گرتەى ڤیدیۆیى چەند بەرپرسێكى خانەقینى بڵاودەبێتەوە
Friday, 11/01/2013, 12:00
تایبەت بە: رایەڵ
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، گرتەیەكى ڤیدیۆیى چەند بەرپرسێكى خانەقینى دەست ژمارەیەك بەرپرسى یەكێتى كەوتووە، كە لەنێو گرتە ڤیدیۆییەكەدا ئەو بەرپرسانە لەگەڵ چەند ژنێكى عەرەبدا دەردەكەون.
زانیاریەكان ئاماژەبەوەدەكەن لەگرتە ڤیدیۆییەكەدا ئەو بەرپرسانە بە مەستى (سەرخۆشى) دەردەكەون كە بڕێكى زۆر لەمادە كحولیەكانیان خواردووە و ژنە عەرەبەكانیش دانس دەكەن.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەگرتە ڤیدیۆییەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"بەرپرسەكان لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا لەسەر كورسى دانیشتوون و پێیانەوە دیارە كەبرێكى زۆر مەشروبیان خواردووە".
بەوتەى سەرچاوەكە، لەگەڵ بەرپرسەكاندا چەند ژنە عەرەبێك دەردەكەون كە دانس دەكەن و بەرپرسەكانیش كەیف و سەفا دەكەن و بەژنە عەرەبەكان پێدەكەنن.
سەرچاوەكە وتیشى"ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەست سێ بەرپرسى یەكێتى كەوتووە كە ناوەكانیان بریتین لە ...".
ئەو سێ بەرپرسەى یەكێتى كە بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ گرتە ڤیدیۆییەكەیان دەستكەوتووە لەخانەقین بەرپرسن، بەڵام ئامادەنەبوون قسە لەبارەى گرتە ڤیدیۆییەكەوە بكەن كاتێك گۆڤارى رایەڵ پەیوەندى پێوەكردن.
لەلایەكى ترەوە سەرچاوەیەكى ئاگادار لەقەزاى خانەقین كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، روونیكردەوە ناتوانرێت لێپێچینەوە لەگەڵ هەندێك بەرپرسدا بكرێت، چونكە خانەقین لەرووى یاساییەوە لەدەرەوەى دەسەڵاتى هەرێمە.
سەرچاوە ئاگادارەكە، ئاماژەى بەوەشدا بەرپرسێكى باڵاى حكومى لەگەرمیان ناكۆكى لەگەڵ ئەو بەرپرسانەدا هەیە كە گرتە ڤیدیۆییەكەیان لایە، بۆیە جارێك هەڕەشەى بڵاوكردنەوەى گرتەكەى لێكردوون.
رایەڵ پەیوەندیكرد بەو بەرپرسە باڵا حكومیەى گەرمیانیشەوە، بەڵام داوایكرد ناوى بڵاونەكرێتەوە و ئامادەش نەبوو قسە بكات، تەنها ئەوەندە نەبێت كەناوى چەند بەرپرسێكى دایە رایەڵ كە گرتە ڤیدیۆكەیان لادەست دەكەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست