کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕ لەسەر كورسیەكەى سەڵاح كوێخا دەستیپێكرد

Friday, 31/05/2013, 12:00







تایبەت بە رایەڵ


سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان یەكلایى بووەتەوە بۆ ئەوەى دەست لە پۆستى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان بكێشێتەوە و خۆى بۆ ئەنجامدانى كارى خێرخوازى تەرخان بكات.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، سەڵاح كوێخا مەكتەبى سیاسى یەكێتى ئاگادار كردووەتەوە لەوەى دوا بڕیارى خۆیداوە و نامێنێتەوە لەئیدارەى گەرمیان، بەڵام هێشتا روون نییە وازهێنانى سەڵاح كوێخا دەكەوێتە دواى هەڵبژاردنەكانى داهاتووى پەرلەمانى كوردستان یان پێش هەڵبژاردنەكان واز دەهێنێت.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەى دەنگۆى وازهێنانى سەڵاح كوێخا لە پۆستى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، ژمارەیەكى زۆر بەرپرسى حیزبى و حكومى كەوتوونەتە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە كورسیەكەى.
ئەو بەرپرسانەى بۆ جێگرەوەى سەڵاحى كوێخا ناویان دەهێنرێت، بریتین لە (محەمەدى مالیە بەڕێوەبەرى پێشووى ئاسایشى گەرمیان، محەمەدى حاجى فایەق بەڕێوەبەرى پۆلیسى گەرمیان، جەلال شێخ نورى قایمقامى كەلار، سالار مەحمود پەرلەمانتار هەروەها محەمەد چاوجوانى جێگرى مەڵبەندى گەرمیانیش چاوى لەو پۆستەیە).
سەربارى ململانێكردنى ئەو بەرپرسانە لەسەر كورسیەكەى سەڵاح كوێخا، چاوەروان دەكرێت لەداهاتوودا بەرپرسى ترى حیزبى و حكومى بێتە ناو ململانێكەوە و ململانێكە گەرمتر بكات.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بە رایەڵى راگەیاند"جەلال شێخ نورى و محەمەد چاوجوان چانسیان كەمە بۆ گەیشتن بەو پۆستە، چونكە لەنێو مەكتەبى سیاسیدا وەكو پێویست پشتیوانیان نییە".
بەوتەى سەرچاوەكە، سالار مەحمودى پەرلەمانتار چەند جارێك لەگەڵ سەڵاح كوێخا كۆبووەتەوە و پێدەچێت هەوڵى بەدەستهێنانى پشتیوانى بدات بۆ گەیشتن بەو پۆستە.
روون نییە چانسى سالار مەحمود بۆ گەیشتن بە پۆستەكە لەچى ئاستێكدایە، هەرچەندە ناوبراو هێشتا كارى پەرلەمانتارى تەواو نەكردووە و ئەگەر بەم زووانە سەڵاح كوێخا وازبهێنێت فریاى گەیشتن بەو پۆستە ناكەوێت.
سەرچاوەكەى گۆڤارى رایەڵ، ئاماژەى بەوەشدا محەمەد حاجى فایەق بەڕێوەبەرى پۆلیسى گەرمیانیش كەلەئێستادا لە مەلا بەختیار و سامان گەرمیانى و ژمارەیەك مەكتەب سیاسیەوە نزیكە هەوڵى بەدەستهێنانى ئەو پۆستە دەدات، بەڵام مەڵبەندى گەرمیانى یەكێتى رازى نابن بەدانانى ئەمەش وایكردووە چانسى لاواز بێت.
سەرچاوەكە، وتیشى" لەئێستادا باس لەمحەمەدى مالیە دەكرێت، بەڵام روون نییە تاچەند پشتیوانى دەكرێت".
ركابەرى كردنى ئەو بەرپرسانە بۆ گەیشتن بە كورسیەكەى سەڵاح كوێخا ركابەریەكى قورسە، بەتایبەت ئەو كورسى یە بەهەموو كەس بەڕێوە نابرێت، چونكە حیزب دەست دەداتە نێو كاروبارەكانیەوە.
هەروەها دەبێت باڵانس لەنێوان بەرپرسان و كوتلەكاندا رابگرێت و لەلایەكى تریش دەبێت ئاگاى لە رێكخراو و رۆژنامەنووسان بێت و بەشێوەیەك نەچێتە ژێر بارى حیزبەوە كە هەوڵى شكاندنى بدرێت.
پێشتر هەریەك لە لیوا چەتۆ ساڵەح بەڕێوەبەرى پێشووى پۆلیسى گەرمیان و ئارامى حەمەى مینا جێگرى بەرپرسى مەكتەبى شەهیدانى یەكێتى دەیانویست كار بۆ جێگرەوەى سەڵاح كوێخا بكەن، بەڵام ئەو دوو بەرپرسە لە ململانێكان دوور كەوتوونەتەوە.
هۆكارى دووركەوتنەوەى ئارام ى حەمەى مینا دەگەڕێتەوە بۆئەوەى كە نیازى وەرگرتنى پۆستى ترى لە نێو یەكێك لەوەزارەتەكان هەیە و ناشیەوێت بێتە نێو شەڕ و ململانێكانى گەرمیانەوە، هەروەها چەتۆ ساڵەحیش چاوى لەكورسیەكەى جەلال شێخ كەریمى بریكارى وەزارەتى ناوخۆیە، بەتایبەت دەنگۆى لەسەر كارلابردنى ئارام ئەحمەدى وەزیرى شەهیدان و دانانى جەلال شێخ كەریم لەجێگەكەى لەئارادایە.
لەگەڵ ململانێى نێوان ئەو بەرپرسانەدا بۆ گەیشتن بەكورسیەكەى سەڵاح كوێخا، رۆژنامەنوسان و چالاكوانان سەرقاڵى كۆكردنەوەى زانیارین لەسەر رابردووى ئەو كەسانەى دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید بكەن.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، رۆژنامەنووسان و چالاكوانان زانیارى لەسەر رابردووى هەر بەرپرسێك بڵاودەكەنەوە و هەڵایەكى گەورەى ئیعلامى و تەنانەت هەوڵى هێنانە سەرشەقامى هاوڵاتیانیش دەدەن لەحاڵەتى دانانى خەڵكانێكدا كە پێی رازى نەبن.
هاوكات لەگەڵ ململانێى نێوان بەرپرساندا بۆ گەیشتن بە كورسى ئیدارەى گەرمیان، جمو جۆڵێك لەئارادایە بۆ ئەوەى داوا لە سەڵاحى كوێخا بكرێت تا لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە بەو پێیەى ناوبراو تارادەیەك سەركەوتوو بووە لەكارەكانیدا.
هۆكارى سەرهەڵدانى جمو جۆڵ بۆ داواكردن لەسەڵاحى كوێخا بۆ ئەوەى پۆستەكەى بەجێنەهێڵێت، دەگەڕێتەوە بۆئەوەى لەئێستادا ناوبراو بەدیلى نییە.
نهێنى سەركەوتنى سەڵاح كوێخا لەوەدابووە كە لەئیش و كاردا راوێژى بە رێكخراوەكان و رۆژنامەنووسان و لایەنە سیاسیەكان كردووە، هەروەها لەبەشێك لەئیش و كارەكانیدا راى خەڵكى وەرگرتووە، هەرچەندە نەیتوانیووە خۆى قوتار بكات لەدەستوەردانى حیزبى.
دیارترین رەخنەش كە لەسەڵاحى كوێخا دەگیرێت و بەخاڵى لاوازى كاركردنى دادەنرێت هەندێك لەو گۆرانكاریە ئیداریانە بوو كە ئەنجامیدان و تێیاندا سەركەوتوو نەبوو، بەتایبەت دواى گۆڕینى بەڕێوەبەرى تەندروستى گەرمیان ئەو بەڕێوەبەرایەتیە توشى جۆرێك لەشپرزەیى بوو.
هەڤاڵ ئیبراهیم بەرپرسى راگەیاندنى ئیدارەى گەرمیان، بۆ رایەڵ ئاماژەبەوەدەكات دەنگۆى وازهێنانى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان بڵاوبووەتەوە، بەڵام كاتى دەست لەكاركێشانەوەكەى دیارى نەكراوە.
بەرپرسى راگەیاندنى ئیدارەى گەرمیان، روونیدەكاتەوە دەست لەكاركێشانەوەى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان لەسەر خواستى خۆى بووە و هیچ فشارێكیشى لەسەر نەبووە.
ئاشكراشیكرد سەڵاح كوێخا دواى وازهێنانى خۆى بۆ كارى خێرخوازى و بەخێوكردنى منداڵى بێ سەرپەرشت تەرخان دەكات.








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە