هێنانى پاسدار بۆ سەر حیزبی دیموكرات خیانەتێك بەتامى (31)ى ئاب
Sunday, 28/08/2011, 12:00
كریس كۆچیرا: تاڵەبانى دەستى لەگەڵ ئێران تێكەڵكردو دوو هەزار پاسدارى هێنایە سەر حیزبی دیموكرات
یەكێك لەو رووداوە سییاسیانەى لە نیوەى نەوەتەكان لە باشوورى كوردستان روویانداو كاریگەری لەسەر رووداوەكانى دواى خۆی هەبوو،مەسەلەى هێنانى سوپاى پاسدارانى ئێران بوو بۆ سەر حیزبی دیموكراتى كوردستان لە كۆیە،لەلایەن یەكێتى نیشتیمانى كوردستانەوە،كە ئەوكاتە لەگەڵ پارتى لەشەڕێكى ناوخۆیدابوو،ئەو كاتە بەپێی لێكدانەوەى چاودێرانى سیاسی رازیبوون، یان هاوكارى یەكێتى لەم پرۆسەیەدا لەبەرانبەر پشتگرتنى ئێران بوو بۆ یەكێتى لەشەڕى دژ بە پارتیدا،بەتایبەتیش دواى ئەوەى پارتى رازینەبوو ئەو سوپایەى ئێران بە سنوورى ئەودا بێت و بەسنوورى ئەویشدا بگەڕێتەوە،ئەوە دۆخەكەى قورستر كرد و ئێران بەئاشكرا هاتە ناو شەڕەكە لەدژى پارتى بە قازانجى یەكێتى،ئەم كارە ئەنجامى دیكەى نەخوازراوى بەدواداهات،كە (31) ئاب یەكێكیانە.
ئەندامێكى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران لە سنورى گەرمیان،كە نەیوست ناوى خۆی ئاشكرا بكات، بەلڤینى وت"ئەو كارەساتە پەڵەیەكى رەشە بەناوچاوانى یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە،كە هێزێكى بێگانەیە سەر هێزێكى كوردى سیاسی كە(65)ساڵ خەبات دەكات".
ناوبراو رونیكردووە كە ئەمە كەمتر نییە لە ڕووداوەكانى(31) ئاب و خیانێتێكى میژوییە كە یەكێتى نیشتمانى ئەنجامى داوە وتیشی"زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە پارتى دیموكراتى كوردستان،هەڵساوە بە ئەنجامدانى(31)ى ئاب،بەڵام باس لەوە ناكرێت كە یەكێتى(31)ئابی پێش پارتى ئەنجامی داوە".
دەربارەى فشارەكانى حیزبی دیموكرات بۆ سەر یەكێتى نیشتمانى كوردستان ئەو ئەندامەى حیزبی دیموكرات وتى" ئێمە هێزێكین خەباتى سیاسی و مەدەنى دەكەین لە سنورى یەكێتیەدا،ئێستا هیچ هەڵوێستێكمان نییە،بەڵام رۆژێك دێت هەڵوێستمان دەبێت داواى مافی خۆمان لە یەكێتى دەكەین".
ئەوەشی ئاشكراكرد لەساڵی (1991)وە تاوەكو ئێستا زیاتر لە(250) ئەندام و لایەنگرى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران بەدەستى ئیتڵاعاتى كۆمارى ئیسلامى ئێران بەڕۆژى رووناك لەژێر دەسەڵاتى هەردوو فەرمانڕەواى یەكێتى و پارتى كوژراون و بەرپرسیارێتییەكەیشی لە ئەستۆی یەكێتى و پارتیدایە".
كریس كۆچێرا لە كتێبی (خەباتخوازیی كورد) كە ساڵی(1997) لەفەڕانسا چاپیكردووە،ئاماژە بۆ ئەوە دەكات چۆن یەكێتى نیشتمانى كوردستان بە سەرۆكایەتى جەلال تاڵەبانى توانییان لە هێرشی ئێراندا كە زیاتر لە (255) كیلۆمەتر لەناو خاكى كوردستانى عێراقدا چووە پێش،هاودەستى لەگەڵ ئێران بكەن،نووسەر دەڵێت"رۆژى(26)ى تەموز دوو هەزار پاسدار لە نزیك پێنجوێن سنوور دەبەزینن و دەچنە سلێمانی و شەو لە موعەسكەر سەلام كە یەكێك لەو قەڵا گەورانەیە سەددام لە ساڵەكانى(1980)دا دروستیكردبوو دەمێننەوە،لە رۆژى دواتردا ئەو هێزانە كە بە سەد كامیۆن و تۆپی(130) ملم و (155)ملم،مووشەكى كاتیۆشاو مووشەك هاوێژى (حسێن)كە(120)كم بوردى هەیە تەیاربوون و لەلایەن سێ سەد پێشمەرگەى یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە ئامادە كرابوون و وەڕێ دەكەون،ئەوان كاتێك دەگەنە بەرزاییەكانى هەیبەت سوڵتان كە بەسەر دەشتى كۆیەدا زاڵە،لە رۆژەكانى(28)و(29) تەموز دەفتەرى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران كە لە كۆنە قەڵایەكى ئەرتەشی عێراق و لە چەند كیلۆمیترى شارى كۆیە هەڵكەوتوە لەگەڵ پێنج ئۆردووگاكەى حیزب لە دەورووبەرى بوردوومان دەكەن".
لەبارەى ئەو رووداوەوە ئەگەرى دووبارەبوونەوەى هێرشەكانى كۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ سەر حیزبی دیموكرات،شێركۆ كرمانج مامۆستاى هزرى سیاسی لە زانكۆی سەڵاحەدین بە لڤینى وت" دووبارەبوونەوەى ئەو كارەساتە ئەگەرى كەمە،چونكە كوردستان زۆركراوەترە لەسەر میدیایی جیهانى و كۆمەڵگەى مەدەنى كوردستان و میدیاى ئازاد و ئۆپۆزسیۆن كە بوونیان هەیە،ئەوكاتەى ئەو رووداوە روویدا ئەوانە بوونیان نەبوو،لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى كوردى ئەگەر هەنگاوێكى لەو شێوەیە بهاوێت دەیانجار بیری لێدەكاتەوە وەك ساڵی (1996)نییە!!.
ناوبراو ئیدانەى ئەو رووداوەى ئەوكات دەكات و كە پێیوایە لەكەیەكى ناشیرینە بە ناوچاوى یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە،وتیشی"ئەوكاتە ئیدانەمكردووەو ئێستاشى لەگەڵ بێت ئیدانەی دەكەم،شتێك بو نەدەبوو بەهیچ شێوەیەك و بەهیچ پاساوێك رێگەى پێبدرایە".
مامۆستا شێركۆ باس لە تۆپبارانكردنى سنوورەكانى هەرێمى كوردستان لەلایەن كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە دەكات كە ئامانجیان هێزەكانى پژاكە،لەوباریەوە دەڵێت"ئەو هێزانە كە دەكەوێتە ناوچەكانى قەندیل و دەورووبەرى تا دەگاتە سنوورەكانى توركیا لەوێ جێگیرن،كە بەدوورى دەبینیم هێرشەكە بكرێتە سەر كۆیە و زۆریش لەسەر ئێران دەكەوێت،هەروەها سیاسەتى نێودەوڵەتى ئێران تۆمەتبار دەكات و گۆشارێكى زۆرى لەسەرە".
نووسەر باس لەوەدەكات پێشمەرگەكانى حیزبی دیموكرات چوونەتە پێشى هێزەكانى ئێران و توانیویانە سەنگەر بگرن و خۆیان پەنا بدەن،هەروەها لەو تۆپبارانەدا ماڵی بنەماڵەكانى پێشمەرگە و نەخۆشخانەى نێونەتەوەییەكان و رێكخراوى پزیشكانى جیهانى وێران دەكرێت.
(28)ى تەموزى(1996) بەرەبەیانێكى شوم دەستیپێكرد، كاتژمێر(10)ى سەر لەبەیانى بوو تۆپخانەكانى ئێران جارێكى تر ئۆردوگاى جێژنیكان لە نزیك شارى هەولێر كە سەدان كوردى ئێرانیی لێ دەژیان تۆپباران كردو پاسدارەكان لەهەیبەت سوڵتانەوە هێریشیان كردە سەر دەفتەرى سیاسی حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران،بەڵام پێشمەرگەكانى ئەو پارتە پاشەكشەیان پێدەكەن.نووسەر دەڵێت"پێشڕەویی ستوونەكەى ئێران گەیشتبووە دەروازەى كۆیەو چەند پاسدارێك بە جلی یونیفۆڕمى خۆیان چووبوونە نێو شار،دواى ئەوە كە فڕۆكەى هاوپەیمانەكان لە پاش نێوەڕۆی(29)ى تەموزى(1996) بەسەر سەرى هێزە ئێرانییەكاندا دەفڕن،شەوێ ئەو هێزانە هەر بەو رێگایەدا كە پێیدا هاتبوون دەگەڕێنەوە.
نووسەر دەڵێت"پارتى دیموكراتى كوردستان قبووڵ ناكات بەشێكى ستوونەكە بە ڕێگەى حاجى ئۆمەراندا بگەرێتەوە،ئێرانییەكان لە هاتنیشدا ویستبوویان بەو رێگەیەدا بێن".
نوێنەرى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێرانیش لە پاریس شاهۆ حوسێنى وەڵامدەداتەوە،دەڵیت"بەداخەوە جەلال تاڵەبانى و مسعود بارزانى بۆ ئەوەى یەكییان بەسەر ئەوى دیكەیاندا سەركەون حازرن هەموو بەشەكانى دیكەى كوردستان بكەنە قوربانى!كاتێك جەلال تاڵەبانى رادیۆى پێداخستین،لێمانپرسی هەتا كوێ ئاوا بۆ ئێرانى شلدەكات،تاڵەبانى وەڵامى داینەوە(نا،ئیدى تەواو،بەڵام ئێمە پێمانوت كە دەوڵەتى ئێران لە پێشدا داواتان لێدەكا چەكمانكەن،پاشان داواتان لێدەكا رێبەرەكانمان تەحویل بدەنەوە).
كۆچێرا ئاماژە بەنامەیەكى دەسنووسی مام جەلال دەكات كە لە رێكەوتى(28)ى تەموزى(1996) بۆ عەبداڵڵا حەسەن زادە لە قەڵاچواڵان قبووڵنەكردووە!".
عەبدوڵڵا حەسەن زادە سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێرانیش لەچاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كۆچێرا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئێرانییەكان نەیانتوانیوە بەبێ موافەقەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان (255)كیلۆمەتر لەناو خاكى كوردستانى عێراقدا بچنە پێش،ئەو دەڵێت" ئێمە ئەگەر دەستمان ئاوەڵا بوایە،دەمانتوانى لە زۆر شوێنى لەبار لەسەر ئەو رێگە دوورودرێژە بە ژمارەیەكى زۆر كەمى پێشمەرگەوە كەمینیان بۆ دابنێینەوە،بەدبەختییەكە ئەوەیە كە جەلال تاڵەبانى فێرنەبووە بە ئێران بڵی:نا !!.
نوسەرى كتێبەكە لەو بارەوە زیاتر نوسیویەتى"بەداخەوە كوردەكان ئەو سوێندە مێژووییەیان لە بیر چووەتەوە، كە زیاتر لە نیوسەدە لەمەوبەر نوێنەرانى سێ پارچەى كوردستان لەسەر چیاى داڵامپەڕ خواردبوویان،چیایەك كە بەڕاستى سمبولێكە،چونكە لە شوێنى بەیەكگەیشتنى ئەو سێ سنوورە هەڵكەوتووە، كە كوردستان لە نێوان توركیا و عێراق و ئێراندا دابەش دەكەن،ئەوكاتە ئەو ناسیۆنالیستە كوردانە سوێندیان خواردبوو،كە هەرگیز هیچ چەشنە یارمەتییەك لە هێزێكى دراوسێ قبووڵ نەكەن، كە بتوانێت زیان بە بزووتنەوەى كورد لە بەشێكى دیكەى كوردستاندا بگەیەنێت".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست