گەنجێكى چەمچەماڵى چیرۆكى ئەشكەنجەدانى بەكارەبا لەلایەن ئاسایشەوە دەگێڕێتەوە
Saturday, 01/06/2013, 12:00
بەدواداچونى : كاوە گەرمیانى
محەمەد حسێن گەنجێكى خەڵكى قەزاى چەمچەماڵە و بەتۆمەتى كوشتنى هاوڵاتییەك بەناوى (ب ، ر) ماوەى ساڵێكە دەستگیركراوە، بەڵام هێشتا دادوەر بڕیارى كۆتایى لەسەر دۆسیەكەى نەداوە و حوكم نەدراوە.
ئەو گەنجە چەمچەماڵیە، باسلەوەدەكات لەبەروارى 18/6/2012 ەوە لەزینداندایە و هێشتا دادوەر دۆسیەكەى یەكلایى نەكردووەتەوە، كەئەوكات دەستگیركراوە و دواتر رەوانەى ئاسایشى چەمچەماڵ كراوە.
سەبارەت بە چۆنیەتى ئەشكەنجەدانى لەلایەن ئاسایشەوە، ئەو گەنجە چەمچەماڵیە روونیكردەوە سەرەتا كاتێك دەستگیركراوە كەلەبچەیەكى چەپ و راستیان خستووەتە دەستى و دواتر دەمامكیان لەسەرى كردووە.
ئەو دەڵێت"دواتر بە سۆندە و كێبڵ ئەشكەنجەیەكى قورسیان دام و جگەرەیان لەسەر دەستم كوژاندەوە بۆئەوەى ئیعتراف لەسەر كوشتنى هاوڵاتیەكە بكەم، بەڵام من خۆم بە بێ تاوان زانى و ئیعترافم نەكرد".
محەمەد حسێن ئاماژەى بەجۆرێكى تر لەسزادان كرد كە لەچەمچەماڵ دراوە، باسیلەوەكرد كارەبایان لەجەستەى داوە و چەند جارێك لەژێر ئەشكەنجەدا و بەهۆى قورسى ئەشكەنجەوە بوراوەتەوە وتى" لەكاتژمێر 9ى شەو تا 5ى بەیانى لەژێر ئەشكەنجەدا بووم ، تەنانەت كارەبایان لە هەستیارترین شوێنى جەستەم دا".
ئاشكراشیكرد ئەو كەسانە دەناسێتەوە كە ئەشكەنجەیان داوە و سكاڵاى یاسایى لەسەریان تۆمار كردووە، دەڵێت"شاهیدم هەیە كە شاهیدى بۆ دەدام بەچى شێوەیەك ئەشكەنجەدراوم، بەڵام دواتر هەڕەشەى كوشتن لەشایەتەكانم كراو پەشیمانكرانەوە".
محەمەد حسێن، باسلەوەشدەكات پێش ئەوەى ببرێتە بەردەم دادوەر لەلایەن مولازمێكەوە بەناوى (ج) هەڕەشەى لێكراوە و ناچار كراوە ئەو قسانە بكات كە خۆى بڕواى پێیان نەبووە.
هەروەها روونیشیكردەوە پەناى بۆ مافى مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بردووە بۆ ئەوەى لەرێگەى ئەوانەوە بێ تاوانى خۆى بسەلمێنێت، بەڵام وەكو خۆى دەڵێت تائێستاش ماڵەوەیان سەردانیان نەكردووە تا راستیەكانیان پێبگەیەنێت.
لە بەرانبەر ئەشكەنجەدانى زیندانیان لەلایەن ئاسایشەوە ، سەرۆكى لیژنەى مافی مرۆڤ لە پەرلەمانى كوردستان ، سالار مەحمود ئاماژە بەوەدەكات لە ئایندەیەكى نزیكدا سەردانى ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی گەرمیان دەكەن ، بۆ بەدواداچوونى ڕەوشی زیندانیان و مامەڵەى كارمەندان لە گەڵ زیندانیاندا.
ناوبراو راگەیاند " بە پێی پرەنسیبەكانى مافی مرۆڤ ، هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەك لەلایەن كارمەندەكانەوە بۆ زیندانیان قەدەغەكراوە چ جەستەیی بێت یان دەروونى ، هەروەها لە هەر زیندانێكى ئاسایش یان پۆلیس ، زیندانیان لە ژێر چاودێرى رێكخراوەكانى نێودەوڵەتى مافی مرۆڤ و لیژنەى مافی مرۆڤى پەرلەمانى كوردستانە.
سالار مەحمود جەخت لەسەر ئەوەیشدەكاتەوە ئەگەر حاڵەتێكى ئەشكەنجدان هەبێت ئەوان بێدەنگ نابن و داواى لێپرسینەوەى راستەوخۆ دەكەن وتى " ئێمە لێی بێدەنگ نابین و لەرێگەى مەرجەعی دەزگاكانەوە داواى لێپرسینەوەى راستەوخۆ دەكەین.
هەروەها وتیشی" ئێمە بۆ هەر مەسەلەو پرسێك، داواكارین بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن و خودى زیندانیان ئاگادارمان بكەنەوە لەو كەیسە ئێمە بەدواداچوونى بۆ دەكەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست