بە پێی راپۆرتێكى دیوانى چاودێرى دارایی (55) ملیار دینار لە گەرمیان دیار نیە
Saturday, 28/08/2010, 12:00
لەگەرمیان (55)ملیار دینار لە بودجەى گشتى دیارنامێنێت و تا ئێستاش لێكۆڵینەوە لەمەڕ دیارنەمانى ئەو پارەیە نەكراوەو نەتوانراوە ئەم پارەیە بۆ خەزێنەى حكومەت بگەڕێندرێتەوە.
ماوەى زیاد لە دووساڵە 55 ملیار دینار لەلاى فەرمانگەكانى پارێزگاى سلێمانى و سنوورى گەرمیانەو وەكو قەرز و سولفەى جیاجیا لە گەنجینەى حكومەت راكێشراون،بەڵام تا ئێستا بە پێى راپۆرتى دیوانى چاودێری دارایی نەگەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەى حكومەت كە پەیوەندى بە مافی گشتى خەڵكەوە هەیە.
بە پێی راپۆرتێكى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارایی كە وێنەیەكى ناردووە بۆ وەزارەتى هەرێم بۆ كاروبارى دارایی و ئابوورى لە گەڵ ناردنى وێنەیەك بۆ سەرجەم فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان كەتایبەتن بەبڕی ئەو قەرزانەى لەتۆمارگەى فەرمانگەكاندا دەركەوتووە،بە پێی راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایی تا 31/12/2007 قەرزەكان وەرنەگیراوەتەوە لەگەڵ ئەو پێشینانەى بەوەستاوى ماونەتەوەو پاكتاو نەكراون،لە راپۆرتەكەى دیوانى چاودێرى دارایدا كە داواى بەپەلە بەدواداچوون دەكات و وێنەیەكى دەست لڤین كەوتووە، ئاماژە بە كۆی گشتى پارەكە دەكات كە دراوە بەو فەرمانگانەو بڕی 55 ملیارو 966 ملیۆن و 562 هەزار دینارە،لەو پارەیە بڕی زیاتر لە 37 ملیارو 651 ملیۆن دینارى تایبەتە بە قەرزى فەرمانگەكانى حكومەت كە رێژەى لە 49% ى ئەو قەرزانە پێك دەهێنێت و زۆربەى بریتییە لەو پێشینانەى كە بەڕێوەبەرایەتى گەنجینەكان داویەتى بە فەرمانگەكان بۆ خەرجى فەرمانگەكان و جێبەجێكردنى پرۆژەكان،بەڵام فەرمانگەكان ئەو پێشینانەیان پاكتاو نەكردووەو گەنجینەكانیش هیچ بەدواداچونێكیان نەكردووە بۆ وەرگرتنەوەیان،لە درێژەى راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایدا هاتووە"بڕی 20 ملیارو 574 ملیۆن و 197 هەزار دینارى تایبەتە بە قەرزى فەرمانگەكان كە لەلاى هاوڵاتیانەو ئەو پارەیە رێژەى لە 37%ى كۆى قەرزەكان پێك دەهێنێت كە زۆربەى تایبەتە بە قەرزى باج،بەڕێوەبەرایەتى باجەكانیش هیچ بەدواداچوونێكیان بۆی نەكردووە بۆ وەرگرتنەوەى لە هاوڵاتیان،لە راپۆرتەكەدا هاتووەو ئاماژە دراوە بەبڕی پارەى تەرككراو بڕی یەك ملیارو 605 ملیۆن و 573 هەزار دینار تایبەتە بە قەرزى فەرمانگەكان كە لەسەر فەرمانبەران وەك سلفە تۆمار كراوە لە ئەنجامى بەزیاد خەرجكردنى مووچەو دەرماڵەو پێشینەى تر كە رێژەى 3%قەرزەكان پێكدەهێنێت،بەڵام تاكوو بەروارى 31/12/2007 پاكتاو نەكراون،لە هەمان كاتدا بڕی 5 ملیارو 280 ملیۆن و 709 هەزار دینار تایبەتە بە پێشینەى هاوسەرێتى كەلەلایەن فەرمانگەكانەوە خەرج كراوە بۆ فەرمانبەران، یان لەلایەن گەنجینەكانەوە خەرجكراوە بۆ هاوڵاتیان و منداڵی شەهیدو ئەنفالكراوەكان كە رێژەى لە 9%ى قەرزەكان پێكدەهێنێت بەهەمان شێوەى پارەكانى تر هیچ بەدواداچوونێكى بۆ نەكراوە لەلایەن گەنجینەكان و فەرمانگەكان بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پێشینانە،هەروەها بڕی 24 ملیۆن و 565 هەزار دینار تایبەتە بە پێشینەى خانووبەرە كە لەلایەن بانكى خانووبەرەى سلێمانیەوە خەرجكراوە بۆ فەرمانگە پەیوەندیدارەكان هیچ قیستێكیان لە مووچەى ئەو فەرمانبەرانە نەبڕیوە،لەلایەكى ترەوە بەهەمان شێوە بڕی 830 ملیۆن و 435 هەزار دینار تایبەتە بە (فروقات)كە نەخراوەتە ئەستۆى كەسەوەو زۆربەى تایبەتە بە (نەقسی)كورت هێنانى بانكەكان لەكاتى پرۆسەى پارەگۆڕینەوەدا روویداوەو لە حیسابی (فروقات نقدیە) تۆماركراوەو نەخراوەتە ئەستۆى كەسەوە،سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارایی داواى كردووە لە وەزارەتى هەرێم بۆ كاروبارى دارایی و ئابوورى بۆ پێكهێنانى لیژنەیەكى لێكۆڵینەوە بە پێی ئەنجامى لێكۆڵینەوەكە ئەو بڕە پارانە بخرێتە ئەستۆى فەرمانبەرى بەرپرس و وەربگیرێتەوە،هەر لە درێژەى راپۆرتى دیوانى چاودێری دارایدا داوایكردووە لە وەزارەتى كاروبارى دارایی و ئابوورى كە ئاگادارى هەموو فەرمانگەكان بكەنەوە هەوڵی یاسایی و جدى بدرێت بۆ وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانەى لەلاى فەرمانگەكان و هاوڵاتیان و فەرمانبەران و لیژنەیەكى پسپۆڕو كارامە دروست بكرێت لەسەر ئاستى وەزارەتەكان بۆ بەدواداچوونى وەرگرتنەوەى قەرزەكان.
بە پێی یاسای ژمارە (14)ى ساڵی 1991 ئیجرائات بكرێت بەرامبەر بەڕێوەبەرو ژمێریارى ئەو فەرمانگانەى پێشینەیان لە گەنجیەكان وەرگرتووەو بەوەستاوى ماوەتەوەو پاكتاویان نەكردووە،لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئەو پارە زۆرە چەندین كاریگەرى خراپی هەیە بۆ سەر ئابوورى حكومەتى هەرێمى كوردستان،بەڵام بەوەرگرتنەوەى ئەو پارەیە دەتوانرێت چەندین پرۆژەى خزمەتگوزارى پێ جێبەجێ بكرێت و وەك و كارەبا و ئاو ئاوەڕۆو خزمەتگوزارى تر كە نەبوونیان جێگاى رەخنەى هاوڵاتیانە.
بە پێی زانیارییەكانى لڤین،بەڕێوەبەرى پێشوى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیری و هونەرى كەركوك- دەربەندیخان(س.م) قەرزەكەى كە بڕی (200 381 21) نەگەڕاندۆتەوەو رۆیشتووە بۆ دەرەوەى وڵات.
لەو بارەیەوە ئومێد سەعدوڵڵا بەڕێوەبەرى ئێستاى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیری گەرمیان لە لێداونێكیدا بە لڤینى راگەیاند"لەمانگى 11ى 2008 دەستبەكار بوم،بۆیە ئەو بڕە پارەیە كە باس دەكرێت،ئەو ساڵەى من هاتم چاودێرى دارای لامان بوو هیچ ئاماژەى بە قەرزاربوونى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى گەرمیان نەكردووە، لەمانگى 12ى 2008 چاودێری دارایی لای من رۆشتووە هیچ خاڵێك لەو خاڵانە نەنوسراوە،وەكو راپۆرتی گشتى چاودێری دارایی من هیچ كاتێك ئاگادارى ئەو بڕە پارەیە نیم پێشتر نوسراوە".
سەرچاوەیەك لە رێكخراوەكانى گەرمیان تایبەت بە لڤینى راگەیاند"ئەوان لە هەڵمەتێكى واژوو كۆكردنەوەدان لەناو چین و تۆێژەكانى گەرمیان ئاراستەى حكومەتى عێراقی دەكەن."
پەرلەمانتار عەدنان عوسمان لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى كوردستان ئاماژەى بەوەدا لە رێگەى دەستەى نەزاهەو دیوانى چاودێریی داراییەوە دەبێت ئەو مەلەفانە ئاراستەى دادگابكرێت، ناوبراو وتیشی" ئێمە وەكو لیژنەى نەزاهە دواى یەكخستنەوەى دیوانى چاودێری داریی و هەموو ئەو مەلەفانە تا ئێستاكە یەكلاى نەبۆتەوە پیایە دەچینەوە بۆ ئەوەى گوشارێكى زیاتر بكەین،بەڵام ئەگەر دەستەى نەزاهە لەكوردستاندا دروست ببێت،دەبێت یەكێك لە ئیشەگرنگەكانى ئەوەبێت بە هاوكاریكردن لەگەڵ دیوانى چاودێری و نەزاهەى پەرلەمان پێكەوە ئەم سێ لایەنە بتوانن كاربكەن تا هەموو ئەو پارانە بەهەدەردراوەو زیاد رۆشتووە یان دیار نییە بهێنرێتەوە،چونكە ئەوە بەشێكە لە سامانى گشتى ناكرێت فەرامۆش بكرێت".
دەربارەى ئەو بەڕێوەبەرانە كە ئێستا لە پۆستەكانیان نەماون و خۆیان ناكەن بەخاوەنى ئەو پارانە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت"بەگۆڕینى بەرپرس و بەڕێوەبەری،ناكرێت ئەو مەلەفانە دابخرێت،ئەوەى مەلەفی پارەخواردنەكە دابخات داخستنەكەى بەشدارى كردنە لە بەردوامیدان بەگەندەڵی".
لڤین پەیوەندى كرد بە جەمال عەبدولرەحمان بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى چاودێری كۆمەڵایەتى گەرمیان كە فەرمانگەكەیان بڕی (700 227 3)قەرزارە وتى"ئێمە ئاگادارى ئەو راپۆرتە نیین،لە پێش مندا ئەو قەرزانە كراوە.
لڤین پەیوەندى كردە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى گەرمیان،د.ئاكۆ ئیبراهیم كە بەرێوەبەرایەتیەكەیان بڕی (350 603 330)قەرزارە وتى" لە پێش مندا ئەوانە هەبووە،دەبێت لە كات و ساڵى خۆیدا ئەو قەرزانە بدرێتەوە،خۆ ناكرێت ئێستا بدرێتەوە،من بودجەم هەیە بۆ ئەمساڵ خۆ ناتوانم بودجەى تر وەربگرم،بەڕاستى ئەوانە كارەساتە.
شێخ عەبدوڵڵا قائیمقامى مەركەزى گەرمیان لەسەر ئەوبڕە پارەیەى كە ئیدارەى گەرمیان بڕی (930 528 281)هێناوە وتى"هیچ قەرزارنین،ئاگادارى راپۆرتی چاودێری دارى نیم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست