لەگەرمیان چەند كەسێك بەناوى كەسوكارى ئەنفالكراوەكانەوە موچە وەردەگرن
Thursday, 19/01/2012, 12:00
لەبەڕێوەبەرایەتى كاروبارى شەهیدانو ئەنفالكراوەكانى گەرمیان چەند كەسێك بەساختە خۆیان كردوەتە كەسوكارى ئەنفال بێ ئەوەى كەسوكاریان ئەنفالكرابێتو موچەش وەردەگرن، بەڵام بەڕێوەبەرەكە ئەو قسانە رەتدەكاتەوەو كەسوكارى ئەنفالكراوەكانیش ئەو كارە بە "سوكایەتیكردن" بۆ ئەنفالەكان نیشان دەدەن.
بەپێ لیستێك كە ناوى (وارسو ئەنفال)ەكەو شوێنی دانیشتنیان دیاریكراوەو لای ئاوێنە پارێزراوە، ئەو كەسانە ئەنفال نەبونو ئێستاش مانگانە مووچەكانیان لەلایەن كەسوكاریانەوە وەردەگیرێت.
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتى كاروبارى شەهیدانو ئەنفالكراوەكانى گەرمیان بەئاوێنەى راگەیاند كە ژمارەیەك خەڵك هەن بێ ئەوەى ئەنفالكرابن، بەڵام ئێستا لەلایەن كەسوكاریانەوە موچەكەیان وەردەگیرێت، سەرچاوەكە جەختیكردەوە كە گومانیان هەیە چەند كەسێك هەبێت لەژیاندا مابێتن، بەڵام خرابێتەوە ناو لیستى وارسی ئەنفالكراوەكانو موچە وەربگرن.
وەرگرتنى ئەو موچەیە لەلایەن ئەو كەسانەوە، كەسوكارى ئەنفالكراوەكانى نیگەران كردووە، ئەحمەد مەجید خاوەنى 10 خوشك و براى ئەنفالە رونیكردەوە كە ئەگەر كەسێك لەژیاندا مابێتو بەئەنفال نوسرابێت ئەوە خۆى لەخۆیدا "تاوان"ەو وتى "پێویستە ئەم قەزیەیە بەرپرسان ئاوڕێكى لێبدەنەوەو دەیان خوشكو براى ئێمە لەگۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بن".
ئەحمەد وتیشى "ئێستا كەسێك لەژیاندا مابێتو بەو شێوازە مامەڵەى لەگەڵدا بكرێت، پێوستە لێپرسینەوە بكرێتو لیستى ئەنفال لەو بابەتە پاك بكرێتەوەو تەنانەت لیژنەى لێكۆڵینەوەى بۆ پێكبهێنرێت".
ئەحمەد باسى لەوەكرد كە ئەوان هەڵوێستى خۆیان هەیەو قبوڵ ناكەن بازرگانى بەكەسوكارى ئەنفالكراوەكانەوە بكرێتو وتى "ناكرێت دەستێوەردان لەو قەزیانەدا هەبێت، دڵنیام گەر كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بەم بابەتە زۆر دڵگران دەبن".
هەروەها ئەنوەر حەمەلاو كە تاقانەیەكى دیكەى ئەنفالە ئەو كارانە بە "نایاسایی" دەزانێتو وتى "ئەوە بۆ خۆی یەكێكە لەسووكایەتییە گەورەكان كە بەئێمەى كەسوكارى ئەنفال دەكرێت، داوا دەكەم ئەو كەسانە بەخۆیاندا بچنەوەو حكومەتى هەرێمیش كارى یاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆئەوەى چیتر رێگا خۆش نەكرێت بۆ ئەو كەسانە خۆیان بخزێننە ناو كەسوكارى ئەنفالەوە بۆ ئەوەى موچە وەربگرن".
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانى گەرمیان، تاریق سدیق لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رەتیكردەوە كە شتی وا هەبێتو وتى"شتى وا نییە، هەر كەسێك لەژیاندا مابێتو موچە وەربگرێت پێوستى بەبەڵگەنامەى مردن هەیەو تا ئەو بەڵگەنامەیەى نەبێت موچە وەرناگرێت".
لەلایەكى دیكەوە بەرپرسی نوسینگەى باشورى كوردۆساید (چاك)، ئەحمەد مەجید لەلێدوانێكدا بەئاوێنەى راگەیاند كە ئەو كارە "بازرگانییە" بەكەسوكارى ئەنفالكراوەكانەوە كراوەو ئاماژەى بەوەدا پڕۆسەى ئەنفال كە لەساڵى (1988)دا لەلایەن رژێمى بەعسەوە ئەنجامدرا، دەبێت بەپاكى رابگیرێتو چۆنێتى كاردانەوەكانیش بەو ئاراستەیە بێت كە بزانرێ ژمارەى قوربانییان چەندن بۆئەوەى ببێتە ئامارێكى دروست.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست