لەمەرزى پەروێزخان، ملیارێك و دووسەد ملیۆن دینار دیار نییە
Monday, 04/10/2010, 12:00
ماوەى ساڵێك زیاترە،ملیارێك و دوو سەد ملیۆن دینار لە مەرزى پەروێزخان دیار نییەو لیژنەیەكى لێكۆڵینەوەش لە سەرۆكایەتى چاودێری داراییەوە بۆ ئەومەبەستە پێكهێنراوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار بە لڤینى راگەیاند" ئەو مەرزە داهاتێكى باشى بۆ بودجەى حكومەتى هەرێم هەیە،لەبەرامبەردا خزمەتگوزاریی ئەو مەرزە لە ئاستى پێویستدا نییە،سەرەڕاى ئەو داهاتە زۆرە،وتیشی"دواى ئەوەى ئەو پارانە بۆ بانكى كەلار براوە زۆرێك لەوپارانە لادراوەو ئێستا چاودێری داراییش لیژنەیەكیان پێكهێناوە،هەروەها بریكارى وەزیری دارایى و ئابوورى دڵشاد عوسمان،فەرمانى داوە بە بەڕێوەبەرایەتى گومرگى گەرمیان كە سكاڵاى یاسایی لەسەر سێ فەرمانبەر تۆمار بكەن. سەرچاوەكە ئەوەیشی ئاشكراكرد كە لەدیار نەمانى ئەو پارەیەدا كە دەكاتە ملیارێك و دوو سەد ملیۆن دینار فەرمانبەرانى گومرگى گەرمیان نیگەرانن،كە تا ئێستا ئاشكرا نییە كێ بەرپرسە.
لە بەیاننامەى دوو رێكخراوى گەرمیاندا كە كۆپیییەكى بۆ (لڤین) نێردراوە،تێیدا ئاماژەیان بەوەداوە ئەگەر سەرۆكى حكومەتى هەرێم و پەرلەمان و سەرۆكى هەرێم بەپەلە لێژنەیەك پێك نەهێنین رەوانەى بنكەى گومركى مەرزەكەى نەكەن بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، ئەوا بەهاوكارى رێكخراوەكانى ترى گەرمیان و كەناڵەكانى راگەیاندن ئەو دوو رێكخراوە رێگاى مەدەنیانە دەگرنە بەر.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە"ئەو داهاتە كە رۆژانە لەوێدا وەردەگرێت زۆرەو كەم نییەو بۆیە ناكرێت چاودێری وردى لەسەر نەبێت هەڕەمەكیانە وەربگرێت،بەپێ ئەو زانیارانەى كەلە مەرزەكەوە بڵاودەبنەوە لەماوەى یەك ساڵ و نیودا یەك ملیار وچوار سەد ملیۆن دینار داخلی و سوڵاتى گومرك و خەزێنە نەكراوە و رێژەى نەمانى ئەو پارەیە روو لە زیاد بوونە، بە پێی ئەو زانیارانەى كە لەمەرزەكەوە دەردەچن، نزیكەى (60) ملیۆن دینار لە حساباتى مەرزكە دیارنەماوەو دواتر حكومەت لەو فەرمانبەرانە چاوپۆشی كردووە.
مەرزى پەروێزخان یەكێكە لەو مەرزانەى كە كەوتۆتە سنورى هەرێمى كوردستان و وڵاتى ئێران بۆ هاوردەكرن و ئاڵۆ گۆركردنى كارە بازارگانیەكان بەگشتى هاتوچۆى هاوڵاتیان بۆ ئێران و دابینكردنى پێداویستیەكانیان بەكاردەهێنرێت.
لەبەشێكى ترى بەیاننامەكەى ئەو دوو رێكخراوەدا هاتووە" دەبێت ئەو پارەیەى كە دەست دەكەوێت لەو بوارەدا بە پێی رێنماییەكان داخڵی وسوڵاتى گومرك بكرێت و وەرگرتنەكە لەلایەن لێژنەیەكەوە بێت و دڵسۆزانە هەڵسووكەوتى لەگەڵدا بكات و ڕادەستى خەزێنەى حكومەتى بكات. داوا لە حكومەتیش دەكەین ئیجرائاتى خۆیان وەربگرن و نەهێڵن سەروەت و سامانى ئەو میللەتە بە فێرۆ بدرێت لەلایەن كەسانێكى نابەرپرسەوە.
سەرچاوەیەك لەو دوو رێكخراوە بە لڤینى راگەیاند"كە ئەوان ئەو بەیاننامەیان بڵاوكردۆتەوە ئاراستەى سەرۆكى حكومەتیان كردوە بۆ ئەوەى لێژنەیەك دروست بكات و ڕەوانەى بنكەى گومركى مەرزى پەروێزخانى بكات،وتى"هەرچەندە ئێستایش لیژنەیەك لە دیوانى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارایی لە مەرزەكەن بۆ لێكۆڵینەوەو پشتراست كردنەوەى ئەو مەسەلەیە،بەڵام پێویستیش دەكات حكومەتیش بەدواداچونى هەبێت بۆ ئەو قەزیەیەى ناكرێت ئاوا بێدەنگ بێت.
لەمبارەیەوە سەرپەرەشتیارى ئیدارەى گەرمیان،سەعید ئەحمەد لە لێدوانێكیدا بۆ لڤین راگەیاند"ئێمە بە گومرگمان وتووە بەدواداچونیان كردووە،زانیارییەكانیش كرج و كاڵ بوون كە وتیان وانییە،بەڵام دواتر چاودێری دارایی بەدواچونیان بۆكردەوە كەوابووو.
لڤین لەمەر دیار نەمانى ئەو پارەیە چەندین جار پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى گومرگى گەرمیان،(سامان وەهاب)ەوە كرد،بەڵام ناوبراو وەڵامى پەیوەندیەكانى نەدایەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست