئەم پرۆژەیە بەهۆى ئەنجامدانى كارى نایاساییەوە ماوەیەكە راگیراوە.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، سەرەتا كۆمپانیاى جەنەتول فیردەوس لەساڵى(2006) ئەو زەویەى لەحكومەت وەرگرتووە تا خانووى لەسەر دروست بكات، بەڵام ئەم كۆمپانیایە بێ ئەوەى خۆى ماندوو بكات زەویەكەى فرۆشتووەتە كۆمپانیاى وەیلان بە هەشتا دەفتەر قازانج.
كۆمپانیاى جەنەتول فیردەوس لەوە ترساوە بەرپرسان داواى شەریكى لێبكەن و گرفت بۆ پرۆژەكەى دروست بكەن بۆیە بێ خۆ ماندوو كردن هەشتا دەفتەر دۆلارى ناوەتە گیرفان و خۆى لەكێشەكە رزگار كردووە.
دواتر كۆمپانیاى وەیلان پرۆژەكەى گرتووە و پاشانیش بەهۆى كێشە بۆ دروستكردنەوە كۆمپانیاى وەیلانیش پرۆژەكەى فرۆشتووەتە كۆمپانیایەكى تر كە خاوەنەكەى بەرپرسێكى پارتى یە.
ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەم كۆمپانیایە هەرچەندە خانووى دروست نەكردووە، بەڵام لەبازاردا كرین و فرۆشتن بە خانووەكانیانەوە دەكرێت و دەنگۆى ئەوەش لەئارادایە زۆربەى خانوەكانى فرۆشتبێت بەرێگەى نایاسایى.
هاوڵاتیانى كەلار لەگەڵ بیستنى دەنگۆى فرۆشتنى ئەو خانووانەدا بەشێكیان كەوتوونەتە هەوڵ تا لەرێگەى رەشوەدانەوە خانوو وەربگرن.
فرۆشتنى ئەو خانووانە بەشێوەى ژێر بە ژێر، لەكاتێكدایە سەڵاحى كوێخا سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان رایگەیاند"ئەو خانووانە دەدرێتە خەڵكى موستەحەق و هەركەسێك رەشوەى لەخەڵك وەرگرتبێت دەدرێتە دادگا".
سەربارى هەڕەشەكەى سەڵاحى كوێخا، كەچى دەڵاڵەكان بەردەوام لەڕەشوە وەرگرتن و كرین و فرۆشتن كردن بەو خانووانەوە، بۆیە لەئێستا ئەو ئەگەرە چاوەروانى دانیشتوانى كەلار دەكات ئایا سەڵاحى كوێخا گرەوەكە دەباتەوە و ئەو كەسانە دەداتە دادگا، یان هیچ شتێكى پێناكرێت و متمانە لەدەست دەدا بۆیە داهاتوو وەڵامى ئەم پرسیارە دەداتەوە؟
پارەى هاڵاتیان بە فیرۆ دەجێت
وتەبێژى ئیدارەى گەرمیان یادگار عەلی ئاماژە بەودەكات هەر هاوڵاتیەك كڕین و فرۆشتن بە خانووەكانەوە بكات پارەكەیان بە فیرۆ دەچێت هەروەها دڵێت " تا ئێستا سێ جار رونكردنەوەمان داوە و تەنانەت گۆنگرەى رۆژنامەنووسیمانیش ئەنجامداوە لەسەر ئەوەى كە ئەگەر هەركەسێك لەلایەن هەر جیهەتێكەوە پارەى لێوەرگیرابێت بەمەبەستى بەشدارى كردن لەو پرۆژەیە یان سوند مەند بوون ، ئاگادارمان بكاتەوە ، بۆ ئەوەى لێپرسینەوە یاساى لەگەڵ كۆمپانیاكە بكەین".
ناوبراو رونیشكردووە كە رێگە نادەن بازرگانى بەسەر هاوڵاتیانى هەژارەوە بكرێت ، بەڵام تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ ئەو مەبەستە سەردانى ئیدارەى گەرمیانى نەكردووە هیچ بەڵگەیەكیان نەخستوەتە پێش چاوەیان بە مەبەستى بەشدارى كردن لە پرۆژەكە پارەى لێوەرگیرابێت".
یادگار وتیشی" ئامادەین بەدواى سكاڵاى هاوڵاتیانەوە برۆین ، بەڵام هاوڵاتیان گوێ لە رونكردوەى ئێمە ناگرن ، هەركەسێك پارەى دابێت ئیدارەى گەرمیان لێى بەرپرس نییە و پارەكەى بەفیرۆ دەچێت بزانین هەركەسێك پارە وەردەگرێت رووبەرووى دادگاى دەكەینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست