کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە هەفتەى توندوتیژى دژى ژنان،ئافرەتانى گەرمیان،حكومەت بە پێشێلكردنى مافەكانیان دەزانن

Thursday, 02/12/2010, 12:00



بەشێك لە ژنان و ئافرەتانى گەرمیان لە هەفتەى بەرەنگاربوونەوەى توندتیژى دژى ژنان، حكومەت بەپێشێلكردنى مافەكانیان تاومەتباردەكەن،هەروەها لە رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتانیش ناڕازین و بەكەمتەرخەمیان لە قەڵەم دەدەن و داوادەكەن ئەو رێكخراوانە هەوڵی جددى بدەن بۆ تەواوى چارەسەرى كێشەكانى ئافرەتان لە گەرمیان.
ژیان عەلی كچە خوێندكارێكى پەیمانگاى تەكنیكى كەلارەو تەمەنى بیست ساڵەو باڵایەكى كورتى هەیە،ئەم كچە لەڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان حكومەتى تاوانباركرد بەرامبەر پێشلكردنى مافەكانیان،چونكە پێیوایە تائێستا نەیتوانییوە كێشەكانى ئافرەتان چارەسەر بكات،وتى"بۆیە ئافرەتان لە كۆمەڵگەى ئێمە لەلایەن پیاوان بەبیانوى ئەوەى زەعیفەن زۆر دەچەوسێنرێنەوە".
ناوبراو رەخنە لە رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتانى گەرمیان گرت كە هیچ رۆڵیان نەبووە لە هۆشیاركردنەوەى ئافرەتانى گەرمیان،وەكو ئەو كچە گەرمیانییە باسی لێوە دەكات،رۆژانە بەناوى شەرەفەوە توندوتیژى دژ بە ئافرەتان بەكاردەهێنرێت و هیچ رێكخراوێكیش هەڵوێستى بەرامبەر ئەو تاوناكارییانە نەبووە.
ئەڤین ئەحمەد ئافرەتێكى دیكەى تەمەن سی و دوو ساڵەو دانیشتووى ناوچەی گەرمیانە،بۆچوونەكانى(ژیان)ى پشتڕاستكردەوە كە هەتا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە چارەسەرى ئەو توندوتیژیانە بكات كە بەرامبەر ژنان و ئافرەتان دەكرێن،ئەو ژنە وتى"رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتان زۆربەیان سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارن هیچ كارێكیان بۆ هۆشیاركردنەوەى ژنانى گەرمیان نەكردووە".
ئەڤین،كاتى بە شوودانى كچانى گەرمیانى بەنموونە هێنایەوەو بە بابەتێكى زۆر گرنگ و هەستیار وەسف كرد كە پەیوەندى بەخودى كچەوە هەیە،بەڵام باوك و برا دەبن بە كوێخاو بڕیار لەسەر چارەنوسی ئەو ئافرەتە دەدەن،وتیشی"زۆرجار ئەو پرنسیپەى كە دیاریدەكرێت بۆ بەشوودانى كچ لەلایەن خێزانەكەیەوە زیاتر ئەوەیە كە ئەو كوڕەى كە خوازبێنى دەكات لە بنەماڵەیەكى ناوداربێت،بەبێ ئەوەى لە كەسایەتى كوڕەكە بكۆڵنەوە".

لەمبارەیەوە بەرپرسی لقی گەرمیانى كۆمەڵەى ئافرەتانى كوردستان،روناك مەحمەدنەجم لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە باسی لەرێكخراوەكەى خۆیان كرد لە بوارى خزمەتكردنى ئافرەتان،كە تا ئێستا چەندین كۆڕو كۆبوونەوەى فراوانیان سازداوە بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى هۆشیارى ئافرەتانى ناوچەكە و ئەو ئافرەتانەیشى توندوتیژیان بەرامبەر كراوە،روناك وتی"رێكخراوەكەمان چەندین خولی جۆراوجۆرى كردووەتەوە بۆ خزمەتكردنى ژنانى گەرمیان و ئێمەش بەدەرنین لەو دەستكەوتانەى كە بەدەست هاتوون بۆ ئافرەتان، وەكو ژننەهێنانى دووەمى پیاو،خۆ هەڵبژاردن و خۆكاندیدكردن، ئەوانە بەرهەم و رەنجى ئێمەى كۆمەڵەى ئافرەتانى پێوەییە".
ناوبراو ئاماژەى بەوەشكرد كە لەناو سەرجەم خوێندنگاكاندا بە مۆڵەتى پەروەردەى گشتى گەرمیان،چالاكی جۆراو جۆریان ئەنجامداوە، ئێستاش بەردەوامن لە چالاكى(رۆشنبیری تەندروستى،توندوتیژى خێزانى).
هەروەها وتیشی"رۆژانە چالاكى جۆراجۆر ئەنجامدەدەین بۆ هۆشیاركردنەوەى ژنان و ئافرەتان،ساڵی رابردووش دایك و كچێك بەناوى شەرەفەوە كوژران، تەنها رێكخراوەكەى ئێمە،هەڵوێستى بەرامبەر ئەو كارە قێزەونە وەرگرت. "
لەلایەكى دیكەوە پەرلەمانتاری كوردستان،هاژە سلێمان بۆ ئاوێنەى روونكردەوە كە خولی دووەمى پەرلەمانى كوردستاندا یاساى توندوتیژى دووساڵ كارى بۆ كرا لیژنەى داكۆكیى لەمافی ئافرەت زۆر هەوڵیانداوە بۆی،لیژنەكە خۆی ئەو پرۆژیە پێشكەشی پەرلەمان كردووە،بەڵام زۆر هۆكار هەبووە رێگرى بكات كە نەیانهێشتووە ئەو پرۆژەیە بەكرێتە یاساو پەسەند بكرێت.
هاژە وتى"بەپێی زانیاریكانیشم لە خولی دووەمى پەرلەمان رێگرى هەبووە كە نەتوانرێت ئەو پرۆژەیە دەربكرێت، لە خولی سێهەمیشدا ئەو پرۆژەیە دیسانەوە هاتەوە پەرلەمان و نزیكەى ساڵێكە كارى لەسەر دەكەین،تەنها لایەنە یاساییەكەى ماوەو بەمزوانە دەردەچێت".
ئەو پەرلەمانتارەى كوردستان جەختیكردەوە كە توندوتیژى دیاردەیەكە لە هەموو كۆمەڵگاكانى جیهاندا بوونیان هەیەو ناتوانرێت نكۆڵی لێبكرێت،بەڵام لە هەر كۆمەڵگایەكدا بەشێوازێك پەیرەو دەكرێت"لە كۆمەڵگەى ئێمەشدا لەبەر ئەوەى پابەندین بە ئاین و داب و نەریتێكى كۆن كە كاریگەرییەگەرى وایكردووە توندوتیژی هەبێت بەرامبەر بە ژنان و ئافرەتان،هەروەها كۆمەڵگاى ئێمەش كۆمەڵگایەكى پیاو سالارە،ئێمە هەر لە كۆنەوە وا راهاتوین دەبێت ژن پاشكۆی پیاوان بێت".
هەروەها وتەبێژى حكومەتى هەرێمى كوردستان"د.كاوە مەحمود لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند كاتێك یاسایەك دەردەچێت هەموو كوردستان دەگرێتەوەو وتى"ئێستا پڕۆژەیاساكە لە پەرلەمانەو حكومەتیش دەیەوێ بەزووترین كات پەسەندبكرێ و بخرێتە بوارى جێبەجێكردنەوە،هەر كاتێكیش ئەو یاسایە دەرچوو لەهەر شوێنێك توندوتیژى بەرامبەر ئافرەتان كرا، پارێزگارى لێدەكات".
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە